لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ئێزدییەكان چادری‌ ئاوارەییان كردووە بەهەواری‌ خۆشەویستی‌

ئێزدییەكان چادری‌ ئاوارەییان كردووە بەهەواری‌ خۆشەویستی‌

0 تێبینییەکان 11 بینینەکان

hawsargiry-yazidyakanزەماوەندەكەی‌ كوڕ‌و كچە گەنجەكە، تەنانەت رێورەسمی‌ سادە‌و ساكاریشی‌ بۆ رێكنەخرا بوو، تەنها خواردنێكی‌ كەم بۆ میوانان ئامادەكرابوو، شایی‌‌و هەڵپەركێ حەوت رۆژییەكەی‌ شەنگال بەنسیبی‌ دوعا حەیدۆ‌و یوسف حەسەن نەبوو، وەك وەفایەك بۆ قوربانیەكانیان، پابەندی‌ بریاری‌ گەورەكانیان بون‌و بەبێدەنگی‌ چونە ناو كەژاوەی‌ زێڕینەوە.
دوعا‌و یوسف، لەكەمپێكی‌ ئاوارەكانی‌ ئاشتی‌ لەسلێمانی‌ لەناو ئۆتۆمبێلێكدا دابەزین كە هیچ لەئۆتۆمبێلی‌ بوك زاوا نەدەچوو، بێ‌ هەل هەلە لێدان‌و گۆرانی‌ دەستیان لەناو دەستی‌ یەك بوو خۆیان كرد بەنێو ئەو چادرەدا كە بریاریانداوە بیكەنە هەواری‌ خۆشەویستیان.
هاوسەرگیرییەكە كاتێك بەرێوەچوو، تینی‌ تیشكی‌ خۆر تادەهات گەرمتر دەبوو، دوعا حەیدۆ خەڵكی‌ بەعشیقەیە لەباكوری‌ خۆرهەڵاتی‌ موسڵ‌و لەمانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2014ەوە ئاوارە بووە، ئەو بە”نیقاش”ی‌ وت “ئێمە وەك ئێزیدییەكان لەوكاتەوەی‌ ئەو كارەساتەمان بەسەر هاتووە دڵمان شكاوەو هەموومان غەمبارین، ناكرێت لەكاتی‌ ئێستادا ئاهەنگ‌و دیلان بگێڕین”.
دوعا، پێداگری‌ كرد لەوەی‌ “تائێستا ژمارەیەكی‌ زۆر لەكچ‌و ژنەكانمان لەدەستی‌ رێكخراوی‌ داعشدان، بۆیە هیچ كچ‌و كوڕێكی‌ ئێزدییەكان بیر لەوە ناكاتەوە لەهاوسەرگیرییەكەیدا ئاهەنگ‌و خۆشی‌ بگێرێت”.داعش كاتێك هێرشی‌ كردە سەر ناوچە ئێزدینشینەكان پاساوی‌ “كافربون”ی‌ كردە بیانوی‌ هێرشەكانی‌ بۆ سەر ئێزیدیەكان _پێكهاتەیەكی‌ ئاینی‌ سەربەخۆن‌و زۆرینەیان لەعێراق‌و سوریا نیشتەجێن_ كە سەدان ساڵ بوو پێكەوە لەگەڵ موسڵمان‌و مەسیحیەكاندا بەئاشتی‌ دەژیان.
هەرچەندە داعش بەنیازی‌ سڕینەوە یەكجاری‌ ئێزیدیەكان هێرشیكرد، توانی‌ برینێكی‌ قوڵ بخاتە سەر دڵیان، بەڵام ئەوەی‌ بەتەمای‌ بوو بۆی‌ نەچووەسەر، ئێزیدیەكان كۆڵیان نەداو لەئاوارەییدا جارێكی‌ تر دەستیان بەژیان كردەوە.
ئێستا كەمپی‌ ئاشتی‌ لەناحیەی‌ عەربەت_20 كم لەباشوری‌ رۆژهەڵاتی‌ سلێمانی‌_، كەم رۆژ هەیە هاوسەرگیرییەكی‌ تێدا بەرێوەنەچێت، بەشێكی‌ هاوسەرگیرییەكان كوڕ‌و كچە ئێزیدیەكان بەپێی‌ داب‌و نەریتی‌ خۆیان ئەنجامی دەدەن.
