بەتێگەیشتنی ژان پۆڵ سارتەر درۆ بەرلەوەی ئاڕاستەی دەرەوە بکرێ، پێشتر لەگەڵ خۆتی دەکەی. گریمان بەدرۆ دەڵێی کاتژمێرێکی زێڕم هەیە، یادەوەری لەشتەکانی ناوەخۆی بەئاگایەو دەزانێ کتێب، چاویلکە، مۆم هەمو ئەوانەت هەیەو کاتژمێرە زێڕەکە لەدەرەوەی یادەوەرییەو بونی نییە.
لێرەدا ئەو درۆیە جگە لەوەی پێش ئەوانیتر بەرانبەر یادەوەری خۆت دەیکەی، لەهەمانکات بەشێک لەخۆت (یادەوەری) بەم درۆیە توشی چەپاندن و نامۆیی دەبێ، لە هەر فرسەتێکدا بە دەربڕینی ناڕاستەوخۆ، خەون، دۆخی مەستی و هەر بێئاگاییەکی تری دەرەوەی باڵادەستی هۆش یادەوەری تۆڵەی خۆی دەکاتەوە بەوەی ڕاستییەکە ئاشکرا دەکات.
ئەوە مانای ئەوە نییە ڕاستی پەسەندترە، بەڵکو بە پێچەوانەوە مرۆڤ بەرگەی ڕاستییەکان ناگرێ بۆیە باوەڕ بە درۆ دێنێ، یان دروستتر بە درۆ ئارام دەگرێ. چونکە ئەو باوەڕهێنانە لەپێناو چێژە، سەرەتا بە دەستهەڵگرتن لە واقیعێکی تاڵ و گۆڕینەوەی بە خەیاڵێکی شیرین، دواتر گەڕانەوە بۆ واقیعە تاڵەکە. واتا چێژی یەکەم لە نامۆیی دەبینێ و دوەمجار لە ئاگایی. ئەوەی یەکەمیان چەمکی جەماوەر بەرهەمدێنێ، ئەوەی دوەم دەستەبژێر. لێرەوەیە ئایدۆلۆژیا و فەلسەفە، سیاسی و فەیلەسوف، شۆرشگێڕ و یاخی، کۆمەڵ و تاک لێک دادەبڕێن و جیاوازی لە نێوانیان سەرهەڵدەدا. دواجار لەبەرئەوەی ئارەزو هێشتا تێر ناخوا گشت ئەوانە بەشێوەی بازنەیی لە جێگۆڕکێدا دەبن.
مرۆڤی نائاگا بە هەست و ئارەزو بەڕێوەدەچی، هۆشی ئەو هۆشێکی بیرکەرەوە نییە و لەناو بونێکی نامۆ و ئاڕاستەکراو و بێ ویست دەژی. لە بەرانبەردا هۆشی بیرکەرەوە خاوەن تێگەیشتن و ویستە و بونی لەدەست خۆیەتی و ئاڕاستە ناکرێ، بەڵام ئەم خۆبون و هەبونی ئەم ویستە لە گرتنەوەی ئارەزوەوە سەردەگرێ، بە داپۆشین و چەپاندنی بەشێک لەخۆی تەواو دەبێ، دورکەوتنەوەی ئەو لە کاری دەستەجەمعی و بەرگەگرتنی لە تەنیایی دیسان نامۆبون بە جۆرێکی تر بەرهەم دێنێتەوە.
مرۆڤ چۆن بەهۆی نەزانی و نزمی ئاستی هۆشیاری نامۆ دەبێ، هەروەها ئەوکاتەی بەهۆی ئاستی بەرزی زانینەوە پاڵنەڕەکانی پشت جوڵە و ڕەفتارەکانی خۆی دەناسێتەوە و دەزانێ لە کوێوە سەرچاوەیان گرتوە و لە چییەوە پەیدابون، بونی وەک ڕۆبۆتێکی لێ دێ و دابڕاو نابێ لە هەستکردن بە نامۆیی، ئەم نامۆبونەیان لە هۆشیارییەوەیە.
