فرزه‌ند شێركۆ:
ماكیاڤیلی له ئامۆژگاریدا بۆ میر داوای لێده‌كات كه ئه‌گه‌ر ویستی برینێك بخاته جه‌سته‌ی پیاوێكه‌وه، ده‌بێت ئه‌و برینداركردنه خێرا و به‌هێز بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ترس و رووبه‌ڕووبونه‌وه دروست نه‌كات، وه‌كو سه‌جادپور تێبینیكردووه، سه‌رانی كوده‌تاكه‌ی توركیا, پێناچێت بیریان له‌م ئامۆژگارییه كردبێته‌وه، چونكه ره‌وتی كوده‌تاكه‌ی( ١٥)ی ئه‌م مانگه له توركیا, هیچ ئاماژه‌یه‌كی تیانه‌بوو بۆ روخاندنی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان. كوده‌تا چییه‌كان, نه سه‌رۆكی وڵاتانیان ده‌ستگیر كرد, نه به‌رپرسانیان راونا و نه توانیان هاتوچۆ قه‌ده‌غه بكه‌ن. یان برینێكی قوڵ و خێرا و به‌هێز له جه‌سته‌ی سیستمی سیاسی توركیادا جێبهێڵن.
به‌پێی ئامارێكی ساڵی ٢٠٠٦, كۆی گشتی دانیشتوانی توركیا زیاتر بووه له (٧٠) ملیۆن كه‌س. له‌و ژماره‌یه, ته‌مه‌نی( ٢٦) ملیۆن كه‌سیان له‌نێوان (٢٠-٤٩) ساڵدا بووه. ئه‌و ساڵه, توركیا خاوه‌نی (٥١٤) هه‌زار سه‌ربازی ئاماده و ٣٧٨ هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گ بووه، توركیا ١٢ ملیار دۆلاری وه‌كو بودجه بۆ سوپا ته‌رخانكردووه كه زیاتربووه له ٪٥ی كۆی داهاتی نیشتمانی توركیا.
ساڵی ٢٠١٤, ژماره‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا گه‌یتشتۆه زیاتر له ٦٠٠ هه‌زار سه‌رباز كه ٣٨ هه‌زاریان ئه‌فسه‌ر بوون.
ئایا له‌ناو دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازى توركیادا, چه‌ند كه‌س به‌شدارییان كردوه له كوده‌تاكه‌ی ١٥ی مانگ دا؟
ئاماره‌كانی حكومه‌ت ده‌ڵێت ٢٠٠ كه‌س كوژراون و ١١٠٠ كه‌س بریندارن (كه مه‌ده‌نی و سه‌ربازیین) و ١٥٦٣كه‌سیش ده‌سگیركراون .
هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له به‌شداریی (٤٠) ئه‌فسه‌ر ده‌كه‌ن له كوده‌تاكه‌دا، ئایا ده‌كرێت به (٤٠) ئه‌فسه‌ر و سه‌دان سه‌رباز, كوده‌تای سه‌ربازیی بكرێت له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا؟ چونكه ئه‌م هێزه بچوكه نه‌ك ته‌نها به‌شی كۆنترۆڵكردنی توركیا ناكات, به‌ڵكو نه‌یانویست به‌رگری له مانه‌وه‌ی خۆشیان بكه‌ن له باره‌گای كه‌ناڵی (تی ئار تی)دا.
ئایا ئه‌م كوده‌تایه تا چه‌ند هه‌وڵێكی راسته‌قینه‌ی جدی بووه له‌لایه‌ن سوپاوه؟به‌تایبه‌ت كه سه‌ركردایه‌تی سوپای توركیا, خۆیان بێ به‌ری كرد له كرداره‌كه سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش به‌كاری گروپێكی ناو سوپای له‌قه‌ڵه‌مدا و ده‌ستبه‌جێش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان فه‌تحولڵا گوله‌نی تۆمه‌تباركرد به ئه‌نجامدانی كوده‌تاكه.
له یه‌كه‌م په‌یامی دا, ئه‌ردۆگان له ئه‌زمیره‌وه (بۆچی كاتی كوده‌تاكه له پایته‌خت نه‌بووه؟) داوای له هه‌وادارانی كرد ده‌ست به‌سه‌ر شه‌قام دا بگرن، ده‌ستبه‌جێ دوای ئه‌م په‌یامه, ده‌زگای هه‌واڵگری میت كه هه‌شت هه‌زار كادری مه‌ده‌نی و نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش چه‌كداری رێكخراوی هه‌یه (چۆن ئاگاداری پیلانی كوده‌تاكه نه‌بوون؟), رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له نیوه‌شه‌وی ١٥\١٦ی ئه‌م مانگه‌دا, به سه‌دان ئاڵای توركیاوه, (چۆن ئاماده‌یان كردبوو؟) روبه‌ڕوی هێزه كوده‌تا چییه‌كه بونه‌وه و (بێ به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆ) سوپایان راونا.
ئه‌مه جگه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش, فه‌رمانده‌یی گشتی ژه‌ندرمه, ژیته‌م, هه‌واڵگریی سه‌ربازیی و هێزه‌كانی پاسه‌وانی گوند كه به‌شدارییان كرد له”خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری” و دورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوده‌تاچییه “عه‌لمانییه‌كاندا”.
