سەلام نەجیبە:
رێکەوت نیە لە سەردەمی جیھانگیری سەرمایەی دارایی و بەزۆر سەپاندنی بژاردە ئابوورییەکەی (لیبرالیزمی نوێ) دوو دیاردەی لەبەرچاو بەجیھانی دەبن: ١- رەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە رۆژھەلاتی ناوین دەستی باڵایان دەبێت و بە (ھەرشە لە ئاسایشی جیھانی) باسدەکرێت. سوپاس بۆ نعوم چۆمسکی و چەندین ئەندامی کۆنگریسی ئەمریکی کە بە ئاشکرا رایانگەیاند (قاعیدە و داعش بەرھەمی سیاسەتی ئەمریکییە). ٢- (رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) و پێکەوە جیھان بەرەو نائارامی و عەسکەرتاری و جەنگ و تیرۆر دەبەن.
لێرە پەیامنێرانی بێسنوور وەک رێکخراوێکی” بێلایەن” بە رۆژنامەنووسان دەناسرێت، بەڵام بەراستە بێلایەنن و تاقە خەمیان ئازادی کاری رۆژنامەگەرییە؟
لە وتارێکی (یان مایە) لە سایتی (ئەمریکا ٢١لە ٤/٥/٢٠١٠)ھاتووە: لە رابردوودا رێکخراوە ناحکومییەکان وەک رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەمریکی (HRW) پێش ھەموو شتێک ھێرش بۆ حکومەتە پێشکەوتنخوازەکان دەکەن، بەڵام ھەمان کات لەبەردەم پێشلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەتە ھاوپەیمانەکانی رۆژئاوا وەک کۆلۆمبیا، مەکسیکۆ و تورکیا بە وریاییەوە ھەڵویست دەردەبڕێت. ئەم رێکخراوە بە دوژمنانی ئازادی میدیا دەڵێت (دڕندە)، بۆ نموونە لە کۆلۆمبیا بە سەرۆک ئەلڤارۆ ئۆروبی نا، بەڵکو بە چەکدارە شوعییەکان (FARC) دەڵێت (دڕندە)و بێدەنگی ھەڵدەبژێرێت لەبارەی بارودۆخی کارەساتئامێزی سۆسیوئیکۆنۆمی زۆربەی خەڵکی وڵاتەکە.).
ئەم رێکخراوە وەک زۆربەی رێکخراوەکانی”کۆمەڵگەی مەدەنی” لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یان ملیاردێرەکانەوە وەک (جۆرج سۆرۆس)وە بە مەرجی خزمەتکردنی ئامانجەکانیان پشتیوانی دەکرێن. سۆرۆس بۆ نموونە وەک لە رۆژنامەی (فراتاگ) ھاتووە: کملیاردێر سۆرۆس بەرێگای جامبازی داراییەوە لە دژی وڵاتاندا، دەوڵەمەندو بەناوبانگ بوو.لە١٩٩٢ کاتی کێبرکێکی لەگەل (فوند) کرد، ئەژنۆی بانقی بریتانیای کرد شکاند و نزیکەی یەک ملیارد دۆلار قازانج کرد. ئەو بڕە پارەیە لە گیرفانی ھاوڵاتی بەریتانی دەرکرا…ھەروا لەگەل رۆبڵی رووسیش بەھەمان شێوە…سۆرۆس لەپشت بەناو” شۆرشی رەنگاڵەکان بوو وەک شۆڕشی گوڵاڵە لە جۆرجیا، شۆڕشی پرتەقاڵی لە ئۆکرانیا و شۆڕشی نێرگس لە قیرغستان) و ئەمرۆش وەک چالاکترین و گەوەرترین کەسایەتی بۆ دوژمنایەتی رووسیا بژمێردرێت.
پیتر شۆل-لاتور لە کتێبەکی ( Russland im Zangriff، ٢٠٠٧) بە وردی باسی پەیوەندی سۆرۆس و رێکخراوی گەشەپێدانی ئەمریکی یان دەزگای نیشتمانی دیموکراسی دەکات و چۆن پێکەوە ملیونان دۆلاریان تەرخان کرد بۆ فشاری راگەیاندن و بە ملیوانان بەیاننامە، نامیلکە و تەرخانکردنی کەناڵی تەلەفززیون و رادیو یان بۆ خولی فێرکردنی ناوەندی ھێرشی چەکدارانە (لەلایەن خودی جۆرج سۆرۆس) و رێکخراوەکەی (Open Society Fundation- دەزگای کۆمەڵگەی کراوە).
لە بەدواچوونێکی رۆژنامەی (یونگە ڤێڵت) کە لە ڤیکیپیدیا بڵاوکراوەتەوە لەژێرناوی (کێ دارایی پەیامنێرانی بێسنوور دابیندەکات؟ سۆرۆس و پشەسازی چەک؟ ھاتووە: پەیامنێرانی بێسنوور لەلایەن موڵتی ملیاردێری ئەمریکی (جۆرج سۆرۆس)وە پشتیوانی دارایی دەکرێت، بە ملیونان دۆلار پشتیوانی لە سەندیکای سۆلیدارنۆی پۆلۆنی دەکرد و بەھەمان شێوە رێکخراوی (NED)ئەم کارەی دەکرد. ھەروا پشتیوانی لە خاوەن لەلایەن خاوەن چەکسازی فەرەنسی سیرجی داسولت و کۆمپانیای فیفیندی و ملیاردێر فرانکسۆس پینوالت.
ئەم رێکخراوە لە رێساکانی ھەل قۆستنەوەی بۆنەکان دەرنەچووە. بەھۆی سیاسەتی شەڕئەنگیزی ناتۆ لە دژایەتیکردنی رووسیا و وەک بەشێک لە ھەوڵی زیندووکردنەوەی جەنگی سار و گەرمکردنی بازاڕی چەکسازی و کەشوھەوای ملیتاریستی لە دنیا، بەبۆنەی وەرزشکاری لە (سۆشی)ساڵی ٢٠١٤، ھاوشانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەمریکی دەست کرد بە ھێرش لە سەر رووسیا و بە (خراپترین بارودۆخی مافی مرۆڤ لە رووسیا لە دەیان ساڵی رابردوو).
(لی مۆند دیبلۆماتی) لە مانشێکی مانکی ٧/٢٠٠٧نووسیویەتی (دارایی پەیامنێرانی بێسنوور لەلایەن- نید، سی.ئای.ئەی-و حکومەتی ئەمریکی دابیندەکرێت) ھەر لەم وتارەشدا ئاماژە بۆ پرسیارێکی گۆڤاری (Blauer Bote Magazin)دەکرێت (ئایا پەیامنێرانی بێسنوور بەشێکی نەپچراون لە ھێزی رۆژنامەنووسانی ناتۆ؟) و لە سایتی (ترێند ئۆنلاین)یش وتارێکی نووسەر (ernard Schmid)لە مانگی ٦/٢٠١٦بڵاوکروەتەوە و تێدا ھاتووە: سەرۆکی پەیامنێرانی بێسنوور (رۆبیرت مینراد)لە ٢٠١٤بە پشتیوانی حیزبی رەگەزپەرەست (بەرەی ناسیونال) ھەڵبژێردرا و بوو بە پارێزەری شاری (beziers). لە ٢٧،٢٨ و٢٩/٥/٢٠١٦ حیزب و نزیکەی ٢٠٠٠ئەندامی لایەنە راستڕە توندڕەوەکانی فەرەنسا لەم شارە کۆبوونەوە بۆ کارکردن لەسەر بەرنامەی ٥١خاڵ بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەکی نوێ بەناو (متمانەت ھەبێت بۆ داواکردنی مافەکانت). لە خاڵە گرنگەکانیان بۆ نموونە (ھەڵوەشاندنی ٢رەگەزنامەیی بێجگە لە ھاوڵاتیە ئۆروپییەکان و ھەڵوەشاندنی مافی بەیەکگەیشتنی ئەندامانی خێزانە پەنابەرەکان، قەدەغەکردین مافی مانگرتن، درێژکردنی کاتی کارکردن و دواخستنی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ساڵ خزمەت بۆ ٦٥ساڵ خزمەت، کار و خانوو یەکەمجار بۆ فەرەنسییەکان، …ھتد.
دیارە ساڵی ٢٠٠٧، ساڵێکی رەش بووە بۆ رێکخراوی (پەیامنێرانی بێسنوور). ئیلکە گرۆس و ئیکارد زیکر لە ٣/٢/٢٠٠٧ وتارێ بڵاودەکەنەوە بەناوی (ئەرکی بەگەوچاندن: پەیامنێرانی بێسنوور پارە لە ئەمریکا وەردەگرن) لە رۆژنامەی (یونگە ڤێڵت، ١/٨/٢٠٠٧)و دەنووسن: لە شەوی٢٧/٥/٢٠٠٧کەناڵی کەرتی تایبەتی (RCTV)لە پەخشکردن راگیرا، نوێنەرانی رێکخراوی پاریسی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ (پەیامنێرانی بێسنوور)لە نووسینگەی کەناڵەکە لە کاراکاس بوون).
ئەم دوو نووسەرە بە روونی خزمەتکاری پەیامنێرانی بێسنوور بۆ سیاسەتی ئەمریکی و ھێزە راستڕەو و کۆنەپەرەستەکان روونتر دەکەنەوە: (بێجگە لە فەنزویلا، کوبا لە فۆکۆسی ئەم رێکخراوەیە: کوبا بە گوێرەی راپۆرتەکەیان لە ٢٠٠٧ی ئەم رێکخراوە پاریسییە دەنووسن>>دووھەم زیندانە بۆ رۆژنامەنووسان لە جیھان<<
سەرچاوەی دارایی (پ. بێسنوور) لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرێگای (دەزگای نیشتمانی بۆ دیموکراسیNED)ە و ٩٠٪ی ەئئو بڕە پارەیەش لە باجی کرێکاران و کارمەندان و ھاوڵاتیان وەردەگیرێت. رێکخراوی (نید)یش وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی (Allen Weinstein)لەبارەی شێوازی کارکردنی رێکخراوەکەی و ھاوشێوەکانی لە ١٩٩١دەڵێت: زۆر لەو کارانەی ئێمە ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین، پێشی ٢٥ ساڵ لەلایەن cia بە نھێنی ئەنجامی دەدا.
ستۆپ، ستۆپ!
