١١ی دێسه‌مبه‌ری١٨٨١
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: زاریا شێخانۆڤە
دۆستان؛
ئه‌مڕۆ ئێمە ژنێک بەخاك دەسپێرین کە خاوەنی دڵێکی گەورەو بێگەردو پڕ لەسۆزو خۆشەویستی بوو، ئەم ژنه‌ش (جێنیی كاڕڵ ماركس)ه، كه له ساڵی ١٨١٤ له”زالس ڤیدل” چاوی به‌جیهان هه‌ڵهێناوه.
باوكی “جێنیی” یه‌كێك لە ئه‌شراف زاده‌كانی هەرێمی”ڤێست فالن ” بوو. لە (تیریر) له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری كاڕل ماركس بوون به‌ئاشناو به‌م شێوه‌یه دۆستایه‌تییه‌كی به‌هێز له‌نێوانی ئەم دوو خێزانە هاته‌كایه‌وه؛ جێنیی و ماركس هه‌رله‌مناڵییه‌وه پێكه‌وه گه‌وره‌بوون و كاتێكیش ماركس بۆ چوونە زانکۆوخوێندنی باڵا ڕوویكرده بەرلین، جێنی لەگەڵ مارکس… له مێژ بوو بڕیاری ئه‌وه‌یان دابوو، لەئایندەدا ببن بەهاوسەری یەک و چارەنووسیان پێکەوە گرێدەن.
جێنیی وماركس له‌ساڵی ١٨٤٣ زه‌ماوه‌ندیان گێڕا‌و بوون به‌هاوسه‌ری یه‌ك. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ماركس وه‌ك سه‌ر نووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی “ڕاینیشه سایتونگ” ناوبانگی پەیداکردبوو. ئه‌م ڕۆژنامه‌یه له‌لایه‌ن ڕژێمی پرۆسه‌وه به‌سه‌ختی كه‌وتبووه ژێر چاودێری و تووندوتیژییه‌وه. ئیترهه‌رله‌وكاته‌وه به‌شداری جێنیی له‌خه‌بات وتێكۆشانی چینی کرێکار‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی لاوه‌كیانه نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و ئەرکی بەشێک لەم خەباتەی بەتێگەیشتنێکی مەزن و بەشۆڕوشەوقێکی پرشنگدارەوە لە ئەستۆ گرتبوو.
ئه‌م دوو هاوسه‌ره گه‌نجه ڕوویان كرده پاریس؛ بەڵام هه‌ر به‌زوویی په‌نابه‌رییه‌كی ئازادانه، گۆڕدرا به دوورخستنه‌وه‌یه‌كی سه‌پێندراو. ڕژێمی پرۆس ته‌نانه‌ت له پاریسیش ماركسی خستبووه ژێر چاودێری و زه‌خت وزۆری خۆیه‌وه. به‌داخ ونیگه‌رانیه‌كی زۆره‌وه ئه‌بێت ئه‌وه‌ش ڕابگه‌یه‌نم، كه كه‌سێكی وه‌ك”ئا.ڤ. هومبۆڵدت” ئه‌وه‌ی دركاند، كه هاوشان له‌گه‌ڵ ڕژێمی پرۆس نه‌خشی هه‌بووه بۆ گووشارخستنه سه‌ر ماركس، تاڕژێمی “لوئی فلیپ” ماركس له‌فه‌ره‌نسه دووربخاته‌وه. ماركس به‌ناچاری ڕوویكرده برۆكسل، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی فێبراوه‌رو له‌گه‌رماوگه‌رمی ئه‌ونائارامییانه‌ی كه‌به‌هۆی ئەم شۆڕشه‌وه هاتنه‌كایه‌وه، پۆلیسی به‌لجیكا نه‌ك هه‌ر ماركس ، به‌ڵكو به‌بێ هیچ پێشه‌كی و بیانوویه‌ك هاوسه‌ره‌كه‌شی خسته زیندانه‌وه.
گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی بارودۆخی شۆڕشگێڕانه له ساڵی ١٨٤٨بوون به‌هۆكارێك بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی مه‌نفایه‌كی تازه.
