یازدەی یازدە؛ دەنگێک بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێگای داهاتوو
یازدەی یازدەی ٢٠٢٥ بە ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری کرا. ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆ بوونەوەی ڕۆژی چوارشەمە بڕیاریدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەارن لە وادەی خۆیدا بکرێت. هاوپەیمانیەتی چوارچێوەی ئیدارەی دە و لە کە پێکهێنەری کابینەی ئێستای سوودانین لە کۆ بوونەوەی شەوی پێنج شەممە بڕیاری دا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان بەڕێوە بچێت.
چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران
یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە (٢٦) ماددە پێکهاتووە و لە ژمارە (٤٧١٨) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە. ئەگەر لە ناوەڕۆکی یاساکە ورد ببینەوە چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەم خولە بەم شێوەی خوارەوەیە:
١-هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.
٢-ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک بە پێی لیستی هاوپێچی یاساکە دیاریکراون.
٣-کار بەسیتەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت دەنگی حیزبەکان و کاندیدانی تاک بۆ کورسی یەکەم بە جیا دابەشی (١.٧) دوای ئەوە دەنگی حیزبەکان بۆ کورسییەکانی تر دابەشی ژمارە تاکەکان دەکرێت تا هەموو کورسییەکان تەواو دەبن.
٤-پێویستە دەنگدەر بە ناچاری دەنگ بدات بە لیستەی حیزبەکان بەڵام بۆ دەنگدان بە کاندیدی لیستە دڵخوازەکەی ئازادە.
٥-بەپێی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو کورسی حیزبەکان دیاری دە کرێن، واتە هەنگاوی یەکەم بەرکەوتووی حیزبەکان لە ژمارەی کورسییەکانی دیار دە کرێن.
٦-لیستی کاندیدانی حیزبەکان بەپێی ژمارەی دەنگەکانیان ڕێک دەخرێتەوە، ئەو کاندیدانەی لە ڕیز بەندی پێشەوەن کورسییە براوەکانی لیستەکە پر دەکەنەوە، واتە شێوازی لیستی نیمچە کراوە پەیڕەو دەکرێت.
٧-هەروەها تەمەنی کاندیدان بۆ ئەم خولە نابێت لە (٣٠)ساڵ کەمتر بێت و مەرجە خاوەنی بڕوانامەی بکالۆریۆس بێت بۆ کۆتاکانیش لە ئامادەیی کەمتر نەبێت.
٨-بۆ ئەم هەڵبژاردنە تۆماری بایۆمەتری و کارتی نیشتمانی بەکار دەهێنرێن.
٩-بۆ هەژمار کردن و جیاکردنەوە دەنگەکان پەیڕەی شێوازی ئەژمار کردن وجیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەکرێت.
١٠-ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بە ٣٢٩ ئەندام دیار کردووە.
١١-هەر حیزبێک بۆی هەییە بە قەد ژمارەی کورسەکانی هەر بازنەیەک کاندید دا بنێت.
١٢-کۆمسیۆن دەست کراوەییە لە دەرکردنی پەیڕەو ڕیککاری دروست بۆ جێبەجێکردنی یاسای هەڵبژاردن، بەپست بەستن بە یاسای هەڵبژاردن.
١٣-لەپرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، مافی هاوڵاتیان دەستە بەر کراوە، کۆمسیۆن بەلینی داوە کە تۆماری بایۆمەتری بۆ ناسینەوە دەنگدەران بەکار بێنێت بە وەرگرتن پەنجە مۆر و وێنەی گلێنەی چاو.
بەرەنجام: ناکۆکی نێوان حیزبەکانی پێکهاتەی شیعە ڕێگر بوون لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران. لەم خولەش کار بە ماددەی (٤٩) دەستوور ناکرێت و ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران وەک خۆیان دە مێ نەوە، دوای ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەوە سەرپێچێەکی زەقی دەستوورە.
لە هەمان کاتدا بە پشت بەستن بەو بنەمایانە و گەڕانەوە بۆ بڕگەی یەکەمی ماددەی (٢٥) لە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی یاساکەدا کە لە (٢٦) ماددە پێکهاتووە لە کۆی (٢٥) ماددە باس لە هەموارکردن و لادان و هەڵوەشاندنەوە دەکات بەبێ ئەوەی بڵێت لە کام یاسا ئەو گۆران کاریانە بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا چەند ماددەیەک زیاد کراوە بەبێ ئەوەی بڵێت دەبن بە ماددەی چەند و بۆ کام یاسا، ئەنجوومەنی نوێنەران دوور لە ڕەچاوکردنی شێوازی بابەتیانە دوو یاسای جیاوازی بە یەک یاسا هەموار کردنەوە، ئەمەش پێشینەیەکی سەیر و نەگونجاوە.
خاڵێکی زۆر سەرنج ڕاکێش حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بێ دەنگیان هەڵبژاردوە لەسەر پرسی یاسای هەڵبژاردن، بەڵام لەکاتی دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لێدوان و کاردانەوەی توندیان هەییە!!
لە کۆتایی دا پەیاممان بۆ حیزبە کوردستانییەکان؛ تکاییە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن. تکایە لێکەوتەکانی پەرش وبڵاوی و فرە لیستی کاریگەری نەرێنیان دەبێت لەسەر کورسی وپێگەی کورد. لەبەر ڕۆشنایی پەیرەو کردنی سیستەمی نوێنەراتی ڕێژەیی و شێوازی سانتلیگۆی هەموار کراو، کە بۆ کۆرسی یەکەم دەنگی هەر حیزبێک دابەشی (١.٧) دەکرێت، بۆ خۆ لادان لەو کاریگەریانە باشترین بژاردە پێکهێنانی یەک لیستییە بۆ ناوچەکانی سنووری ماددەی (١٤٠) دەستوور
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ٣٢٩ کورسییە، بەم شێوەی خوارەوە:
یەکەم: ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک بەپێی ماددەی (٩) بڕگەی (ا)ی یاساکە بەم شێوەی خوارەوەییە:
خشتەی ژمارە (١) ـ ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران
ژمارە پارێزگا ژمارەی کورسییەکان کورسیی کۆتاى ژن
١ بەغدا ٦٩ ١٧
٢ نینەوا ٣١ ٨
٣ بەسرە ٢٥ ٦
٤ زیقار ١٩ ٥
٥ بابل ١٧ ٤
٦ سلێمانی ١٨ ٥
٧ ئەنبار ١٥ ٤
٨ هەولێر ١٥ ٤
٩ دیالە ١٤ ٤
١٠ کەرکوک ١٢ ٣
١١ سەلاحەدین ١٢ ٣
١٢ نەجەف ١٢ ٣
١٣ واست ١١ ٣
١٤ دیوانیە ١١ ٣
١٥ میسان ١٠ ٣
١٦ دهۆک ١١ ٣
١٧ کەربەلا ١١ ٣
١٨ موسەنا ٧ ٢
کۆی گشتی ٣٢٠ ٨٣
دووەم: ژمارەی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان (٩) کورسی بەم شێوەی خوارەوە: پێکهاتەی مەسیحی کورسی (بەغدا، کەرکووک، نەینەوا، دهۆک، هەولێر)
پێکهاتەی سا ئی بە یەک کورسی لە پارێزگای بەغدا، پێکهاتەی کوردی شەبەک یەک کورسی لە نەینەوا، پێکهاتەی کوردی ئێزدی یەک کورسی لە نەینەوا، کوردی فەیلی یەک کورسی لە واست .
نووسەر و یاسایی /سلێمان مستەفا حەسەن