عه‌سكه‌ر له توركیا, خۆی وه‌كو پارێزه‌ری ئایدیۆلۆژیای كه‌مالیزم نیشان ده‌دات. دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی (به‌تایبه‌ت سوپا) مافی ئه‌وه‌ی به‌خۆی داب‌و كه بۆ پارێزگاریكردن له ده‌ستوری عه‌لمانی ده‌وڵه‌ت, ده‌توانێت هه‌ركات هه‌ستی به پێشێلكردنی ده‌ستور كرد, ده‌ستێوه‌ردان (یان كوده‌تا) بكات. ئه‌م دۆخه له ئاماده‌یی عه‌سكه‌ر بۆ ده‌ستێوه‌ردان, به درێژایی نیوه‌ی دوه‌می سه‌ده‌ی بیست به‌رده‌وام بووه.
پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ئیسلامگه‌را له ٢٠٠٢ دا هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی برده‌وه‌و له ٢٠٠٧ه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عه‌سكه‌ر چووه قۆناغی به‌ریه‌ككه‌وتن.
عه‌سكه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یان له ده‌وڵه‌تی عه‌بدولڵا گول كرد كه”بۆ پارێزگاریكردن له ستره‌كچه‌ره له نه‌گۆڕه‌كانى كۆماری توركیا” ئاماده‌ن ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن(١٢).
له‌م كاته‌وه, حكومه‌تی ئیسلامگه‌را و دواتریش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان به هاوكاریی ده‌زگای هه‌واڵگریی میت ستراتیژی ریشه‌كێشكردنی عه‌لمانییه‌كانی ناو سوپایان داڕشت و تا ئێستا سه‌دان ئه‌فسه‌ری ئه‌و ده‌زگایه‌یان به تۆمه‌تی جیاجیا ده‌ستگیر و به‌ركه‌نار كردووه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌گوترێت, ئه‌ردۆگان دژی كه‌مالیزم نییه به دیوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یدا, به‌ڵكو به گوتار و كردار سه‌لماندویه‌تی كه “كوڕی ئه‌تاتوركه” له جڵه‌وكردنی ناسیۆنالیزمی كوردی دا.
ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت له بچوككردنه‌وه و “پاككردنه‌وه‌ی عه‌سكه‌ر”, ریشه‌كێشكردنی سیكۆلاریزم و نه‌یارانی سیاسییه (له‌وانه‌ش فه‌تحولڵا گوله‌ن) له راڕه‌وه‌كانی دروستكردنی بڕیاری توركیادا.
شكستی كوده‌تاچییه‌كان, كۆتایی هێنا به مێژووی ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌ر له توركیا و له‌مپه‌ڕێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م هه‌مواركردنی ده‌ستوری توركیا و تاكگه‌رایی ئه‌ردۆگان دا هه‌ڵگرت و شه‌رعییه‌تی ریشه‌كشێكردنی نه‌یارانی پێدا.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆگان داوای كرد ده‌سته‌ى ئه‌ركانی سوپا, په‌له بكات له پاككردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی عه‌سكه‌ری له “نه‌یاران” و داوای مانه‌وه‌ی پشتیوانه‌كانی كرد له‌سه‌ر شه‌قام تا كۆتاییهاتنی پاكسازییه‌كان .
جگه له د. عه‌لی قه‌ره‌داغی ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتیی زانایانی موسوڵمان, میری قه‌ته‌ر و بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و به‌دوای ئه‌مانیشدا سه‌رجه‌م گروپه ئیخوانییه‌كان پیرۆزباییان له‌سه‌ركه‌وتنه ئیسلامییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان كرد به‌سه‌ر كوده‌تاچییه‌كاندا.
سه‌رچاوه‌كانی زانیاریی, به‌شداری سه‌دان مه‌لا و توندڕه‌وی ئیسلامی‌یان له خۆپیشاندانه‌كان و هه‌ڵكوتانه سه‌ر “كوده‌تاچییه‌كان”دا سه‌لماندوه.
حزبولڵای توركیا له ناوچه‌كانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی توركیا به هوتاف كێشان (الله اكبر) پشتیوانی‌یان له مانه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان كردووه و وه‌كو (نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی) ناساندویانه، مزگه‌وته‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ بانگیان داوه و داوایان له موسوڵمانان كردوه بۆ پشتیگریكردن له سه‌ركرده‌كه‌یان بچنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، وێنه‌ی ده‌یان مامۆستای ئاینیی تۆمار كراوه كه په‌لاماری ئوتومبێل و چه‌كدارانی سوپا ده‌ده‌ن (١٨). خۆپیشانده‌ران كه سوپایان له كه‌ناڵی (تی ئار تی) ده‌ركردووه, هوتافیان كێشاوه (الله اكبر).
ئه‌گه‌رچی چاگاپتای رایوایه كه كوده‌تاكه قوڵایی لێكترازانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی توركیا نیشانده‌دات و هێنری باركییش پێیوایه كه هه‌مووان له‌م كوده‌تایه‌دا (حكومه‌ت و سوپا) به دۆڕاویی هاتنه ده‌ره‌وه و كۆی گشتی روداوه‌كه‌ش پێگه‌ی توركیا له‌سه‌ر ئاستی هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لاواز ده‌كات, به‌ڵام راموایه كه وێنه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م كوده‌تا شكستخواردووه, ده‌یه‌وێت شكستی پرۆژه‌ی عه‌لمانی و هێزی عه‌سكه‌ری نائیسلامی و پاشه‌كشێی ته‌واوی نه‌یاره‌كانی ئه‌ردۆگان له توركیادا نیشان بدات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه سه‌ربگرێت, سیستمی حوكمڕانیی توركیا قۆناغێكی تر له “دیكتاتۆرییه‌تی ئیسلامی” نزیك ده‌بێته‌وه.