لەکن فریدریک نیچە مرۆڤ بەسەر بەرز و نزم، دەستەبژێر و زۆرینەی سەر بە نەریتی بازاڕی دابەش دەبێ. مامەڵەی خەڵکی بازاڕ لەگەڵ فۆرمی شتەکان و هەمەکیبون و میتافیزیکە، ئارەزویان بە درۆ و خۆشباوەڕی هەوڵی خۆتێرکردن دەدا. کەواتە ئەو مرۆڤە بەرز و خاوەن ویستە بۆ تێکشکاندنی فۆرمەکان و کردنی هەمەکییەکان بە هەندەکی و باوەشکردن بە ڕاستەقینەدا پێویستە لە بازاڕ دوربکەوێتەوە.
کەچی بەم دورکەوتنەوە و تەنیابونەوەیە جارێکی تر ماتەرەکان دەبن بە فۆرم و هەندەکییەکان دەبێتەوە بە هەمەکی و پراکتیکەکان دەبنەوە تیۆر، بەو مانایەی ڕاستەقینەکان دوبارە دەبن بە ئایدیال.
ئەگەر جاری یەکەم لە بێئاگاییەوە ئارەزو بۆ تێرکردنی خۆی چێژی لە خۆشباوەڕی دەبینی و بە درۆ ئارامی دەگرت، ئەمجارە ئیرادە بە سەرکوتکردنی ئارەزو و بە بیانوی هەڵبژاردنی ڕاستی دوچاری ئایدیالەکان دەبێتەوە. ئەم هاتوچون و جێگۆڕینەوەیە جارێک بەناوی خۆشباوەڕ جارێک بەناوی گومانگهر و ههقدۆست، جارێک بەناوی نامۆ و بێ ویست جارێک بەناوی هۆشیار و خاوەن ویست، جارێک لەناو ئاوەدانی و جارێک بە دورکەوتنەوە و تەنیایی هەموی لەپێناو چێژە، ئینجا ئەم چێژە جارێک بەناوی چێژی شیرین جارێک بەناوی تاڵی، جارێک بۆ تێرکردنی ئارەزو و جارێک لە ڕێی ویستەوە بۆ سەرکوتکردنی ئارەزو.
ئەلبێر کامۆ دەڵێ دەبێ سوپاسی هونەر بکەین ژیانمان بەوانیتر دەبەستێتەوە. مەبەستی ئەوەیە هونەر کاری ئەو بونەوەرەیە هەستی بە پوچی و بێمانایی ژیان کردوە و کەوتۆتە بەردەم ئەگەری خۆکوشتن و مانەوە، کاتێک بڕیار لەسەر مانەوە دەدا دەبێ لەپێناو بەرگەگرتنی پوچی مانەوەیەکی جیاواز و بێ دوبارەبونەوە بژی. ئەوەش هونەرمەند دەخاتە ناو ڕەنگاوڕەنگییەک لە نێوان ژیانی ڕاستەقینە و فەنتازیادا هەمیشە خەریکی جوانکردنی بون و لە گۆڕانێکی بەردەوامدا بێ.
مارتن هایدگەر پێیوایە ئەو جوانکردنی بونە بەوە دەکرێ ڕاستییەکان بەسەربکەیەوە و بیانخەیتە ڕو. میشیل فوکۆ جیاواز لەم بۆچونە بۆ ئەوەی دەسەڵات بە پاساوی دەرخستنی ڕاستییەکان نەتوانێ بونی مرۆڤ جڵەو بکات و ئازادییەکانی بشێوێنێ، جوانکردنی بون لە بەسەرکردنەوەی ڕاستییەکان کورت ناکاتەوە. بە مانای ئەوەی مادام مرۆڤ تەنیا بە هۆش و ویست ناژی و هەست و ئارەزوشی هەیە، ناکرێ لەبەر دەرخستنی ڕاستی بەس خەمی خۆناسین و هۆشیاربونەوەی بێ و داواکارییەکانی هەست و ئارەزو پێشێڵ بکا، دەبێ لەپاڵ خۆناسین و بەسەرکردنەوەی ڕاستیدا، لەپاڵ ژیانی فەلسەفەکارانە و دەستەبژێریدا، بەتەنگ هەست و ئارەزویدا بچێ و بە تێکەڵبونی ئەوانیتر و چونەوە ئاوەدانی خەم لەخۆشی بخوات.