دوعا‌و یوسف، بەرێكەوت یەكتریان ناسیوە، دوای‌ دووجار پەیوەندیكردن بڕیاری‌ هاوسەرگیریان داوە، بەپێی‌ دابونەریتی‌ ئێزیدیەكان خۆشەویستی‌ پێش هاوسەرگیری‌ رێگە پێنەدراوە. دوعا دڵی‌ بەهاوسەرگیرییەكەیان خۆشە‌و پێباشە ئاوارەیی‌ نەكرێتە بیانو بۆنەچونە ناو كەژاوەی‌ زێڕینەوە.
یوسف حەسەن، پشتگیری‌ لەقسەی‌ هاوسەرەكەی‌ كرد‌و بە”نیقاش”ی‌ وت “راستە ئێمە ئاوارەین، بەڵام دەكرێت بیر لەژیانی‌ خۆشمان بكەینەوە، هیوادارم كوڕ‌و كچەكانی‌ تریشمان بەئاواتی‌ خۆیان بگەن”.
دانیشتوانی‌ كەمپی‌ ئاشتی‌ پێكهاتون لەئاوارە ئێزیدیەكانی‌ شەنگال‌و عەرەبەكانی‌ پارێزگای‌ موسڵ‌و سەلاحەدین، دوو هەزارو 700خێزانن، 300خێزانیان ئێزیدین‌و 2هەزارو 400 خێزانیشان عەرەبن، كۆی‌ دانیشتوانەكەی‌ پێكدێن لە 15 هەزار كەس.
بەهۆی‌ دروستبونی‌ شەڕی‌ داعش لەعێراق‌و سەرهەڵدانی‌ ئاڵۆزیەكانی‌ سوریا، لەماوەی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردودا ژمارەیەكی‌ زۆر ئاوارە رویان لەهەرێمی‌ كوردستان كردووەو بەپێی‌ ئاماری‌ دەزگا فەرمییەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم، ژمارەیان یەك ملیۆن‌و 954 هەزار كەس دەبوو، زۆرینەیان لەكەمپەكاندا جێگیركراون، 40 كەمپ لەهەرێمدا هەن.
پەیام سەلام بەرێوەبەری‌ كەمپی‌ ئاشتی‌، بە”نیقاش”ی‌ وت “لە 8ی‌ ئابی‌ 2014وە كەمپی‌ ئاشتی‌ كراوەتەوە تاكو ئێستاش بەردەوام هاوسەرگیری‌ ئەنجام دەدرێت، هەموو هەفتەیەك سێ‌ هاوسەرگیری‌ لەكەمپی‌ ئاشتی‌ ئەنجام دەدرێت”.
ئێزیدیەكان بریاریانداوە هاوسەرگیریەكان بەبێدەنگی‌ بەرێوەبچن، هەر كوڕو كچێك ئاهەنگ بگێڕن ئەوان بەشداری‌ تێدا ناكەن.
بەشێك لەكوڕ‌و كچە ئێزیدیەكان لەخوار تەمەنی‌ 18 ساڵیەوە هاوسەرگیری‌ دەكەن، بەتەنها لای‌ شێخەكەیان لەیەكتر مارە دەكرێن‌و لەدادگانی‌ هەرێمدا مامەڵەی‌ فەرمیان بۆ ناكرێت، هیچ بوكێكی‌ نوێش نیە بەبێ‌ كردنی‌ بڕێك زێڕ لەلایەن ماڵ باوكی‌ زاواوە بچێتە ناو ژیانە تازەكەی‌.
شێخ شەمۆ موراد، شێخی‌ ئێزیدیەكان لەكەمپی‌ ئاشتی‌ كە كوڕ كچەكان لەیەكتر مارە دەكات، بە”نیقاش” راگەیاند پێشتر لەشەنگال حەوت رۆژ ئاهەنگ دەگێڕدرا بۆ بوك‌و زاوا‌و دەعوەت‌و پیرۆزبایكردن هەبوو.
وتیشی‌ “ئێستا كە داعش ئەو كارەساتەی‌ بەسەردا هێناین، هیچ ئاهەنگێك ناگێڕین، ئەگەر كەسێكیش ئەوە بكات هیچ كەسێك ناچێتە ئاهەنگەكەیان”.
بەپێی‌ دابونەریتی‌ ئێزیدیەكان سەرەتا كوڕ لەگەڵ باوكی‌‌و چەند كەسێكی‌ دیكەو شێخەكەیان دەچنە ماڵی‌ كچەكەو خوازبێنی‌ لەباوكی‌ دەكەن، ئەگەر ماڵی‌ كچەكە رازی‌ بون ئەوا پیرۆزبایی‌ لەكچەكەو كوڕەكە دەكەن، پاشانیش كچ‌و كوڕەكە دەچنە ماڵی‌ شێخەكەو بەپێی‌ دابونەریت‌و رێورەسمی‌ ئاینی‌ خۆیان لەیەكتریان مارە دەكات.