ئەمرۆ ھەواڵێک لە سایتی ئاوێنە و ڤیدیویەک لە یوتوبم بینی، تێدا رێکخراوی (ستوپ دژە گەندەڵی بە ھاوکاری رێکخراوی ئەمریکیNED)بەبۆنەی بڵاوکردنی دوا راپۆرتی ساڵانەی پڕۆژەکەیان (بەھێزکردنی لێپرسینەوەو دەسەڵاتی یاسا لە ھەرێمی کوردستان)، خەڵاتیان دابەشکرد. وەک لە ھەواڵەکە ھاتووە (لەنێو ٢٢میدیای لەسەر دۆسیەی گەندەڵی، ئاوێنە بە پلەی یەکەم دیاریکردووە.). لێرە دووبارە پرسیار ھەیە: کێ لە پشت سەرنووسەری گۆڤار و رۆژنامە و رێکخراوە مەدەنیەکان راوەستاوە؟ رۆژنامەنووسەکان چی دەکەن لەلای قونسولی ئەمریکی لە کاتێکدا رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکان و ئەمنستی ئینترناسیونال و چەندی رێکخراوی تر حکومەتی ئەمریکی بە پێشلکاری مافی ئازادی رۆژنامەگەری و تاک تۆمەتباردەکەن؟! بۆ نموونە (وەزارەتی دادی ئەمریکی جاسووسی لەسەر پەیویەندییە تەلەفۆنیەکانی ئاژانسی AP دەکەن-١٤/٥/٢٠١٣) بۆچی ھیچ رەخنەیەک ئاراستەی سیاسەتی تیرۆریستی ھاوپەیمانان ناکەن بەڵام خەریک دوورگەیەکن (کۆریای باکوور)کە دەیان ساڵە خەڵک ھیچ ھەواڵێکی نازانێت؟ بۆچی باسی رۆڵی ئەمریکی ناکەن لە دامەزراندن و بەھێزکردنی قاعیدە و داعش بەڵام وەک (….) دەرژێنەوە بەسەر شوعییەکان؟!
بەھۆی جەھلەوە بێت یان بە ھوشیاری، زۆرێک لە رۆژنامەنووس، نووسەر و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاری جەواشەکاری قیزەوەن دەکەن و (خەرجی وەردەگرن)لە رێکخراوگەلێکی گەندەڵ، ئاژاوەچی کە جەنگ و تیرۆر لەجیھان بڵاودەکەنەوە و ھەرگیز بێلایەن نین و رێکخراوی ئەمریکی (National Endowment for Democracy)کە کورتکراوەکەی (NED)ە وەک نموونە دەھێنمەوە و چۆن بەشێکە لە (تینک-تانک) و پاشان رێکخراوێک لە چوارچێوەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و دژایەتی کۆمونیزم دەکات:
ئەگەر سترافۆر سێبەری (سی ئای ئەی)یە، ئەوا NED رووی یاسایی و داراییەکەیە. ئەگەر ھەر کەسێک گومانی ھەبوو لەوەی کە ئاژاوەکان لە فینزویلا ئەمریکای لەپشتەوەیە، ئێستا ئەو گومانە رەویەوە: گەورەترین ئاژانسی جیھانی (AP- لە ١٨٤٨وە دامەزراوەو ئێستا ٢٨٠ نووسینگەی ھەیە لە جیھان) بەڵگەی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی وەزاەرتی دەرەوەو و (NED) لە ساڵی ٢٠١٣ بڕی ٧،٦ملیون دۆلار بۆ گروپە ئۆپۆزیتسیونەکانی فینزویلایان خەرجکردووە. دوو کەسایەتی گەورەی ئۆپۆزیتسیون (لیوناردۆ لۆپیتس و ماریا کۆرینا ماچودا) لە فەبروەری رابردوو لە ھەمووان زیاتر بانگەوازیان بۆ توندوتیژی دەکرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی مادورۆ بڕوخێنن, پەیویەندی بە جاسوسێتی بۆ ئەمریکاوە ھەیە. NEDو ئاژانسی جیھانی ئەمریکی بۆ گەشەپێدان (USAID) بڕە پارەکەیان گەیاندۆتە حیزبەی (Primero Justici)و حیزبی (Voluntad Popular) و رێکخراو ناحکومی (Sumate).
لە وتارەکەی رۆژنامەی گرانمای حیزبی شوعی کوبا بەناوی (ئەمریکا خەرجی توندوتیژیەکان لە فێنزویلا دەدات) ئەم زانیارییەش ھاتووە: (حکومەتی پۆلیڤی رێکخراوی گەشەپێدانی ئەمریکی (USAID) لە وڵاتەکەی دەرکرد بەھۆی کارکردنی بۆ لەناوبردنی حکومەت و ھاوکات حکومەتی ئیکوادۆریش پشتیوانی دارایی رێکخراوی ناوبراوی قەدەغەکرد بۆ پڕۆژەکان لە وڵاتەکەی.
NED چییە و کێ دایمەزراندووە و سەرۆکی بووە؟
بە مەبەستی لەناوبردنی”ئیمبراتۆریەتی شەڕ- مەبەستیان یەکێتی سوڤێتە” وەک خاڵی دەستپێکی دەزگا ھەواڵگریەکان (cia ئەمریکی و IM١٦ ی بریتانی و ASAS ی سترالی)، رۆناڵد ریگان لە ١٩٨٢ رێکخراویی (NED) ی دامەزراند و لە لەندەنەوە رایگەیاند. ئەم رێکخراوە ھەر کۆمەڵەیەکی یاسایی ئەمریکی نیە یان تەنھا ئامێرێکی وەکالەتی ھەواڵگری مەرکەزی، بەڵکو دەزگایەکی ھاوبەشە لەبەرژەوەندی ھەواڵگری ئوسترالیا و بەریتانیاش کاردەکات، بۆیە ریگان لە لەندنەوە راگەیاند.
بۆ ئەوەی راستی ئەم راستیە بشاردرێتەوە، رێکخراوەکە داوای لە ھاوپەیمانەکانی کرد رێکخراوی ھاوشێوەی خۆی دامەزرێنن، بەم شێوەیە دەوڵەتی کەنەدی لە ١٩٨٨ رێکخراوی (ناوەندی ماف و دیموکراسی)دامەزراند و کار لەسەر ھایتی دەکرد و پاشان بایەخی بە ئەفغانستان دا. بەھەمان شێوە بریتانیا لە ١٩٩١ دەزگای (ویستمنستر بۆ دیموکراسی)دامەزراند و بواری کارکردنی بۆ ئۆروپای رۆژھەڵات تەرخانکرد.
کاتێ کۆنگرێسی ئەمریکی لە ٢٢/١١/١٩٨٣دەنگی بۆ دامەزراندی (نید)دا، نەیانزانی پێشتر بە نھێنی بوونی ھەبووە بە گوێرەی رێنمایەکانی سەرۆکایەتی. ئەم بەڵگەنامەیە فەرمانی لابردنی نھێنی باش دوو دەیە لەسەر دەرکرا و کاروباری”دیبلۆماسی گشتی” رێکدەخست.
نووسەری فەرەنسی (تیری میسان- بەرپرسی سایتی ڤۆڵتیر-) لە وتاری (نید رووخساری یاسایی cia)ە، پرسیار دەکان:
ئایا دەکرێت ھنری کیسنجەر بەرێوبەری (NED) نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی بێت؟
کاروبارەکان بەو شەفافییەتە نەبوو، چونکە ھەموو کارمەندە گەورەکان کە پلەی ناوەندیان ھەبوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکی، بەرێوبەری (نید) بوون، بۆ نموونە وەک (ھنری کیسنجەر، فران کارلوتشی، بیرژنسکی، بول وولف ویتز) کە بێ گومان وەک کەسایەتیگەلی خەباگێری ئیدیال لە پێناوی دیموکراسی نارۆنە مێژووەوە، بەڵکو وەک شەیتانگەلی توندوتیژی.
دارایی (نید) بە جیا گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، چونکە رێنمایی وەردەگرێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی قەومی بۆ جێبەجێکردنی ئۆپیراتسیونی بەرفراوان لەنێوان ئاژانسە ھەواڵگرییە جیاوازەکان و پارەکان لە (ئاژانسی یارمەتی جیھانی)دەگوێزێتەوە بەبێ ئەوەی ئەو بڕە پارانە لە حیسابەکەی دەربکەوێت تا نەخرێتە چوارچێوەی حکومی. ھەروا (نید) پارە لە cia وەردەگرێت پاش ئەوەی بەرێگای کەرتی تایبەتەوە سپی دەکرێتەوە لەلایەن دەزگای سمیت ریتشاردسون، دەزگای جۆن م. اولاین یان دەزگای ھاری برادلی.
بۆ نموونە ئەمریکا نزیکەی یەک ملیارد دۆلاری خەرج کردووە لەسەر حیزبە سیاسیی و کۆمەڵەکان لە وڵاتێکی بچووک وەک کە دانیشتوانەکەی ٤ ملیون کەس تێناپەڕێنێت وەک لوبنان. وەزارەتی دەرەوە و (نید)نیوەی ئەو پارەیە کە تەرخانکرابوو بۆ لوبنان خەرج کرد و نیوەکەی تریشی cia بەنھێنی خەرجی کرد.
لە ساڵی ٢٠٠٣ و بە بۆنەی ٢٠ساڵ دامەزراندینەوە، نید ھەستا بە پیشاندانی سیاسی گشتی چالاکییەکانی و دەرکەوت خەرجی زیاتر لە ٦٠٠٠ رێکخراوی سیاسی و کۆمەلاتی لە وڵاتانی جیھان لە ئەستۆگرتووە و دامەزراندنی چەندین دەزگا و رێکخراو بۆ خۆی گەڕاندەوە وەک سەندیکای (سۆلیدارنۆ) لە پۆلۆنیا، میساقی ٧٧ لە چیکۆسلۆڤاکیا و اتبور لە سربیا و رادیوی ٩٢ و رۆژنامەی ازلوبوجنج لە یوگسلافیای جاران و زنجیرەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی”سەربەخۆ” لە عیراق.
