ئامادەکردنی ماریا پاپۆڤا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی
“بۆ ئەوەی هەست بە ئاسودەیی بکەیت لەناو خەڵکی خوێندەواردا، بۆ ئەوەی وەک ئەوە وابێت لە ماڵی خۆتی و دڵخۆشی لەگەڵیاندا، هەرکەسێک دەبێت تا رادەیەک رۆشنبیر بێت.”
“رۆشنبیربون” مانای چییە؟ ئایا واتا خوێنەرێکی چاک بی، یان چۆن بزانیت باسی ئەو کتێبانە بکەیت کە نەتخوێندونەتەوە، یان هەبونی بەهرەیەکی ناوەکیی سەرنجڕاکێشانەی رۆشنگەرانەیە؟ ئەوە رێک ئەو پرسیارەیە نوسەری خۆشەویستی روسیی ئانتۆن چیخۆڤ (٢٩ی کانونی دوەم ١٩٨٠ – ١٥ی تەموز ١٩٠٤) رەچاویدەکات لە نامەیەکدا بۆ برا گەورەکەی نیکۆڵای شێوەکار. نامە رەسمییە درێژەکە، کاتێک نوسرا کە ئانتۆن تەمەنی ٢٦ ساڵ بو و نیکۆڵای ٢٨ و لەناو “نامەکانی ئانتۆن چیخۆڤ بۆ خێزان و هاوڕێكانی” دۆزرایەوە، خۆشەویستییەکی زۆر پڕ سۆز پەخشدەکات لە هەشت تایبەتمەندییەکەی خەڵکانی رۆشنبیردا، لەناویاندا راستگۆیی و عادەتی چاک و خۆنەویستیی.
چیخۆڤ لە مۆسکۆوە لە ساڵی ١٨٨٦ بۆ برایەکەی دەنوسێت:
تۆ زۆر جار سکاڵات کرد لای من کە خەڵک “لێت تێناگات”! گۆتە و نیوتن گلەیی وایان نەکرد. تەنها مەسیح گلەیی ئەوەی کرد، بەڵام ئەو باسی مەزهەب (دۆکترین)ەکەی خۆی دەکرد نەک خۆی. خەڵک زۆر بەباشی لە تۆ تێدەگەن. هەروەها ئەگەر خۆت لە خۆت تێنەگەیت، ئەوە هەڵەی ئەوان نییە.
وەک برایەک و هاوڕێیەک دڵنیاتدەکەمەوە من لێت تێدەگەم و بەتەواوی دڵمەوە هەستت پێ دەکەم. تایبەتمەندییە باشەکانت دەزانم وەک چۆن پێنج پەنجەی خۆم دەناسم؛ بە بەهایان دەزانم و بەقوڵیی رێزیان دەگرم. ئەگەر حەز بکەیت، بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە من لێت تێدەگەم، دەتوانم ئەو تایبەتمەندییانەت بۆ رونبکەمەوە. وا بیردەکەمەوە تۆ ئینسانێکی هێندە بەرەحمی بە رادەی بەسۆزیی، بەخشندەیی، خۆنەوسیتیی کە ئامادەییت تێدایە تا دوا سنور لەگەڵ ئەوانیدا بەشیان بکەیت؛ تۆ هیچ حەسادەتێک و رقێکت نییە؛ تۆ دڵێکی سادەت هەیە، بێ پەڵەی رەش، و هەرگیز رۆحییەتی ئەهریمەنیی هاوڕێت نییە… تۆ دیارییەکی ئاسمانییت هەیە کە خەڵکی دی نییەتی؛ تۆ بەهرەت هەیە. ئەم بەهرەیە تۆ لەسەرویی ملیۆنان ئینسان دادەنێت، لەبەرئەوەی لەسەر زەوییدا تەنها یەک کەس لە دو ملیۆن کەس هونەرمەندە. بەهرەکەت تۆ دادەبڕێت: تۆ تەنانەت ئەگەر بۆق و جاڵجاڵۆکەش بوایت، هێشتاش خەڵک رێزی دەگرتیت، چونکە بەهرەداران هەمیشە بەخشراون.
