🔹 وەزارەتی دادی عێراق لە (9 ی ئازاری 2025) ڕایگەیاند، ژمارەی بەندکراوان دەگاتە (67 هەزار) کەس، کە بەسەر (30 بەندیخانە) لە سەرتاسەری وڵاتدا دابەشکراون، لەنێویاندا (هەزار و 600) زیندانی بیانی و (85) منداڵ لەگەڵ دایکیان لەناو ئەو زیندانانەدا دەژین.
🔹 قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و (300%)ی توانای لەخۆگرتن، ئەو زیندانانەی کە بۆ جێکردنەوەی نزیکەی (25 هەزار) زیندانی داڕێژراون لە زیاتر لە (65 هەزار) زیندانییان تێدایە.
🔹 عێراق لە ئاستی جیهانیدا لە ڕووی ڕێژەی زیندانەکانییەوە بە بەراورد بە چڕی دانیشتوانەکەی پلەیەکی نزمە، لە ڕیزبەندی (81)ی وڵاتدا لە کۆی (164) وڵات.
🔹 لێکۆڵینەوەیەک دەستدرێژی سێکسی ترسناک لەناو زیندانەکاندا ئاشکرا دەکات، لەوانە بازرگانی سێکسی لەنێو زیندانییەکان بە تێوەگلانی بەرپرسان و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانیانی نەوجەوان بە ئاگاداری بەڕێوەبەرانی زیندانەکان.
🔹 زیاتر لە 1000 منداڵ لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە بەڵگە کردووە.
🔹 80%ی زیندانەکان جێگەی نوستن و جلوبەرگی پیسکراو بۆ زیندانییە نوێیەکان بەکاردەهێننەوە.
🔹 100%ی زیندانەکانی ژنان پزیشکی ئافرەتانیان نییە، سەرەڕای بوونی زیندانی دووگیان.
🔹 زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان وێرانن و شیاوی نیشتەجێبوونی مرۆڤ نین.
سەرەتا
زیندانەکانی عێراق لە دامەزراوەی چاکسازییەوە گۆڕاون بۆ سەرچاوەی نیگەرانی مافەکانی مرۆڤ، تادێت پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوان خراپتردەبێت. لە ساڵی 2003 وە عێراق گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو هاوشان بەوەش کێشەی قووڵ لە سیستەمی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە و دادگاییکردندا سەریهەڵداوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هەزاران زیندانی و بارودۆخی گرتن و دەستبەسەرکردن و بەندکردنیان هەبووە.
ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان ناتەبایی و ناڕوونی لە ژمارەی زیندانییەکان و کەسانی بێسەروشوێنکراوی زۆرەملێ ئاشکرا دەکەن، ئەمەش بووە بەهۆی نەبونی بەڵگەو زانیاری ورد و سەختی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە فەرمییە شەفافەکان. سەرەڕای هەستیاری ئەم بابەتە، بەڵام هێشتا دەوڵەت ئەم پرسەی پشتگوێخستووە، ئەمەش زیاتر ڕێگەی خۆشکردووە بە مامەڵەی نادادپەروەرانە لەگەڵ زیندانەکان.
لێداوانی مافەناسان، پزیشکی دادی و دادوەران، لەگەڵ وتەی ژمارەیەک قوربانی، پشتڕاستی دەکەنەوە کە کارە مەترسیدارەکان لە پشت دیواری زیندانەکانەوە ڕوودەدەن، لەوانە ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ و زەوتکردن بۆ دەرهێنانی زانیاری دانپێدانانی زۆرەملێ. ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جددی و ڕێوشوێنی توند هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە.
یەکەم؛ ژمارەی زیندانیان
لە بارەی ژمارەی زیندانیان لە عێراقدا بە نادڵنیایی هەیە و ئاماری ناکۆک بەردەستن، کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەردەچن. وەزارەتی دادی عێراق لە (9 ی ئازاری 2025) ڕایگەیاند، ژمارەی بەندکراوان دەگاتە (67 هەزار) کەس، کە بەسەر (30 بەندیخانە) لە سەرتاسەری وڵاتدا دابەشکراون، لەنێویاندا (هەزار و 600) زیندانی بیانی و (85) منداڵ لەگەڵ دایکیان لەناو ئەو زیندانانەدا دەژین.
هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق مەزەندە دەکات تا ساڵی (2021) (73 هەزار و 715) زیندانی هەبووە.
ئەم نایەکسانییە دەرخەری سەختی دەستکەوتنی ئاماری ورد و نوێ، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و تایبەتەوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەمە جگە لە پرسی زیندانە نهێنییەکان و ئەوانەی بەبێ فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری دەستگیرکراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و لیژنەکانی پەرلەمانیش جەخت لەسەر ئەو ئاڵنگارییە بەرچاوانە دەکەنەوە، کە ڕووبەڕووی پرۆسەی دەستنیشانکردن و بەڵگەنامەکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی دەستگیرکراوان لە عێراقدایە.
ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەختی گەیشتن بە هەموو دەستبەسەرکردنەکان و نەبوونی شەفافیەت لە ئاشکراکردنی شوێنی زۆرێک لە دەستبەسەرکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەلومەرجێکی ناڕوون یان بە تۆمەتی ناڕوون دەستگیرکراون. ئەم ناڕوونییە زیاتر نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخ و مافەکانی ئەم دەستگیرکراوانە ئاڵۆزتر دەکات.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، خالد شاوانی، وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند، قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و گەیشتووەتە (300%)ی توانای لەخۆگرتن.
وەزیری داد ئەوەشی وتووە ئەو زیندانانەی کە بۆ جێکردنەوەی نزیکەی (25 هەزار) زیندانی داڕێژراون لە ڕاستیدا زیاتر لە (65 هەزار) زیندانییان تێدایە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم قەرەباڵغییە گەورەیە ڕێگری لە هەوڵەکانی وەزارەت دەکات بۆ جێبەجێکردنی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ زیندانییەکان، لەوانەش چاودێری تەندروستی، شوێنی گونجاو، و پرۆسەکانی شیاندن و چاکسازی.
ئەم لێدوانەی باڵاترین دەسەڵاتی پەیوەندیدا لە بەڕێوەبردنی زیندانەکان لە وڵاتدا نیشاندەرێکی مەترسیدارە، کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییەکان و ئەگەری خراپتربوونی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ گەورەتر دەکات. قەرەباڵغییەکی زۆر فشار لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان زیاد دەکات و ژینگەیەکی ناتەندروست و نامرۆڤانە دروست دەکات، ئەمەش دەتوانێت هاندەری پێشێلکاری زیاتر بێت و چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی پاسەوان و کارمەندان و دڵنیابوون لە سەلامەتی و مافی زیندانییەکان قورستر بکات.
عێراق لە ئاستی جیهانیدا لە ڕووی ڕێژەی زیندانەکانییەوە بە بەراورد بە چڕی دانیشتوانەکەی پلەیەکی نزمە، لە ڕیزبەندی (81)ی وڵاتدا لە کۆی (164) وڵات لە ڕاپۆرتێکدا کە لە سەرەتای ساڵی (2024) بڵاوکرایەوە، لەو کاتەدا ڕێژەی زیندانیان نزیکەی (126) زیندانی بووە لە هەر (100 هەزار) کەس. بەڵام لەڕووی کۆی ژمارەی زیندانییەکانەوە، عێراق پلەی بەرزی بەدەستهێناوە و لە ساڵی (2021) دا لە پلەی (27)ی جیهانیدا بووە.
دووەم زیندانەکان وەک سوتەمەنی گرژیی تائیفی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ
جگە لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردن و قەرەباڵغی، زیندانەکانی عێراق لە کاتە جیاوازەکاندا بوونەتە ژینگەیەک کە سووتەمەنی گرژییە تائیفیەکان دەدەن و شایەتحاڵی پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤن، ئەمەش پێویستی بە شیکارییەکی قووڵتر دەکات بۆ ئەم دیاردانە و کاریگەرییەکانیان.
