ناتوانم نکوڵی لەوە بکەم کەوتمە ژێر کاریگەری چیرۆکی (نەجیب محەمەد) دەپرسم لێ هەیە نەکەوێتە ژێر کاریگەری چیرۆکێکی ئاڵۆز و هەست بزوێنی لەو شێوە، چیرۆکێک سەبارەت بەستەم و بەکارهێنانی مرۆڤ، کۆیلایەتی، بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە کۆتایی نایەت.
ئەوەی مایەی تيڕامان بو ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە و لەسەر زەوی بونی هەیە، تەنانەت (نەجیب) بونی هەیە، من لێرەدا نامەوێت هەڵسەنگاندن بکەم بۆ گەلی سعودیە و سروشتی ژیانیان، بەدڵنیایی وەک چۆن خەڵکی خراپ هەیە بەدڵنیایی خەڵکی باش بونی هەیە، لە هەمو جێگایەکی دونیا مرۆڤی باش هەیە، بەڵام حەقیقەتێکی تاڵ بونی هەیە (کرێکارەکان بەکار دەهێنرێن بەخراپترین شێواز لە کەنداوی عەرەبیدا).
فیلمێک لەڕوی هونەریەوە هەڵگری سیما و پێکهاتە سینەماییەکان، فیلمێک لەناو قوڵایی سێ کاژمێردا دەمانبات بۆ نێو چڕی و قوڵایی ئازار، ئازارەکانی مرۆڤ، نواندنێک شایستەی ستایش، بەجۆرێک وێنای سەختی ژیانی کرێکاران کراوە ئازارەکانی (نەجیب) بەشێوەیەکی حەقیقی بگەیەنێت.
فیلمی (ژیانی ماعیز) فیلمێکی مرۆڤانەیە و توانیویەتی پەیامی بابەتێکی (دۆسیەیەک) بگەیەنێت، ڕوداوێک لەیەکێک لەوێستەگانی ژیاندا لەسەر زەوی ڕویدابو، ئەوەی لەناو پێکهاتەی ئەو چیرۆکەدا شاردراوە بو مەزن بو، پێکهاتەی فیلم بەجۆرێک سودی لەناوەڕۆک و گرێچنەی چیرۆکی ماعیز بینیبو هاوشێوەی کەمە، ڕوداوێک لەناو کانگای جەماوەری عەرەبی و کەنداودا، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش؛ ئایا ئەم فیلمە لەتوانایدا هەیە خەڵات و شایستە جیهانیەکان بەدەستبهێنێت، ئایا لەسەر شاشە جیهانیەکاندا دەنگدانەوەی گەورە دروست دەکات؟
بەدڵنیایی دژایەتی دەکرێت، ئەم فیلمە حەقیقەتێکی تاڵ ئاشکرا دەکات تا ئێستاش کۆیلایەتی لەخراپترین شێوەدا بونی هەیە، ئاشکراکردنی ئەم بابەتە هیچ کات لەبەرژەوەندی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکاندا نییە، دەسەڵات و نامرۆڤەکان بەدڵنیایی دژایەتی دەکەن.
خۆشناو محەمەد