تۆ تەنها لە یەک شتدا شکستخواردویت، هەڵەتێگەیشتن لە مەوقیعی خۆت، خەمباریی و ئەو بارگرانییەی لەسەرتە هەموی هۆکاری ئەوەیە. ئەویش بەتەواوی دابڕانتە لە فەرهەنگ (Culture). بمبەخشە، تکایە، بەڵام هەقیقەت هاوڕێیەکی باشترە. دەزانی، ژیان مەرجی خۆی هەیە. بۆ ئەوەی ئاسودە بیت لەناو خەڵکی خوێندەواردا، بۆ ئەوەی وا هەست بکەیت لە ماڵی خۆتیت و دڵخۆشیت لەگەڵیاندا، هەرکەسێک دەبێت تا رادەیەک رۆشنبیر بێت. بەهرەداریی تۆی هێناوەتە بازنەیەکی وا، تۆ هی ئەوێی، بەڵام تۆ لەوێ دورخراویتەوە، و جۆلانێ دەکەیت لەنێوان خەڵکی رۆشنبیر و خەڵکی بازاڕیی. خەڵکی خاوەن فەرهەنگ، بە بڕوای من، دەبێت هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەی خوارەوە بن:
١- ئەوان رێز لە کەسایەتیی ئینسان دەگرن، و بۆیە ئەوان هەمیشە بەبەزەیین، رێزدار و موحتەرەمن، و هەمیشە ئامادەن بۆ ئەوەی بە ئەوانیتر ببەخشن. ئەوان ئەگەر لەگەڵت بژیێن وەک ئیمتیازێک تەماشای ناکەن و ئەگەر لێشت دوربکەونەوە، ناڵێن “کەس ناتوانێت لەگەڵت بژیێت.” ئەوان سەرما و ژاوەژاو و خواردنی ساردبوەوە و گاڵتە و گەپ و ئامادەبونی بێگانان ئاسایی وەردەگرن.
٢- ئەوان هاوسۆزییان تەنها بۆ سواڵکەران و پشیلەکان بەتەنها نییە. دڵیان دێشێت بۆ ئەو شتانەی کە چاو نایانبینێت…. ئەوان شەوان دادەنیشن تا یارمەتیی هەژاران بدەن…. بۆ ئەوەی بتوانن پارەی زانکۆی براکانیان بدەن و جلوبەرگ بۆ دایکیان بکڕن.
٣- ئەوان رێز لە سامانی ئەوانیدی دەگرن، و هەر بۆیە قەرزەکانیان دەدەنەوە.
٤- ئەوان دڵسۆزن و وەک ئاگر لە درۆ دەترسن. ئەوان تەنانەت لە شتی گ چکۆکەشدا درۆ ناکەن. هەر درۆیەک ئیهانەیەکە بە گوێگر و لە مەوقیعێکی نزمتری دادەنێت لە چاوی قسەکەردا. ئەوان خۆیان نانوێنن، هەروەک چۆن لە شەقامەکان هەڵسوکەوت دەکەن ئاواش لە ماڵەوە، ئەوان لەپێش هاوڕێ خاکییەکانیان پۆز لێنادەن. ئەوان گەمژانە قسەناکەن و فشار ناکەن تا متمانەی ناپێویست بەسەر ئەوانیدیدا بسەپێنن. وەک رێزگرتنێک لە بۆ گوێچکەکانی خەڵکی دی، ئەوان بڕیاردەدەن زیاتر بێدەنگیی هەڵبژێرن لە قسەکردن.
٥- ئەوان خۆیان کەمناکەنەوە تا هاوسۆزیی بەدەستبێنن. ئەوان لەسەر دەمارەکانی دڵی ئەوانیدی یاریی ناکەن کە لەوانەیە وایان لێبکات هەناسەی قوڵ هەڵكێشن و زیاتر گرنگییان پێبدەن. ئەوان ناڵێن “من بە هەڵە تێگەیشتم،” یان “من بومەتە بژاردەی دوەم،” لەبەرئەوەی ئەوانە لەدوای ئەنجامی سوک سەرهەڵدەدەن، ئەوە شتێکی هەڵە و سوک و بێنرخە.
