لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی ساڵێك دوای‌ پەككەوتنی‌ پەرلەمان .. لەناوخۆ ناكۆكی‌ دەخوڵقێنن‌و لەدەرەوە بەدوای‌ چارەسەردا دەگەڕێن

ساڵێك دوای‌ پەككەوتنی‌ پەرلەمان .. لەناوخۆ ناكۆكی‌ دەخوڵقێنن‌و لەدەرەوە بەدوای‌ چارەسەردا دەگەڕێن

0 تێبینییەکان 21 بینینەکان

parlamankuراپۆرتی: هونەر حمە رەشید
هەموو هەوڵە نێوەنگیرییە ناوخۆییەكان بۆ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان شكستیانهێناوە، تاكە هیوایەك مابێت هەوڵە دەرەكییەكانە، بەڵام نازانرێت ئەوانەش چەندە كاریگەر دەبن.

چوارشەممە (12ی‌ تشرینی‌ یەكەم) یەكساڵی‌ تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر پەككەوتنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، لەو رۆژەدا هێزێكی‌ ئەمنی‌ سەر بەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێگەیان نەدا یوسف محەمەد سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بچێتە ناو هەولێری‌ پایتەخت كە بارەگای‌ پەرلەمانی‌ لێیە، ئیتر لەوە بەدواوە پەرلەمان هیچ كۆبوونەوەیەكی‌ نەكردووە.

ئەوەی‌ ئەو رۆژە روویدا لەبازگەی‌ هەولێر رووداوێكی‌ دابڕاو نەبوو لەرووداوەكانی‌ پێشووتر، چونكە سێ‌ مانگ زیاتر بوو پەرلەمانی‌ كوردستان لەمشومڕێكی‌ قووڵدا بوو لەسەر كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم، لەم نێوەندەشدا هێزە سیاسییەكان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووبوون، بەرەیەك بەڕێبەرایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە پێداگری‌ دەكرد لەسەر مانەوەی‌ بارزانی‌ لەسەر كورسی‌ سەرۆكی‌ هەرێم، بەرەی‌ دووەمیش بەڕێبەرایەتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كە دژی‌ مانەوەی‌ بارزانی‌ بوو، سەرۆكی‌ پەرلەمان سەر بەم بەرەیەی‌ دووهەمیان بوو، بەڵام جڵەوی‌ هێز لەپایتەخت بەدەست بەرەی‌ یەكەمەوە بوو.

مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رۆژی‌ 11ی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ 2015 كۆبوونەوەیەكی‌ بەسەرپەرشتی‌ مەسعود بارزانی‌ رێكخست‌و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری‌ هەڵوەشانەوەی‌ ئەو رێككەوتنەیدا كە لە 17ی‌ نیسانی‌ 2014 لەگەڵ بزوتنەوەی‌ گۆڕان واژۆی‌ كردبوو، لەسەر بنەمای‌ ئەو رێككەوتنەش پۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان درابوو بەبزوتنەوەی‌ گۆڕان.

رۆژی‌ 23ی‌ حوزەیران پەرلەمانی‌ كوردستان دەستیكرد بەگفتوگۆكردن لەسەر هەمواركردنەوەی‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم، چونكە بەپێی‌ ئەو یاسایە مەسعود بارزانی‌ رۆژی‌ 19ی‌ ئاب كۆتایی‌ بەوادەی‌ سەرۆكایەتییەكەی‌ دەهات، ئەم گفتوگۆیەش پەیوەندی‌ نێوان پارتی‌‌و گۆڕانی‌ لەدۆستایەتییەوە گۆڕی‌ بۆ دوژمنایەتی‌‌و پەرلەمانی‌ تیا بووە قوربانی‌.

لەو كاتەوەی‌ ئەو گرفتانە دروست بووە لەسەر ئاستی‌ ناوخۆی‌ كوردستان بەدەیان هەوڵ لەلایەن هێزە سیاسی‌‌و كەسایەتییە دیارەكانەوە دراون بۆ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان، بەڵام هەموویان بێئەنجام بوون.