NED رووی تری روخساری موخابەراتی ئەمریکیە بۆ لەناوبردنی شوعییەت لە کیشوەری ئاسیا. ئەمە تۆمەتێک نیە بخرێتە ئەستۆی ئەم رێکخراوە، کردەوە و رەفتار و پەیوەندی و ئەرکەکانی پیشانی دەدات بەشێکی ترسناکە لە سەپاندنی وەحشیگەری لە جیھان:
– رێکخراوی فەرەنسی UNI کۆنەپەرەست کە لە دژی بزووتنەوەی خوێندکاران لە ١٩٦٨دامەزرا، پشتیوانی دیکتاتۆر و گەندەڵەکانی ئەفریقای دەکرد. ساڵانە بۆ نموونە لە ١٩٨٤-١٩٨٥بڕی ٥٧٥ھەزار دۆلار لە نید وەرگرت. ئەم زانیاریە لە رۆژنامەیی (لیبراتسیون) بڵاوکرایەوەو کۆتایی بەو گەندەڵییە ھێنرا. نید لە دژی بەشداری حیزبی شوعی فەرەنسی لە حوکمڕانی بە ملیونان دۆلار پشتیوانی لە ناسیونال فرۆند و ئەوانی تر کرد.
– لەسەرەتای ھەشتاکاندا تینک تانکی شەرنەگیزی و فراوانخوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو. ئەرکە سینترالەکەی بریتی بوو لە ھێرشکردن بۆ سەر حکومەتە مارکسیەکانی ئەمریکای لاتین وەک حکومەتی ئیل سلڤادۆر و حکومەتی ساندنستیەکان لە نیکاراگوا و ھاوکات پشتیوانی لە حیزبی کرستیانە دیموکراتەکان لە شیلی کرد کە کودەتای ژەنەڕاڵ بینوشیتی لێکەوتەوە.
– لە پشکنینی نووسینگەی نید لە قاھیرە بەڵگەنامەی زۆریان دەستکەوت بۆ ئەوەی (ئەخوان موسلمین) لە “شۆڕشی مەیدان” دەسەڵات بەدەست بگرێت. ئایا ھەندێ حیزب و رێکخراوی ئیسلامی لە کوردستانیش بە رێگای نیدەوە لە خزمەتی ستراتیژی ئەمریکا کاردەکەن؟
تییری وتارەکەی بەم رستەیە کۆتایی پێدەھێنێت: (ئەو توانا بێسنوورانە بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە ژێردەستی-نید-ھەیە نەک رێگە نادەن بە پشتیوانی دیموکراسی، بەڵکو کاردەکەن ئەگەر لە ھەرکوێ ھەبێت، ژەھرای بکەن.)
لە ھەرێمی کوردستان و عیراق چەندین رێکخراو کاری جاسووسێتی و دژایەتی شوعییەت دەکەن (پێشی دوو رۆژ برادەرێکم وتی بەشداری خولێکم کردووە، لەسەرەتای داتاشاوەکەیان وێنەی داس و چەکوش لەگەل کەلەسەری مرۆڤ پیشاندەدەن!) بەڵام بە خودی نید وەک پاشماوەیەکی جەنکی سارد، رێکخراوێکی ھەیە بەناوی (سەنتەری ئەمریکی بۆ ھاوپشتی کرێکارانی جیھان (ACILS)!
ئایا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ئاگاداری رۆڵی (نید)ە و چالاکییەکانی بەلایەوە ئاساییە بۆیە لە ئاستیاندا بێدەنگن؟ ئایا نووسینگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بەخۆیان بەرھەمی (نید)ن؟ ئایا رۆڵی (نید) پێشێلکردنی سەروەری وڵات نیە؟ یان وڵات بە ئاگاداری حیزبەکان کراوە بە خۆراکی گورگەکە و ھیچ ناڵێن و ناکەن؟ ئایا حەق نیە داوا لە یەک بە یەکی رێکخراوە ناحکومییەکان و رۆژنامە و گۆڤارە”سەربەخۆکان” بکەین: خەرجییەکەیان کێ دابینی دەکات؟! (ئەبێ خۆیان سەرچاوە داراییەکانیا ئاشکرا بکەن).
حەقیقەتێکمان لەبەرچاوە: سوپای ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر لە ھەرێم چالاکن و تازە”رێگە”بە دامەزراندنی ٥ بنکەی سەربازی دراوە، کۆمپانیای ئیکسون مۆبیل و شیڤرۆن و شەریکەکانیان و (بی پی)بریتانی و گلوبالی فەرەنسی و ھاوشێوەکانیان ساڵانێکە بست بە بستی وڵات دەپشکنێنن و بەرھەمیان ھەیەو بانقی جیھانی و ێندوقی دراوی جیھانیش فەرمانی خۆیان دەردەکەن و حکومەتی ھەرێمیش یەک بە یەکیان لە دژی ئێمە جێبەجێ دەکات، بۆیە بارودۆخەکەمان بەم ئاستە وێرانکراوە. (نید) بەشێکی ترسناکە لەو بەرنامەیە و باڵی دیبلۆماتی و سوپای تێکدانە و ئەوانەی بەناوی (دژایەتی گەندەڵی و ئازادی رۆژنامەگەری) وەک رێکخراوی (ستۆپ) و ھاوشێوکانی خەرجی گیرفانیان لێی وەردەگرن و ئەو رۆژنامە و نووسەرانە دەیانناسن و بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و ئەوانەی دەڕۆنە خزمەتی (معالی قونسلی ئەمریکی)، پێیان خۆشبێت یا نا، بەشێکن لە بەرنامەی تیرۆر و جەنگ و ماڵوێرانی ئیمپریالیستەکان!
کەواتە:
– ستوپ (NED) و ھاوشێوەکانی لە کوردستان و عیراق
– ستوپ کۆمپانییەکانی ھاوپەیمانان لە کوردستان و عیراق!
– ستوپ سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە کوردستان و عیراق!
– ستوپ بانقی جیھانی و ێندوقی دراوی جیھانی لە کوردستان و عیراق!
سوسیالیزم (شوعییەت) یان بەربەرییەت…بەھێزبێت خەباتی شوعی و چەپ لە کوردستان و عیراق!
ژیانی عەدالەتی ئاشتی و ئازادی عەدالەتی کۆمەلایەتی خەیاڵ نیە!
سەرچاوەکان:
١- http://www.granma.cu/idiomas/aleman/unser-amerika/4sept-Vereinigte%20Staaten.html
٢- تییری میسان: ێندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسیگنید” رووی یاسایی وەکالەتی ھەواڵگری ناوەندی ئەمریکایە
٣- Die CIA und ihr menschliches Antliz
٤- Geheime Dieste Im Irak
٥- “greater middle east’, Bernhard Schmid
٦- Die USA nehmen mit Milionen Dollar jaerich massiv Einfluss auf die medien, weltweit.
بێ ویژدانی کۆمپانیای کانیبال: (ستراتفۆر) وەک نموونە.
لە ١٩٩٦ یەکێک بەناوی (جورج فریدمان) کۆمپانیایەکی تایبەتی بەناوی (ستراتفۆر)لە بواری لێکۆڵینەوە، ھەواڵ و جیوپۆلیتیک و ئاسایش و پڕۆژەی دوارۆژی جیۆپۆلەتیک و کێشەکان لە جیھان دادەمەزرێنێت. ناوەکەی لە لێکدانی چەند پیتێکی یەکەمی دوو وشە بەکارھێناوە (Strategic Forecasting) کە مانای ( پێشبینی ستراتیژی)یە. پسپۆرەکانی بریتین لە پۆلەتەلۆگ، ئیکۆنۆمیست و پسپۆرانی ئاسایش کە بەرێگای”ھەواڵگر”و سەرچاوە نھێنییەکانیەوە لە ھەموو جیھان ھەڵویست و راوێژکاری و پێشنبیەکانی بڵاودەکاتەوە. گۆڤاری (Barrons) لە ٢٠١٠ بە سێبەری cia ناوی برد. ئەوەی لەژێر بەڕەی ئەم تینک تانکە بوو، لە ٢٠١٢ پلاتفۆرمی ویکیلیکس ھێنایە سەر بەڕە: ٥ملیون ئیمیلی ئەم دەزگایە بڵاوکردەوە.
پەردە لەسەر رووی جۆرج فریدمان و دەزگاکەی لادرا و ئەمەش پەیامی دامەزرێنەری سترادفۆردە بۆ شێوازی کارو ئەرکەکانی لە نووسێنیکیدا بۆ ھاوکارێکی لە فەنزەویلا لە ٦/دیستەمبەر/٢٠١١: ئەگەر سەرچاوەکە بەھاداربوو، دەبێ بیھێنیتە ژێر رکێفی خۆت. ھێنانە ژێر رکێف واتە، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکە بە شێوەی دارایی، سیکسی یان دەروونی تا ئەو خاڵە کە ئامادەدەبێت لەگەلت رێکبکەوێت.).
کۆمپانیەکەی فریدمان لەسەر نھێنیەکان دەژێ. نزیکەی ٣٠ ھەزار کڕیاری ھەیە و لەناویاندا سەر بە سوپای ئەمریکا، مێنیجەری ێندوقی ھیگیدە، سیاسەتمەداری گەورە و کۆمپانیای بانناسیونالی ھەیە. ھۆکاری بەخشینی دارایی بۆ ئەم کۆمپانیە تا ئێستا نادیار بوو، بەڵام ئێستا ئیدی (ھاکەر)ەکان چوونە ناو تۆری کۆمپانیاکە و ھەموو شتێکیان خستە بەرچاو: کۆنتڕۆڵی دەروونی سەرچاوەکانی زانیاری، گەیاندنی زانیاری لە رۆژھەڵاتی ناوین و جاسوسیکاری بۆ کۆمپانیای کیمیاوی (Dow Chemical).
لەبارەی بڵاوکردنی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، فریدمان وڵامی ھیچ پرسیارێک ناداتەوە، چونکە وڵامدانیان دووبارە تاوانباری دەکەنەوە. بۆ نموونە: ستراتفۆر چ جۆرە پەیوەندییەکی ھەبوو لەگەل سەفارەتەکانی ئەمریکا؟ جێگەرکەی (فرید بورتون) بەخۆی جاسوسی دەزگای ئاسایشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە. کۆمپانیا گەلێ وەک (داو شیمیکاڵ) و (کۆکا کۆلا) راوێژ لەم کۆمپانیایە وەردەگرن، چونکە وەک دەزگای ئاسایش کاردەکەن بەڵام وەک دەزگای ئاسایش کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
فریدمان تۆمەتی ئەوەی سێبەری ciaە، رەتدەکاتەوە.
فریدمان کە خاوەن دەزگای پیشبینی جیوپۆلەتکی دوارۆژە لە جیھان و لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٩١ (جەنگی داھاتوو لەگەل ژاپۆن-٤٣٠لاپەڕە)و کتێبی (١٠٠ ساڵی داھاتوو) پێشبینیەکانی نووسیوە لەبارەی جەنگی ئەمریکا لەگەل پۆلەندا، تورکیا، بەڵام نەیتوانی پێشبینی ھاککردنی کۆمپانیەکەی بکات!
