شەڕە چاوەڕوان کراوەکەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێ کرد. لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی سەرەتایی بۆ هۆکارەکان (لە پەیوەند بە ئیسرئیل) و وەڵامەکان (لە پەیوەند بە ئێران) و لێکەوتەکان (لە پەیوەند بە کورد) بخەمە ڕوو.
ئیسرائیل و شەڕی مانەوە، وانەیەک بۆ کورد
ئەمڕۆ، دوای دەستوەشاندنەکە، بنیامین نەتەنیاهۆ گوتی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی وجودی لەلایەن ئێرانـەوە لەسەرە چونکە ڕژێمی ئێران لە مێژە دروشمی “مەرگ بر ئیسرائیل”ی هەڵگرتووە و نەوە لە دوای نەوە ئێرانییەکان لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسرائیل پەروەردە دەکات. هەر لە قسەکانی نەتەنیاهۆ گوتی، لە سەروبەندی شەڕی دووەمی جیهانی، سەرکردەکانی دنیا چاوپۆشییان لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتار و گوفتارەکانی هیتلەر و نازییەکان کرد، واتە سیاسەتی نەرمینواندن (appeasement)یان لەبەرانبەر هیتلەر لەخۆنیشان دا. لە ئاکامدا شەڕێک بەرپا بوو کە ٢٠ ملیۆن کەس بوونە قوربانی، لەنێویاندا ٦ ملیۆن جوو هەبوو. لە درێژەی قسەکانیدا، نەتەنیاهۆ گوتی، جووەکان لە دوای هۆلۆکۆستە شەش ملیۆنییەکە، بڕیاریاندا کە نابێت جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە، واتە (never again). بەو مانەیە، ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل کردی، ڕێگرییە لە دووبارە جینۆساید کردنی جووەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە ئەرکی پاراستنی نەتەوەی جووی لە ئەستۆ گرتووە.
لە ٢٠٠٧ لە کۆنفرانسێک، “ئەماتزیا بارام”م دیت، کە ئەکادیمییەکی جووی-ئیسرائیلییە و عێراقیناسە. لێم پرسی، ئێوە بۆ ئەوەندە دەترسن ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت؟ گوتی، کەسێک، میللەتێک، دەوڵەتێک، باوەڕی بەوە هەبێت کە “ئیمام مەهدی”، کە هەزران ساڵە بزر بووە، دەگەڕێتەوە، پێشیان وا بێت کە ئەو تەنیا کاتێک دەگەڕێتەوە کە لە دنیا “تەجال هەستایە”، واتە ئاخر زەمانە، شەڕە، قەیرانە، کەواتە زۆر ئاساییە، ئەو کەسە، ئەو دەوڵەتە چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت تاوەکوو ئەو ژینگەیە بخولقێنێت کە ئیمام مەهدی ناچار بە گەڕانەوە بکات.
بەکورتییەکەی، جووەکان وەک نەتەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەت، بەئاگایی بێت یان لە بێئاگایی، لە زیرەکییان بێت یان لە گەمژەیی، لەو قەناعەتەدان کە ئێران هەڕەشەیەکی وجودییە لەسەریان و چەکی ئەتۆمی هەبێت ئەوە لەوانەیە ئەو خەونەی خۆیان لە لەناوبردنی لانی کەم “شەیتانی بچووک” (ئیسرائیل) بهێننە دی. بۆ زانین، ئێرانییەکان بە ئەمریکا دەڵێن، شەیتانی گەورە، ئیسرائیلیش شەیتانی گچکە. بۆیە ئەم هێرشانەی ئێران، لانی کەم لە دیدی ئیسرائیلییەکانەوە، بۆ خۆپارێزییە.
تێگەیشتنێک هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە پێی وایە، دەوڵەت ئەرکی زۆرە، بەڵام ئەرکی یەکەمی هەر دەوڵەتێک پاراستنی دەوڵەتەکە و نەتەوەکەیەتی چونکە ئەگەر دەوڵەتەکە نەتوانێت خۆی بپارێزێت، نەتەوەکەی بپارێزیت، ئەوا هەموو ئەرکەکانی دیکەی دەوڵەت فلسێکی سووتا و ناکات.
دەکرێت دوو وانە لەو تێگەیشتن و دۆخە فێر بین. یەکەم، تەنیا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن بمێننەوە کە دەتوانن خۆیان بپارێزن. دووەم، تەنیا ئەو نەتەوانە دەتوانن پارێزراو بن کە دەوڵەتیان هەیە. کورد لە کوێی ئەم هاوکێشانەیە کە تازە بە تازە لەو دنیا جەنجاڵە، لەو دنیا بێسەروبەرییە (anarchic)، برەو بە تێزی دژە-دەوڵەتی دەدات. ئەمڕۆ نیازم وابوو لەسەر پرسی بێدەوڵەتی و تێزی دژە-دەوڵەتی بابەتێکی دوورودرێژ بنووسن، کەچی نەتەنیاهۆ نەیهێشت.