سه‌ره‌تا بۆ پاریس، له‌دوواییدا به‌هۆی ده‌س تێوه‌ردانی پۆلیسی فه‌ڕه‌نسه‌وه بۆ له‌نده‌ن. ئه‌مجاره‌یان مه‌نفا برێتی بوو له‌ژیانێكی سه‌خت وپڕ له‌هه‌ژاری. سه‌ره‌ڕای ده‌سكورتی و ته‌واوی ئه‌وبه‌دبه‌ختی وده‌رده‌سه‌ریانه‌ی كه‌له دوورخراوه‌ییدا دامێن‌گیری جێنیی و مارکس بوونه‌وه‌و ته‌نانه‌ت بوونه هۆی گیان له‌ده‌سدانی سێ مناڵیان، كه‌دووان له‌وانه هێشته هه‌ر جوانكاره بوون، به‌ڵام جێنیی بەخۆڕاگرییەکی بێ هاوتاوە، توانی به‌سه‌ر ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌دا زاڵ‌بێت؛
كه‌چی سه‌رجه‌می ئه‌وپارتانه‌ی کە له‌سه‌ر كار یاخۆ له ئۆپۆزیتسیۆن دابوون وه‌كو(ده‌ره‌به‌گه‌كان،لیبراڵه‌كان و به‌ناوه دیموكراته‌كان) هاوكات له‌گه‌ڵ ته‌واوی میدیا‌و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، تێكڕاو پێكه‌وه‌و بێ هیچ جیاوازییەک، هاوپه‌یمان بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هاوسه‌ره‌كه‌ی جێنی..مارکس، له‌ژێر زۆر‌و زه‌خت و هه‌ژاری و سوکایەتی پێکردن و درۆهەڵبەستاندا بتلێننه‌وه.
ماركس ده‌بووایه به بێ هیچ یارمه‌تی و كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌رگری لە به‌رامبه‌ری ئه‌و هه‌موو سوكایه‌تی پێكردن و خوارژماردنانە بووه‌ستێته‌وه، كه تاساڵانێكی زۆر درێژه‌ی هه‌بوو و بەسەختی جێنیی تووشی ئازار‌و نیگەرانی دەکرد،
به‌ڵام ئاخرییه‌كه‌ی ئه‌م باروودۆخه كۆتایی پێهات. هه‌نگاو به‌هه‌نگاو چینی كرێكاری ئه‌وروپا هاته ناو ململانێ و چوارچێوه سیاسیه‌كانی خۆیەوە، ئه‌مه‌ش گه‌شه‌ی دا به‌خه‌بات و ئاكسیۆنه‌كانی چینی كرێكار. سه‌مه‌ره‌ی ئه‌م هۆشیارییه‌ش بووه هۆی پێكهاتنی یه‌كه‌م” ئه‌نته‌رناسیۆنالی کرێکاری و یەکێتی کرێکاران”… ڕه‌وتی ئه‌م گه‌شه‌یه‌ش، یه‌ك له‌دووای یه‌ك میلله‌ته شارستانییه‌كانی كێشایه ناوجه‌رگه‌ی خه‌بات وتێكۆشانه‌وه.له‌م خه‌باته‌شدا هاوسه‌ره‌كه‌ی جێنیی.. یانی كاڕڵ ماركس به‌هه‌موو تووانایه‌وەو تا دووا هه‌ناسه، یەکێک لە پێشڕەوترین و شێلگێڕترین خەباتگێرو شۆڕشگێڕی سەنگەرەکانی پێشەوەی چینی کرێکاری پێکدەهێنا.
ئاخرییه‌كه‌ی سه‌رده‌مێك هاته پێشه‌وه كه ئێش و ئازاره‌كانی ڕابردووی جێنیی ڕوو له‌ساڕێژ بوونه‌وه‌كه‌ن.