1. دەستگیرکردنی هەڕەمەکی دەمارگیریانە بە پاڵنەرەکەی تائیفەگەری؛
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیندانەکانی عێراق شاهیدی دەستگیرکردنی بەرفراوان بوون و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەزاران کەسیان کردە ئامانج. ئەمەش لەگەڵ پشتبەستنێکی بەرفراوان بە زانیاریدەرەکان بووە، کە بابەتێک بوو لە سەردەمی حکومەتەکەی نوری مالیکیدا مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی وتەی دەستبەسەرکراوان و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ئەم سیستەمە بووەتە هۆی بێسەروشوێنکردنی سەدان هاوڵاتی بەبێ بەڵگەی تاوانکاری ڕوون، لەئەنجامی ئیدانەکردنی بەدخوازانە لەسەر بنەمای پاڵنەری تائیفی یان کەسی. دواتر ژمارەیەک زانیاریدەر بە تۆمەتی پەیوەست بە پێدانی زانیاری چەواشەکارانە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کران.
سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە ئیستغلالکردنی سیستەمی دادوەری بۆ مەبەستی نایاسایی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هەندێک دەستگیرکردن گومانیان لەسەر پاڵنەرە تائیفییەکانیان دروستکردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەندێک لایەن پشتیان بە هەواڵدەری نهێنی یان زانیاری پشتڕاستنەکراوەوە بەستووە.
لێکچوونی ناوەکان لەگەڵ نەبوونی میکانیزمی وردی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە، بووەتە هۆی دەستبەسەرکردنی زۆرێک لە کەسانی بێتاوان بۆ چەند مانگێک بەبێ تۆمەتی ڕوون، ئەمەش قەیرانی یاسایی زیاتر ئاڵۆزتر کردووە.
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئەم پێشێلکاریانەیان گرێداوە بەو شتەی کە بە “ئەجێندای تائیفی و سیاسی” وەسفی دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستگیرکردنە ئارەزوومەندانەییەکان، کە لە ژێر پەردەی دژە تیرۆر ئەنجامدراون، بەشدارییان کردووە لە زیادبوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکاریی دیمۆگرافییان لە ژمارەیەک ناوچەی عێراقدا هێناوەتە ئاراوە.
2. پشتگوێخستنی تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و پشت بەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ؛
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وەک ئەوانەی هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەیان پێکردووە، پشتگوێخستنی ڕوونی تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانیان نیشانداوە، هەروەها پشتبەستن بە دانپێدانانی بێ پشتیوانی تەنانەت دوای پشکنینە پزیشکییەکان کەیسەکانی ئەشکەنجەدانیان سەلماندووە.
3. بەردەوامی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و سەرهەڵدانی زیندانە نهێنییەکان؛
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و زیندانە نهێنییەکان تا ئێستاش پرسێکی پڕ لە ئازارە. لە ساڵی 2024ەوە بە هێزەوە لە نێوان گروپ و کوتلە چەکدارەکاندا سەریان هەڵداوەتەوە، کە پاڵنەری تائیفی و تۆڵەسەندنەوە بووە، وەک ئەوەی لە ناوچەکانی وەک سەقڵاوییە و ڕەزازەدا ڕوویدا.
خەمڵاندن و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بێسەروشوێن بوون و بە زۆرەملێ لە زیندانە نهێنییەکان ڕاگیراون کە لەلایەن ئەو کوتلانە و تەنانەت لەلایەن لیواکانی سوپا و پۆلیسەوە بەڕێوەدەبرێن، بە هۆکاری تائیفی و بێزارکردن.
4. ژینگەی زیندانی تائیفی و پێشێلکارییە ترسناکەکان؛
ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە کولتورێکی تائیفیی بەربڵاو لە ناو زیندانەکاندا دەکەن، کە دەیان هەزار کەس تووشی سووکایەتی و هەڵاواردنی تائیفی دەبن. هەروەها لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی 2021دا دەستدرێژی سێکسی ترسناک لەناو زیندانەکاندا ئاشکرا دەکات، لەوانە بازرگانی سێکسی لەنێو زیندانییەکان بە تێوەگلانی بەرپرسان و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانیانی نەوجەوان بە ئاگاداری بەڕێوەبەرانی زیندانەکان.
5. ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تیرۆر و هاوشێوەیی ناوەکان دەستبەسەرکراون:
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار منداڵیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە بەڵگە کردووە.
هەروەها خەمڵاندنەکان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی گومانلێکراوەکانی داعش دەکەن، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی دەستگیرکردنی ڕەشبگری و هەڕەمەکی دروست دەکات.
6. هەڵاواردنی تائیفی لە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتیدا؛
هەرچەندە یاسای لێبوردنی گشتی بە ئامانجی دابینکردنی دادپەروەری بۆ کەسانی بێتاوان لە زیندان و ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵگا دەرچووە، بەڵام ڕاپۆرت و سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بە هەڵاواردنی تائیفی دەکەن لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیدا.
هەندێک جار زیندانیانی سەر بە مەزهەبێکی دیاریکراو خێراتر و بە ئاسانی ئازاد دەکران لە چاو زیندانییەکانی مەزهەبەکانی تر کە هەمان تۆمەت یان بارودۆخی هاوشێوەیان هەبوو.
دواکەوتن و ئاڵۆزی ڕێکارەکان ڕەنگە بە تایبەتی کاتێک کەیسەکانی زیندانیانی سەر بەو مەزهەبانە لەبەرچاو دەگیرێن کە بە “تۆمەتبار” دادەنرێت یان بە شێوەیەکی کۆنەپەرستانە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە لە گوتاری سیاسی و میدیایی باودا. ئەم هەڵاواردنە پرەنسیپی دادپەروەری و یەکسانی لەبەردەم یاسادا تێکدەدات و هەستی نادادپەروەری و پەراوێزخستن لە نێوان هەندێک گروپدا زیاد دەکات، گرژی تائیفی قووڵتر دەکاتەوە نەک چارەسەرکردنی.
سێیەم؛ پێشێلکردنی مافی زیندانیان لە زیندانەکانی عێراق:
ڕاپرسییەکی مەیدانی کە لە کۆتایی ساڵی 2024 لەلایەن “تۆڕی دادپەروەری زیندانیانی عێراقەوە” ئەنجامدرا، کە 32 شوێنی زیندانەکانی لە سەرانسەری پارێزگا جیاوازەکان گرتەوە، ئاڵنگارییە جددییەکانی بەردەم سیستەمی زیندانەکان ئاشکرا کرد، لەوانە پێکهاتەی بیناکان، سروشتی پەیوەندیی کارگێڕی، قەرەباڵغی و ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی و تەندروستی لەناو زیندانەکاندا.
یاساکانی عێراق و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک مافی سەرەتایی بۆ زیندانیان لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا زامن دەکەن، لەوانە مافی نیشتەجێبوونی گونجاو، چاودێری تەندروستی و پاراستن لە مامەڵەی خراپ.
بەڵام ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ و وتەی زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان ئاماژەن بۆ پێشێلکردنی بەربڵاوی ئەو مافانە لەناو زیندانەکانی عێراقدا. ئەم بڕگانەی خوارەوە باس لە دیارترینی ئەم پێشێلکاریانە دەکەن:
1. ژێرخانی وێران و نەگونجاوی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ
لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لە کۆتایی ساڵی 2024دا 32 شوێنی زیندانەکانی عێراقی گرتەوە دەرکەوت کە زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان لە دۆخێکی خراپتردان، بەم شێوەیە پۆلێنکراون:
– زۆر باشە: 15.06%
– باشە: 28%
– قبوڵکراوە یان کۆن: 56%
ئەم ئەنجامانە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی پێشوودا یەکدەگرێتەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە کە 83%ی زیندانەکان بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناشایستەن، بەو پێیەی بەدەست:
خراپی هەواگۆڕکێ و قەرەباڵغی، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان و پێست.
50%ی زیندانەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوونی نائارامدان.
33% دەستشۆرەکان لەڕووی تەندروستییەوە شیاوی بەکارهێنان نین، 60% سابوون و پاککەرەوەی سەرەتایییان تێدا نییە.
نەبوونی تەواوەتی (100%) لە ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە.
80%ی زیندانەکان جێگەی نوستن و جلوبەرگی پیسکراو بۆ زیندانییە نوێیەکان بەکاردەهێننەوە، ئەمەش بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
2. ناتەواوی خۆراک و گەندەڵی دارایی
سەرەڕای بودجەی تا 8 دۆلار بۆ هەر زیندانییەک بۆ دابینکردنی سێ ژەم لە ڕۆژێکدا، بەڵام زیندانەکانی عێراق ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە لەوانە:
77%ی زیندانەکان هۆڵی نانخواردنی تایبەتیان نییە، ئەمەش زیندانییەکان ناچار دەکەن لە شوێنی نووستنیاندا نان بخۆن.
