با لە چرکەیەکدا ناوبراو بە مافەکانی مرۆڤ بپشکنین، با مافەکانی مرۆڤ لە شێوە ڕاستەقینەکەیدا بپشکنین، لەو شێوەیەیدا کە لە لای داهێنەرەکانی بەرچاو دەکەون، لە لای ئەمریکاییە باکورییەکان و فەرەنسیەکان!
مافەکانی مرۆڤ لە بەشێکیدا، مافی سیاسین، مافێکن کە ناتوانرێت پراکتیزە بکرێن ئەگەر مرۆڤ ئەندامی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو نەبێت. بەشداری کردنیش لە ژیانی سیاسی گشتیدا، لە ژیانی دەوڵەتدا، ناوەڕۆکەکەیەتی. ئەمەیش لە تێگەیشتنی ئازادی سیاسی، لە تێگەیشتنی مافە دینیەکاندا تۆمار دەکرێت ..
وە لەسەرمانە بەشەکەی تری مافیش بپشکنین، واتە مافەکانی مرۆڤ لەو ڕووەوە کە جیاوازیان هەیە لە مافەکانی هاوڵاتی.
«نابێت مرۆڤ بەهۆی ئاراکانیەوە بچەوسێنرێتەوە، ئەگەر تەنانەت دینییش بن» (ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی، ١٧٩١، بابی دەیەم). وە لە بابی یەکەمدا لە دەستووری ١٧٩١ دا «ئازادی هەموو مرۆڤێک لە پراکتیزەکردنی خواپەرستی ئەو دینەدا کە دەیەوێت» زامن کراوە، ئەمەیش بەو وەسفەی ئەم ئازادیە مافێکە لە مافەکانی مرۆڤ.
وە جیاوازییش دەکرێت لە نێوان مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی هاوڵاتیدا. ئەو مرۆڤە کێیە لە هاوڵاتی جیا دەکرێتەوە؟ ئەوە کەس نیە ئەندامی کۆمەڵگای برجوازی نەبێت. بەڵام بۆچی ئەندامی کۆمەڵگای برجوازی بە «مرۆڤ» ناو دەبرێت، مرۆڤ و بەس، وە بۆچی مافەکانی بە مافی مرۆڤ ناودەبرێن؟ ئەم واقیعە بەچی لێکدەدرێتەوە؟
بە پەیوەندی دەوڵەتی سیاسی و کۆمەڵگای برجوازی، بە جەوهەری ڕزگاری سیاسی؟
با لە سەرەتاوە تێبینی واقعێک بکەین، ئەویش جیاوازی مافەکانی مرۆڤە لە مافەکانی هاوڵاتی کە هیچ نیە مافەکانی ئەندامی کۆمەڵگای برجوازی نەبێت، واتە مرۆڤی خۆپەرست، مرۆڤی دابڕاو لە مرۆڤ و لە یەکێتیەکەی.
دەستوورە هەرە بنەڕەتیەکان، بێهودە بانگ دەکەن، دەستووری ساڵی ١٧٩٣: «ماددەی دووەم – ئەم مافانە (مافە سروشتیەکان، کە ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێنەوە) بریتین لە: یەکسانی، ئازادی، ئاسایش، خاوەندارێتی».
ئەم ئازادیە چیە؟ «ماددەی ٦ – ئازادی ئەو توانایەیە مرۆڤ هەیەتی، توانایەک کە زیان بە مافەکانی کەسی تر نەگەیەنێت» ..
واتە ئازادی مافی هەر شتێکە کە زیان بە کەسی تر نەگەیەنێت. ئەو سنوورەیشی هەموو مرۆڤێک ئەتوانێت تیایا هەڵسووڕێت بەبێ زیان لە کەسی تر، بە یاسا دیاری کراوە.
بەڵام مافی مرۆڤ لە ئازادیدا، لەسەر پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا نەوەستاوە، بەڵکو ڕاستتر لەسەر دابڕینی مرۆڤ وەستاوە لە مرۆڤ. ئەمە مافی ئەو دابڕانەیە، مافێکی سنوورداری تاکەکەسە بە خۆیەوە.
پراکتیزەکردنی بەکردەوەی مافی ئازادی، مافی خاوەندارێتی تاکە. ئەی ئەم مافەی دواییان لەسەر چی وەستاوە؟
«مافی خاوەندارێتی مافی هەر هاوڵاتیەکە سوودمەند بێت لە موڵك و ماڵ و داهات و بەری کارو پیشەسازیەکەی و چۆنی بوێت بەو جۆرە بەکاریان بهێنێت» (دەستووری ١٧٩٣ – ماددەی شانزەهەم).