لە گفتوگۆیەکی ( (Der Aktionaerلەگەل فریدمان بە روونی بانگەواز بۆ رەگەزپەرەستی دەکات دژ بە پەنابەران، لەمەشدا بە میتۆدی (جەنگی کلتورەکان)و باسی جیاوازی کلتوور دەکات و ئەم گومانە دەخاتەڕو : فەرموو چۆن ئەم وڵاتە-ئەڵمانیا-پێکەوەژیانی مرۆڤ فەراھەم بکات کە کلتوور و عەقڵییەتیان بەو شێوەیە توندڕەوبن بۆ نموونە وەک پەنابەرەکانی رۆژھەڵاتی ناوین.).
لە درێژەی قسەکانی: ھەمیشە ئینتگراتسیونی بیانییەکان بۆ ئۆروپا کێشە بووە….پرسیارە زۆر گرنگەکە ئەمەیە: چۆن یەکێک دەبێتە ئەڵمان یان ئۆروپی. ئەمە زۆر سەختە).
ھەروا چەندین بۆچوونی تر کە لە نەخوێندەوارێکی ئاواییە دووردەستەکانی گەرمیانیش نایبیستی.
لە ڤیدیویەک (لە یوتوب بەناوی پێشێلکردنی مافی چاپدان، کوژراوەتەوە) دیک براند-بەرێوبەری بەرنامەی ھاوبەش لە ئەنجومەنی شیکاگۆ بۆ کاروباری جیھانگیری پێشوازی لە فریدمان دەکات. لەم گفتوگۆیە فریدمان نموونەی قیزەوەنترین سیاسەتی رۆناڵد ریگان بەھەند وەردەگرێت و دەڵێت: ئەو سیاسەتە کە من وەسیەتی رۆناڵد ریگانم کرد، لە عیراق و ئیران بەکاریھێنا. ریگان پشتیوانی لە ھەردوو لایەنی جەنگەکەی دەکرد کە لە (١٩٨٠-١٩٨٨)و دژ بە یەکتری بجەنگن.
بۆ رسواکردنی پلانە دژە ئازادی ئینسانییەکانی ستراتفور، ھەر یەک لە چالاکوانی ئەنۆنیمۆس (بارێت بڕاون)بە ٥ساڵ زیندانی و چالاکوانی ئەکوپی (جیرمی ھاموند) بە ١٠ زیندانی لەلایەن دادگاکانی ئەمریکا مەحکومکران. لە کوردستان کێ چاوساغی بۆ تینک-تانکی ستراتفۆر دەکات؟ کێ پێشتر چاوساغی بۆ ئینتەرپرایز دەکرد؟!
ئەگەر دەتانەوێت بە کەرامەت و سەربەرزی بژێن، پشت لەھەموویان بکەن، خۆفرۆشی و خیانەت و سەتەمکار بە مەسەلەکی ئاسایی، ویژدانفرۆشی جێگای”شانازی”، بۆیە تاقە یەک رێگایە ھەیە: شوعییەت و شێوە ژیان و کاری ھەرەوەزی بکەن بە ماڵی خۆتان!
پرسیار: ھەموومان دژ بە وەحشیگەری داعش لە فەرەنسا ناڕەزایەتیمان دەرخست، بەڵام بۆچی لە د١ی وەحشیگەری فەرەنسا لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی ھیچ ناڵیین؟ لە لاپەڕە نھێنیەکانی cia و ھەواڵگری بریتانی لەبارەی سالانی ١٩٤٧-١٩٦٣بڵاوکرانەوە.
سکەنداڵێک بە نموونەی حیزبێکی نەرویژی!
حیزبی کرێکارانی نەرویژ خۆی بە نوێنەری کرێکارانی وڵاتەکەی دەزانێت، بەڵام سەرۆکەکەی (یانس شتۆلتنبێرگ)کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی ولاتەکەی بووە، ئێستا سەرۆکی (ھاوپەیمانی ناتۆ)یە کە دەزگایەکی سەربازی جیھانییە و دەستی لە میلیتاریزەکردنی جیھان و کوشتنی مەدەنی و بەرپاکردنی جەنگی ئیمپریالیستی لە چەندین وڵاتانی دنیا ھەیە.
ئەم حیزبە رێکخراوێکی ھەیە بەناو (فریاگەوتنی میللەتی) و لە دوو خاڵی سەرەکیدا لە سایتەکەیان، خۆیان بە خوێنەران دەناسێنن و دەنووسن، ئێمە:
– رێکخراوێکی بزووتنەوەی کرێکارانین بۆ ھاوپشتی مرۆیی.
– رێکخراوێکی سیاسی سەربەخۆین.
زۆر ئاسایی دەبوو ئەگەر بەرپرسانی ئەم حیزبە ببن بە سەرۆکی بزووتنەوەی ئاشتی یان ژینگەپارێزی و رێکخراوێکی جیھانی ئەنتی فاشیست، بەڵام نەک ناتۆ کە دوژمنی سەرسەختە دژ بە کرێکاران و گەلانی ژێردەستەی جیھان بە کرێکارانی نەرویژەوە!
ئەمە سکەنداڵ و ئابرووچوونێکی گەورەیە بۆ کرێکارانی نەرویژ و بە گشتی بۆ خەڵکی ئاشتیخوازی نەوریژ.
دەبێ دەستلەکارکێشانی شتۆلتنبێرگ و مەحکومکردنی ھەڵویستی ئەم حیزبە ببێت بە داواکاری رێکخراوی فریاکەوتنی میللەتی نەرویژ!
خەڵکی نەرویژ پێویستی بە ھاوپەیمانی ناتۆ نیە!
رەشبیرەکانی کۆسا نۆسترا لە کوردستان!
– پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئەمریکی و مایکل روبن وەک نموونە –
لەبەر ئەوەی زۆر کەس ھەیە خۆیان لە مرۆڤی ئۆروپی و ئەمریکی، کەمتر دەزانن، بۆیە دەبینین حیزب و رێکخراو وکەسانی گەندەڵ و تاوانباری ئەو وڵاتانە وەک ئازادیخواز و لایەنگری داپەروەری بە خەڵکی نەگبەتی وڵاتەکەم دەفرۆشنەوە و مایکل رۆبن و پەیمانگەی ئینترپرایزی ئەمریکی نموونەیەکیانە. ئایا پەیمانگەی ئەنتەرپرایز کێن و چیان کردووەو چی دەکەن؟
وتارەکەی مایکل رۆبن بۆ خەڵک خوێنرایەوە، لە وتارەکەی ناوبراو بۆ خۆپیشاندەرانی ئازادیخوازی سلیمانی، ھاتووە (ئەمریکا پێویستە لە دەسەڵاتدارانی ئێوە زۆر توڕە بن….ئێمە ئەمەمان کرد بۆ دەستەبەرکردنی حوکمی یاسا و دادپەروەری).
لەبەر ئەوەی رۆبن پێیوایە ئێمە بێئاگاین لە ناعەداڵەتی، ھەژاری و گەندەڵی و لانەوازی و قەرزاری ھاوڵاتییەکانی ئەمریکا، بۆیە ھاتووە وەک رزگارکەرێک قسەمان بۆ دەکات. حکومەتی ئەمریکی و پەیمانگەی ئینترپرایز بەھۆی چەندین جەنگ و پشتیوانیکردنی حکومەت و رێکخراوە تیرۆریست و دیکتاتۆرییەکان و پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووە، بە گەندەڵی و تاوان، تاوانبارن و پێشی ھەموو شتێک خیانەت لە پەیامەکەی ئیبراھیم لینکۆلن دەکەن! رۆبن و پەیکانگەکەی دەبێ بە زووترین کات بۆ بەردەم دادگا راپێچ بکرێن!
گەندەڵی و تاوانکاری پەیمانگەی ئینتەرپڕایزی ئەمریکی.
ھێشتا راپۆرتەکەی کەشوھەوای جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاونەکرابووەوە، لۆبی پیشەسازی بڕە پارەیان تەرخان کرد بۆ لێکۆڵەران تا راپۆرتی نابراو بە ھەڵە بخەنەوە. وەک (گاردیان) ئیمڕۆ لە کۆتایی دیداری پسپۆڕان لە پاریس بڵاویکرەوە. (پەیمانگەی کۆنەپارێزی ئەمریکی ئینتەرپڕایز ١٠ ھەزار دۆلار و نرخی ھاتووچوو بە ھەر زانایەک دەدەن بۆ بەرگرتن بە راپۆرتی نابراو).
لە درێژەی وتارەکە ھاتووە: ئینتەرپڕایز یەکێکە لە (تینک تانک)ە کاریگەرەکانی کۆنەپارێزە نوێکانە کە رۆڵی سەرەکی بینیوە لە جەنگی عیراق…. کۆمپانیای نەوتی (ExxonMobl) سپۆنسەری ئەم پەیمانکەیە و بۆ ئەو مەبەستە ١،٦ملیون دۆلاریان بۆ خەرجکردووە. قسەکەرێکی کۆمپانیاکە وتی کۆمپانیاکەمان ساڵانە ١٪ لە داھاتە گشتییەکەی بۆ ئینتەرپەڕایز تەرخان دەکات. ئەم پەیمانگەیە پەیوەندی نزیک لەگەل ئیدارەی بوش ھەیەو زیاتر لە٢٠کارمەندی، جاران وەک راوێژکار لە حکومەتی بوش کاریان کردووە.
زانایان لە راپۆرتەکەی پاریس ھیچ گومانێکیان نەھێشت لەوەی کە مرۆڤ ھۆی گۆِانکارییەکانی کەشوھەوای سەرزەمینە…سووتەمەی وەک خەڵوزو نەوت لەو پەرەسەندنە بەرپرسیارە. مرۆڤایەتی ھەڕەشەی رەشەبای زەبلاح و بەرزبوونی ئاستی دەریا و قۆناغی وشکایی لێدەکرێ.
مایکل خۆی بە قسەکەری خەڵک دەزانێ!
بین ستیوارد (چالاکوانێکی رێکخراوی ژینگەپارێزی گرین پیس)بە توندی رەخنەی لە ئینتەرپرایز گرت و وتی: ئینتەرپەرایز لە فابریکێکی ھزر زیاترەو کرێگرتەن و وەک رۆشنبیر، کۆسا نۆسترای حکومەتی بوشن. ئەمانە نوێنەری کۆشکی سپین لە بواری حاشاکردن لە گۆڕانی ژینگە….ئەوانە لەئاستی زانست و رەوشت دۆڕاندیان و ئەوەی دەیانەوێت بریتیە لە جانتای پڕ لە پارە.
ئایا مایکل رۆبن و برادەرو دۆستە کوردە رەشبیر و بەرپرسی ھەندێ رۆژنامە و گۆڤارە کۆسا نۆسترای کۆنەپارێزە راستڕەوەکانی ئەمریکا نین لە کوردستان؟!
تۆماس پانی لە٢/٢/٢٠٠٧لە وتارێک بەناو (ھاوپەیمانیەکی بکوژ)دەنووسێ: لە لێکۆڵینەوەکەی ئەنجومەنی کەشووھەوای (UN) کە ئیمڕۆ لە دنیا ھەڵای نایەوە، ھاتووە: (بەڕوونی دەرکەوتووە کە مرۆڤ بەرپرسە لەبەرامبەر گۆڕانی کەشوھەوا…پەیمانگەی ئینتەرپرایز پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە بۆ زانا، سیاسەتمەدارو ئابووریناسەکان تا وتار دژ بە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەدا بنووسن و لە”گۆڤارە سەربەخۆکان”بڵاوی بکەنەوە….ئەم ھەوڵە لە بەرژەوەندی”ھاوپەیمانییەکی بکوژ”ی زلھێزە…جاران لی رایموند (جێگری سەرۆکی پەیمانگەی ئینتەرپرایز)بەڕێوبەری کۆمپانیای نەوت (ExxonMob)بوو.
ھەروا پەمانگەکەی رۆبن شانبەشانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەکەی (براتسلاڤا)ساڵی٢٠٠٠ بەشداری کرد!
لەم کۆبوونەوەیە بڕیاردرا بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنەکەی ھیلسنکی بۆ (پێکەوەکارکردن و ئاسایشی ئۆروپا). ئیمزاکەرانی ئەم رێککەوتننامەیە (ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئۆروپا)بە ئەرکی خۆیان زانیوە ( (لە داھاتودا ھەرگیز نابێ رێ بدرێ بە بەکارھێنانی توندوتیژی بۆ گۆڕینی سنوورەکانی دەوڵەتانی ئۆروپا.)).
مایکل رۆبن باسی یاسا و عەداڵەت دەکات، بەڵام ئایا دەزانێ ماوەی پتر لە ٢٠ ساڵە زیندانی سیاسی و رۆژنامەنووس مۆمیا ئەبو جەمال (سەر بە رێکخراوی پڵنگی رەش) بەناھەق زیندانی کراوەو لەوانەیە لە ھەر کاتێک لەسێدارەی بدەن، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتییە جیھانییەکان، ھێشتا ھەر ئازاد نەکراوە. لە وڵاتە”ئازادەکەی برادەرە بێلایەنەکەمان”مافی مانگرتنیش لە کرێکاران قەدەغە دەکرێ!
شایانی باسە پەیمانگەی ئینتەرپرایز لە١٩٤٣دامەزراوە وەک دەزگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە بۆ بەرگی لە سیستێمی سەرمایەداری و رەفتاری کۆمپانییە گەورەکان و بەرژەوەندیەکانیان، بەڵام پاشان بواری خوازراوی بەرفراوانتر بوو.
ئایا کوردستانی عیراق ھاوپەیمانێکی باشە؟
ئەوە ناوی ئەو راپۆرتەیە کە لەلایەن ئینتەرپرایز لە ١٣ی ئاب/٢٠٠٨بڵاوکراوەتەوەو نووسەرەکەی (مایکل رۆبن)ەو تێدا بە تووندی رەخنە لە پارتی و یەکێتی دەگرێ و ھەندێ نھێنی ئابرووچووانەو مەترسیدار دەردەخات. لەو راپۆرتە (پارتی کرێکارانی کوردستان)بە تیرۆریست ناودەبات و دەنووسن”تیرۆرستییەکەی دۆزی نەتەوەی کورد پیس دەکات… ھەردوو حیزبەکە بە بەمامەڵەکردنیان لەگەل ئیران، خیانەتیان لە متمانەی ئەمریکا کرد”…و زۆر شتی تر.
ئینتەرپڕایز لە ١٣ی ئابی ٢٠٠٨.
جاش و موستەشارە کوردەکانی ئینتەرپرایز!
زۆرێک لە رۆژنامە، گۆڤارو کەناڵی تەلەفزیونی بەشێوەیەک باسی پەیمانگەی ئینتەرپرایز و مایکل رۆبن دەکەن، وەک بڵێی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی بێلایەنن و کارەکەیان تەنھا ئەوەیە بەشێوەیەکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە کاردەکەن. ئەمە درۆیەکی شاخدارو مەترسیدارە، گاڵتەکردنە بە خوێنەر و خەڵکی کوردستان، چونکە:
کارل روف یەکێکە لە سەرانی ئەو پەیمانگەیە و ھاوکات یەکێک بوو لە گەورە موستەشارەکانی جۆرج بوش و نزیکە لە زانکۆی (بۆب جۆنس) لە ساوت کارۆلین (سەنترێکی راستڕەوە توندڕەوەکان)ەو ھەر خۆیشی سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی (بوش)ی کردووە. کارمەندانی ئەم پەیمانگە”سەربەخۆیە” وەک مایکل لادین و (جاشوا میرۆفیک) پێکەوە لەگەل ھەڵۆ کۆنەپارێزەکان وەک جیمس ولسی (سەرۆکی رابردووی ھەواڵگری ئەمریکا)، جاک کامب (کاندیدی حیزبی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا١٩٩٦ و یاریدەری وەزیری بەرگری بۆ سیاسەتی ئاسایشی نیودەوڵەتی)کاردەکەن، واتە”دەستی شاراوە”ی وەزارەتی دەرەوەو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکان. یەکێک لە گەورە لێکۆڵەری ئەو پەیمانگە”بێلایەن و زانستی و ناحکومییە”ناوی (جۆن بولتن)ە کە بالیوزی ئەمریکا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم”ئەستێرە بێلایەنە” لە ٢٩/٨/٢٠١٠بانگەوازی بۆ بۆردومانکردنی بنکەکانی پیتاندی ئەتۆمی ئیرانی کرد. ئەم کارمەندەی سەر بە رێکخراوێکی”ngo”ە لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی ووڵ ستریت ساڵی ١٩٩٧نووسیویەتی (ئەو پەیماننامە نیودەوڵەتییانە کە ئەمریکا مۆری دەکات یاساگەلێک نین رێزیان لێ بگیرێت، بەڵام وەک پێویستییەکی سیاسی زیانی نییە لەگەل گۆڕانی بارودۆخ لێی پاشگەز ببینەوە).
کۆنەپارێزە نوێکان بەیەکچاو تەماشای نازیەت، شوعییەت و بزووتنەوە ئیسلامیەکان دەکەن، ئێستا ئیتر منیش سەیرم نایەت لەوەی کە (رەش-بیران)، ھەندێ گۆڤار لە ھەرێم وەک سەگی ھار ھەمان ئەم کارە ئەنجامدەدەن.
ئاژاوەی داھێنەرانە!
ئەمە تیئۆری گەورە فەیلەسوفی کۆنەپارێزە راستڕەوەکانە (لیڤی شتراوس)ە کە کۆنەپارێزە راستڕەوی ئەمریکا کاری پێدەکەن. ناواخنەکەیشی ئەمەیە: جەماوەر لەناو ھەرانانەوە غەرق بکەن تا نوخبە بتوانێ جێگیربوونی بارودۆخەکەی دابین بکات). لە ئەمریکا شتراوسییەکان ناسراون و گۆڤاری (کۆمینتەری)دەردەکەن. پرۆفیسۆر نۆرمان پۆتھۆراس سەرپەرشتی دەکات و بە گرنگترین بەرھەمی کۆنەپارێزەرە نوێکانە.
مافیای چەک و ئەتۆم لە سەرووی یاسان!
لە وڵاتی (ئازای سەرمایەی دارایی، کۆمپانیای بانناسیونال وجەنگ و ھەژاری) بە گوێرەی راپۆرتی لیژنەی چاودێریکردنی ئەتۆم، لە ٢٣/٣/٢٠١١ئاشکرای کرد کە ئەرکی راگەیاندنی ھەڵەی کەرەستە و”لەکارکەوتن” کە لەوانەیە رووداوی کارەساتئامێزیان لێ بکەوێتەوە لە زیاتر لە یەک لەسەر سێی حاڵەتەکان، پشتگوێ خراون).
حکومەتە مەدەنی و دیموکراسیەکەی”بەڕێز”رۆبن تەنھا لە ساڵی٢٠٠٨دا وەک پەیمانگەی تۆژینەوەی ئاشتی جیھانی بڵاویکردووە، بودجەیەکی خەیاڵی بۆ جەنگ تەرخان کردووە (١.٤٦٤ بلیون دۆلار)!. ئێستا ئۆباما درێژە بە کارو ئەرکەکانی سەرۆکەکانی پێشتری دەداو پشتیوانی لەو دیکتاتۆرانە دەکات کە لە سەدام یان ئەحمەدی نەژاد کەمتر نین، بۆ نموونە بە بڕی ٦٠ملیارد دۆلار ٨٤ فرۆکەی جەنگی (ف.١٥)، ٧٠ھیلیکۆپتەر لە جۆری ئەپاچی، بە سعودیەی عەرەبی دەفرۆشێت. بەڵام ئاشکرایە ئاشتییەکەی (ئینتەرپرایز) شێوەی تری ھەیە، بۆ نموونە لە ووڵ ستریت جۆرنال نووسراوە: تەنھا بە پڕچەککردنی سعودیەی عەرەبی بە فرۆکەی جەنگی، کار بۆ نزیکەی ٧٧ھەزار کەس لە کۆمپانیای بۆینگ دابین دەبێت. ئۆباما ئێستا خەریکە زەمینە بۆ بازرگانی بە سیستێمی (تات) خۆشدەکات. راکێتەکانی ئەم سیستێمە دەگاتە دەرەوری و بەرزی ئەتمۆسفێری زەمین. ئیمارات بە بڕی ٧ملیارد دۆلار نموونەیەکی ھاوشێوەی ئەو سیستێمە کرێوە لەگەل ١٤٧راکێت.
وا باشە رۆبن لەبری ئەوەی درووشمی”عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی” بەخەڵکی کوردستان بفرۆشێ، وا باشە خۆی و پەیمانگە”زانستی و بێلایەنەکەی” خەریکی گەندەڵی بۆرسەی ووڵ ستریت و لابردنی قەرزی بانقەکان لەسەر ملیونان ھاوڵاتی ئەمریکا ببێت و وەک کەسێکی”ئازادیخواز”بە بەڵگەوە بیسەلمێنێ کە تەرخانکردنی پتر لە یەک بلیون دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری، باشتر وایە بۆ ئاشتی تەرخانی بکەن و بەمە خۆشەویستی گەلانی دنیا دابیندەکەن! وەک ھاوڵاتییەکیش تکا لە برادەرە دژ بە گەندەڵییەکانی دەکەم، بەڵکو نەختێ مەشوەرەت بە”سەرۆکی مێژوویی”وڵاتەکەی بدەن بۆ خزمەتکردنی خانەشینەکانیان و خزمەتگوزاری تەندرووستی بۆ ھەژاران و بێکار و لانەوازەکانیان باش بکەن نەک بە گوێرەی بەرنامەی (Medicaid) کەمی بکەنەوە!، ئاخر باش نییە ٢٣ملیون ئەمریکی بە بێ بیمەی تەندرووستی بژین: ئەمە بۆ ئاشتی جیھانی خراپە و پێشێلکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤە! ھەرو (باج)یش کەم بکەنەوەو کرێی کار زیادبکەن تا ھەموو ئەمریکا لەسەر قەرز نەژێن و تۆزێک کەرامەت بۆ ھاوڵاتییەکانیان دابین بکەن!
ئێمە خۆمان ئەقڵ و توانامان ھەیە بۆ خەباتکردن لە پێناو عەدالەتی کومەڵایەتی کە حکومەتەکەی ئەو بە ئاگر و ئاسن لە دژیدا رادەوەستێ، وەک نزیکترین مێژووی ئەمریکای لاتین و دژایەتیکردنیان بۆ شوعییەت پێماندەڵێن!
ئەوە چارەنووسی ئەو رەشبیرە جاش قەڵەمانەیە کە خۆیان بۆ ملکەچی و جاشایەتی و خۆفرۆشتن بە ئەم یا ئەولایەن تەرخانکردووەو بەردەوام خۆیان وەک کەسانی دڵسۆزی”بێلایەن”و دژ بە گەندڵی و دڵسۆزی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بە ھەژاران دەفرۆشن و لەراستیدا ئەجندای کۆنەپەرەستی و تاوان جێبەجێ دەکەن…
ئێوە سەری ئازادی دەبڕن!
ئێوە جامبازی بە عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە دەکەن!
بەرەی ھەژارەکان و ئاواتەکانیان و دژایەتی کەندەڵی لەشوێنێکی ترەو لەو شوێنە دەست پێدەکاتەوە کاتێ دوژمنەکانیان دەناسنەوەو بە خۆیان داخوازییەکان رادەگەینن و پێشکەش دەکەن. داخوازییە رەواکانی ستەمدیدەکان لەبەرچاون، گرنگ ئەوەیە نەھێڵین یاری بە ئازار و نەگبەتییە رۆژانەکانمان و بە قوربانیان بکرێ…
تێبینی: کۆسا نۆسترا رێکخراوێکی تاوانبارییە لە ئەمریکا و خۆیان بەشێوەی مافیەکانی سیسیلیا رێکخستووە.
ئایا دامەزراندنی راگەیاندکارانی سوور پێویستە؟!
ئەمە نامەیەکە بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە کە خۆیان بە کەسانی چەپ دەزانن و بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵدەدەن پێگەکەی لەناو کۆمەڵگە بەھێزبکەن لە سەردەمێکدا کە راگەیاندنی ئیمپریالییستی دنیای سەرمایەداری و پەلوپۆکانی ھاوشانی (سوپای ناتۆ، ێندوقی دراوی جیھانی، دەزگا سیخوڕیەکان، دادگای نیودەوڵەتی، بانقی جیھانی، G7، G20، شانەکانی بیرکردن-Think tank) ھەنگاودەنێن و بە وردترین شێوە خۆیان رێکخستووە.
بۆ نموونە: زانیاری بە ھاوڵاتیان نادرێت لەبارەی (کودەتا نەرم)ەکەی بەرازیل، ھیرشکردن بۆ فەنزەویلا، بەرەی چەپ لە توکیا، پیلانگێڕی ئەمریکا دژی ئۆکرانیا و قەدەغەکردنی حیزبی شوعی لە چەند وڵاتێک، بارودۆخی زیندانەکانی ئەمریکا، یەکگرتنی چەپ لە سپانیا، جەنگی ئەمپریالیستی لەوڵاتانی ئەفریقا و زیانیان بە ژینگە و ھەزاران رووداوی رۆژانەی جۆراوجۆری جیھانی کە راستەوخۆی کاریگەریان لەسەر ژیانی ئێمە ھەیە. ئەوەی لە کەناڵەکانی تەەلەفزیون بڵاودەکرێنەوە لە ئاژانسە سەرمایەدارەکان وەردەگرن و تەنانەت ئەو کەناڵانە کە پەیامنێریان لە ھەندی وڵات ھەیە، زانیاری لەبارەی موقاوەمەت، خەباتی شوعی و چەپەکان بە ھاوڵاتیان نادەن.
ئەی ئێمە؟
پەرتەواز، کەمکردن لە بایەخ و رۆڵی یەکتر، ناڕۆشنی لە ھەڵویستەکان و لە ئەنجامدا نەیارەکانمان سوودیان لەم لاوازییە وەرگرتووە.
ئێمەش ئەتوانین بەرێگای جۆربەجۆر ھەوڵ بدەین بۆ ئەوەی توانامان چڕبکەینەوە بۆ دامەزراندنی (نێوەندی راگەیاندنی سوور، رۆژنامەنووسانی سوور، ھەواڵنێرانی سوور، راگەیاندکارانی سوور)ی ھاوبەش لەبواری راگەیاندنی ئەلکترۆنی، کاغەز، رادیو، تەلەفزیون، ھەواڵ و راپۆرت و ئامانجی ئێمە پێکەوە بریتی بێت لە شکاندنی تیرۆری ئەنتی کۆمونیزم و ھێرشی بەرفراوانی سەرمایەدارانی جیھان و ناوخۆ لە دژی (مافە چینایەتییەکانمان و گەوجاندنی جەماوەر و درۆکردن و پۆشینی تاوانی جەنگە ئیمپریالیستییەکانیان و ملیتاریزەکردنی ژیان لەسەرزمین و تێکدانی ژینگە).
ئەم نووسینە ھەنگاوی یەکەمە و ھیوادارم ھەر راگەیاندکارێک لەلای خۆیەوە بە پێشنیار و رەخنە و بۆچوونی ئەرێنی ھەوڵ بۆ قووڵکردن و بەھێزکردنی ئەم پێشنیارە بکات.
تاوانەکانی حکومەتی ئەمریکا پاش ١٩٤٥ تا ئێستا (بە کورتکراوی).
یەک بە یەکتان درووشم و بەڵێنی گەیاندنی راستی بە بینەرانتان داوە، بەڵام بۆ جارێکیش نەمانبینی و نەمانبیست رەخنەیەک ئاراستەی سیاسەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ھاوپەیمانەکانی بکەن. بێدەنگی ئێوە لە تاوانەکانی حکومەتی ئەمریکا تەنھا لە جەھالەت، دووڕوویی و خۆفرۆشی سەرچاوەی گرتووە: چەتەی قەڵمھەڵگرن. قەڵەھەڵگری. راگەیاندنەکانی ناو خودی ئەمریکا و جیھانی سەرمایەداری سەر بە حکومەتەکانیان نەک ئۆپۆزیتسیونەکانیان زیاد یان کەم رەخنە ئاراستەی حکومەتەکانیان دەکەن، بەڵام ئێوە ئەوەندە بێئاست و کەسایەتین بۆ خاتری چەند دۆلارێکی چڵکن بێدەنگیتان ھەڵبژاردووە و تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەو رادەیە قونسوولی ئەمریکی بە بەرگریکار لە ئازادی بە خەڵکی کوردستان بناسێنن و زۆرێکتان تەشریف دەبەن بۆ لای”جەنابی عالی”. ئێوە بەم ھەڵویست و رەفتارە مافی رەوای بینەران پێشێل دەکەن و بوون بە بەشێک لە ئامێری گەمژادندن و نەزانی و سیخوڕی و چەتەیی و شەرەفی قەڵەمتان خستوەتە ژێرپێی سیستێمی تاوان و تیرۆر و چەوسانەوە لە جیھان.
لێرە ئەم زانیاریانە بڵاودەکەمەوە بەو ھیوایە بۆ جارێکیش بێت، ئەم زانیاریانە (ئێستا ھەموویان دەڵێن ئەیانزانین) بگەیەنن بە رای گشتی:
– ئەڵمانیا١٩٤٥: موخابەراتی ئەمریکی (CIC) لە پسپۆرانی پۆلیسی نازی و چاشەکانی سوپایەک دادەمەزرێنن لە ٣٥ ھەزار کەس لە دژی یەکێتی سوڤێت و بەشی ھەواڵگری نازی (Fremde Heere Ost) وەک٠رێکخراوی (Gehlen) و بە یارمەتیان کاری تێکدەرانە و نائارامی لە رۆژھەلاتی ئۆروپا ئەنجامدەدا. لە پاشاندا لە رێکخراوی (کێلین) دەزگای ھەواڵگری ئەڵمانی (BND) دادەمەزرێنن. یەکێک لە کارمەندان و پسپۆری- گستاپۆ کە لەلایەن موخابەراتی ئەمریکا وەرگیرا و لە دەستگیرکردن پارێزرا ناوی (کلاوس باربی-klaus Barbie-) کە لە شاری لیۆنی فەرەنساوە دیپۆرتکردنی جووە فەرەنسییەکانی بۆ ئۆردوگای لەناوبردن رێکدەخست. (باربی) لە ١٩٥١ لەلایەن (cia)وە بەناوی (کلاوس ئەڵتمان)رەوانەی پۆلیڤیا کرا و لەوێوەوە کۆماندۆی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار و سەندیکاییە چەپەکان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەرێوەدەبرد.
– چین (١٩٤٥-١٩٤٩): لە جەنگی ناخۆی چین، لە دژی کۆمونیستەکان، پشتیوانی لە (شین کای شیک) دەکەن ولێرەش سەربازە دیلەکانی یابان کە پاش ژێرکەوتنی وڵاتەکەیان لە جەنگی جیھانی دووھەم، بەکاردەھێنن.
– فلیپین (١٩٤٥-١٩٥٣): لە دژی حکومەتی چەپگەرای (Huks) و خەڵتانی خوێن کرا و پاشان چەتەکانی لە وڵاتەکە دامەزراند و (فیردیناند مارکۆس)یان کرد بە (پیاوە بەھێزەکە).
– ئیتالیا١٩٤٧-١٩٤٨): (cia) ھێزەکانی مافیا و گروپە تیرۆریستە راستڕەوەکان لە دژی کۆمونیست و سۆسیالیستەکان چەکداردەکات. بۆ ئەم مەبەستە پسپۆرەکانی چەتەکاری لە ئەمریکاوە رەوانەی ئیتالیا دەکەن.
– یونان (١٩٤٩-١٩٤٩): ئەمریکا پێکەوە لەگەل سوپای بەریتانیا لە (جەنگی ناوخۆی یونان) کاردەکەن بۆ شکاندنی بزووتنەوەی موقامەتی ئەنتی فاشستی کە لە دژی ئەڵمانە داگیرکەرەکان خەباتیان دەکرد. موخابەراتی ئەمریکی دەزگای بەدناوی (KYP)لەم وڵاتە دادەمەزرێنێت.
– ١٩٥٠ (ئەمریکا): ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی (NSC) بەناوی فایلی (٦٨) ستراتیژی تازە دادەرێژێت و یەک ملیون سەرباز لە ٦٧٥بنکەی سەربازی لە جیھان تەرخاندەکات. ئەم ھێزە تا ١٩٧٥دەستوەردانی سەربازی لە ٢١٥ئەنجام دەدەن.
– پۆرتۆریکۆ (١٩٥٠): کۆماندۆیەکی ئەمریکا راپەڕینێک بۆ سەربەخۆیی نیشتمانی لەناودەبەن.
– کۆری (١٩٥٠-١٩٥٣): ئەمریکا لە کێشەی کۆریا لەشکرکێشی دەکات و پشتیوانی لە حکومەتی کۆریای باشوور دەکات و لە نەتەوە یکگرتووەکانپشتیوانی بۆ دابیندەکات. فرۆکەوازنی ئەمریکا ١٢٠٠٠ بنکە و دەزگا لە کۆریای باکوور وێراندەکات و نزیکەی ٢ ملیون مرۆڤ دەکوژن و ٥٠٠ھەزار کەس لە کۆریای باشوور کیانلەدەستدەدەن.
– ئێران (١٩٥٣): حکومەتی ھەڵبژردراوی موێەدەقە لە ١٩٥١، نەوتی کۆمپانیای (ئەنگلۆ-ئێران) خۆماڵیدەکات. پاش دوو ھەفتە لە ھەڵبژاردنەکە، ھێزێکی سەربازی مەشقپێکراو لەلایەن (cia) کودەتادەکەن و ئەمریکا شای ئێران دەکات بە حاکمی وڵاتەکە و ھێزە شوعی و دیموکراتەکان کۆمەڵکوژی و زیندان دەکەن.
– گواتیمال (١٩٥٤): ئەمریکا کودەتایەک دژ بە حکومەتی (ئاربێنز) رێکدەخات. ئەم حکومەتە ویستی چاکسازی کشتوکاڵی بکات و کۆمپانیای ئەمریکی (United Fruit ) خۆماڵی بکات. پاش سەرکەوتنی ئەم کودەتایە، حکومەتە دیکتاتۆری سەربازییەکەی ١٤٠ ھەزار ھیندیە سوورەکانی کوشت یان بێسەروشوێن کرد.
– میسر (١٩٥٦): ئەمریکا ھەوڵیدا بۆ نائارامی لە میێر کە جەمال عەبدولناسر یەکێک لە سەرۆکەکانی حکومەتە بێلایەنەکان بوو. عەبدولناسر (قناە سویس)ی خۆماڵیکرد، بۆیە ئەمریکا پێکەوە لەگەل بەریتایا و ئیسرائیل جەنگیان لەدژی میێر بەرپاکار و بەناوی (جەنگی سویس) نێوبانگی دەرکرد.
– لوبنان (١٩٥٨): ١٤ ھەزار سەربازی ئەمریکی وڵاتەکە داگیردەکەن.
– کوب (١٩٦١): لە ١/١/١٩٥٩ کاسترۆ سەرکەوتنی شۆڕش بەسەر حکومەتی دیکتاتۆری سەربازی پاتیستا راگەیاند.کاتێ شۆرشش بەڵێنەکانی بە خۆماڵیکردنی زەمین جێبەدێ کرد، ئەمریکا بڕیاری ئابلۆقەدانی کوبای راگەیاندو کاری سەربازی بۆ تێکدانی وڵاتەکە جێبەجێکرد. لە ١٩٦٠ ئەمریکا دەستیکرد بە بۆردومانکردنی پاپۆڕی فەرەنسی (Coubre) وتی و لە ئەنجامدا ٨١ کەس کوژرا و ٣٠٠کەس برینداربوون. لە ١٩٦١ موخابەراتی ئەمریکی بە پشتیوانی دارایی سەرمایەدارەکانی کۆمپانیای (یونایتد فروتی)لە گواتیمالاوە سوپای چەتەکان پێکھێنا و دوورگەی بەرازی سەر بە کوبایان داگیرکرد و راستەوخۆ سیستێمی موشەکی دژی ئاسمانی کوبایان بۆردومانکرد و ھێشتا ئابلۆقەکەی درێژەی ھەیە.
– کۆنگۆ/ زائیر (١٩٦١): چەتەکانی cia سەرۆک (لۆمەمبا)ی ئەنتی ئەمپریالیستیان تیرۆرکرد. چەتەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.
– لاوس (١٩٦٢): سەرەڕای ئەوەی رێککەوتننامەی ژنێف بوونی سوبای بیانی لە وڵاتی لاوس قەدەغە دەکات، بەڵام ئەمریکا ھێزێکی سەربازی نھێنی”Us- Armee Clandestine” پێکدەھێنێت کە ھێرشیان بۆ (ڤێتنام)یشیان کرد. ئەم سوپایە لە ٣٥ھەزار چەتە پێکھات کە خەڵکی چیانشینی چاندنی مادە ھۆشبەرەکانن و خەرجی سوپاکە لە پارەی بازرگانی بەم مادەیە دابینکرا.
– ڤێتنام (١٩٦٣-١٩٧٥): ئەم وڵاتەش داگیرکرد و لە ئەنجامدا ٣ ملیون ڤێتنامی تیرۆردەکەن، نیو ملیون کەمئەندام و ٩٠٠ھەزار منداڵ بێ دایک وباوک، بەڵام لەدواییدا بەسەرشۆڕی شاربەدەر کرا.
– ئەفریقیای باشوور (١٩٦٣-١٩٩٠): Cia بە فڕۆکەی زانیاری پشتیوانی لە حکومەتی ئەپارتەھایدی (رەگەزپەرەست) و خەباتگێرانیان حیزبی شوعی ئەفریقای باشوور تیرۆرکرد. ١٢٠ ھەزار ئەندامی (ANC) تیرۆرکران و (نیلسۆن ماندیلا) کە ئەنامی لیژنەی مەرکەزی حیزبی شوعی بوو، زیندانی کرد.
– بەرازیل (١٩٦ -١٩٩٠) : کاتێ سەرۆکی ھەڵبژێردراو (Joao Goulart) بە وریاییەوە دەستی بە ریفۆرمی زەوی کرد و سنوری دانا بۆ بڕی ئەو پارەیە کە بۆ دەرەوەی وڵات بڕوات و کۆمپانیایەک کە شەرکی کۆمپانیایەکی بانناسیونالی ئەمریکی (ITT)خۆماڵیکرد، ئەمریکا کودەتایەکی سەربازی رێکخست.
– کۆماری دۆمۆنیکان (١٩٦٣): لەبەر ئەوەی سەرۆکی ھەڵبژێردراو (جوان بوش) دەستی بە چاکسازی کۆمەلایەتی کرد لەلاەین سوپاوە لە دەسەڵات لابرا و، کاتێ خەڵک رژانە سەر شەقام بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکە ھەڵبژاردووەکەیان، ئەمریکا ٢٣ھەزار سەربازی نارد و راپەڕینەکەی دامەرگاندەوە.
– ئیندنوسی (١٩٦٥): لەژی حکومەتی ئەنتی ئیمپریالیستی سوکارنۆ، موخابەراتی ئەمریکی ھەستا بە ئامادەکردنی سوپا. کاتێ (بەرەی گەل) کە پشتیوانی لە سوکارنۆ دەکرد، دەسەڵاتی سوپا لاببەن، ئیتر ھێرش بۆ خەڵک لەلایەن سوپاوە دەست پێکرد و سەدانھەزار کەس تیرۆرکران.
– یونان (١٩٦٧): پاش چەند ھەفتەیەک لە ھەڵبژاردن، cia دەستیکرد بە کودەتا دژ بە حکومەتی دیمرکراتی پاپانئەندریو بەرپادەکەن و لەماوەی یەک مانک ٨ھەزار کەس تیرۆرکرا و پاشان ٧ساڵ لە دەسەڵاتی فاشیستی دەستپێدەکات.
– پۆلیڤی (١٩٦٧): cia کاروباری سوپا دژ بە پێشمەرگەکان بەرێوە دەبات و تشی گیڤارا و ھاوڕێیەکانی تیرۆردەکەن.