دواین هەوڵی‌ ناوخۆیی لەلایەن فوئاد حوسێن سەرۆكی‌ دیوانی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو لەمانگی‌ تەمموزی‌ ئەمساڵ، ئەو لەلایەن مەسعود بارزانی‌ راسپێرا بۆ ئەوەی‌ لایەنە سیاسییەكان رێكبخات بەئامانجی‌ چارەسەری‌ كێشەكان‌و كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان، بەڵام ئەم هەوڵەش سەركەوتوو نەبوو.

یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستانیش یەكێك بوو لەو هێزانە چەند جارێك بەو ئاڕاستەیە هەوڵیدا، خەلیل ئیبراهیم ئەندامی‌ ئەنجوومەنی‌ جێبەجێكردنی‌ ئەو حیزبە بە”نیقاش“ی‌ وت “لەماوەی‌ ساڵی‌ رابردوودا چەندین هەوڵ هەبووە بۆ چارەسەری‌ كێشە ناوخۆییەكانی‌ هەرێم‌و كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، بەڵام بەهۆی‌ سووربوونی‌ لایەنەكان لەسەر هەڵوێستەكانیان هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون”.

خەلیل ئیبراهیم وتیشی‌ “لایەنەكان بەو پێشنیازانە رازی‌ نین، كە بۆ چارەسەر دەخرێنە روو، بۆیە هەموو هەوڵەكانیش بەبێ‌ ئەنجام كۆتایی هاتووە”.

ئێستا كێشەی‌ سەرەكی‌ لەنێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕاندایە، لایەنی‌ یەكەم پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم‌و دووهەمیش پۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ لەلایە، ئەم دوو لایەنەش هیچیان ئامادەنین دەستبەرداری‌ داواكانی‌ خۆیان ببن، چونكە پارتی‌ داوای‌ گۆڕینی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان‌و گۆڕانیش داوای‌ گۆڕینی‌ سەرۆكی‌ هەرێم دەكات، هەر لەبەر ئەمەیە ناگەنە هیچ ئەنجامێك.

تەنانەت ئەو زنجیرە كۆبوونەوەیەی‌ فوئاد حسێن سەرۆكی‌ دیوانی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەمانگی‌ تەمموزی‌ رابردوو ئەنجامیدا بەهەمان هۆكار چارەسەری‌ تیا نەدۆزرایەوە، چونكە پێشنیارەكانی‌ ئەو كە لەلایەن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە پشتیوانی‌ دەكرا سەرەكیترینیان بریتی‌ بوو لەوەی‌ گۆڕان خۆی‌ كاندیدێكی‌ تری‌ بۆ سەرۆكی‌ پەرلەمان هەبێت، یاخود پۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان بدرێت بەحیزبێكی‌ تر.

ئێستا هەموو هێزو لایەنەكان دەستیان لەوە بەرداوە لەناوخۆ بیر لەپێكهاتن بكەوەو چاویان لەدەستی‌ دەرەوەیە ئەو كارەیان بۆ بكات.

لەماوەی‌ رابردوودا چەند وەفدێكی‌ وڵاتانی‌ ئەمەریكاو بەریتانیاو فەرەنساو وڵاتانی‌ تری‌ ئەوروپی‌ بەجیا لەگەڵ هێزو لایەنە كوردییەكان كۆبوونەتەوەو داوای‌ چارەسەركردنی‌ كێشەكانیان لێكردوون.

لەو بارەیەوە ئەحمەد كانی‌ بەرپرسی‌ پەیوەندییە عێراقی‌‌و نیشتیمانییەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە”نیقاش”ی‌ وت “ماوەیەكە لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەستیان بەچەند هەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی‌ باوەڕ هێزە سیاسییەكانی‌ هەرێم بهێنن تا چارەسەری‌ كێشەكانی‌ نێوانیان بكەن”.

ئەحمەد كانی‌ وتیشی‌ “نوێنەرانی‌ باڵوێزو كونسوڵی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ لەكۆبوونەوەكاندا داوایان كردووە، لایەنەكان هەوڵبدەن كێشەكانی‌ نێوانیان چارەسەربكەن‌و جەختیان كردووەتەوە بەردەوامی‌ ئەم كێشانە بەسوودی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و لایەنە سیاسییەكانیش تەواو نابێت”.

رۆژی‌ 28ی‌ ئەیلولی‌ رابردوو یوسف محەمەد سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەسویسرا لەگەڵ سەرۆك‌و جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكانی‌ پەرلەمانی‌ ئەو وڵاتە كۆبوەوەو لەلێدوانێكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لەئێستادا لەنێوان پەرلەمانتاران‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و حیزبەكاندا، گفتوگۆ دەكرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی هەرێم‌و گفتوگۆكانیش بەرەوپێشەوە چوون”.

یوسف محەمەد وتیشی‌ “هیوادارم دوای‌ گەڕانەوەش بۆ هەرێمی‌ كوردستان هەنگاوی كردەیی بنرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی هەرێم”، هەر لەوێش داوای‌ لەوڵاتانی‌ جیهان كرد هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ئەوەی‌ هێزە سیاسییەكانی‌ هەرێم بگەنە رێككەوتن.

ئەو هەوڵانەی‌ لەدەرەوە دەدرێن تەنها لەچوارچێوەی‌ داواكارییدا نەماوەتەوە، بەڵكو چەند پرۆژەیەكی‌ چارەسەر خراونەتە روو.

كلاریسا پاستۆری‌ نوێنەری تازە دەستبەكاربووی‌ یەكێتی ئەوروپا لەهەرێمی كوردستان رۆژی‌ 20ی‌ ئەیلول لەشاری‌ سلێمانی‌ لەگەڵ یوسف محەمەد كۆبووەوەو لەبارەی‌ ئەو كۆبوونەوەیەوە سەرچاوەیەكی‌ نزیك لەسەرۆكی‌ پەرلەمان بۆ “نیقاش”ی‌ باسكرد كە نوێنەرەكەی‌ یەكێتی‌ ئەوروپا پرۆژەیەكی‌ پێبووە.

ناوەڕۆكی‌ پرۆژەكە خۆی‌ لەسێ‌ پێشنیاردا بینیوەتەوە كە ئەوانیش بریتی‌ بوون لەوەی‌ یان هەڵبژاردنی‌ پێشوەختە بۆ پەرلەمانی‌ كوردستان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم بەڕێوەبچێت، یاخود  دۆخەكە بەئەمری‌ واقیع تا ساڵی‌ 2017 وەك خۆی‌ بڕوات، بەوەی‌ مەسعود بارزانی‌ لەپۆستەكەی‌ بمێنێتەوەو پەرلەمانیش كارابكرێتەوە، پێشنیاری‌ سێهەمیش بریتی‌ بووە لەوە بۆ ماوەی‌ شەش مانگ پەرلەمانی‌ كوردستان بەم پێكهاتەی‌ سەرۆكایەتییەوە كارابكرێتەوەو لەو ماوەیەدا لایەنەكان‌و فراكسیۆنەكان هەوڵی‌ چارەسەری‌ كێشەكان بدەن، بەوەی‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم هەمواربكەنەوەو دەستەی‌ نوێی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانیش هەڵبژێردرێت.

كامەران سوبحان، راوێژكاری‌ راگەیاندنی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان بە”نیقاش“ی‌ وت “هەوڵەكانی‌ نوێنەری‌ یەكێتی‌ ئەوروپا بەو ئاڕاستەیە كێشەكان چارەسەربكەن، بۆ ئەوەش جگە لەسەرۆكی‌ پەرلەمان لەگەڵ لایەنەكان كۆبووەتەوە”.

لەبارەی‌ بەدەمەچوونی‌ یوسف محەمەد بۆ پێشنیازەكان، سوبحان وتی‌ “لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی‌ پەرلەمان جەختیكردووەتەوە، سەرچاوەی‌ كێشەكان سەرۆكایەتی‌ هەرێمە، هەركاتێك ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، ئەوە ئامادەیە دەستبەرداری‌ پۆستەكەی‌ بێت، ئەوەش لەپێناوی‌ خەڵكدا”.

parlamany kurdبەپێی‌ راگەیەندراوێك كە لەپەیجی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان لەفەیسبووك بڵاوبووەوە، كلاریسا لەكۆبوونەوەكەدا وتوویەتی‌ “كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم بەبنبەست گەیشتووە، یەكێتی ئەوروپا مەبەستییەتی لایەنەكان بگەنە چارەسەرێكی گونجاو، چونكە ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان ڕێگرە لەبەردەم زۆر كار، كە یەكێتی ئەوروپا بەنیازە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات”.

هەرچەندە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان لەكۆبوونەوەیان نوێنەرانی‌ وڵاتان پەرۆشی‌ خۆیان بۆ چارەسەر رادەگەیەنن، بەڵام تائێستا لەسەر ئەرزی‌ واقیع ئەو كۆبوونەوانە هیچ رەنگدانەوەیەكی‌ نەبووە.

محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخەری‌ ژووری‌ پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بە”نیقاش“ی‌ وت “گۆڕان پشتگیری‌ هەر هەوڵێك دەكات بۆ چارەسەری‌ كێشەكان‌و ئامادەیی خۆشمان نیشانداوە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە”.

هەرچی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە ئەویش لەزاری‌ ئەحمەد كانی‌-ەوە بە”نیقاش”ی‌ راگەیاند “پارتی‌ هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە لایەنەكان بەگفتوگۆ بگەن بەرێككەوتن، بەڵام لەگەڵ ئەوە نییە كودەتای‌ بەسەردا بكرێت”.

هەوڵە نێودەوڵەتییەكان تەنها بەیەكێتی‌ ئەوروپاوە نەوەستاوەتەوە، رۆژی‌ 24ی‌ ئەیلولی‌ رابردوو باڵیۆزی ئەمەریكا لەبەغداد، دۆگلەس سیلیمان، لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لەهەولێر، كێن گرۆس سەردانی‌ سلێمانیان كردو لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە.

باڵوێزو كونسوڵی‌ ئەمریكا لەسەردانەكەیاندا بەجیا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسانی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌‌و محەمەد تۆفیق ڕەحیم‌و چەند سەركردەیەكی تری گۆڕان كۆبوونەوە، بەپێی‌ راگەیەندراوی‌ پەیجی‌ كونسوڵگەری‌ ئەمەریكا لەهەولێر، لەكۆبوونەوەكاندا  باڵیۆز سیلیمان هانی لایەنەكانیداوە زاڵبن بەسەر كێشە سیاسییەكانداو كار بۆ چارەسەركردنی ئەوكێشە هەنوكەیی‌و گرنگانە بكەن، كە كاریگەری لەسەر عێراق‌و هەرێم دروستدەكەن.

هاوڵاتیانی‌ كوردستان هەموو رۆژێك لەسەر شاشەی‌ تەلەفزیۆن‌و لەپەیجی‌ فەیسبووكی‌ سەركردە سیاسییەكانەوە دەبینن كە چۆن پێشوازی‌ لەوەفد‌و نوێنەری‌ وڵاتانی‌ دەرەوە دەكرێت، تاكە ئومێدیشیان ئەوەیە ئەو وەفدانە ئاوێك بەئاگرەكەدا بكەن.

هێزە سیاسییەكانی‌ كوردستان سەلماندوویانە ناتوانن لەسەر ئاستی‌ ناوخۆ كێشە قووڵەكانیان چارەسەر بكەن‌و دەبێت لەدەرەوە ناچار بكرێن، زیندوترین نموونەش رێكەتننامەی‌ واشنتۆنە، كاتێك لەدوای‌ چوار ساڵ شەڕی‌ ناوخۆ، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان سەرەرڕای‌ هەموو هەوڵە ناوخۆییەكان، سەرەنجام لەسەر دەستی‌ مادلین ئۆلبرایتی‌ وەزیری‌ دەرەوەی‌ ئەو دەمەی‌ ئەمەریكا لەئەیلولی‌ 1998 گەیشتنە رێككەوتن‌و كۆتاییان بەشەڕەكە هێنا.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە