زۆرینەی ئەو کەسانەی بە خواست و ویستی خۆیان سەردانی پزیشکی دەرونی دەکەن مرۆڤی هەست ناسک و زیرەک و ڕۆشنبیر و مرۆڤدۆست و خەمخۆری دەوروبەریانن، سەردانکەر دەربارەی ئێستا و ئایندەی خۆی و خۆشەویستانی ترس و نیگەرانی و بیرکردنەوەی زۆری هەیە ، کێشەی هەیە لەگەڵ کەسانی زبر و بێشەرم و توندوتیژ و دەستوەشێن و دەسدرێژیکەر، زۆر جار نەخۆشە ڕاستەقینەکە کە دەبو ئەو بچێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی، کاتێک دڵسۆزانی پێی دەڵێن بچێت نەک هەر ناچێت بەڵکو گاڵتە و تیز و تەشەر دەکات ، یا جنێو دەدات بە کەسە دڵسۆزەکەی و بە پزیشکی دەرونی بە گشتی، ناچار ئەو دەروندروستەی ئەم بە ڕەفتارە ڕوخێنەر و ئازاردەرەکەی نەخۆشی خستوە بە داد و بێدادەوە دەچێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی.
هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت و هەر پلە و شوێنێکی هەبێ لە پەیژەی کۆمەڵایتی و دارایی و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی و حیزبایەتی و خێڵەکی وئاینی، بە کورتیەکەی هەر کەسێ شا بێ یا سەپان بێت ، با پێشتر هەرگیز کێشە و نەخۆشیی دەرونیی نەبوبێت ئەگەر ئەم ڕەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕانەی خوارەوەی هەبو کە بوبونە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورە و بەردەوام و چەندبارەبۆوە لە ناو خێزانەکەی خۆیدا و لە گەڵ دەوروبەرەکەیدا وەک دراوسێ و هاوڕێ و خزم و هاوپۆلی خوێندنگە و هاوئیشی لە شوێنکار، ئەوا دەبێت ئەو کەسە بە خۆشی و ئاشتی و نەرمونیانی ڕازیبکرێت لە گەڵ ، کەسێک کە خۆی هەڵیبژێرێت بچێت بۆ لای پزیشکێکی دەرونی، ڕەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕەکان ئەمانەن :
۱ . کەسەکە زۆر توڕە و توندوتیژ وهەڕەشەکەر و دەستوەشێن و خۆسەپێن و دیکتاتۆر و زاڵم بێت، بۆ نمونە ، بە نەڕەڕەنەڕ ترس و لەرز بخاتە ناو خێزانەوە، شمەکی ناوماڵ بشکێنێ، لە ژن و منداڵ بدات و دەست بۆ چەکی سارد (چەقۆ و..)و گەرم (دەمانچە و..) ببات، ژن و منداڵ دەربکاتە دەرەوە یا لە ماڵدا زیندانیان بکات.
۲. کەسەکە بێ هۆیەکی ڕون و کۆنکرێتی لە ماڵ نەچێتە دەرەوە و بە تەواوی گوێنەدات بە خۆراک و خواردنەوە و پاکوتەمیزیی ڕۆژانە و وێڵیان بکات و هیچ کارێکی بەرهەمهێنی دەستی یا بیروهۆشمەندی نەکات ، کەسەکە لەوانەیە زۆر خەمۆک و ڕەشبین بێت و بڕوابەخۆبونی نەمابێت یا بیری ناڕاست (وەهم) و هەستی شێواو (هەلوەسە) و ترسی زۆری لە دەوروبەر هەبێت کە شتێکی خراپی بەسەربێنن یا هەر بێ وزە و بێ حەز بێت وەک ئەوەی ئامێرێکی کارەبایی بێت کە کارەبای تیایە بەڵام بەشی ئیشکردن و کەوتنە گەڕ ناکات !
۳.کەسەکە ئالودەی مەیخۆری یا مادەی هۆشبەر بوە و لە ڕوی دەرونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کار و پیشە و باری داراییەوە زیانی قورسی بەرکەوتوە ودەسەڵاتی بەسەر خۆیدا نەماوە وازی لێبێنێ.
٤ . کەسەکە بیەوێت بمرێت یا خۆی بکوژێت، چۆن؟ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ، کارا و چالاکانە و ئامانجدارانە یا بە ڕەفتارێک کە بە ڕونی بۆنی بێزاری و ماندوێتی لە ژیانی لێبێت، بۆ نمونە بە ماتۆڕ و سەیارە لێخوڕینێکی شێتانە، باسی بێزاری لە ژیان و مردنی خۆی و خۆکوشتنی کردبێت یا هەوڵی خۆکوشتنی دابێت، لە کەسی پیر و زەلیلی ناوجێدا مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و دەرمان و چون بۆ لای دوکتۆر و باسکردنی دیدار لە گەڵ کەسانی ئازیزی مردوی پێش خۆی.
ئەگەر نەخۆشەکە بە هیج جۆرێ نەیوست دوکتۆر بێت بۆ ماڵەوە بۆ لای یا بیبەن بۆ لای دوکتۆری دەرونی یا هەر دوکتۆرێکی تر یا بۆ نەخۆشخانە ، وە مەترسیی دەسبەجێ وگەرم و ڕاستەوخۆ هەبو بۆ سەرژیانی خۆی و دەوروبەرەکەی یا بۆ سەر موڵک و ماڵەکەی ئەوا پێویستە دڵسۆزانی کەسەکە بچن بۆ بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی ماڵی نەخۆشەکەی لێیە و کێشەکە بخەنە ڕو ، پۆلیسیش ئاگاداری دادوەری بەرپرسیار دەکات و بە فرمانی ئەو کاری پێویست دەکرێت بۆ بردنی نەخۆشەکە بۆ لای لیژنەی پزیشکیی پسپۆڕ بۆ دەسنیشانکردنی نەخۆشیەکەی و چارەسەرکردنی.