– شیلی (١٩٧٠-١٩٧٣): سلڤادۆر ئەلیندی لە ھەڵبژاردنی ١٩٧٠ وەک پاڵێوراوی (بەری گەل) بە زۆرینەی دەنگ بۆ سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرا. کاتێ وەزیری بەرگری وڵات (رینە شنایدەر) بەرووی داواکاری cia بۆ بەرپاکردنی کودەتا، کۆماندۆیەکی نھێنیان نارد و (رینە)یان تیرۆرکرد. ھەروا پاش ٣ ساڵ لە کاری تێکدەرانە و درووستکردنی نائارامی، پیاوی ئەمریکا (ژەنەرال بینوشیت) کودەتاکەی cia جێبەجێکرد و سەرۆک (ئەلیندی)یان تیرۆرکرد. یاریگای سانتیاگۆ کرا بە زیندان بۆ دەیان ھەزار شوعی و چەپ و سەندیکایی و لایەنگرانی سەرۆک حکومەتی دیموکرات و یەک بە یەکیان لەلایەن کۆماندۆی کوشتن، تیرۆرکران و لەوانە سروودبێژی بەناوبانگ (ڤیکتۆر گارا). وەزیری دەرەوەی ئەمریک ( ھنری کیسنجەر) لەبارەی ھەڵویستی حکومەتی وتی: (ناکرێت ببینم و رێگەبدەم بەوەی چۆن وڵاتێک دەبێتە مارکسی، تەنھا لەبەر ئەوەی خەڵکەکەی کەم ئەقڵن).
– ھۆندۆراس (١٩٧٢): پاش گیرکردنی راستەخۆی سوپای ئەمریکا و کودەتای سەربازی لە ساڵی ١٩٧٢، لە ساڵی ١٩٧٥و ١٩٧٨کۆبوونەوەیەک بۆ نووسینی دەستوور دەسەپێنێت کە سۆسیالیست و شوعی و لە ھەڵبژاردن بێ بەشدەکرێن.
– قوبروس (١٩٧٤): ئەمریکا پێکەوە لەگەل حکومەتی فاشیستی یونان کودەتایەک بەرپادەکەن لە دژی حکومەتی دیموکراتی سەرۆک (ماکاریوس) کە لە ھەڵبژاردن دەنگی ھێناوە. ماکاریوس لە ھەوڵی تیرۆرکردنی رزگاری بوو. کاتێ ھێزە دیموکراتەکان حکومەتی دیکتاتۆری فاسیستیان لەناوبرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ لای حکومەتی تورکیا بای دایەوە و قوبرسیان داگیرکرد. ھەزاران کەس تیرۆرکران و ٢٠٠ ھەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بەجێ بھێڵن.
– تەیموری رۆژھەڵات (١٩٧٥): ئەمریکا ئامادەنەبوو دان بە سەربەخۆیی ئەم وڵاتە بنێت کە لە لەلایەن بزووتنەوەی (فریتلین) بانگەوازی بۆ کرا تا لە دەسەڵاتی داگیرکاری پورتوگال رزگاریان ببێت. لەبری ئەوە پشتیوانی لە رژێمی سوھارتۆی ئیندنوسیای کرد کە بەخۆی کرێگرتەی سیاسی و ئابووری ئەمریکایە. لە ئەنجامی ئەم داگیرکردنە ٢٠٠ھەزار ھاوڵاتی تیرۆرکران.
– ئەرژنتین (١٩٧٦): بەسەرپەرەشتی cia کودەتای سەربازی لە د١ی حکومەتی مەدەنی بەرپاکرا. کۆماندۆی کوشتن لەسەر داوای رژێمی ڤیدیلا تیرۆریان لە وڵات بڵاوکرد. ھەزاران تێکۆشەر تیرۆر و بێسەروشوێن کران (دایکانی کۆڕەپانی دی مایۆ تا ئێستا بەدوای چارەنووسی جگەرکۆشەکانیانن). Cia پایتەختی ئەرژەنتین (بۆینس ئایرس) کرد بە بنکەی سەنتڕاڵی خۆی بۆ ئەوەی کۆماندۆی تیرۆرکردنی تێکۆشەران لەسەر ئاستی ئەمریکای لاتین بەرێوەبەن.
– ئەنگۆل (١٩٧٦-١٩٨٢): ئەمریکا بە چەک پشتیوانی لە کۆماندۆی تایبەت دەکات کە ھاوکات لەلایەن حکومەتی رەگەپەرەستی ئەفریقای باشوور پشتیوانی لە ھێزە چەکدارەکان دەکەن کە لە دژ بە حکومەتی رزگاریخوازی نیشتمانی وڵاتەکە دەجەنگن و وڵاتە لەناو جەنگی ناوخۆ وێران دەکەن.
– عیراق – ئیران (١٩٨٠-١٩٨٨):
– ئەفغانستان (١٩٨٠-١٩٩٠)
– نیکاراگوا (١٩٨١-١٩٨٥
– ئێل سلفادۆر (١٩٨١-١٩٩٢)
– فاڵکلاند / مالڤیناس (١٩٨٢)
– لوبنان (١٩٨٢-١٩٨٤)
– گرینادا (١٩٨٣)
– لیبیا (١٩٨٣)
– ھایتی (١٩٨٦)
– پۆلیڤیا (١٩٨٦)
– پەنەما (١٩٨٩-١٩٩٠)
– عیراق (١٩٩١)
– سومالیا (١٩٩٢-١٩٩٤)
– بوسنیا (١٩٩٣-١٩٩٥)
– کرواتیا (١٩٩٥)
– ئەفغانستان (١٩٩٨)
– سودان (١٩٩٨)
– یوکسلاڤی (١٩٩٩)
– ئێستا قۆناغێکی تر لەئارایە و درێژەی سیاسەتی تیرۆر و داگیرکردن و نائارامیە لە جیھان:
– ئابلۆقەدانی رووسیا لە ھەموو قۆڵەکانەوە.
– دەستوەردان لە ئۆکرانیا و پشتیوانیکردنی دارایی و راگەیاندن بۆ نازییە تازەکان،
– ھەڕەشەکردن و ھێرشی راگەیاندن و دامەزراندنی بنکەی سەربازی و سیستێمی موشەکی دژ بە کۆریای باکوور
– کودەتای”سپی” لە بەرازیل
– ئابلۆقەدانی ئابووری فینزەویلا و پشتیوانیکردن لە حیزب و گروپە راستڕەکان و پشێوی و تێکدانی بارودۆخی وڵاتەکە.
لە رۆژی دادوەریی جیھانیی، مەرک بۆ دادگای نیودەوڵەتی ئیمپریالیستەکان!
(زۆر بە کورتی) لیستی جەنگ و تاوان و وەحشیگەرییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، بەلژیکا، سپانیا و ئیتالیا و فەرەنسا و ھۆلەندا دژ بە گەلان و وڵاتان و کەسایەتییە شوعی و دیموکرات و نیشتمانپەروەر زۆر دووروو درێژە. ھیچ یەک لە بەرپرسانی ئەو دەوڵەتانە نەدراون بە دادگای دێنھاک بە ھۆی کۆمەڵکوژی بۆ نموونە لە شیلی، یوگسلافیا، سعودیە، ئیسرائیل، تورکیا و زۆربەی ڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ئاسیا.
نە ژەنەڕال ئۆگۆست ببینۆشیت ھۆی کودەتا خوێناوییەکەی و نە ئەمریکا بە ھۆی ئابلۆقەدانی کوبا لەماوەی ٥٠ سال یان پشتیوانیکردنی ھەمە چەشنەی قاعیدە و داعش و نە بەریتانیا بەھۆی جەنکی فۆکلەند و نە فەرەنسا و بەلژیکا بەھۆی تاونەکانیان لە وڵاتانی ئەفریقا و نە ئەڵمانیاو وڵاتانی تر بە ھۆی وێرانکردن و داگیرکردن و تیرۆر و جەنگ لە یوگسلافیا ولیبیا و سوریا و عیراق یان تورکیا بەھۆی کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی شار و دێھاتی کوردستانیان کە ئەو دادگا ناعادل و نائینسانیە لەئاستیاندا بێدەنگە.
لەدنیایەکی سەیر دەژین: ئێسک و پروسکی قوربانیانی ئەنفال کە بە چەک و کۆمەک و راگەیاندنی وڵاتە ئیمپریالیستەکانی دادگای نیودەوڵەتی بۆ رژێمی فاشیستی بەعس، ئەنجامدراون، ئێستا دەخرێنە بەردەم ئەو دادگا بەدناوە بۆ ئەوەی بە جینۆساید بناسرێت!
ئایا ئەرکی ئێمە ئەوە نیە حکومەتی ئەلمانیا و ئەمریکا و ھوڵەندا و فەرەنساو ھاوشێوەکانیان بەدادگا بدەین؟ بۆچی دادگای “عەدالەت” لەو بارەیەوە بێدەنکە؟ نازانن؟
ئێوە ئەزانن چی ئەکەن؟!
ئێمە پێویستیمان بەدادگای دادپەروەری گەلان ھەیە، نەک دەزگایەکی ئیمپریالیستی ھاوچەشنی بانقی جیھانی، ێندوقی دراوی جیھانی، نەتەوە یەکنەگرتووەکان، ناتۆ …ھتد!
مەرگ بۆ دادگای لاھای!
بۆ کەسوکارانی ئەنفالکراوەکان!
دادگای تاوانی نیودەوڵەتی لە ٢٤/٣/٢٠١٦بێتاوانی سلۆبۆدان میلۆسفیچ (سەرۆکی یوگسلافیا) راگەیاند بەبێ ئەوەی راگەیاندنەکان باسی بکەن. لە ١٩٩٥-١٩٩٢ھێزە ئیمپریالیستەکان وڵاتەکەیان بۆردومان و داگیرکرد و دەیان ھەزار کەس بوونە قوربانی و سەددان ھەزار کەسیش ناچاری ئاوارەیی بوون. سێرجی لافارڤ (وزیرەی دەرەوەی رووسیا) لەبارەی دادگای ئیمپریالیستەکان لە دێنھاگ وتی: ئەم دادگایە زۆر بە سیاسیکراوە و دەبێ بە زووترین کات دابخرێت.).
بە بۆچوونی نووسەری ئەڵمانی و بەرگریکار لە مافی مرۆڤ ( بیرگیتە کویک) دادگای لاھای (گاڵتەجاڕییەکی بێوێنەیە). لە گفتوگۆکەی سبۆتنیک بیرگیتە وتی: (سەرۆکی یوگسلافیا لە ٢٠٠٦ پێشی کۆتاییھێنان بە دادگاییکردنەکەی لە زیندان کوژرا. نابێ ئەم وەحشیگەرێتیە لەبیر بکرێت.). خانم بیرگیتە ھاوکات بەرپرسی رێکخراوی (دایکان دژ بە جەنگ)ە. ئەمەش بەڵگەیەکی ترە لە سەر وەحشیگەری دادگای تاوانەکان لە لاھای.
داوا لە رێکخراوەکان دژ بە جینوساید کردنی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەکەم چیتر روو بەم دادگایە نەکەن… تکایە دووبارە ئەنفالکراوەکان، ئەنفال نەکەنەوە!