لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن ڕاگەیاندراوی كۆبونەوەی سەركردایەتی كۆڕبەندی چەپی كوردستان

ڕاگەیاندراوی كۆبونەوەی سەركردایەتی كۆڕبەندی چەپی كوردستان

0 تێبینییەکان 30 بینینەکان

ڕۆژی 26ی ئایار سەركردایەتی كۆڕبەندی چەپی كوردستان لە هەولێر كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست. لەم كۆبونەوەیدا، كە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی كۆڕبەند بە ئۆنلاین بەشداربوون، ئاماژە بە پەرەسەندەكانی ڕەوشی گشتی لە كوردستان‌و ئەركە هەنووكەیەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان كرا‌، ئەمەش بە وابەستەیی بە هەڵسەنگاندن‌و خوێندنەوەی نوێی پەرەسەندنە چلۆنایەتییەكانی ڕەوشی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و كارتێكردنی ڕاستەوخۆ‌و ناڕاستەوخۆ لەسەر بزافی شۆڕشگێری گەلەكەمان.
سەبارەت بە باكور، كۆبونەوەی كۆڕبەند ئاماژەی بە گرنگی پرۆسەی سیاسی نوێی نێوان حكومەتی توركیا‌و پەكەكە كرد‌و، پێی وایە ئەم پرۆسەیە قۆناغێكی سیاسی نوێیە‌و لە دەرەوەی یاساكانی ناكۆكی‌و ململانی نییە‌و، گرنگە هەنگاوەكان بەتایبەتی لە لایەن حكومەتی توركیاوە بە تەمومژاوی نەمێنێتەوە‌و ناوێكی گونجاو بۆ ئەم پرۆسەیە لێبنرێت، كە دەڕبڕی شوناسی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە باكور بێت بە شێوەیەكی فەرمی لەلایەن حكومەتی توركیاوە دانیپێبنرێت‌و چەند هەنگاوی كردەیی هەن وەك ئازادكردنی زیندانە سیاسییەكان‌و لابردنی بەربەستەكان سەبارەت بە كەسایەتییە هەڵبژێردراوەكان بۆ بەڕێوەیردنی شارەكانی باكور‌و، فراوانكردنی ئازادییەكانی خەڵك جێبەجێبكرێن.
هەروەها سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بە جۆرێك لە بەرژەوەندی ئاشتییەكی سەقامگیر‌و بەیەكەوەژیانی سەرجەم گەلان بێت، پێویستی بە هەنگاوانی كردەییە بۆ گۆڕانكاری لە دەستووری دەوڵەت‌و، داننان بە فرەیی شوناسی نەتەوەیی لە توركیا‌و مسۆگەركردنی مافی ئیداری‌و كەلتووری گەلی كوردستان بە پێی دەستوور.
لە هەمان كات پێویستە لەم دۆخەدا، حزب‌و لایەنە كوردستانییەكانی نێو پەرلەمانی توركیا‌و لە دەرەوی پەرلەمانیش لە چوارچیوەی یاساكانی ناكۆكی‌و ململانی، كە مۆركی ئەم پرۆسەیە، لە یەك پلاتفۆرمی یەكگرتوودا بە عەقلیەتی كاری بە كۆمەڵ كار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە سیاسییە بكەن‌و، جەخت لەسەر كرۆكی مەبەست‌و ئامانجی ئەم پرۆژەیە بكەنەوە، كە بۆ دابینكردنی مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە باكورە‌و، جەختیان لەسەر چەمكی دیموكراتیزەكردنی دەوڵەت بێت وەك بنەمای سەرەكی كۆمەڵگای دیموكراسی‌و، ئەمەش پێویستی بە گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی یەكگرتووی كوردستانییە، كە بە میكانیزمێكی ڕوون دابڕێژرێت‌و لە لایەن جەماوەری باكورەوە ڕۆژانە لە ڕیگای بەردەوامبوونی تێكۆشانی دیموكراسی مەدەنی ئاشتییانە كاری بۆ بكرێت.
سەبارەت بە ڕۆژئاوای كوردستان كۆڕبەند داكۆكی لە هەنگاوەكانی كاری هاوبەش‌و هەماهەنگی لایەنەكانی ڕۆژئاوا دەكات‌و، كۆكبوون لەسەر پرۆژەی سیاسی یەكگرتووی لایەنەكان‌و گەڵاڵەكردنی داواكارییە ڕەواكانی گەلی كوردستان كە لەم دوواییەدا ئەنجامدرا، هەنگاوی سەرەكی بەرەنگاربوونەوە‌و پاراستنی ئەزموونی ڕۆژئاوایە، كە بە قوربانی هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی گەلەكەمان تۆماركراوە.
