رەنگە ئەم ناونیشانەی سەرەوە، کەمێک راتبگرێ و پرسیارت لادروست بکات، ئاساییە چونکە خۆشم وابیردەکەمەوە بۆ یەکەم جارە بەشێکتان گوێتان لەم ناونیشانە بێت، ھەربویە لێرەوە مەبەستەکەم روون دەکەمەوە. لەساڵی ١٥٩٢ی میلادی، والی بەغدادی عوسمانلی” جەغالە زادە سنان پاشا”، بڕیاریدا “خان”ێک دروست بکات بۆ ئەوانەی ھات و چۆی بەغدا دەکەن، ناوی خانەکە نرا “خان جغان”، ھات و چۆکردن و مانەوە لەم جێگایە بێ جیاوازی “نەتەوە، ئاین، چین و توێژەکان” بوو، روونتر ھات و چۆکردن و ھاتن و رۆشتن لەم “خان”ە، بەبێ پرسیارو لێپرسینەوە تێدەپەڕی، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەوانەی تواناى داراییان نەبوو.. جیگایان نەبوو بۆ مانەوە و پشوودان له بەغدا، لێرەش “خان جغان” ھاتن و چون و مانەوە و رۆشتن بە ئارەزووی خۆیان و دوور لە ھەمووو یاساو ریسایەک بوو.
ئەگەر بەڕابردووی دەسەڵاتی کوردستانیدا بچینەوە لە ماوەی”٢٤ “ساڵی ڕابردوودا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ھەرچی لایەنی ناشرینی وڵاتانی دوونیا ھەیە لای ئێمە کۆبونەتەوە، ھەر لە سەرەتای راپەڕینەوە ئەوەی دەستی پێکرا، ئاودیوکردنی کەرە ستەکانی “بیناسازی، شارەوانی، ئاوەدانکردنەوە، خزمەتگوزاری” ھەیە ئاودیوی وڵاتانی دراوسێ کرا.
کاتێکیش کە ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ کرا پڕ لە ساختە کاری بوو، تائاستێک وەک ناشرینترین ئەزموون روومان نایە باسی بکەین، ئەوەبوو بریاردرا دوای شەش مانگ ھەڵبژاردن بکرێتەوە، بەڵام پاش چواردە ساڵ حوکمڕانی لەسەر کرا، ئەوکات بووە ئەمری واقیع نەک پێچەوانەکەی کە بڕیاریاندا ھەڵبژاردن بکرێتەوە. سەری زمان و بنی زمانی ئەم دەسەڵاتە دیموکراسیەت بوو، بەڵام تیرۆری کەسانی سیاسی، ھێرش بۆ سەر ڕگایەندکاران و گرتن و زیندانی کردنیان، سوتاندنی بارەگاکان، بوونه پیشەی ئەم دەسەڵاتە.
باسی ئازادییەکان دەکرا بەڵام ئەوەندە سنوورداربوو کە دەبێت زیانی بۆ پەزەکان نەبێت، خۆ باسی دەستاودەستی دەسەڵات مەکەن، ئەوا یان ڕێکەوتن یان شەڕکردن؟ شەڕی ناوخۆ یان برا کوژەییان دروست کرد، ھیچ نەما بە یەکتر نەیکەن، خۆ باسی کارکردن بۆ دانانی بەرنامەیەک بۆ سەربەخۆی ئابووری لە زھنی ئەم بەڕێزانە دانەبوو، تا کار گەشتە ئەوەی یەک مانگ بودجە لە بەغدادەوە نەھات، نەتوانن موچەی ھاوڵاتیان خەرج بکەن.
کە باسی خۆپیشاندانەکان دەکرێت بە فیشەک وەڵام دەدرێتەوە، کەرەستەی خۆپیشاندەران بەردبارانکردنە، کلتووری ئەوەشیان داھێنا کەدەبێت خۆپیشاندەران بارەگای حزبەکان بسوتێنن، پرۆسەی سیاسی لە کوردستان حزبە کان بەڕَێوەیان دە برد بەڵام کلتووری داگرتنی ئاڵای ھەموو حزبەکان لەسەر داوای چە ند گەنجێک بە ناوی خوپیشاندەران خۆی فەرزکرد واتا کلتووری ئیھانەکردنی حزبەکانیان داھێنا، کلتووری تەقەکردنیان لە خۆپیشاندەران داھێنا و چە ندین ھاوڵاتی شەھید و بریندار بوون، لیرە وە دە ڵیم بۆچی ھاووڵاتی شەھید بکرێت ؟ بۆچی بارەگاکان بسوتینرین؟ بەڵی سەدان بارەگا بە قوربانی ھاووڵاتیەکی ئەم هەرێمە بێت بەڵام بۆچی بەمشیوازە ، تا ئاستی ئەوەی کلتووری ئەوەشیان داھێنا لەم ھەرێمەدا بازگەیەک رێگا لە سەرۆکی پەرلەمان بگرێت و بەبڕیاری حزب دەنێردرێتە ماڵەوە، وەزیر ئاگادار دەکرێتەوە بچیتەوە ماڵەوە، کەناڵی راگەیاندن کۆچی پێ دەکرێت دوور لەھەموو یاساو رێساکان. ھەرچی سیمبولی ئەم وڵاتە ھەیە ئیھانە دەکرێت و ھیچ نەماوە بەرامبەرییان نەکرێت، ئەگەر لەگەڵمدا بێت تێکۆشەرو رابردووی پاکت ھەیە، ئەگەر لەگەڵمدا نەبی دوژمن و جاش و خائین و ھتد.
ئەم دەسەڵاتە بەپێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ھاووڵاتیانەوە کاری کردوە و کار دەکا، ئەوەتا گرنگترین داھێنانی ‘پاشەکەوتی موچە’ بوو! دەسەڵات کە نەتوانێت مووچەی کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان دابین بکات کەبەخوێن و قوربانی گرانبەھای ئەوان ئەم حکومرانییە ھاتە کایەوە… دەسەڵاتیک موچەی پیشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی دابین نەکا، دەسەڵاتێک موچەی ماموستایان دابین نەکات کە نەوەکانی داھاتوو پەروەردە دەکەن ،دەسەڵاتێك موچەی فەرمانبەرەکانی پێنەدری کەرۆژانە کاری بەرێوەبردنی دەزگاکانی بۆ دەکەن. ئەرێ لەجێی خۆیدا نییە ناوی ‘خان جغان’ لێبنری لەبری حکومرانی؟
خوێنەرانی بەرێز! ئەم شیوازی حکومرانی لە کوردستان بەپێی یاساوریسا، نە ڕێزگرتنە لە یەکترو نە لە دیموکراسیەت و نە لەئازادی گشتی و نە تاک و نە قبوڵکردنی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و دانانی بەرنامە یە ک بو سەربەخۆی دارایی و ئابوری کوردستان و کاری خزمەتگوزاری، بەڵکوھەرلایەک بە پێی ئارەزووی خۆی و بهرژهوهندیهکانیان کاردەکهن؟ ئە ری ئەمە حوکمڕانیە یان خان جغان؟
ئەبوکاروان