ئه‌و له‌ژیانیدا شایه‌دی ئه‌وه‌بوو، كه‌چۆن سوكایه‌تی و بێ ڕێزی و بوختان هێنانه‌وه‌ی نه‌یاران، كه‌وه‌ك ته‌زره به‌سه‌ر مێرده‌كه‌یدا ده‌بارین، وه‌ك کاو پوش وپەڵاشی هاوین تۆزیان بچێ به‌ئاسماندا. ئه‌و له‌ژیانیدا ئه‌وه‌ی به‌چاوی خۆی بینی، كه‌چۆن جیهانبینی و زانستی هاوسه‌ره‌كه‌ی كه كۆنه‌په‌رستانی هه‌موو وڵاتانی دنیا لەهەوڵدابوون پێش به‌گه‌شه‌ی بگرن، ئێسته ئازادانه‌و سه‌ركه‌وتووانه له‌ناو هه‌موو میلله‌ته شارستانی و زمانه شارستانییه‌كاندا گوێگروو خوێنه‌ری خۆی هه‌یه‌و ڕۆژ به‌ڕۆژیش گه‌شه‌ده‌كاو په‌ره‌ده‌سێنێ. ئه‌و شایه‌دی ئه‌وه بوو، كه‌چۆن بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران باوه‌ڕ به‌سه‌ركه‌وتنی خۆی دەهێنێ وچۆن ئه‌م شۆڕشگێڕییه هه‌ر له‌ڕووسیاوه تا ئه‌مه‌ریكای گرتۆته‌وه..
پێش لەمەرگی دووا دڵخۆشی “جێنی” ئەو هه‌واڵه بۆمب ئاسایه بوو…كه‌سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌ست و یاسا وڕێسایانه‌ی كه ڕژێمی پاشایه‌تی به پاڵپشتی په‌رله‌مانه‌كه‌ی بۆ پێشگرتنی چینی كرێكارله هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێنابوویه كایه‌وه، كه‌چی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چینی كرێكار تووانی به‌به‌ڵگه‌وه ئه‌وه نیشاندا، كه ئه‌م چینه خاوه‌نی هێزو توواناییه‌كی مەزنەو ئەتوانێت هه‌موو ئه‌وبه‌ربه‌ستانه تێك بشكێنێ كه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چینی كرێكار له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هاتبوونه ئاراوە. به‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی دووایی، بۆخۆی ده‌لیلێك بوو بۆ هێزو توانای چینی كرێكار.”١٨٣*..(لەساڵی ١٨٨١ سۆسیال دێمۆکراتەکان توانییان ٣٠٠٠٠٠هەزار دەنگ بەدەسبهێنن)
جێنیی نموونه‌ی ژنێكی هۆشیارو تێگه‌یشتو بوو، هه‌ڵسه‌نگێنه‌رێكی به‌رز له‌بارودۆخه ناهه‌مواره‌كاندا. خاوه‌نی زمان و به‌یانێكی سیاسی پته‌ووچڕ، كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌رشار له‌وزه‌و توانا‌و شۆڕوشه‌وقی شۆڕشگێڕانه، به‌ردبارو لێبوردوو به‌رامبه‌ر هاورێ خه‌باتكاره‌كانی، ئه‌مه‌ش خۆی نه‌په‌ستاوه‌ته ناو دامووده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه، له‌ناو گۆڤار‌و وتاری ڕۆژنامه‌و ساڵنامه‌كاندا له‌گۆشه‌یه‌ك ئیشاره‌ی پێنه‌كراوه، به‌ڵام زۆرن ئه‌وكه‌سانه‌ی كه بۆخۆیان له‌نزیكه‌وه بینه‌رو هه‌ستپێكه‌رو دانپێدانەری ئه‌مه بوون . من ئه‌وه ئه‌زانم ، ئه‌گه‌ر گیان لەدەسدان و کۆچی ژنە شۆڕشگێڕەکانی”کۆمۆنە”زۆر جار یادبكرێنه‌وه، ئه‌وه ئێمه‌و كه‌سانێكی زۆریش به‌رده‌وام و هه‌میشه…
_ یادی ئازایه‌تی و خۆڕاگری و هۆشیاری و پێشنیاره جوانه‌كانی “جێنی” ده‌كه‌ینه‌وه‌و جێگای ئه‌و له‌ناوئێمه‌دا خاڵیه – جێنی ژنێکی ئازا‌و شۆرشگێڕبوو، ئەمەش لە پەیوەند شانازی نەکردن بەوەی شتێکت لەدەستدابێت و یاخۆ شتێکت بەخشیبێت. جەسورو خۆڕاگر‌و شۆڕشگێڕ، بەبێ خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشان .
له‌نده‌ن ٤. دیسامبه‌ری ١٨٨١
فریدریش ئه‌نگێڵس
بڕوانه
Marx Engels Werke
Band 19.
Friedrich Engels..
Rede am Grab von Jenny Marx.
Seite293.