لەناو جیهانێکی ستەمکاردا دەکرێت دەنگی هەژارەکان ئەوەندە لاواز بێت نەبیسترێت، بەڵام ئەگەر من پێت بڵێم دەنگی گریانی هەژارەکان پێنوسێکی بلیمەت کردویەتی بەنوسین، پێنوسەکەی دۆستۆیڤسکی، دۆستۆ تەنها وێنای ژیانی هەژارەکانی وڵاتی ڕوسیا ناکات، ئەو لەڕێگەی تابلۆیەکی کاریگەرەوە ئازار و خەمەکانی ئەوانمان بۆ وێنا دەکات، تەنانەت خەونەکانیان، هەمو ئەوەی هەژمونی کۆمەڵایەتی نادادپەروەر ناشتویەتی.
پێکەوە گەشتێک بکەین بەناو ڕۆمانی ناوازەی (هەژاران)دا، ڕۆمانێکی ئەدەبی دەوڵەمەند، بەڕونی ئەو بۆشاییە گەورەی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان دەبینین، سەرەتا دەکەوینە ژێر کاریگەری پرسێکی گرنگ، ئایا دەکرێت ڕۆژێک لەڕۆژان بگەین بە یەکسانی.
چینایەتی کۆمەڵایەتی و جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند!
لەناو پێکهاتەی ئەم ڕۆمانەدا دۆستۆیڤسکی هەنگاو بەهەنگاو جیاوازی چینایەتی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگای ڕوسی سەدەی نۆزدەهەم ئاشکرا دەکات، لەڕێگەی نامە ئاڵۆگۆڕکراوەکانی نێوان (ماکار دیبۆشکین)ی کارمەندێکی سادە کە دەناڵێنێت لەدەست ژیانێکی پڕ لەنەهامەتی، هەروەها (فار فارا دوبرۆسیلۆڤا)، لێرەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت چۆن هەژاری لە حاڵەتێکی ئابوریەوە دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێک لە تێکشکان و داڕمانی کەسی، وەک ئەوەی ماکار لەیەکێک لەنامەکانیدا ئاشکرای دەکات، من لەژورێکدا دەژیم بەجۆرێک بۆتە هەمو ژیانم (وجود)ی من، دەبینم تەنها پارێزراوم لە باران و بەفر، بەڵام پارێزراو نیم لە سەرما و برسێتی.
لێرەدا ئاشکرا دەبێت (دۆستۆیفسکی) تەنها وێنای حاڵەتی ئابوری سەختی هەژارەکان ناکات، بەڵکو بەقوڵی حاڵەتئ دەرونی و کۆمەڵایەتی و بژێویان (بارز)دەکات، لێرەوە دەکەوینە ژێر کاریگەری پرسیارێک (ئایا ستەمی کۆمەڵایەتی تەنها هۆکارێکی درامی بو لەناو ئەم ڕۆمانەدا یان خاڵی بنەڕەتی بو تا ساختەیی هەژمونی کۆمەڵایەتی بەگشتی ئاشکرا بکات؟) بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بە چاوێکی قوڵتر سەیری کارەکتەرەکانی ناو پێکهاتەی ڕۆمانەکەی دۆستۆ بکەین، ژیانی هەریەک لە (ماکار و فار فارا) وێنەیەکی بچوک کراوەی ستەم کردنە لە چینێکی کۆمەڵایەتی بەگشتی.
گەرچی ئەوان بەرگەی دڵڕەقی و سەختی ژیانی ڕۆژانە دەگرن، دەبینین ئەوان بەردەوام هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە شکۆیان بکەن، بەڵام کۆبونەوەی هەژاری لەگەڵ ستەمی کۆمەڵگادا بژاردەکانیان سنوردار دەکات، ئەم حاڵەتە لەناو یەکێک لەنامەکانی فار فارادا دەبینرێت کاتێک دەنوسێت (ماکاری خۆشەویست، ئێمە تەنها لەناو بازنەیەک لەئازاردا دەسوڕێینەوە، کۆتاییەک بونی نییە، وادیارە جیهان لەیادی کرد کەسانێک هەن وەک من و تۆ ڕۆژانە دەجەنگن لەپێناو پارچەیەک ناندا).
ئەم وشە کاریگەرانە تەنها تێکشکانی خاوەنی نامە پشان نادات، بەڵکو پرسێکی قوڵتر دەوروژێنێت، ئایا هەژارەکان قوربانی دەست دەسەڵاتن، دەسەڵاتێک لەڕەگ و ڕیشەوە لەمرۆڤ دەدات، یان هەژارەکان تەنها سەربازێکی نێو یاری شەتڕەنجن لەناو یاریکی گەورەتردا.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت دوبارە خوێندنەوە بکەینەوە بۆ نەخشەڕێگای دۆستۆیفسکی، واتە؛ دیدگای دۆستۆ بۆ هەژمونی چینایەتی، بەدڵنیایی دۆستۆیڤسکی لەو جۆرە نوسەرانە نییە پشتیوانی بۆ هەژاران بشاريتەوە، لەناو ڕۆمانی هەژاراندا دەبینین چۆن هەژارەکان گیرۆدەی دابونەریت و باری سەختی ئابوری دەبن، بارودۆخێکی ناهەموار کە دەسەڵات و هەژمونی سیاسی و ئابوری سەپاندویەتی بەسەر خەڵکی هەژار و نەداردا.
