زۆرجار لێرەو لەوێ هەندێ بابەت دەخوێنینەوە سەبارەت بەوەی زیرەکیی دەستکرد زیانی بۆ ئاستی زیرەکیی مرۆڤ هەیە، بەو واتایەی چیتر خۆمان هەوڵ نادەین و بیرناکەینەوە و بۆ سادەترین پرسیار ناگەڕێین، بەڵکو راستەوخۆ لەرێی مۆبایلە زیرەکەکانمانەوە وەڵامەکە زۆر بەخێرایی وەردەگرین، هەروەها زۆربەی ئەو زانیارییانەی رۆژانە لە رێی مۆبایلەکانمانەوە وەریدەگرین هەر زوو لەبیرمان دەچنەوە، چونکە مێشکی مرۆڤ بە جۆرێکە توانای ئەوەی نییە بەو خێراییە ئەو هەموو داتا و زانیارییانە خەزن بکات، مەگەر کەسەکە خۆی بلیمەت بێت و ئاستی ئایکیوی مێشکی لە سەروو ئاساییەوە بێت، رەنگە تائێستا مەسەلەکە ئاسایی بێت و زۆر مەترسیدار نەبێت، بەڵام بەشداریپێکردنی زیرەکیی دەستکرد و یەکێک لەوانە (چات جی پی تی) کاریگەریی زۆرە، وەک چەند رۆژێک لەمەوبەر بینیمان بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بۆ ماوەیەک لە کار کەوت چ هەڵڵایەکی نایەوە، بەتایبەتی لەنێو گەنجانی ئەم سەردەمەدا کە هەستیان بە روودانی کارەساتێک دەکرد، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی؟
چونکە گەنج و بەتایبەتی خوێندکاری ئەم سەردەمە بەبێ زیرەکیی دەستکرد هیچ ئەرکێکی خوێندنی بۆ ناکرێت، تەنانەت منداڵێکی پۆلی حەوت کە پێی دەڵێیت وەرە با فڵانە هاوکێشەی بیرکارییت فێربکەم یان بتبەمە لای کەسێک وانەت پێ بڵێتەوە، وەک رێکارێکی کۆن و کەسێکی بەجێماو لە تەکنۆلۆژیا تەماشات دەکات و دەڵێت «پرسیار لە چات جی پی تی دەکەم بۆم روون دەکاتەوە»!
ئێمە ئەو نەوەیەین لەکاتی ئامادەکردنی توێژینەوە زانستییەکانی زانکۆ و توێژینەوەی دەرچوون بە نێو کتێبخانەکاندا دەگەڕاین و چەندین گەڕان و پرسیاری مەیدانیمان لە پسپۆرانی ئەو بوارەی دەمانوویست، دەکرد تا توێژینەوەی دەرچوون یان راپۆرتێکمان لەسەر بابەتی وانەیەکی زانکۆ ئامادە دەکرد، بەو واتایەی بەبێ یارمەتی زیرەکیی دەستکرد بیرمان دەکردەوە دەماننووسی، بەڵام لەم سەردەمەدا کە نەوەیەک بەڕێوەیە ئاستی زیرەکیی کۆمەڵایەتییان نزمە و رێژەیەکی زۆری زانیارییەکانیان و ئاستی زانستییان پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت، دەبێت وانە پێوتنەوەیان لەلایەن مامۆستایانی زانکۆوە چەندە تەحەدایەکی گەورە بێت.جگەلەوەی لەم سەردەمەدا وەک دەڵێن درۆ زۆربووە تێیدا راستییەکانیش ون دەبن و بەئاسانی ناتوانرێت درۆ لە راستیی جیابکرێتەوە، کەواتە وردبینی و هەوڵی دوو هێندە لە جارانی زیاتری دەوێت بۆئەوەی مامۆستاکان خوێندکارێک کە هەوڵ دەدات و ماندوو دەبێت لە خوێندکارێک کە بەتەواوەتی پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت جیابکەنەوە.