تەنها 53%ی زیندانەکان دوکانیان تێدایە کە پێداویستی دەفرۆشن، بەڵام بە دوو نرخ (2-3 هێندەی نرخی بازاڕ)، وە زۆرجار کاڵاکان بەسەر دەچوون.
خراپی کوالێتی ژەمەکان سەرەڕای بودجەی تەرخانکراو، ئاماژەیە بۆ گەندەڵی دارایی و خراپ بەڕێوەبردن.
3. قەیرانی تەندروستی و کەمی خزمەتگوزاری پزیشکی
زیندانەکانی عێراق بەدەست کەمیی چاودێری تەندروستییەوە دەناڵێنن و ئەمانەی خوارەوە تۆمارکراون:
73%ی بنکە تەندروستییەکان پزیشکی پسپۆڕیان نییە.
93% زیندانەکان بەدەست کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنن.
100% زیندانەکانی ژنان پزیشکی ئافرەتانیان نییە، سەرەڕای بوونی زیندانی دووگیان.
70%ی زیندانەکان چاودێری تەندروستی پێویست بۆ ئەو منداڵانەی کە یاوەری دایکیانن دابین ناکەن.
کێشە تەندروستییەکان بریتین لە:
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان (وەک سیل و هەوکردنی جگەر) بەهۆی قەرەباڵغی و خراپی پاکوخاوێنی.
ڕێژەی بەرزی تێکچوونی دەروونی و خۆکوشتن.
دەرمانی سەرەکی (وەک دەرمانی ئازارشکێن) لە ناو زیندانەکاندا بە دوو هێندە نرخ دەفرۆشرێن.
4. قەرەباڵغی و فرەیی دەزگا سەرپەرشتەکان؛
90%ی زیندانەکان بە شێوەیەکی زۆر قەرەباڵغن و هەندێکیان بە توانای 300% کاردەکەن.
فرەیی دەزگاکانی چاودێری دەبێتە هۆی نایەکسانی لە خزمەتگوزارییەکان:
وەزارەتی داد: 16 شوێن.
وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان: 13 شوێن.
وەزارەتی کار (هەرێمی کوردستان): 3 شوێن.
بوونی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن، کە سەر بە دەزگاو دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەن، وەک وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی هەواڵگری و هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەبێتە هۆی ناتەبایی لە یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی بەڕێوەبردنی مافی سزادراوان و دەستبەسەرکراوان، نایەکسانی و نادڵنیایی لە دەستەبەرکردنی مافەکان.
5. گەندەڵی و سەرپێچی لە ناو زیندانەکاندا؛
بڵاوبوونەوەی بەرتیل و بێزارکردن لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
فرۆشتنی مۆبایل و پێداویستی ڕۆژانە بە نرخێکی زۆر.
تۆمارە دزەپێکراوەکان دەیسەلمێنن کە بەرپرسان بەرتیلیان وەرگرتووە لە بەرامبەر سووککردنی بارودۆخی هەندێک لە زیندانییەکان.
ئەنجامی ڕاپرسییەک لەسەر بارودۆخی زیندانەکانی عێراق دەرکەوتووە، زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان وێرانن و شیاوی نیشتەجێبوونی مرۆڤ نین، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانی خۆراک و تەندروستی خراپتر دەبێت کە لە ئەنجامی بەربڵاوی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن دروست دەبێت.
توێژینەوەکە تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە قەرەباڵغییەکی زۆر لە زیندانەکاندا ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و توندوتیژی لەنێو زیندانییەکاندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چاودێرییەکی کاریگەر و فرەیی دەزگا سەرپەرشتیارەکان، دەبێتە هۆی توندبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
ئەم ئەنجامانەی ئەو ڕاپرسییەی لە بارەی دۆخی زیندانەکانی عێراقەوە دەریدەخەن، جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ دەستپێکردنی چاکسازیی هەمەلایەنە و بەپەلە، لەوانە: نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و خۆراک، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی، و یەکخستنی چاودێری لەژێر یەک دەزگای فەرمیدا بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافی زیندانییەکان و باشترکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردن بەگوێرەی ستانداردە مرۆییەکان.
