7/4ی ئەمساڵ هەشت ساڵ بەسەر بەردەبارانکردنی دوعا تێدەپەڕێت، دوعا ئەو کچە 17 ساڵە ئێزیدیە بوو کە لە ناحیەی بەعشیقە بەتاوانی ئەوەی کە کوڕێکی موسوڵمانی خۆشویستبوو بەردەباران کرا و بووە قوربانی دەمارگیری دینی و ناموسپەرەستی. من پێموایە بەردەبارانکردنی دوعا ڕوداوێکی ئاسایی نەبوو، تەنانەت لەگەڵ هەمو وئەم کوشتنە ناموسیانەش کە لە 24 ساڵی ڕابردو لە کوردستان ڕویداوە جیاوازی هەبوو، شێوازی کوشتنی دوعا و بەردەبارانکردنی کچێک لە لایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە بە هاریکاری پۆلیس و قانون دیاردەیەکی نامۆ بوو لە کوردستان، هەربۆیە من پێموایە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەبێت ساڵانە ئەم ڕۆژە بکاتە ڕۆژێکی تایبەت و یادی بکاتەوە.
بەداخەوە ئێمە ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی بەردەبارانکردنی دوعا دەکەینەوە کە هاوڕێ و هاوساو کەسوکاری دوعا ڕوبەڕوی دڕندانەترین هێرش لە مێژوی نوێدا بونەتەوە بەدەستی هێزی ئینسانکوژو تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی داعەش. هەربۆیە من دەمەویت لە وتاری ئەمساڵمدا فۆکوس بخەمە سەر پیرۆزیەکان و هێڵی سور لە کۆمەڵگای ئێمە و مەسەلەی بونی داعەشیزم بەرامبەر بە ژنان لە ناخی مێژویەکی دوور و درێژتر.
لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەرژەوەندی دەسەڵات دەخوازێت عەقڵ بتۆرێت و قاڵبی دابو نەریت و چوارچێوە ئائینی و عەشیرەتی سەرجەم جومگەکانی ژیان کۆنترۆڵ و قوفڵ بکات، بە داتاشینی پیرۆزی و دروستکرن شەبەکەیەکی بەرین لە هێڵی سوور دەرفەتێک بۆ هیوایەت و ئارەزوو و تەعبیر لە عەقڵ نامێنێتەوە. ئەرکی تاک تەنها فێربوونی چوارچێوە و جێبەجێکردنە، بیرکردنەوە نەک هەر زەرووری نیە بەڵکوو بڤە و دەتوانێت سەرچاوەی کێشەبێت. هەر لە منداڵیەوە، عەقڵ وەک سەرچاوەی بییرکردنەوە و داهێنەری پرسیار دەچێتە قاسەی کلیل وونبووەوە و بە بێ بیرکردنەوە تاک ئیجبار دەکرێت بە ئاراستەیەکی دیاریکراو بۆ هەموو ژیانی. بێجگە لە سەپاندنی پیرۆزیە ئائینیەکە و وەک لەوحەیەکی درێژ بە پانتایی سەرتاپای ژیان لە حەڵاڵ و حەرام، زۆر جاریش کەسانیک دەکەنە سمبولی نەتەوە و وەک هێڵی سور فەرزی دەکەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ئەم میتۆدە بەئاشکرا حکومڕانی دەکات، تاک هیچ جێگاو ڕێگایەکی نیە و دەکرێت بە کائینێکی بێدەسەڵات و ئینسان وەک ئینسان پیرۆزی خۆۆی لەدەستدەدات، هەویەتی قەومی فیرقەی مەزهەبی جێگا بە هەویەتی ئینسانی لێژ دەکات و کۆمەڵگا توشی هەڵاواردن و چەنبەرەکایەتی دەکاتەوە، ئەم دیاریدەیە لەناو کۆمەڵ و ئاینە کۆنسەرڤاتیڤەکان زۆر زیاترە، ئیسانەکان وەکۆ ڕبۆت بە پڕۆگرامێکی دیاریکراو سیستماتیک دەکرێنەوە و جیل لە دووای جیل لەجیاتی ئینسانی کونچکاو و خاوەن پرسیار ڕۆبۆت بەرهەم دێتەوە، کارەسات ئەوەیە بە پێچەوانەی دونیای ڕۆبۆتەوە ئەو پڕۆگرامە دەرفەتی پێشکەوتن ئۆبدەیتی لێداخراوە و هیچ ڕەنگێکی تر ناخوێنێتەوە بێجگە لە ڕەنگەکەی خۆی. دوعا قوربانی دەستی دەمارگیراوێکی ناموسپەرەست نەبوو کە لە لوتکەی یاغی بوون بڕیارێکی عەجولانەی دابێت. دۆعا بە بڕیارێکی بەکۆمەڵ لە پێش چاو و بە هاریکاری پۆلیس و یاسا بلٶکباران دەکرێت تەنها لەبەر ئەوەی هێڵی سووری بەزاندبوو.