ئەو دەسەڵاتەی تەنها خزمەتی چینی سەرەوە دەکات، دۆستۆیڤسکی تەنها وەک قوربانیەک وێنای چینی هەژار ناکات، بەڵکو وەک کەسانێک بەردەوام لەناخەوە دەجەنگن تا بتوانن ئومێد لەژێر چنگی واقیع دا دروست بکەن، ئەم ئومێدە تەنانەت لەتاریکترین ساتەکاندا بونی هەیە، لەزمانی ماکارەوە کە دەڵێت، ئێمە لاواز نین وەک ئەوەی ئێوە پێتان وایە، بەڵام ئێوە ئێمە نابینن، ئێمە وەک ئەو هەوایەی دەورتان واین، دەنگێکی تەنک و کەم دەردەکات کاتێک با زیاد دەکات، بەڵام هیچ کەسێک سەیرمان ناکات، کەس گوێمان بۆ ناگرێت تا ئەو ساتەی زریانێک دروست نەکەین، ئەم تيڕوانینە قوڵەی دۆستۆیڤسکی بۆ کۆمەڵگا وێناکردنی کاریگەری گشتییە تا بتوانێت زریانێک دروست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پرسیارێکی دیکەمان لا دروست دەبێت؛ ئەگەر دۆستۆیڤسکی بانگەشەی گۆڕانکاری دەکات، کام گۆڕانکاریمان بۆ پێشنیاز دەکات.
لەناو پێکهاتە و ڕستەکانی ڕۆمانی هەژاراندا مرۆڤ هەست دەکات ئەم ڕۆمانە تەنها ئاوێنەدانەوەیەک نییە بۆ گرفتاری کەسایەتیەکانی نێو ڕوداوەکان، بەڵکو هۆشداریە بۆ کۆمەڵگا، کۆمەڵگا ئاگادار دەکاتەوە لەدەرئەنجامی ساردی و پشتگوێخستن، دۆستۆیڤسکی دێت لەناو رستەکاندا پێمان دەڵێت، گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە دەسەڵاتەوە ناکرێت، لە هەژمونی سیاسیەوە ناکرێت، بەڵکو لەدڵە باشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، دوبارە گەڕاندنەوەی ماف و پێگە بۆ مرۆڤایەتی، وەک ئەو نامەیەی ماکار کەپڕیەتی لەهەست و سۆز، دەڵێت، تەنانەت لەخراپترین و دژوارترین ڕۆژەکانماندا ڕێزم هەبوە بۆ خۆشەویستیم بۆ مرۆڤایەتی، ئەوە ئەو بەهایە بو من وابەستەی بو بوم، بیرۆکەیەکی سادە، هەمو مرۆڤێک شایستەی ئەوەیە هەلێکی هەبێت شکۆمەندانە بژی، مرۆڤ چەندە هەژاریش بێت دەبێت کەرامەتی پارێزراو بێت، ئەم وشانەی دۆستۆیفسکی کلیلی ئاڵنگاری و پلانە، لەپێناو بەدەستهێنانی یەکسانیدا، بابەت تەنها پەیوەیست نییە بە ماڵ و سامانەوە بەڵکو پەیوەستە بە دادپەروەری و بەزەییەوە لە هەڵس و کەوتمان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا پرسیارێک بەردەوام دێتەوە ناو یادگەمان، ئایا کۆمەڵگای نوێ لەتوانایدا هەیە سود ببینێت لە ڕوئیای و فەلسەفەکانی دۆستۆیڤسکی تا چارەنوسی هەژارەکان بگۆڕدرێت.
ڕۆمانی (هەژاران) تەنها چیرۆکێک نیە سەبارەت بە دو کەسایەتی کە کۆمەڵگایەکی دڵڕەق لەت لەتیان دەکات، لەهەمان کاتدا بانگەشەیەکی کراوەیە بۆ خوێنەران، دوبارە هەڵسەنگاندن بکەنەوە بۆ واقیع ی دەوریان، لەکۆتاییدا ئەم ڕۆمانە بە کۆمەڵێک وشەی تێهەڵکێشکراوی ئومێد بەخش و ترسناک کۆتایی دێت، وەک بڵێیت، دۆستۆیڤسکی پێمان بڵێت ئەو جیهانەی ئێمە دروستی دەکەین دەکرێت لەتوانایدا هەبێت هەمومان بەیەکسانی بژین.
لەکۆتاییدا پرسیارێک بە وەڵام نەدراوەیی لەمێشکماندا دەمێنێتەوە؛ کاتێک یاداشتەکانی ڕابردو دەخوێنینەوە، ئایا لەتواناماندا هەیە دوبارە ئێستا بنوسینەوە؟
لەڕێگەی ڕۆمانی هەژارانەوە ئاشنا دەبین بە ڕوی ڕاست و دژواری بارو دۆخی کۆمەڵایەتی، بەقوڵی باسمان لە چینە شێلدراوەکان کرد، بەڵام چیرۆک لێرەدا کۆتایی نایەت بەڵکو لەگەڵ ئێوە دەستپێدەکات، لەگەڵ بیرۆکەکانتان، توانای ئێوە بۆ گۆڕانکاری، ئەگەر پێت وایە ئەم جۆرە بابەتانە شایستەی گفتوگۆیە دەتوانیت لەڕێگەی نامەیەکەوە ئاگادارمان بکەیتەوە.
خۆشناو محەمەد