كۆڕبەند پێی وایە هەنگاوەكانی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم نەتەوە‌و پێكهاتەكانی سوریا هەنگاوی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دیموكراسی سیكولار‌و دابینكردنی شەراكەتی سەرجەم نەتەوە‌و پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە لە دەستوور‌و میكانیزمەكانی حوكمڕانی‌و ڕێگاگرتن لە گەڕانەوە‌و سەپاندنی حوكمی ناوەندێتی‌و ئاراستەی توندڕەوی ئایینی.
لە ڕۆژهەڵاتدا جوڵانەوەی مەدەنی‌و ژنان‌و ژینگەپارێزی‌و، چالاكی هەمەجۆر لە بواری ئەدەب‌و هونەر لە گەشەكردندایە‌و، بە گشتی پێگەی كورد لە نێو گەلانی ئێران بە هەندوەردەگیرێت.
لە بواری سیاسیدا كۆڕبەند پێی وایە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی ڕۆژهەڵات پێویستییان بە هەماهەنگی‌و كاری هاوبەش‌و بە دوواداچوون‌و چاودێریكردنی سەرجەم ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی كۆمەڵگای نێودوڵەتی لەگەڵ حكومەتی ئێران‌و دۆسێی پیشەسازی ئەتۆمی.
ئەم ڕەوشە سیاسییە نوێیە، كە سەرجەم ئەگەرەكان لە بەردەمیدا كراوەیە، پێویستی بە دوور كەوتنەوە لە ململانی لاوەكی‌و هەر بابەتێك بارگرژی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵات درووست بكات.
سەبارەت بە ڕەوشی باشور، كۆڕبەند خوازیاری ئەوە بوو، كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات بونیادبنرایە‌و، لەم پرۆسەیەشدا سوود لە سەرجەم كەلێنەكانی پێشتر وەربگیرایە‌و، هەردەم ئاراستە بەرەو چەمكی دەوڵەتی قانون‌و دامەزراوەكان‌و سیاسەتی گونجا كە لە خزمەتی جەماوەری زەحمەتكێشی گەلەكەمان بێت، بنەمای خۆڕاگری‌و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو خولیا‌و ڕەفتارانەیە، كە لە لایەن حكومەتی بەغداوە بە پێچەوانەی چەمكی فیدڕاڵی كار بۆ جێبەجێنەكردنی دەستوور دەكرێت.
كۆڕبەندی چەپی كوردستان لە میانەی خوێندنەوەی بۆ ڕەوشی كوردستان‌و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و لە ڕووانگەی بەهەندوەرگرتنی ئەركە نیشتمانییە كوردستانییەكان‌و ئەركە چینایەتییەكان، پێی وایە ئاشتی‌و ئاسایش‌و گەشەپێدانی ناوچەكە‌و سەقامگیری سەرانسەری تێیدا، بێ چارەسەركردنێكی دیموكراسی عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان‌و، ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادانەی گەلەكەمان نایەتەدی.
لەم ڕوانگەیەوە كۆڕبەندی چەپی كوردستان داوا لە سەرجەم دەوڵەتەكان‌و ڕای گشتی جیهان‌و سەرجەم ئەو لایەنە‌و گروپانەی خوازیاری كۆتایهاتنن بە بارگرژی‌و جەنگ‌و، لە پێناوی ئاشتی‌و گەشەپێدان‌و دوواڕۆژێكی گەش بۆ مرۆڤایەتی تێدەكۆشن، پشتگیری لە خەباتی ڕەوای گەلی كوردستان بكەن.
كۆڕبەندی چەپی كوردستان لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیدا چەندین بڕیاری وەرگرت سەبارەت بە كاراكردنی كارەكانی‌و بەستنی چەندین دیداری تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە‌و خوێندنەوەی پێشهاتەكان‌و كارتێكردنیان لەسەر ڕەوشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستان.

كۆڕبەندی چەپی كوردستان
( حزبی سۆشیالستی كوردستانی باكوور، حزبی كۆمۆنیستی كوردستان باكور، حزبی كۆمۆنیستی كوردستان رۆژئاوا، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان)

ئایاری 2025

0 FacebookTwitterPinterestEmail