ئێران و وەڵامەکان
ئەم گەڕەی ئەمجارەی پێکدادانەکان لەگەڵ گەڕەکانی پێشووتر زۆر جیاوازە. لەبەر ئەم ڕاستییانە:
یەکەم، ئێران لە کوشتنی حەسەن هەنییە، سەرکردەی حەماس، یان کوشتنی حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی حیزبوڵا دا، کەم تا زۆر وەڵامی هەبوو، بەڵام وەڵامێک کە بنەمای لەسەر لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دانابوو. واتە وەڵامێکی پێشوەختە دیزاینکراوبوو، کە نەدەبوو شەڕەکە بگاتە “مریشکە ڕەشە”. واتە لە گەڕەکانی پێشووتر هەم ڕاستەوخۆ ئێرانییەکان و ئێران بە ئامانج نەدەگیران، هەم وەڵامەکانی ئێران تەنیا بۆ ڕووسپیکردنەوە بوو، نەک شەڕ و پێکدادان.
دووەم، ئاماژەکانی گورزی یەکەمی گەڕی ئەمجارەی شەڕەکە هەر سەعاتەکانی یەکەم پێمان دەڵێت کە ئیسرائیل ئەمجارە، ئەگەر ئامانجی ڕووخانی ڕژێمیش نەبێت، کە باوەڕ ناکەم ئەوە لە توانای ئیسرائیل بێت، ئەوە مەبەستی تەواو لاوازکردنی ڕژێم بێت هەم بە کوشتنی سەرانی ڕژێم، کە هەندێکی هەر لە چەند سەعاتی یەکەم کوشت، هەم لێدانی گورزێکی کاریگەر لە دامەزراوە ئەتومیی و موشەکییەکانی بەتایبەتی توانا سەربازییەکانی بەگشتی. واتە ئیسرئیل ئەم جارە بە هەموو توانای خۆی لە شەڕدایە و شەڕ دیزاینکراو ناکات.
بۆیە، ئێران ئەمجارە نەک وەڵامی دەبێت بەڵکوو دەزانێت ئەگەر وەڵامی نەبێت ئیسرائیل بە ئاسانی ڕاناوەستێت. داخۆ وەڵامی ئێران چی دەبێت؟ ئەوە بەڕاستی زانراو نییە چونکە تواناکانی ئێران لە گەڕەکانی دیکە ئاماژەی جیاجیای نیشان داین. لەلایەک لە یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کۆمەڵێک تەنەکەی نیشاندا کە بە ئاسمانەوە خۆیان گەیاندە ئیسرائیل. لەو وەڵامەدا ئێران زەرەرێکی زۆری ئابووری لە ئیسرئیل دا چونکە بۆ هەر پارچە تەنەکەیەکی ئێران، ئیسرائیل مووشەکێکی چەندان ملیۆنی بە هەدەردا، بەڵام هیچ زەرەری دیکە گیانی و ماددی نەدا. لەلایەکی دیکە، لە دووەم هێرشی گەورەی ئێران کە زیاتر لە ٢٠٠ موشەکی بالستیکی تێدا بەکارهات، هەندێک لە مووشەکەکان بە ئاسانی پەردە ئاسنییەکەی ئیسرائیلیان بڕی، ئەگەر ئامانجەکان باش دیاری کرابان لەوانە بوو کە زەرەری گەورە لە ئیسرئیل بدەن، بەڵام ئێران خۆی خۆی دەپاراست لە زەرەرکەوتنەوە.
سەرانی ڕژێمی لە ئێران ئەمجارە وەڵامی گەورەتریان دەبێت، ئەگەر تەواو بە ئاشکرا یان بە دزی خۆ تەسلیم بە ئەمریکا نەکەن بە زووترین کات. ئەم ئەگەرە واریدە، چونکە ئێران دەزانێت بەردەوام بێت لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا تێوە دەگلێت، ئەمریکاش تێوە بگلێت، زەرەری زیاتر دەکات. تێوەگلانی ئەمریکا زۆری تێ ناچێت، هەر ئەمڕۆ و سبەی کە ئێران هێرش دەکات، ئەمریکا بەرگری لە ئیسرئیل دەکات لەڕێگە خستنە خوارەوەی مووشەکەکانی.