ئەگەر باوكی‌ كچەكە رازی‌ نەبێت ئەوا كچ‌و كوڕەكە بەیەكەوە دەچن بۆ ماڵی‌ شێخی‌ ئێزیدیەكان، یان لەماڵی‌ خزمێكیان مارە دەكرێت بەبێ‌ رەزامەندی‌ ماڵی‌ كچەكە، تا ئەوكاتەی‌ ماڵی‌ كچەكە رازی‌ دەبن یان ئاشت دەبنەوە.
لەماڵی‌ شێخی‌ ئێزیدیەكان هێمای‌ پەرستگای‌ لالش _پەرستگای‌ گەورەی‌ ئێزدیدیەكان لەباكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان_ هەڵواسراوەو دوعای‌ تایبەت بەخۆیان دەكەن، پێش هاتنی‌ داعش لەزێدی‌ خۆیان ئەو مەراسیمە لەپەرستگادا ئەنجام دەدرا.
جگە لەدوعا‌و یوسف ژمارەیەكی‌ زۆر لەكوڕو كچانی‌ ئێزیدی‌ لەكەمپەكەدا دەستیان بەژیانێكی‌ نوێ‌ كردوە، عێفان خدر (19 ساڵ) خەڵگی‌ گوندی‌ دیبا شێخ خدر لەشەنگال، نزیكە دوو مانگ‌و نیوە لەگەڵ سافیناز عەمر (13 ساڵ) هاوسەرگیری‌ كردوە، لەخێمەیەكی‌ تەنیشت ماڵ باوكی‌ زاوا پێكەوە‌و بەخۆشەویستیەوە شەنی‌ رۆژگار دەكەن.
عێفان‌و سافیناز لەئاوارەیدا یەكتریان ناسینەوە‌و هیچ یەكێك لەئەندامانی‌ خێزانەكەیان نەكەوتووەتە دەست داعش، بۆ پرۆسەی‌ هاوسەرگیرییەكەیان گەڕانەوتەوە بۆ لای‌ شێخەكەیان لەقەزای‌ شێخان لەوێ‌ لەیەكتر مارە كراون.
ئەو كوڕ‌و كچانەی‌ لەكەمپەكەدا هاوسەرگیری‌ دەكەن، روبەروی‌ چەند گرفتێك دەبنەوە، وەك ئەوەی‌ بەسەر عێفان‌و سافینازدا هات، دوای‌ سێ‌ مانگ چاوەروانی‌ ئینجا خێمەیان وەرگرتووە، بوك‌و زاوا تازەكەش سەرەتا خێمەیان وەرنەگرتوە‌و لەناو خێمەی‌ باوكی‌ زاوادا مانگی‌ هەنگوینیان بەرێ دەكەن.

گرفتێكی‌ تر كە ژیانی خێزانە تازەكانی‌ هاوشێوەی‌ ماڵە باوانیان روبەروی‌ نارەحەتی‌ زیاتر كردوەتەوە، نەبونی‌ دەرفەتی‌ كار‌و سەرچاوەی‌ داهاتە ئەوەش بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە لەهەرێمی‌ كوردستان كە زیاتر لەدوو ساڵە درێژەی‌ هەیە، ترس لەتارمایی‌ داعشیش وای‌ لێكردون جارێك بیر لەگەڕانەوە نەكەنەوە‌و بەژیانی‌ ئاوارەی‌ رازی‌ بن، هاوسەرە نوێكان‌و ئاوارە ئێزیدیەكان كۆكن لەسەر ئەوەی‌ تا گرەنتی تەواویان پێنەدرێت بارەگە‌و بنە نەپێچنەوە بەرەو نیشتمانی‌ خۆیان.
ئەم راپۆرتە كاری‌ تیمی‌ پەیامنێرانی‌ نیقاشە وەك بەشێك لەراهێنانی‌ خولی‌ تایبەتی‌ نیقاش لەشاری‌ سلێمانی‌.
بەشداربوان: مەعاز فەرحان، هێمن حەسەن، شاڵاو محەمەد، دەشتی‌ عەلی‌، سەلام هانەدنی‌، جوانڕۆ محەمەد.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە