ئاشتى دیموکراتى دادى کۆمەڵایەتى
بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان
پەسەندکراوى کۆنگرەى چوارە ٢٠٠٩
پێشەکی:
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان هێزێکی سیاسی ،دیموکراتی،جەماوەری،پێشکەوتنخوازە.لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان تێدەکۆشێت.قۆناغ بە قۆناغ تا دەگاتە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. بزووتنەوە لە ئەنجامی پێداویستیەکی مێژوویی،قۆناغی رزگاری نیشتمانی و دیموکراتی گەلی کوردستان هاتۆتە مەیدان و لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم قۆناغە لە چەسپاندنی دیموکراتیەت و فیدڕالیزم لە عێراقێکی دیموکرات دا خەبات دەکات.
بزووتنەوە داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەیە لە مافەکانی چین و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی کوردستان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بە بێ جیاوازی تێدەکۆشێ و هاندەری برایەتی و پێکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینییە. بزووتنەوە لە داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەیدا سوود لە ئەزموونی گەلەکەمان و بەتایبەتی کلتورو کەلەپوری نەتەوایەتی پێشکەوتووخوازی کوردستان و ئەزموونی گەلانی پێشکەوتوو وە ئەو رێباز و تیۆرانەی لە خزمەت مرۆڤایەتیدا وەردەگیرێن.بزووتنەوە بڕوای تەواوی بە مافەکانی گەلان هەیە لە بڕیاردانی چارەنوسیان.بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە مافی چارەنووسی خۆی خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە،ئامادەیی هەیە بۆ پێک هێنانی چوارچێوەیەکی نیشتمانی دیموکراتی لە کوردستاندا،هەوڵدەدات بۆ پتەوکردنی پەیوەندی تێکۆشەران لە گەڵ هێزە دیموکراتیەکان لەسەرانسەری عێراقدا،بۆ بەدیهێنانی عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ.
بەندی یەکەم:
ناو/ بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
بەندی دووەم:
-شوێن / کوردستان
بەندی سێیەم:
دروشمی بزووتنەوە / (ئاشتی- دیموکراتی – دادی کۆمەڵایەتی)
بەندی چوارەم:
ئاڕمی بزووتنەوە بریتیە لە :.
( گوڵەگەنم، رۆژ، چیا، پەرتووک، ئەستێرە، بازنە)
بەندی پێنجەم:
پرەنسیپەکانی بزووتنەوە.
1-بوونی سەرکردایەتیەکی هەڵبژێردراو بۆ بزووتنەوە وە بە شێوەیەکی دیموکراتیانە لە کۆنگرەدا هەڵبژێردرێت.
2-بڕیاری ئۆڕگانەکان بە زۆرینەی دەنگ وەردەگیرێت،کەمینە بڕیارەکانی زۆرینە جێبەجێ دەکات و رێز لە بیرورای کەمینەش دەگیرێت.
3-دەستەکانی خوارەوە بڕیار و رێنمایییەکانی دەستەکانی سەروی خۆیان جێ بەجێ دەکەن دەشتوانن داوای چاو پێدا خشانەوە بکەن.
4-کارکردنی دیموکراتیانە لە نێو خۆی بزووتنەوەو پێک هێنانی هەموو دەستەکان بە هەڵبژاردن.
بەندی شەشەم:
مەرجەکانی ئەندامیەتی :
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.هەموو ئەو کەسانە لە رێزی خۆی وەردەگرێت،کە مەسەلەی نیشتمانی و دیموکراتی بە ئەرکی خۆی بزانێت و کاری بۆ دەکات.وەلەم خاڵانە بەرجەستە دەکرێت.
1-باوەڕ بە پەیڕەو پڕۆگرامی بزووتنەوە بهێنێ.
2-ئابوونەوەی مانگانە بدات.
3-دەبێت پەیوەندی بە یەکێک بە لێژنەکانەوە هەبێت،بەپێی رێکخستن بەشداری کۆبوونەوەکان بکات.
4-تەمەنی لە کاتی بەئەندام بوونی لە (16) ساڵ کەمتر نەبێت.
بەندی حەفتەم:
مافەکانی ئەندامیەتی
1-بەشداری لە داڕشتنی سیاسەتی بزووتنەوە بکات.
2-پەیڕەو کردنی ڕەخنەو ڕەخنە لە خۆگرتن.
3-ئەندامی بزووتنەوە دەتوانێت خۆی هەڵبژێرێ و کەسانی تریش پێشنیار بکات بۆ هەڵبژاردن بۆ هەردەستەیەکی حزب
4-هەر کاتێک ویستی سەربەستە لە وازهێنان.
5-بەرژەوەندی حزب لە سەرەوەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دابنێ.
6-جیاوازی و دەستە گەری ئەنجام نەدات.
بەندی هەشتەم:
ئەرکەکانی ئەندامی بزووتنەوە
1= لە پێناو هێنانە دی ئامانجەکانی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان تێبکۆشێت.
2- سیاسەت و بڕیارەکانی بزووتنەوە ئەنجام بدات.
3- بایەخ بە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕوناکبیری خۆی بدات.
4- ڕاستگۆو دەست پاک بێت نهێنیەکانی بزووتنەوە بپارێزێت.
5- هەڵس و کەوت و پەیوەندییەکانی لە گەڵ کەسانی بزووتنەوەو ئەندامانی تری کۆمەڵی کوردستان،دیموکراتیانە بێت،
6- رێز لە داب و نەریتە سودمەندەکانی کۆمەڵی کوردەواری بگرێت و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی جەماوەر بکات.
7- نابێت لە هیچ دەزگایەک وەیان رێکخراوێکی تردا کاربکات بە بێ ئاگادارکردنەوەی بزووتنەوە.
بەندی نۆیەم:
لێپرسینەوەو سزا
هەر ئەندامێک پێشێلی مەرجەکانی ئەندامیەتی یان کارێکی ناشایستە بکات سزا دەدرێت بە پێی بڕگەکانی خوارەوە.
1-ئاگادار کردنەوە بە دوجار.
2-لەکار وەستاندن بەشێوەیەکی کاتی.
3-لێ سەندنەوەی پلەو پایە.
4-دەرکردن.
بەندی دەیەم
پەیکەری رێکخراوی بزووتنەوە
1-شانە.
2-کەرت.
3-ناوەندەکان
4-سەرکردایەتی
5-کۆنگرە کە بەرزترین دەسەڵاتی بزووتنەوەیە لە کاتی ئاسایدا هەر چوار ساڵ جارێک دەبەسترێت و لە ئەندامانی سەرکردایەتی و نوێنەری هەڵبژێردراوی پارێزگاکان و لێژنە تایبەتیەکان پێک دێت.
هەر کاتێک پێویست بکات لەسەر بڕیاری 2/3 ئەندامانی سەرکردایەتی کۆنگرەی نائاسایی دەبەسترێت هەروەها کۆنگرە بڕیاردەری یەکەمە لە هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوە وەیان یەکگرتنی لەگەڵ هەر حزبێک یان لایەنێًک.
ئەرکەکانی کۆنگرە.
1-هەڵسەنگاندنی ئیش و کارەکانی ماوەی نێوان دوو کۆنگرە،بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکان.
2-بڕیاردان لەسەر بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوە.
3-هەڵبژاردنی سکرتێر.
ڕ- ئەرکەکانی سەرکردایەتی
کۆمیتەی سەرکردایەتی باڵاترین دەستەی بزووتنەوەیە لە نێوان دوو کۆنگرەدا بەرپرسیارە لە ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوخۆ،چەسپاندنی رێبازی دیموکراتی و پاراستنی بزووتنەوە.
1-هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی.
2-بۆهێنان و زیادکردنی ئەندامێک لە سەرکردایەتی.بەبڕیاری 2/3دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی دەبێت
3-جێ بە جێ کردنی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنگرە.
4-سەرکردایەتی بەرپرسیارەلە بڕیاردان لەسەر رێکەوتنی سیاسی.
5- لە کاتی ئاساییدا سەرکردایەتی هەر سێ مانگ جارێک کۆدەبێتەوە بۆ کارێکی پێویست دەتوانێت کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی ئەنجام بدات.
ب- مەکتەبی سیاسی
دەستەیەکی هەڵبژێردراوە،لە سەرکردایەتی و سیاسەتی رۆژانەی بزووتنەوە دا دەڕێژێت و پێشنیار بۆ سەرکردایەتی دەکات.بەرپرسە لە ڕاپەراندن و جێ بەجێ کردنی کارەکانی.
سکرتێر / سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان دەکات و راپۆرت ئامادە دەکات بەرپرسە بەرامبەر سەرکردایەتی و نوێنەرایەتی بزووتنەوە دەکات لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم.
1-کۆنفرانسی پارێزگا بەرزترین دەسەڵاتە لە سنوری رێکخراوی پارێزگا کە پێک دێت لە نوێنەرانی لێژنەکانی خوارەوە و ئەندامانی پارێزگا.
2-کارەکانی کۆنفرانس لە پارێزگاکان بریتی یە لە:
3-توێژینەوەلە بەرنامە و پرۆگرامی ناوخۆو هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی لە پارێزگاکەداو هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ بۆ لێژنە و پارێزگا و نوێنەر بۆ کۆنگرە بە پێی رێژەی بڕیاردراو.
ج – ناوەندی پارێزگا.
1- رێکخراوەکانی بزووتنەوە لە پارێزگادا دەگرێتە خۆی.لەیەکەم کۆبوونەوەدا بەرپرس و مەکتەبێک هەڵدەبژێرێت.
2- رێکخراوی ناوەندی پارێزگا بەرپرسە لە فراوانکردن و پەرەپێدانی بنکە حزبیەکان.بەرپرسیشە لە پەروەردەکردنی کادیروئەندامانی و هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندی بە بزووتنەوە دەدات.
لەگەڵ حزبەکان و جەماوەر لە سنوری ناوەندەکان
1-سەبارەت بەنەتەوەکانی تر کە لە کوردستان دەژین.بۆیان هەیە لەڕیزی بزووتنەوە کاربکەن و لێژنە و لقی تایبەت بە خۆیان هەبێت.دەتوانن بە زمانی زگماکی خۆیان بڵاوکراوە دەربکەن و کۆڕوکۆمەڵی خۆیان ساز بدەن.
بەندی یازدەیەم :
د- مەکتەبەکانی رێکخستن
1- رێکخستن.
2- دارایی.
3- ڕاگەیاندن .
4- پەیوەندییەکان.
5- رێکخراوەکان.
بەندی دوازدەیەم:
سەرچاوەکانی دارایی
دارایی بزووتنەوە مسۆگەر دەکرێت لە ئابوونەی ئەندامان و کۆمەکی دۆستەکانی بزووتنەوەو چالاکییەکانی تری بزووتنەوەو هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پڕۆگرام
پێشەکی:
کوردستان خاکێکی پارچە پارچەکراوی گەلێکی چەوساوەی ژێر ستەمی داگیرکەرانە،مرۆڤی کورد چەندین ساڵە لە مافە بنەڕەتیەکانی خۆی بێ بەشکراوەو گەلی کوردستان گەلێکی دێرینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەنی زمان و مێژوو فەرهەنگی نەتەوایەتی خۆیەتی کەچی ئێستا نەبۆتە دەوڵەت و دەسەڵات وقەوارەی سیاسی خۆی .بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستەهەم و هاتنە کایەوەی دەرفەتێکی مێژوویی لە بارو و بەپێی هەڵومەرجێکی نێودەوڵەتی لە ئاداری 1991 زەمینەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە عێراق بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی ڕەخسا و لە ئاکامی تێکۆشانی گەلی کوردستان و لایەنەکانی بەرەی کوردستانی و بەپشتیوانی جەماوەر بەشێکی زۆری کوردستان ئازاد کرا،پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دامەزراو کۆمەڵێک دەسکەوت بۆ گەلەکەمان هاتنە کایەوە،بەڵام بەهۆی ململانێ لەسەر دەسەڵات و فەرامۆش کردنی ڕۆڵی جەماوەر…شیرازەی حکومەتو پەرلەمان تێکچوو زیانێکی گەورە بەر گەل و دەسکەوتەکانی کەوت بۆ بەشداری لە ئاسایی کردنەوەو تاودان بۆ داکۆکی کردن لە بەرژەوەندییەکانی جەماوەری هەژار و زەحمەتکێشی کوردستان بە کرێکار و کاسبکارو فەرمانبەر و خانەنشین و رۆشنبیر و هونەرمەندان و تێکڕای چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانەوە (بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) هاتۆتە کۆڕی تێکۆشانەوە،بەشێوەیەک هەموو کەسێکی دیموکراتخواز و نیشتمانپەروەر دەگرێتە خۆ.
لەرووی سیاسی:
بە لەبەر چاوگرتنی ئەو هەل و مەرجەی گەلی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت و ئەم بارودۆخە لەبارەی کە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا پشتیوانی لەمەسەلەی ڕەوای گەلەکەمان دەکرێت.(بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) وەک هێزێکی سیاسی دیموکراتی باڵێکی دیموکرتیخوازی ناو بزاڤی رزگاری خەڵکی کوردستان و هاوشان لە گەڵ سەرجەم حزبە نیشتمانی و دیموکراتیە کوردستانی و عێراقیەکان خەباتی خۆی ئاوێتە دەکات و تێدەکۆشێت بۆ :
1-پتەوکردنی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی کارکردن لە پێکهاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەک حکومەت و یەک ئیدارە.
2-سڕینەوەی شوێنەواری بەعەرەب کردن و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان و کەرکوک بۆسەر جوگرافیای کوردستان و جێ بەجێ کردنی ماددەی (140) ی دەستوری عێراقی.
3-هێنانەدی مافی چارەنووس بۆ گەلی کوردستان.لەم قۆناغەدا فیدڕاڵی بەچارەسەرێکی گونجاو و لەبار دەزانێ لەچوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتی فیدڕاڵی فرەحزبیدا و بڕواشی وایە سەربەخۆیی و پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی مافێکی رەوای ئەم زەمینەیەو ئێستا گەلی کورد گەورەترین نەتەوەی بێقەوارەی سیاسیە و بەپێی قۆناغی لەبار بۆی تێدەکۆشێ.
4-کارکردن بۆ دروست کردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لەسەر بنەماکانی دیموکراتی .
5-دامەزراندنی سیستەمی سیاسی لەسەر بنەغەی رێزگرتنی ئیرادەی جەماوەر و هەڵبژاردنی دیموکراتیانەی پەرلەمان و بڕوا بوون بەجێ گۆڕکێی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆسیاسی و دادوەری.
6-مسۆگەرکردنی ئازادییە سیاسیەکان و رێزگرتنی مافی مرۆڤ لە بواری سیاسی و ئابووری و مافە مەدەنیەکان.
7-هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و چەسپاندنی ئاسودەیی و خۆش گوزەرانی بۆ گەلی کوردستان.
8-هێنانە دی دەستورێکی نوێ لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت.
9-دامەزراندنی دەزگایەکی دەستپاکی بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی.
10-جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حزب لە گەڵ دەسەڵاتی حکومەت.
لە رووی ئابوورییەوە:
کوردستان خاکێکی بەپیتی کشتوکاڵی و جێکەوتەیەکی ستراتیژو خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتیە کەچی بە ئەندازەی پێویست سوودیان لێ وەرنەگیراوە چونکە هەمیشە حکومەتەکان لە هەوڵی بەتاڵانبردن و شێواندنی سروشتی ناوچەکە بوون بۆ سەر لەنوێ ژیانەوەی و گەشەپێدان لە هەوڵداین .
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ:
ڕ-لەبواری کشتوکاڵی:
1-ئاوەدان کردنەوەی گوندە وێرانکراوەکان و چاککردنی شەقام و کارەباو پێداویستیە کشتوکاڵییەکان لە پێناو گەڕاندنەوەی جوتیاران بۆ سەر کێڵگەکانیان.
2-پاککردنەوەی کێلگە بەمین چێنراوەکان،تابواری گەڕاندنەوەی جوتیاران ئاسانترو بێ مەترسی تر بێت.
3-بوونی یاسایەکی کشتوکاڵی کە لەبەرژەوەندی جوتیارانی کوردستان بێت.
4-سود وەرگرتن لەسەرچاوە ئاویەکان بەشێوەیەکی زانستی بۆ بواری کشتوکاڵی.
5-هەوڵ دان بۆ کەم کردنەوەی جیاوازییە خزمەتگوزاریەکان لە نێوان دێهات و شارو شارۆچکەکاندا.
6-بایەخدان بە پەروەردەی ماسی و گیانلەبەرە ماڵیەکان و دانانی پلانی پێویست و گونجاو.
7-کڕینەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی لە جوتیاران لە لایەن حکومەتەوە بە تایبەتی گەنم و جۆ.
8-کردنەوەی بانکێکی کشتوکاڵی بۆ هاوکاری جوتیاران.
ب-لە بواری پیشەسازی:
1-دانانی یاسایەک کە بەرژەوەندی کرێکارانی تێدا رەچاوبکرێت.
2-بەکارخستنەوەی کارگە لەکار کەوتوەکان و دابینکردنی کەرەسەی پێویست.
3-کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بەکرێکاران لە شوێنی کارکردنیان و بەخۆڕایی چارەسەرکردنیان.
4-بایەخدان بەپیشەسازی کشتوکاڵی.
5-هاندانی هاوڵاتیان بۆ بەگەڕخستنەوەی سەرمایەکانیان لە کوردستان و لە گەڵ لایەنی دڵنیا بوونیان.
6-هاندانی پیشەسازی خۆماڵیەکان و گەشەپێدانیان.
7-بایەخدان بەکەرتی گشتی و هاندانی کەرتی تایبەتی.
8-گرنگی دان بەشوێنەگەشت و گوزاریەکان.
9-گرنگی دانی زیاتر بە بواری ژینگەپارێزی لە پێناو پاک راگرتنی ژینگەی کوردستان.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە:
لەم ڕووەوە بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان تێدەکۆشێت بۆخزمەتکردن بە :
یەکەم: ئافرەت
1-چاوگێرانەوە بەیاسای باری کەسی (ئەحواڵی شەخسی) دا بە دیدگایەکی پێشکەوتنخوازانەوە کە مافی ئافرەتی تێدا پارێزراو بێت.
2-یەکسان کردنی پیاو ئافرەت لە کاروکرێدا.
3-بایەخدان بە دایەنگاکان و کردنەوەی باخچەی ساوایان و دایەنگا لە نزیک قوتابخانە و کارگەو شوێنی کارکردن.
4-دژاریەتیکردنی تیرۆری ئافرەت بەهەر بیانویەک بێت.
5-نەهێشتنی دیاریدە دزێوە باوەکانی ناو کۆمەڵ کە لە گەڵ ویستی ئافرەتاندا یەک ناگرێتەوە.
6-نەهێشتنی رێژەیەکی دیاریکراو بۆ گەیشتنی ئافرەت بەدەسەڵات لە پێناو یەکسانیدا.
7-نەهێشتنی نەخوێندەواری ئافرەتان.