واتە مافی خاوەندارێتی مافی مرۆڤە لە سوود وەرگرتن لە سامانەکەی و بەکارهێنانی وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت، بەبێ گوێدانە خەڵکانی تر، وە بە شێوەیەکی سەربەخۆیش لە کۆمەڵگا. ئەمە مافی خۆپەرستیە. ئەم ئازادیەی تاکەکەس، لەگەڵ پراکتیزەکردنیدا، بنەمای کۆمەڵگای سەرمایەداری پێکدێنێت.
وە ئەمە لای هەموو مرۆڤێک، لە مرۆڤێکی تردا دەردەکەوێت کە ئەمە وەدیهێنانی ئازادیی ئەو نیە، بەڵکو ڕاستتر سنووردار کردنی ئازادیەکەیەتی. ئەمە هەر لەسەرەتاوە داوای مافی مرۆڤ دەکات لە «سوومەد بوون لە موڵک و ماڵ و داهات و بەری کارو پیشەسازیەکەی و چۆنی بوێت بەکاریان بهێنێت».
مایەوە سەر مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و ئاسایش.
لێرەدا ووشەی یەکسانی هیچ دەلیلێکی سیاسی نیە. واتە هیچ نیە یەکسانی نەبێت لەو ئازادیەدا کە لە دێڕەکانی ڕابووردوودا پێناسە کراوە .. دەستووری ١٧٩٥ دەلیلی ئەو یەکسانیە دیاری دەکات «ماددەی پێنجەم. یەکسانی یانی ئەوەی یاسا یەکێکە بۆ هەموان، ئیتر لە کاتی پارێزگاری کردندا بێت یان لە کاتی سزا داندا».
ئەی ئاسایش؟ دەستووری ١٧٩٣ «ماددەی هەشتەم. ئاسایش ئەو پارێزگاری کردنەیە کە کۆمەڵگا دەیبەخشێتە هەموو ئەندامەکانی بۆ پاراستنی ژیانی و مافەکانی و موڵکیەتەکەی».
ئاسایش بەرزترین مەبدەئی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای برجوازیە، تێگەیشتنی پۆلیسە. تەواوی ئەو کۆمەڵگایەیش بوونی نیە تەنها لەبەر ئەوە نەبێت پارێزگاری ژیان و مافەکان و موڵکیەتی هەموو ئەندامەکانی زامن بکات .. بە دەربڕینێکی ڕاستتر، ئاسایش، زامنی خۆپەرستیە.
واتە هیچ مافێک نیە لە مافەکانی مرۆڤ تێپەڕی مرۆڤی خۆپەرست بکات، مرۆڤ وەک ئەوەی هەیە، ئەندامی کۆمەڵگای برجوازی، یانی تاکێکی دابڕاو لە هەموان، داخراو لە خۆیدا، تەنها بە بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیەوە خەریکە، وە وەڵامدەرەوەی حیکمەتە تایبەتە تاکەکەسیەکانی خۆیەتی. مرۆڤ ئا لەم مافانەیدا، وا سەیر ناکرێت وەک ئەوەی بوونەوەرێکی ئینسانی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو بە تەواوی بەپێچەوانەوەیە، ژیانی مرۆڤایەتی خۆی، یان کۆمەڵگا، وەک چوارچێوەیەک دەردەکەوێت لە دەرەوەی تاکەکەسدا، وەک سنووردارکردنی ئازادیە یەکەمینەکانی، تەنها شتێکیش کە مرۆڤ پێکەوە دەبەستێت، پێویستیەکی سروشتیە، پێویستی بەرژەوەندیە تایبەتەکان، یانی پێویستی پارێزگاری کردنی خاوەندارێتیەکەی و تاکەکەسیە خۆپەرستەکەی.
مەسەلەکەیش زۆر ئاڵۆزترو تەمومژاوی تر دەبێت کاتێک تێبینی دەکەین ڕزگاری سیاسی، کۆمەڵگای سیاسی، کۆمەڵگای مەدەنی، دەکاتە ئامراێک کە تەنها پاراستنی ئەم مافانەی مرۆڤی لەسەرە، واتە – ئەو هاوڵاتیەیشی ئەم کۆمەڵگایە ناوی دەبات، خزمەتکاری «مرۆڤی» خۆپەرستە ..
