خەڵکی هەرێم نەک لەژێر حکومەتێکدا بەڵکو لەژێر ئاسمان و تەمێکی ڕەشدادەژین – نەك تەنیا وەکو ئاماژەیەك بۆ ژینگەی ویڕان بەڵکو وەکو قۆرخکارییەکی خنکێنەری دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن حیزب و بنەماڵەی سیاسی کە هەرێمیان کردووە بە میراتی تایبەتی خۆیان.
تراژیدیا ئەوەیە کە ئەوان واتە دەسەڵاتداران باسی “کەرامەتی مرۆڤ” دەکەن! کە لە ژێر ئەم سیستەمە داخراوەدا کەرامەت بووەتە قوربانییەکی بەکۆمەڵ. کاتێک کەرامەت بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە تاکەکان زەوت دەکرێت نەک تەنها بەهۆی هەژاریەوە بەڵکو زیاتر بەوە زەوتکراوە کە “دەنگ هەڵبڕین” و “بینین” و “ڕاستی گووتنیان” لێ زەوت کراوە، ئەم زەوتکردنە بووە بە تراژیدیای ڕۆحی قووڵی گەلێك نەك تەنیا پێشێلکاریەك لە ئاستی تاکەکاندا.
حیزبەکانی دەسەڵات نزیکەی نیو سەدە دەبێت بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە پۆشاکی شەرعیەتێکی درۆینەو سەپێندراویان پۆشێوە ، ئەوان زۆر بە ئاسانی تۆمەتی “خیانەت” بە هەموو کەس دەبەخشنەوە، بەڵام ئەوان خۆیان ماستەرن لە گەورەترین خیانەت کە بریتیە لە خیانەت لە “گیانی خۆڕاگری” تاکی کورد، لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە تۆقاندنی سیستماتیک و پڕوپاگەندەی نزمی بەردەوام، زمانی ترسیان کردووە بە زمانی ڕێگەپێدراوی سیاسەت. ئەوانەی دەوێرن قسە بکەن، بە “بەکرێگیراوی بێگانە”، “دوژمنی ئاشتی”، “خائینی نیشتمان”ناوزەد دەکرێن، هەمووی لە کۆمەڵگایەکدا کە تەنانەت داوای ئاوی پاک لە هاوینی گەرمی ئەوێ، یان مووچەی مامۆستایەک دەتوانرێت وەکو موئامەرەی تێکدەر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت!
شاعیری فەلەستینی ” مەحمود دەروێش دەڵێت :-
(( دوای گەیشتن بە دوا سەنگەرەکان بەرەو کوێ بچین، دوای گەیشتن بە کۆتایی ئاسمان باڵندەکان بۆ کوێ بفڕن؟))
هاوڵاتیانی هەرێمیش ڕیك وەکو بارمتە گەیشتوونەتە هەمان دۆخی ئەو باڵندانە. ئاسمانیان لەلایەن سیستەمێکەوە مۆر کراوەو داگیرکراوە کە نەك هەر دەسەڵاتی سیاسی قۆرخ دەکات بەڵکو نۆرمەکانی کۆمەڵایەتیش دەشێوێنێت و “ناکۆك” بوون بە تاوان دەزانێت و ئەو ڕۆحە فیکری و بەرەنگاریە کە ڕۆژێک خەباتی کوردی پێناسە کردووە، ووردو خاشی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشیۆناڵ لە ساڵی 2023، ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ژێر هەراسانکردن و زیندانیکردن و بێدەنگکردن دان بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. ئازادی ڕۆژنامەگەری بووەتە یەکەم قوربانی پارانۆیای ئەم ڕژێمە و ووتن و دەستڕاگەیشتن بە “ڕاستی” بۆتە دەگمەنترین دەستکەوت لە ژێر سایەی ئەواندا.
بەڵام لەناو ئەم تاریکییەدا، وەکو گۆرانیەکەی جۆن لێنن کە دەڵێت ” ڕەنگە بڵێ ی خەیاڵان دەکەیت” هەندێ جار خێو یان دێوێکی خەوتووی کۆمەڵایەتی، هەندێ جار پەپولەیەكی چاو نەترس سیمبولێك چەشنی سەردەشت و مامۆستا جیهان و کاوە گەرمیانی سەرەتاتکێ دەکەن لە ئایندەمان – نائارامییەکمان پێ نیشان دەدەن کە ڕەتیدەکاتەوە بمرێت، هێشتا زۆر زووە بۆ مردنی کۆمەلگا!
کلیلی گۆڕانکاری هەرگیز لە دەرۆزەو سواڵکردن نییە بۆ چاکسازی لەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناشەرعی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بەڵکو لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسەتە وەک ئەرکێکی هاوبەشی گشتی. بەشداری سیاسی دەبێت بگەڕێتەوە دەستی خەڵك، نەك وەك چاکەیەك کە نوخبە پێی بەخشیوە، بەڵکو وەکو ماف.