8-دوورخستنەوەی ئافرەتی دووگیان لەکاری قورس و یارمەتی دانی لەبواری تەندروستی و مووچە بەتایبەتی ئافرەتی ماڵەوە، (فەرمانبەر نەبێت)
9-گرنگی دان بەبواری وەرزشی ئافرەتان.
دووەم- خوێندنکاران:
بەو پێیەی کە خوێندنکاران ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لەسەر لە نوێ بنیات نانەوەو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پێناوی بەرهەم هێنانی نەوەیەکی نوێی هۆشمەند و بڕوا بە خۆبوو تێدەکۆشێت بۆ:
1-بایەخدان بەسیستەمی خوێندن و دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندن بۆ خوێندنکاران بەخۆڕایی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن.
2-چاوخشاندنەوە بە پڕۆگرامی خوێندن و دارشتنەوەی بەشێوازێکی بەردەوام و پێشکەوتووخوازانەو دوورخستنەوەی لەدەمارگیری و گۆشکردنیان بەڕۆشنبیری نیشتمانی.
3-دابینکردن و مسۆگەرکردنی کار لە دام و دەزگاکانی حکومەت پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن بەبێ جیاوازی.
4-بەخۆڕایی کردنی نەخۆشخانە و دابینکردنی دەرمان و چارەسەری پێویست.
5-بایەخدان بەخوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
6-کردنەوەی خولی زانستی و هونەری لەپشووی هاویندا.
7-کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن
8-گرنگی دان بەخوێندنی ئێواران بەشێوەی خوێندنی بەیانیان جیاوازی نەکردن لەنێو خوێندنگاکاندا.
سێیەم- لاوان.
لە رۆژگارەکانی ڕابردوودا ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دوایی هاتنە سەر کورسی دەسەڵات.لاوانی کوردیان بێ بەش کردبوو لە هەموو ماف و داخوازییەکانیان.بەتایبەتی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس کە هەمیشە لاوانی دەگواستەوە بۆ خزمەتی سەربازی و لەوێشەوە بۆ بەرەکانی جەنگ.
ئێستاش لەسایەی ئازادی گەلانی عێراق و بەتایبەتیش ئەو بارودۆخەی کوردستان پێیدا تێ پەڕ دەبێت،بۆیە (بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) تێدەکۆشێت بۆ:
1-کردنەوەی خوێندنگای زانستی بۆ لاوان.
2-کردنەوەی خوێندنگای پیشەیی وەک بیناسازی سەرتاشی وبەرگ درووی و میکانیک و بەڕەسمی ناساندنی بڕوانامەی پیشەیی
3-دامەزراندنی لاوان لەدام و دەزگاکانی حکومەت بە گوێرەی پیشەکەی بەبێ جیاوازی.
4-کردنەوەی بانکی تایبەت بۆ پێدانی سلفەی هاوسەرگیری و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوون.
5-بایەخ پێدانی لاوان لە بواری وەرزشی و هونەری و ڕۆشنبیریدا
لە بواری تەندروستی
1-بایەخ دان بە بواری دەروونی بۆ زاڵ بوون بەسەر گرێ دەروونیەکان،دابنکردنی سەرچاوەی پێویست و پسپۆڕی ئەم بوارە بە پێی قۆناغە جیاجیاکان.
2-سنوردانان بۆ ئەو یاریانەی کە گیانی توند وتیژی دەخوڵقێنێ.
3-بەخۆراییکردنی نەخۆشخانە و دابینکردنی دەرمان و چارەسەری پێویست.
4-گرنگی دان بە بنکەی تەندروستی بۆ منداڵ بوون لە شاروشارۆچکەکان.
لە بواری کۆمەڵایەتی گشتی.
1-چارەسەرکردنی بێکاری.
2-دابینکردنی دەرماڵە بۆ بەساڵاچوان و کەمئەندامان بەشێوەیەکی شیاو.