٦- ئەوان هیچ خۆونکردن و بێبایەخکردنێکیان نییە. ئەوان ئەو گەوهەرە هەڵانەیان بە لاوە گرنگ نییە وەک ناسینی کەسانی ناسراوی ئەستێرە و تەوقەکردن لەگەڵ شاعیرە بچوکەکان و ناسراوبون لە مەیخانەکاندا. ئەوان کاتێک شتێکی بەنرخ ئەنجامدەدەن بێتام باسی ناکەن لەبەرئەوەی ئەوان دەیان شتێ زۆر بەنرختریان کردوە و ناچنە شوێنێک ئەگەر پێشتر قبوڵنەکرابن و داوەتنەکرابن… بەهرەمەندە راستەقینەکان هەمیشە لەناو قەرەباڵغیدا خۆیان وندەکەن و خۆیان لە رێکلامەکان بەدوردەگرن… تەنانەت کریلۆڤیش گوتویەتی کە بەرمیلێکی بەتاڵ لە بەرمیلێکی پڕ زیاتر دەنگدەداتەوە.
٧- ئەگەر بەهرەیەکیان هەبێت رێزیدەگرن. هەمو شتەکانی دیکەی دەکەنە قوربانیی بەهرەکەیان؛ ژن، شەڕاب و خۆهەڵکێشان… ئەوان شانازیی دەکەن بە بەهرەکەیانەوە… جگە لەوانەش، ئەوان زۆر بەدیقەتن.
٨- ئەوان هەستی جوانیناسیی لە خۆیاندا گەشەپێدەدەن. ناتوانن بە جلی رۆژانەوە بچن بخەون، ئارام ناگرن خاڵی پیس و رەش بە دیوارەکانەوە ببینن، ناتوانن لە هەوای خراپدا هەناسە بدەن و چێشت ئامادەبکەن لەکاتێکدا تەباخەکە سەری داپۆشرابێت بە رون و پیسیی. ئەوان تا بۆیان دەکرێت خۆیان دوردەگرن لە غەریزەی سێکسیی و زۆر بایەخدان پێی… ئەوەی ئەوان لە ژنیان دەوێت هاوڕێبونی-جێگا نییە… ئەوان داوای زیرەکییەک ناکەن کە خۆی لە درۆکردنی بەردەوام ببینێتەوە. ئەوان بەتایبەتیی، ئەگەر هونەرمەنەند بن، خاوێنیی، جوانیی، ئینسانییەت و توانای دایکایەتیییان دەوێت… ئەوان هەر خەریکی ڤۆدکا بەسەرداکردن نابن بەدرێژایی رۆژ و شەو، هەر خەریکی بۆنکردنی کەوەنتەر نابن بۆ گەڕان بەدوای خواردندا، لەبەرئەوەی ئەوان بەراز نین و بزانە ئەوان بەراز نین. ئەوان کاتێک دەخۆنەوە کە کاتی بەتاڵیان هەیە، لە بۆنەکاندا… لەبەرئەوەی ئەوان مێشكێکی تەندروستیان دەوێت لە جەستەیەکی تەندروستدا.
تا دوایی. ئەمە ئەو شتانەن کە دەبێت کەسانی رۆشنبیر هەڵگری بن. بۆ ئەوەی رۆشنبیر بیت و لەخوار ئاستی ئەو کەسانە نەبی کە لە دەوروبەرتن، ئەوە بەس نییە “ذە پیکویک پێیپەرز”ت خوێندبێتەوە و مۆنۆلۆجی “فاوست” فێربوبوبیت.
ئەوەی پێویستە کاری بەردەوامە، شەو و رۆژ، خوێندنەوەی بەردەوام، لێکۆڵینەوە و ئامانجداریی… هەمو سەعاتێک بەنرخە بۆ ئەمانە… وەرە بۆ لامان، بتڵی ڤۆدکاکە تێکبشكێنە و پاڵکەوە و بخوێنەوە.. تورگەنەڤ بخوێنەوە، ئەگەر حەزدەکەیت، ئەوەی تۆ نەتخوێندۆتەوە.
تۆ پێویستە ئەو خۆهەڵکێشییەت فڕێبدەیت، تۆ منداڵێک نیت… چی وات نەماوە ببیتە سی ساڵ…
ئێستا کاتیەتی!
چاوەڕوانییم لێت هەیە… ئێمە هەمومان چاوەڕوانییمان لێت هەیە.
فۆتۆکە: ئانتۆنی چیخۆف لای چەپەوە لەسەر پێ وەستاوە، لە لای راستییەوە نیکۆڵای برای. ساڵی ١٨٨٢