گەنجان کە فەرامۆش کراون، بێکارن و “زۆربەیان نیمچە دڵنیان کە داهاتوویان لێ دزراوە” نابێت چیتر داوای شوێن بکەن لە پڕۆسەی دروست کردنی مێژوو ئەگەر بیانەوێ بەڕاستی کۆپیە ڕەسەنەکەی “کەرامەت” بگەڕێننەوە بۆ هەموومان، بەلكو دەبێت ئەو شوێنە داگیر بکەن، ئەبێ وەکو فلیمە ڕەش و سپیەکانی هۆلیۆد شۆفێری شەمەندەفەرەکە فڕێ دەنە خوارێ داگیری بکەن خۆیان شەمەندفەرەکە ببەنە شوینی مەبەست! نەك لە ڕێگەی توندوتیژیەکی بێ بەڵانسی ناوەخت کە هێشتا هێزی کۆمەڵایەتی بۆ کۆ نەکرابێتەوە، بەڵکوسەرەتا لە ڕێگەی جەختکردنەوەیەکی بەهێزی “هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی” نوێ.
پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا کە تا ئەمرۆش وەکو تەنها کات بەسەربردن سەیر دەکرێ، ئێستا توانای ئەوە هەیە بکرێتە سەکۆ بۆ”بەرەنگاری” و “ڕێکخستن” و “دووبارە پەروەردەکردنەوە”. ڕەنگە لە هەموو سەردەمێك زیاتر ئەوەی پێویستە مانیفێستێکی ڕزگاری ڕۆحی و سیاسییە – ڕێنێسانسێکی کولتووری کە لە شکستەکانی حزبەکانی دوێنێ ڕزگاری دەبێت و “جیابوونەوە” لە خەیاڵی گشتیدا دروست دەکات.
مێژوو ئەگەر بە پراکتیك مامەڵەی لە گەڵ بکەیت هیوامان بۆ دەڕەخسێنێت. ڕووخانی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا، شۆڕش لە چیکۆسلۆڤاکیای کۆن و لەدایکبوونەوەی دیموکراسی شیلی دوای جەلادێکی وەک پینۆشێ هەموویان مەیسەر بوون نەک لەبەر ئەوەی بارودۆخەکان پێگەیشتبوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی کۆمەڵگاکان چیتر ئامادە نەبوون وەکو “قوربانی” و بارمتەکراو بمێننەوە.
ئێستا هاوڵاتیانی هەرێم پیویستە بپرسن من دەتوانم لە لاپەڕەکانی ئەم جۆرە لە مێژوو چی بنووسم وچی تۆمار بکەم؟
لە ئەمرۆدا ڕەنگە داوا کردنی چالاکی زۆر ئاسانتر بێت ، لە داوای جوڵاندنی “خەیاڵی سیاسی”، چونکە دۆخەکە بە جۆرێکە کە پێویستی دروست کردنی “ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی” بیرتیژیەکی تازەکراوی دەوێت سەربکەوێت بەسەر ئامرازە ناسراو باوەکانی “سەرکوت” کردن، ڕێوڕەسمی نوێی فێربوونی بەکۆمەڵ واتا دووبارە گەڕاندنەوەی “کلتوری کۆمەڵایەتی سیاسەت کردن” چەشنی خەباتی نێوخۆی شارەکانی سلێمانی هەولێر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە هەشتاکاندا لە ئەمڕۆدا پێویستیە نەك بژاردە، کە سیاسەت نەك وەک کێبڕکێ بۆ دەسەڵات بەڵکو وەك کردەوەی پیرۆزی بنیاتنانەوەی مرۆڤ و “کەرامەت”، متمانە و شوناس و “مسۆگەرکردنی داهاتوو” پێناسە دەکرێتەوە.
خەباتی هاوڵاتیانی هەرێم خەباتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو چیرۆکی کۆن و نوێ ی مرۆڤە کە چۆن “کەرامەت” کاتێک دزرا، دەبێت وەربگیرێتەوە. لەم وەرگرتنەوەیەشدا نەک تەنها ڕزگاری سیاسی هەیە، بەڵکو لە “دایکبوونەوەی نوێ” هەیە، ڕەنگە بێ ئومێدەکان بڵێن ئەمە یۆتۆبیایە، بەڵێ بە شانازیەوە یۆتۆبیایە!
با یۆتۆبیاکە پێداگری لە سەردەمێکدا بکات کە شوێنێك بۆ “خێڵ” ی سیاسی نەهێڵێت، سەردەمێك کە گەنجان، خەونبینە سیاسیەکان کە پێیان وایە عەدالەتی کۆمەڵایەتی موممکینە بۆ هەرێم، مامۆستاکان چەشنی “نەجمەدین مەلا” و مامۆستا جیهان، شاعیرەکان چەشنی “قانیع” و شاعیری ئاوارەکان “بەکر عەلی” سەرکردایەتی بکەن. چونک تەنها ئەوان دەتوانن ئاسۆیەک دروست بکەن کە دواجار”باڵندە” بارمتە کراوەکان “هاوڵاتیانی هەرێم ” جارێکی تر لە پشتی “دوا ئاسمان” ی مەحمود دەروێش ئاسمانێکیتر ببینن!