3-بایەخ دان بە بێوەژن و منداڵانی بێ دایک و باوک کە بەهۆی سیاسەتی رژێمی دیکتاتۆری ڕووخاو زەرەرمەندبوونە یان لەهەر ڕووێکی دیکەوە بێت.
4-یەکسانکردنی ژیانێکی شیاو بۆ بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفال کراوان .
5-بایەخ دان بە پێشمەرگە دانەبڕاوەکان و دێرینەکان،زیندانیە سیاسیەکان لە هەموو چین و توێژەکان.
پەیوەندیەکانی بزووتنەوە:
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان پێی وایە قۆناغی ئێستا قۆناغی رزگاری و نیشتمانیە و بۆ ئەم مەبەستە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا پەیوەندیەکانی خۆی شەتەک نادات و پێی وایە.هاوکاریکردنی دڵسۆزانەلەنێوان پەلە ئازادیخوازەکان و نیشتمان پەروەرەکان ئەرکی هەموومانە.(بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) شێلگێرانەهەوڵی بۆ دەدات.لەم پێناوەدا هەموو پەیوەندییەکانی دەخاتە خزمەت ئەم مەسەلەیە و بە قازانج و سوود و بەرژەوەندی ڕزگاری نیشتمانی دەڕوانێتە بازنەی پەیوەندییەکانی خۆی پڕەنسیپەکانی پەیوەندی دادەنرێت.(بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان)لە هەوڵی پتەکردنی پەیوەندیە بەربڵاوەکانی خۆیدایە تا بتوانێت لەم ڕووەوە هەرچی زیاترە دۆستی دڵسۆز بۆ گەلەکەمان و بۆ ئەم بارودۆخە و بۆ ئەم قۆناغە پەیدا دەکات.(بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) لە پەیوەندییە دەرەکیەکانیدا هەتا بۆی بکرێت پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ حزب و رێکخراوە پێشکەوتوخوازەکاندا بەهێز دەکات.
(بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) هەموو ئەو پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیانە ڕەت دەکاتەوە کە دژ بە بەرژەوەندی گەلەکەمان ڕێک دەخرێت. (بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) هەر جۆرە پەیوەندییەک لەسەر حسابی پارچەیەکی تری کوردستان بێت ڕەت دەکاتەوە..
نەتەوەکانی تر:
لە کوردستان جگە لە کورد کۆمەڵیک نەتەوەو مەزهەبی تری تیادا دەژی کە لە خاک و نیشتمان هەمان ماف دەیانگرێتەوە کە کوردهەیەتی وەنابێت بێ بەشیش بکرێن لەو مافانەی کە کورد پێَیان دەدرێت لەسەر ئەو خاکەدا.چونکە ئەوانیش لە زۆربەی ئەو ناخۆشیانە بەشدار بووینە کە بەسەر گەلی کوردا هاتووە.بێ بەش نەبووینە لە پێشێل کردنی مافەکانیان وەک مرۆڤێک لەسەر ئەم زەمینە. بۆیە (بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان) لە پاڵ ئەو ماف و داخوازیانەی کە دەیەوێت بۆ گەلی کورد دابینیان بکات،بەهەمان شێوە بەپێویستی دەزانین کە ئەو ماف و داخوازیانە بۆ نەتەوەکانی تری کوردستانیش جێ بەجێ بکرێت.
1-نەتەوەکانی تر مافەکانیان مسۆگەر بکرێت وەک عارەب و تورکمان و ئاشوری و کلدان و سریانی کوردستان.
2-خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان .
3-دەرکردنی رۆژنامە و بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆیان.
4-پتەوکردنی گیانی برایی و تەبایی لەنێو ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا.
5-کردنەوەی بنکەی ڕۆشنبیری تایبەت بەخۆیان هەبێت.
6-ئەو نەتەوانەی لە ریزی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کاردەکەن بۆیان هەیە لێژنەو کەرتی تایبەت بەخۆیان هەبێت.