چوارەم: چوارچێوە یاساییەکانی قەدەغەکردنی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان لە عێراق:
قەدەغەکردنی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان لە عێراقدا لەسەر کۆمەڵێک یاسا و پابەندی نێودەوڵەتییە کە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ زامن دەکەن و ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بە هەموو شێوەکانیانەوە قەدەغە دەکەن.
1. چوارچێوەی یاسایی عێراق:
دەستووری عێراق گەرەنتی پاراستنی تاکەکان دەکات لە دەستبەسەرکردنی نایاسایی و هەموو جۆرە ئەشکەنجەدان و مامەڵەیەکی نامرۆڤانە. مادەی 37 بەڕوونی “ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەیی و مامەڵەی نامرۆڤانە” قەدەغە دەکات و مافی داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ماددی و ئەخلاقی کە لە ئەنجامی ئەو جۆرە پێشێلکارییانەدا دێتە ئاراوە، گەرەنتی دەکات.
هەروەها مادەی 15 مافی ئاسایش و ئازادی دووپات دەکاتەوە و زەوتکردن یان سنووردارکردنی ئەو مافانە قەدەغە دەکات جگە لە بڕیارێکی دادوەری کە لەلایەن دەسەڵاتێکی تایبەتمەندە دەرچووە.
سەبارەت بە تاوانە تاوانکارییەکان، مادەی 333 لە یاسای سزادانی عێراقی سزای زیندانیکردن یان ڕاگرتن بۆ هەر فەرمانبەرێک یان بریکارێکی گشتی دیاری دەکات کە تۆمەتبار، شایەتحاڵ، یان پسپۆڕێک ئەشکەنجە بدات یان فەرمانی ئەشکەنجەدانی بدات بە ئامانجی ناچارکردنی دانپێدانان، پێدانی زانیاری، شاردنەوەی بابەتێک، یان دەربڕینی بۆچوونێکی تایبەت. چەمکی ئەشکەنجە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشە لەخۆدەگرێت.
جگە لەوەش، مادەی 332 لە یاسای سزادان، “بەکارهێنانی دڕندەیی” لەلایەن بەرپرسێکی گشتی یان بریکارێکەوە بە تاوان دەزانێت ئەگەر لە ئەنجامدا کەسێک زیان بە ناوبانگ یان کەرامەتی بگات یان ئازاری جەستەیی لێبکەوێتەوە.
2. پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان:
بە پشتبەستن بە پابەندبوونی بەو پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی کە پەسەندی کردوون، عێراق ئەرکی ڕێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافی ئازادی و ئاسایش و قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی لەسەرە. ئەم پەیماننامە سەرەکیانە بریتین لە: ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دڕندە و نامرۆڤانە وەک؛
– پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان.
– ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو کەسەکان لە دیارنەمانی زۆرەملێ.
– ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ.
– ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ لە ساڵی 1949.
پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن عێراقەوە پەسەندکراون، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجەدان دووپات دەکەنەوە. ئەمەش پارێزبەندییە بنەڕەتییەکانی وەک قەدەغەکردنی پشکنینی دادگاکان لە هەر بەڵگەیەک کە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانەوە بەدەست هاتبێت و قەدەغەکردنی ناچارکردنی هەر تۆمەتبارێک بۆ ئەوەی وتە بدات لە دژی خۆی یان دان بە تاوانەکەیدا بنێت.
هەروەها ئەم پەیمانانە مافی تۆمەتبار گەرەنتی دەکات، کە کاتێکی گونجاو بۆ ئامادەکردنی بەرگرییەکەی، بتوانێت لێکۆڵینەوە و تەحەدای بەڵگە و شایەتحاڵەکان بکات کە لە دژی بەکارهێنراون، هەروەها بەڵگە و شایەتحاڵی خۆی بخاتەڕوو.
ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە “پابەندبوونی دەوڵەت بۆ ڕێزگرتن لە قەدەغەکردنی ئەو جۆرە کارانە ڕەها و ناتەندروستە”، واتە هیچ بارودۆخێکی ناوازە، هەر سروشتێکیان بێت، ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ ڕاگرتن یان جێبەجێنەکردنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ بەکاربهێنرێت.
سەرچاوە؛
شبکة الساعة، “الساعة” تضع السجون العراقية تحت المجهر.. متاهة العدالة المفقودة وحكايات الظلم، 2025-04-10؛
https://shorturl.at/SZEQi
سایتی درەو