“لەگوندێکی نزیک قامیشلۆوە هاتووە، لەوێ کچ بووە، بەڵام ئێستا بووە بە ژن، لەلایەن نەقیبێکەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەری بۆ ئەوەی لە قوتابخانەیەک دابمەزرێت”، کارمەندی کەمپێکی ئاوارەکان چیرۆکی کچە ئاوارەیەکی ٢٢ ساڵ دەگێڕێتەوە کە لە کەمپێکی هەرێمی کوردستاندا دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری.
کانی کە لە کەمپێکدا کاردەکات، باس لە چیرۆکەکەی فاتیمە دەکات و دەڵێت “ئەو لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتووە و ئێستا لە کەمپێک نیشتەجێیە، کچێکی باڵابەرزی جوانکیلەیە، لەبەر هەژاری و بێدەرەتانی لەلایەن نەقیبێکەوە ئیستیغلال کراوە و ئێستا چیرۆکی ئەو کچە لەناو کەمپەکەدا یەکێکە لە چیرۆکە باوەکان”.
ئەو کارمەندە تەنیا نموونەی فاتیمە باس دەکات، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە چەندین نموونەی هاوشێوە لە کەمپەکاندا بوونی هەیە و جۆری دەستدرێژییەکان جیاوازن، هەندێک کەس بە پارە و هەندێکی تر لە ڕێگەی ئەو هاوکارییانەی دەبرێتە کەمپەکان، هەوڵ دەدەن ژنی ئاوارە ئیستیغلال بکەن.
کانی دەڵێت پێویستی بە پارە بووە، ئێستاش ناچارە هەندێک جار بچێت لەگەڵیدا بخەوێت، ئەگینا لە ئیشەکەی دەردەکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان UN WOMEN، لەهەر پێنج کچێکی ئاوارە یەک کچ پارەی دراوەتێ بۆ ئەوەی سێکسی لەگەڵدا بکرێت، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش باس لەوە دەکات کە ئەو زانیارییانە موبالەغەی تێدا کراوە، بەڵام نایشارێتەوە دیاردەکە هەیە و دەڵێت “ئەو زانیارییانە ناکرێت بڵاوبکرێتەوە لەبەر ئەوەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێکدەدات و بۆ سومعەی کۆمەڵگای کوردی باش نییە”.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران، د. دەرباز محەمەد باس لەوە دەکات کە ئەو ڕاپۆرتە هەڵەی تێدایە و لەلایەن رێکخراوە کوردییەکانەوە زانیارییان دراوەتێ، دەکرێت زۆر ورد نەبێت.
ڕێکخراوی UN WOMEN ڕێکخراوێکی تایبەتمەندە لە بواری ژناندا و ڕاپۆرتێکی ٩٦ لاپەڕەیی لەسەر ئاوارەکان بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات کە ژنان و منداڵانی ئاوارە زۆرکات لە لایەن رێکخراوە بیانییەکانەوە بازرگانییان پێوەدەکرێت.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، سۆران عومەر لە لێدوانێکیدا بە دیجیتاڵ میدیای NRT ڕایگەیاند کە ئەو ڕاپۆرتە زانیاری “زۆر مەترسیداری” تێدایە سەبارەت بە ژیانی ئاوارەکانی کوردستان و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی هەرێم بەشێکیان لەو کارانەوە تێوەگلاون و وتی “چەند کەسێک کە ویستویانە لەسەر ئەو زانیارییانە کاربکەن ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە”.
کانی باسی لەوەکرد فاتیمە هێشتا هیوای هەیە کە بتوانێت لە ئایندەدا هاوسەرگیرییەکی بێ کێشە بکات، بەڵام ئەو بەردەوام باس لە قێزەونی ئەو نەقیبە دەکات پێم دەڵێت “کاتێک لەگەڵ ئەو نەقیبە دەخەوم هەستەکەم لەگەڵ جانەوەرێک سێکس دەکەم”.
کانی ناوی کچە کوردێکە کە لە کەمپی ئاوارەکان کاردەکات، ئەو بۆ دیجیتاڵ میدیای NRT ئاشکرای کرد کە ئەگەر کچێک جوان بێت، “بەرپرسانی کەمپەکە و ئەوانەی کە خواردن بەسەریاندا دابەش دەکەن، ئەوا خواردن و کەلوپەلی زیاتریان دەدەنێ، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی بتوانن لێێان نزیک ببنەوە”.
د. دەرباز ئاماژە بەوە دەکات ٩٠%ی ئەوانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین ئاوارەی ئێزیدین و کوردن، هەروەها دەڵێت بڵاوکردنەوەی زیانی هەیە، چونکە هەر گەنجێکی ئاوارە، گومان دەکات یەکێک لەو کچانە خوشکی ئەو بێت، لەبەر ئەوە ئەم زانیارییانە بۆ سومعەی کورد خراپە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران نایشارێتەوە کە لە عێراقیش حاڵەتی لەو شێوەیە هەیە، بەڵام نەبووەتە دیاردە، ئەو دەڵێت “لەهەر شوێنێک خەڵکی فەقیر هەبێت، هەوڵ دەدرێت کە ئیستیغلال بکرێت و بەپارە سێکسی لەگەڵ بکرێت”.
کانی بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی بەسەر هاتە پڕ ئازارەکەی فاتیمەو دەڵێت “ئەو بەیانیان کاتێک لەلای ئەو بەرپرسە دەگەڕێتەوە پێم دەڵێت: زۆرکات کە لە گەڵیدا دەخەوم، هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەم تەنها ئازاری جەستەم نا، بەڵکو زۆرکات حەزدەکەم خۆم بکوژم و قێز لەخۆم دەکەمەوە کە لەبەر بژێویی ناچارم جەستەم بفرۆشم”.