کەواتە ژیانی سیاسی تەنانەت لەو سەردەمانەیشدا کە لە حەماسەتە لاوێتیەکەیدا بوو، وە کاتێک کە هێزی زروف پاڵی پێوە دەنێت بۆ بەرزترین ئاستی، ڕایدەگەیەنێت کە هیچ نیە تەنها ئامرازێک نەبێت، ئامانجەکەی ژیانی کۆمەڵگای برجوازیە. وە بەڕاستی کارە شۆڕشگێریەکەی دەکەوێتە ناکۆکیەکی توند لەگەڵ تێۆریەکانی. بۆ نموونە، لەکاتێکا کە ئاسایش مافێک لە مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، هەر لەو کاتەدا سەرپێچی کردن لە نامەگۆڕینەوەی نهێنییشدا دەخرێتە پراکتیزە کردنەوە. وە لە کاتێکا «ئازادی بێسنووری ڕۆژنامەگەری» زامن کراوە (ڕاگەیاندنی -١٧٩٣- ماددەی ١٢٢) بەو وەسفەی دەرئەنجامی پەیوەست کردنی مافە بە ئازادی تاکەوە، هەرلەوکاتەدا بە تەواویش ڕێ لە ئازادی ڕۆژنامەگەری گیراوە، ئەمەیش «لەبەر ئەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری نابێت ڕێپێدراو بێت کاتێک لەگەڵ ئازادی گشتی بەر یەک دەکەون» (ڕۆبسبێری لاو – مێژووی پەرلەمانتاریی شۆڕشی فەرەنسی، بە پێنووسی “روشیز” و “رو” بەشی هەژدەهەم، لاپەڕە ١٣٥).
ئەمەیش یانی: مافی ئازادی لە ماف دەکەوێت هەرکات کەوتە ناکۆکی لەگەڵ ژیانی سیاسی، ئەمە لەبەر ئەوەی ژیانی سیاسی، لەڕووی تیۆریەوە، هیچ نیە زامنی مافەکانی مرۆڤ نەبێت، مافە تاکەکەسیەکانی مرۆڤ ..
دامەزراندنی دەوڵەتی سیاسی و توانەوەی کۆمەڵگای برجوازی لە ناو تاکە سەربەخۆکاندا، بە ماف پەیوەندیەکانیان ڕێکدەخرێتەوە، هەروەک چۆن پەیوەندی تایەفە پیشەگەرەکان .. بە ئیمتیازات ڕێکخراوە ..
لە دواییدا، مرۆڤ، وەک ئەوەی هەیە، ئەندامی کۆمەڵگای برجوازی، وا دادەنرێت وەک ئەوەی مرۆڤ بێت بە مانای ووردبینی ووشە، ئەو مرۆڤەی ناکۆکە لەگەڵ هاوڵاتی بووندا، ئەمەیش لەبەر ئەوەی مرۆڤە لە بوونە راستەوخۆکەیدا، لە بوونە هەستپێکراوو تاکەکەسیەکەیدا. ئەمە لە کاتێکا مرۆڤی سیاسی هیچ نیە تەنها مرۆڤێکی ڕووت نەبێت، دروستکراو، مرۆڤ وەک ئەوەی کەسێکی ڕەمزیە، مەعنەویە. وە مرۆڤی ڕاستەقینە ناناسرێتەوە تەنها لە شێوەی تاکێکی خۆپەرستدا نەبێت، مرۆڤی واقیعییش لە شێوەی هاوڵاتیەکی رووتدا..
هەموو ڕزگاریەک هیچ نیە گێڕانەوەی جیهانی ئینسانی و پەیوەندیە ئینسانیەکان نەبێت بۆ مرۆڤ خۆی. ڕزگاری سیاسی، لەلایەک، کردنی مرۆڤە بە ئەندامێک لە ئەندامەکانی کۆمەڵگای برجوازی، یان بە تاکێکی خۆپەرستی سەربەخۆ، وە لە لایەکی ترەوە، کردنێتی بە هاوڵاتی، بە کەسێکی مەعنەوی.
ڕزگاری ئینسانییش وەدی نایەت تەنها لەوکاتەدا نەبێت کە ئیتر مرۆڤ لەوە دەرئەچێت هاوڵاتیەکی ڕووت بێت وە دەبێتە ئەندامێک لە کۆمەڵگادا، وە کاتێک دەچێتە ناو هێزە تایبەتیەکەی خۆیەوە بەو وەسفەی هێزێکی کۆمەڵایەتیەو ئەو هێزە ڕێکدەخات، ئیتر ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەیش لە هەیئەتی هێزێکی سیاسیەوە لێک دانابڕێنرێت. تەنها لەوکاتەدا ڕزگاری ئینسانی وەدەست دێت.
سەرچاوە: كارل ماركس، حول المسألة اليهودية، 1844