هەر چۆنێک بێت، ئێران “حاڵی حاڵی کسۆکانە”، کەس خۆزگەی پێ ناخوات. لەناوەوە دابەشە، هەم سەرانی دەوڵەت، هەم خەڵک؛ ئابوورییەکی تەپیوو؛ هەڵاوسان لەوپەڕیە؛ بێزاری و توڕەیی خەڵک لە ترۆپک دایە؛ توانا سەربازییەکانی دیاریکراون. لەبەرئەوە، ئاخوندەکان چاک دەزانن، نە دەتوانن بێدەنگ بن نەدەتوانن شەڕ بکەن. لە دۆخێکی زۆر ناسکن دان. دارێکیان بەدەستەوەیە هەر دوو سەری بە “….”ـە.
لێکەوتەکان و کورد
لەم ڕۆژانە لە ماڵی کاک مەسعود عەبدولخالق، ناوەندی ستاندەر گفتۆگۆیەکی ساز کرد بۆ قسە کردن لەسەر دۆخی کورد و ناوچەکە. لەوێ کەسێک گوتی بەهێزبوونی ئیسرائیل زۆر خراپە. منیش گوتم لەبەرئەوەی بەهێزبوونی ئیسرائیل عادەتەن بێهێزی داگیرکەرانی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ڕێک پێچەوانە، لە قازانجی کوردە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەگەر ئەم شەڕە لاوازی زێدەتری ئێرانی لێ بکەوێتەوە ئەوە لە قازانجی کوردە، خۆ ئەگەر شەڕەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوا و ئیسرئیل بدۆڕێ و ئێران بەهێزبێتەوە ئەوە کورد، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشوور، زۆر زەرەر دەکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئێستا ئێران ڕێگری لە هاتنی مووچە بکات، ئەو کات بەتەواوی بنکۆڵی هەرێم دەکات.
خۆ ئەگەر ئەمریکا لە شەڕەکە بگلێت و گورزەکانی سەر ئێران زیاتر و کوشندەتر بن، ئەوە ئەگەری دروستبوونی خۆپیشاندان و شڵەژانی جادە دێتە گۆڕێ، تا دەگاتە ئەگەرەکانی تەپینی ڕژێم. ئەم سیناریۆیەش بە ئەرێنی بۆ کورد دەشکێتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کورد چەند ئامادەی پێشهاتەکانە، چەند ئامادەکارییان کردووە بۆ خستنەڕووی سیناریۆکان و پلاندانان بۆ پێشهاتەکان. تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم و چەندین جاری دیکەش گوتومە، کورد بەگشتی کێشەی لەگەڵ هەل نەبووە، بەڵكوو گرفتی قۆستنەوەی هەلی هەیە. هۆکاری ئەمەش وەک گوتم دەگەڕێتەوە بۆ خۆئامادەنەکردن بۆ پێشهاتەکان، بۆ دیراسەنەکردنی سیناریۆکان.
هەر چۆنێک بێت، من لە مێژە گوتومە، دەوڵەت لە قەیراندا دروست دەبێت. کورد هەمیشە لە قەیرانەکاندا، لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا، لانی کەم لە چەند دەیەی ڕابردوودا، قازانجی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە گۆڕانکارییەکان وەربگرێت. بۆ نموونە، لە شەڕی عێراق-ئێران، بزووتنەوە ڕزگاریی نیشتیمانیی لە باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ ماوەیەک زیندوو بووە، ئەگەر لە ئەنجامی هەوڵەکانی کوردیش نەبوو بێت ئەوە لە ئاکامی لاوازبوونی دوو داگیرکەری کوردستان بوو. شەڕی کوێت و دەرپەڕاندنی عێراق لەوێ لەلایەن ئەمریکا، لاوازی دەوڵەتی عێراق و ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ی لە باشووری کوردستان لێ کەوتەوە. شەڕی داعش لە ٢٠١٤ دا ڕزگاربوون و گەڕانەوەی بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی لێ کەوتەوە. شەڕی ناوخۆی سووریا و هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی، دروستبوونی ڕۆژاڤا و ئەزموونی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام، لە هیچ یەکێک لەم پێشهاتانە کە بە قازانجی کورد وەرگەڕاون، کورد نەیتوانیوە وەک پێویست لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت.
سەرەڕای ئەمە، شڵەژانی گۆمەکان، لاوازبوونی دەوڵەتە داگیرکەرە ناوەندگەراکان، هەمیشە لە قازانجی کوردـە. بابزانین ئەم شڵەقانەی ئەمجار کورد بە کوێ دەگەیەنێت.
شێرکۆ کرمانج