گەشبینی سیاسی و بیركردنەوە و كاركردن بۆ گۆڕانكاری تەنانەت ئەگەر هەنگاوێك بۆ پێشەوە لە كاروانی چارەسەركردنی قەیرانی دەوڵەت و دیموكراتیزەكردنی و بنیاتنانی دیموكراسی و گەشەپێدان و دابینكردنی ئاشتی و ئاسایش و بەیەكەوەژیانی ڕاستەقینە و لابردنی تارمایی تاریكی دیكتاتۆری و تایفەگەری بێت، یەكێكە لە میتۆد و بنەمای كاری سیاسی و بەشداریكردنی حزبی شیوعی لە پرۆسەكانی هەڵبژاردن، كە بێگومان ئەمەش لە بابەتی واقیعبینی و حاڵیبوون لە ئەگەرەكان و تەگەرەكان و تێگەیشتن لە هەلی گونجاو و لەبار بەدەرنییە.
لە سەرجەم پرۆسەكانی هەڵبژاردندا، حزبمان پێیوابووە، كە كاركردن بۆ گەیشتن بە ناوەندی بڕیار بابەتێكی گرنگە، لەهەمان كاتدا هەڵبژاردن هەلێكی گرنگی نوێكردنەوەی بەرنامە و گوتاری سیاسی حزب بووە بەپێی واقیعی بەرجەستەكراو، جگە لەوەی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕەوشێكی لەباری پەیوەندیكردن بە جەماوەر و گەیاندنی پەیامی حزب بووە.
كاتێك باس لە نوێكردنەوەی بەرنامە و گوتاری سیاسی دەكەین، ئامانجی سەرەكی دەستنیشانكردنی ئەو ئەركانەیە، كە لەم قۆناغەدا پێویستن و لە هەمان كاتدا بیرخستنەوەیە بۆ سەرجەم لایەنەكان و بۆ خەڵكی دەنگدەر، كە چۆن حوكمڕانانی پێشوو سەرەڕای بەڵێن و گفتی هەمەجۆر، سیاسەت و كارەكانیان لە دیوێك و بەڵین و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە دیوێكی دیكە بووە.
لەم ڕوانگەیەوە و لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گرنگە جەخت لەسەر ئەم ئەركانەی خوارەوە بكەینەوە:
ـ گۆڕانكارییە چلۆنایەتییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای دەركەوتنی ئاراستەی كۆتاییهاتن بە دەوری میلشیای سەربازی و شەڕ بەوەكالەت، ئەركی سیاسی ئەنجومەنی ئایندەی نوێنەرانی عێڕاق و حكومەتی ئاییندە كۆتاییهاتنە بە ڕۆڵی میلشیا و دەوڵەتی قووڵ و سیاسەتی وابەستەیی بە دەوڵەتانی دەوروبەر لەسەر بنەمای تایفەگەری.
ـ مامەڵەكردنی واقیعبینانە و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ قەیرانی دەوڵەت لە عێڕاقدا، بەتایبەتی بیست ساڵ لەسەر دانانی دەستوور تێپەڕی، بێ ئەوەی چەندین ماددەی سەرەكی ئەو دەستوورە، كە بەندە بە بنیاتنانی دەوڵەتی فیدڕاڵ و ئەنجامدانی دیموكراسی تەوافقی و پاراستنی پرنسیپی شەراكەت و هاوبەشی و هاوسەنگی جێبەجێبكرێت.
ـ كاركردن بە بنەماكانی حوكمڕانی باش و خولیای ڕوونی لە كارەكان و پابەندبوون بە چەمكی دەوڵەتی هاووڵاتی و یاسا.
ـ دروستكردنەوەی متمانە و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ سەبارەت بە مافەكانی گەلی كوردستان، كە پشت بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلی كوردستان ببەستێت و ببێتە زەمینەی بەیەكەوەژیانی ڕاستەقینە و گەشەپێدانی هاوبەش و دراوسێتی قووڵ، كە بەرژەوەندی كوردستان و عێڕاق مسۆگەربكات و سەقامگیری سەرانسەری دابینبكات.
ـ ئەنجامدانی پرنسیپی شەراكەتی ڕاستەقینە و كارا لە كاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق و كۆنەكردنەوەی كاری وەزارەتەكان و ئەركەكانیان لە چوارچێوەی دەستە و كۆمیتەی تایبەت و سەر بە سەرۆك وەزیران سەبارەت بە ئەركێك، كە تایبەتە بە وەزارەتی دیاركراوی خۆی.
ـ ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە لە سەركردایەتی هێزە چەكدارەكانی عێڕاق، كە دەڕبڕی سەرجەم نەتەوە و پیكهاتەكان بكات و لە ململانێی سیاسی بەكارنەهێنرێت و كاربكرێت كە هێزی میلشیایی لە بەرامبەریدا قوتنەكرێتەوە و دەسەڵاتی سەربازی شوێنی دەسەڵاتی مەدەنی لە پارێزگاكاندا نەگرێتەوە وەك نموونەی ڕۆڵی سوپای عێڕاق لە كەركوك و ڕێگاگرتنی لە گەڕانەوەی جوتیارانی كورد بۆ سەر زەوی خۆیان، هەرچەندە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەم بابەتە دەرچووە.
ـ دانانی بودجەی گشتی بەپێی ماددەكانی دەستوور، كە ماوەی داوە ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەرێم ڕۆڵی سەرەكی بەشداریكردنی لەو بوارەدا هەبێت.
ـ پەیڕەوكردنی لامەركزی ئیداری و پێدانی دەسەڵات لە وەزارەتە فیدڕاڵییەكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەندییەكان لە پارێزگاكان و ڕێزگرتن و ماوەدان بە ئەنجامدانی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دانان و بڕیاردانی سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری پارێزگاكە و بەشداری لە دانانی سیاسەت گەشەپێدانی ئابووری دەوڵەت.
ـ یەكلاكردنەوەی سیاسەتی نەوت و گاز و كاركردن بەپێی دەستوور، كە ئەم سیاسەتە لە دەسەڵاتی سنووردار و تایبەت بە حكومەتی فیدڕاڵ نییە و دانانی سیاسەتی نەوت و گاز لەسەر ئەم بنەمایە.
ـ بڕیاردانی قانوونی ئەنجومەنی ئیتحادی، كە هەموو حكوومەتەكانی پێشتر لە بەرنامەی حكوومەتدا تۆماری دەكە نو جێبەجێی ناكەن.
ـ ڕاگرتنی سیاسەتی گۆڕانكاری دیموگرافی، كە بەهۆی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستوور بەشێوازی جۆراجۆر بەردەوامی هەیە.
ـ كەمكردنەوەی خەرجی سیادی و دانانی بڕی باش و گونجاوی بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و بایەخدان بە كردنەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێگاوبان.
ـ كاراكردنی ئەنجومەنی نوێنەران و توانای لە بواری چاودێریكردنی كاری وەزارەتە ئیتحادییەكان.
ـ دانانی سیاسەتێكی كارا لە بواری نەهێشتنی گەندەڵی و بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان بە گەندەڵكارانەوە هەیە، لەوانە دۆسێی ناوبراو بە (دزی سەدە).
ـ رێكخستنەوەی بانكی ناوەندی عێڕاق و كاری بانكی، بەتایبەتی لە بواری ڕێگاگرتن لە دیاردەی سپیكردنەوەی دارایی.
ـ ڕاگرتنی ئاراستەی بەتایبەتكردن لە بواری تەندروستی و خوێندن و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی یاسای بیمەی تەندروستی و پشتگیری كۆمەڵایەتی.
ـ پاراستنی ئازادییەكان و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و كاركردن بۆ نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەپێی یاسا و ڕووبەڕووبوونەوەی خولیای تایفەگەری و مەزهەبی لەبواری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا.
ـ پشتگیركردنی ڕۆشنبیری و هونەر و چالاكی لاوان و چالاكی وەرزشی و بایەخدان بە كردنەوەی شانۆ و ناوەند و سەنتەری چالاكی لاوان.
ـ پاراستنی سەربەخۆیی دادگا و برٍیارەكانی و ماوەنەدان بە دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەریدا.
ـ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی ڕادەڕبڕین و بۆچوونی ئازاد و پێدانی زانیاری بە هاووڵاتی.
كاروانی تێكۆشان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە هەنووكەییانە بەشێوازی كاری پەرلەمانی و بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا، وەكو شێوازێك لە جۆرەكان و ڕێگاكانی تێكۆشان دێتەدی و گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاراستەیە كار بۆ هێنانەدیی هاوپەیمانی گونجاوی هێز و لایەنی چەپ و دیموكراسخواز و مەدەنی لەبواری لیستی هەڵبژاردندا بكرێت. هەڵبەتە لەم بوارەشدا، كە بەپێی قانوونی هەڵبژاردن سەرجەم عێڕاق یەك بازنەی هەڵبژاردن نییە، كارابوونی ئەو جۆرە لیستە هاوپەیمانییەی لەئاستی عێڕاقدا نەهێشتووە، بەڵام نەبوونی هەماهەنگی و هاوپەیمانی لە چوراچێوەی یەك لیستدا، مانای نەبوونی هەلی كاری هاوبەشی جەماوەری و هەماهەنگی هەڵویستی چەپ و مەدەنی و دیموكراسخوازەكان نییە، بۆیە بوارەكانی تێكۆشانی هاوبەش لە پێناوی دیموكراسی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مەدەنیبوون و مۆدێرنەكردنی كۆمەڵگە هەردەم لە ئارادایە.