ئەمساڵ لە نزیکبونەوەی ساڵیادی دوعادا لە ئەفغانستان هەمان وینەی دوعامان بینی ئەمجارەیان بەرامبەر کچێک بەناوی فەرخوندە! بەهەمان شێوە بە هاوکاری مزگەوت، پۆلیس وە پاسەوانی هێڵە سورەکان وەحشیانە بەردەبارانکرا و ئاگر لە جەستەی بەردرا بە تۆمەتی ئەوەی کە پەری قورئانی سوتاندوە. جا ئەگەر سەیرکەین دوعاو فەرخوندە بونە قوربانی موقەدەسات و پیرۆزی ئاینی و خێڵەکی، دوعا لەبەر ئەوەی کە کچێک بوو کە بە خواستی و بە ئارەزووی خۆی هاوژینی خۆی هەڵبژارد ویستی لە دەرەوەی هێڵی چەپ وڕاستی ئاین کوڕێکی خۆشبوێت، ئەو کوڕە سەر بە ئاینەکەی خۆی نەبوو بۆیە بووە قوربانی کەلتوری ناموسپەرستی، دیارە ناموسپەرستیش یەکێکە لەم پیرۆزیانەی کە دەستی پێوەگیراوە. وە فەرخوندە بووە قوربانی پیرۆزیەکی تر کە ناوی ئاینە و سیستماتیک بەسەر ئینسان سەپێندراوە. لە هەردو حالەتەکەدا پیرۆزی و بەهای ئینسان لەبیردەکرێت و بە وەحشیانەترین شێوە بەردەبارانیان دەکەن.
ئەوەی لەم دوو وێنەیە دەبیندرێت ڕۆڵی پۆلیس و دامو دەزگای ڕەسمیەکانی دەسەڵاتە، هەردو قوربانیەکە لەلایەن پۆلیس و دامودەزگای ڕەسمی تەسلیمی دەستی فتوادەرەکان دەکرێن و بە ئیحساساتی کوێری کۆنەپەرستانە دەکوژرێن. ئەم وێنانە ئەمەمان پێدەڵێن کە پەروەردەی سیستەم و دەسەڵاتی زاڵ لەم وڵاتانە بەتایبەتی کارمەندەکانیان و ئەوانەی کە گوایە دەبێ بەرگری لە خەڵک و گیان و سەلامەتیان بکەن، لەسەر بنەمای پیرۆزبون و گەورەیی ئینسان پەروەردە نەکراون بەڵکو بەرئەساسی هەمان ئەم چوارچێوەو پیرۆزیانە پەروەردە کراون، ئەمەش خۆی لەخۆیدا کارەساتە.
ئەگەر داعش وەکو سمبول بۆ توند و تیژی و ناڕەوایی و چەوساندنەوە بکەینە پێوەر، ئەوە داعشی دژە ژن مێژویەکی دوور و درێژتری هەیە و دەیانساڵە لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا تاوان دەخوڵقێنێت. ئەگەر داعش مەترسی بێت بۆ سەر ئازادیە کۆمەڵایەتی و تاکە کەسیەکان، ئەوە هێڵی سوری چەپو ڕاستی مەزهەبی و دابو نەریت دەیان ساڵە ژیانی ژنانی کردوەتە دۆزەخ. سەرجەم ئەو جەریمانەی داعش کە کۆمەڵگای جیهانی سەرسام کردووە، دەیان ساڵە ژنانی کۆمەڵگای ئێمە چەشتویانە بە بێ ئەوەی کۆمەڵگا تەکانێک بدات لە خۆی، هەزاران ژن لە ژێر پەردەی ناموسپەرەستی خڵتان خوێن کراون، سوتێنراون، ناچار بە خۆکوژی کراون، لە لایەن کەسوکارەوە فرۆشراون، وەکو عیبرەت لوت و گوێکراون، ئیهانە کراون و ڕوبەڕوی دەستدرێژی و تەحەڕوش بونەتەوە.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە ئەوەیە کە بزوتنەوەیەک سەری هەڵداوە بۆ تێهەڵدان و بەزاندنی هێڵە سوورەکان.
لەوانەیە ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە مێژو بدەینەوە دەبینین کە چەندین ژن بە شێوەی لەمە وەحشیانەتر بەردەبارانکرابن و کوژرابن، بە بێ ئەوەی ناڕەزایەتی لێکەوتبێتەوە و باس کرابن و بە ئاسانی بەسەر چوبن. بەڵام ئێستا بەتایبەتی ئەوەی لەم ساڵدا دەبینین بە هۆی دەرکەوتنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و لایەنگری لە مافەکانی ژنان، دۆخەکە گۆڕاوە و تاوان دژی ژنان بەئاسانی تێناپەڕێت، هەر ئەوکاتە کوشتنی دوعا هەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام هەرای فەرخوندە زۆر گەورەتر بوو، بینیمان ژنانی یەکسانیخوازی ئەم وڵاتە خۆیان لە حەرەکەتێکی بێوێنەدا تابوتی فەرخوندەیان بەرزکردەوەو سەربەرزانە بەخاکیان سپارد، ناڕەزایەتیەکان گەیشتنە ئاستێک بۆ یەکەمجار لە مێژوی نوسراودا ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان لە کابوڵ هاتنە سەر شەقامەکان و بەردەمی ئەم مزگەوتەیان گرت کە مەلاکەی فتوای فەرخوندەی دەرکردبوو، وێڕای ئیدانەکردن داوای دادپەروەریان بۆ فەرخوندە دەکرد. ئەم حەرەکەتانە زۆر جێگای دڵخۆشی و ئومێدە، دیارە هەموو ئەمانە بەدوای هاتنە مەیدان و وەستانەوەی ژنانی کۆبانێ دێت بەرامبەر هێزی کۆنەپەرستی داعەش، ئەوان شۆڕشێکیان بەرپاکرد کە ئاستی تەوەقوع و ئیعتماد بە نەفسی هەموو ژنان و ئازادیخوازانیان بەرزکردەوە، چیتر ژنان ئەوە قبوڵ ناکەن کە تائێستا بەسەریان سەپێندراوەو پییان وتراوە.
بەرزو بەڕێزبێت یادی دوعاو هەموو قوربانیانی دەستی کۆنەپەرستی و پیرۆزیەکان.