هەرێمی كوردستان لە16ی مانگی ٧، دەكەوێتە بۆشاییەكی تری یاساییو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەو هەرێمە دەبێت، كە بەدرێژایی هەزاران كیلۆمەتر شەڕی دژ بەداعش دەكات.
لەو رێكەوتەوە ماوەی یاسایی كاركردن بەیاسای بەڕەنگار بوونەوەی تیرۆر كۆتایی دێت، ئەگەرەكانی بەردەم چارەسەری ئەو گرفتە زۆر نین لەسایەی كارانەبوونی پەرلەمانی كوردستاندا، چونكە پەرلەمان تاكە دەزگای شەرعییە كە دەسەڵاتی درێژكردنەوەی وادەی ئەو یاسایەی هەیە، ئێستا یەكێك لەو سیناریۆیانەی باسی دەكرێت هەڵدانی تۆپی كێشەیەكە بۆ گۆڕەپانی ئەنجومەنی شورا یان كاركردنی “ناچاری” بەیاسای بنەبڕكردنی تیرۆری عێراق .
ساڵی 2006 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (3)ی “بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)”ی دەركرد، بەپێی مادەی (17)ی یاساكە، تەمەنی ئەم یاسایە تەنها دوو ساڵەو تەنها پەرلەمانی كوردستانیش مافی درێژكردنەوەی یاساكەی هەیە، لەو كاتە بەدواوە هەموو دووساڵ جارێك پەرلەمان درێژی كردووەتەوە، دواهەمینجاریش لەساڵی (2014) بوو، بەڵام كێشەكەی ئەمجارە ئەوەیە پەرلەمان لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە پەكخراوەو هیچ ناوەندێكی تریش مافی درێژكردنەوەی یاساكەی نییە.
گۆران ئازاد بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات كە بەكۆتایی هاتنی وادەی كاركردنی یاسای بنەبڕكردنی تیرۆر راستەوخۆ دادگاكان ناچار دەبن بەگەڕانەوە بۆ یاسای سزادانی عێراقی بۆ مامەڵكردن لەگەڵ تاوانبارانی ئەو كردەوانەی بە “تیرۆریستی” لەقەڵەم دەدرێن.
گۆران ئازاد وتی”یاسای سزادانی عێراق، سزاكانی سوكترە لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆنمونە سزای تیانیە لەسەر بانگەشە بۆ توندەڕەوی یان بڵاوكردنەوەی ئەو بڵاوكراوانەی تایبەتن بەفكری توندڕەویو لەبنەڕەتیشدا یاسای بنەبڕكردنی تیرۆر لەبەر بێهێزی یاسای سزادانی عێراقی دەركراوە”.
ساڵی 2006 كاتێك یاساكە دەركرا ئەو دەمە هەرێمی كوردستان رووبەرووی چەند هێرشێكی “تیرۆریستی” بوو بووەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان وابوو یاسای سزادانی عێراقی توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نییە، بۆیە ئەو یاسا نوێیەیان دەركرد.
فاروق جەمیل وەزیری پێشوتری دادی هەرێمی كوردستان پێیوایە كۆتایی هاتنی وادەی ئەو یاسایە كێشە بۆ دادگاكان دروست دەكات لەماڵەكردن لەگەڵ دۆسیەكانی تیرۆرداو ناتوانن كاری پێ بكەنو تەنها پەرلەمانیش دەتوانێت وادەكەی درێژبكاتەوە.
فاروق جەمیل بە”نیقاش”ی وت “یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 لەسەردەمێكدا نوسراوە كە تیرۆر بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە”.
ئەوەی یاساناسو پسپۆڕانی سەربازی ترساندووە ئەوەیە بۆشایی یاسایی كوردستان رووبەرووی كێشەی تیرۆر بكاتەوە، چونكە جگە لەو یاسایە هیچ یاسایەكی تر نییە بەروونی رێ لەكردەوە تیرۆریستییەكان بگرێتو سزاكەی ئاوها قورس بێت.
فەریق سەروەر بەرزنجی پسپۆری سەربازییو ئەمنی جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت هەرێم بەبێ ئەو یاسایە بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە بەو پێیەی بەوتەی ناوبراو لەئێستادا مەترسی داعش لەسەر ئاسایشی هەرێم لەپێشتر زیاتر بووە.
بەرزنجی بە”نیقاش”ی وت “داعش لەهێرشەكانیدا گوێ بەیاساكان نادات، بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان رێ لە كۆتایی هاتنی وادەی كاركردن بەو یاسایە بگرێت”.
لەساڵی 2014 ەوە هەرێمی كوردستان لەسنورەكانیەوە روبەڕوی شەڕێكی قورس بۆتەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش لەسنوری باشورو خۆرئاوایەوەو لەو ماوەیەشدا چەند جارێك ئەو گروپە هێرشی لەناوخۆی هەرێم ئەنجامداوە.
مەترسی بۆشایی یاسایی لەدوای كۆتایی هاتنی وادەی كاركردنی یاساكە ئەوانەشی توشی دوودڵی كردووە كە پێشتر تێبینیان لەسەری هەبووە بەتایبەت رەوتە ئیسلامیەكان كە لەساڵی 2014 لە پەرلەماندا داوای هەمواركردنیان كرد بەر لەكۆتایی هاتنی وادەكەی لە 2016 دا.
هەورامان گەچێنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە”نیقاش”ی وت “تێبینیمان لەسەر یاساكە هەیە كە كێشە لەجێبەجێكردنیدا هەیەو رەوتە ئیسلامییەكانی كردۆتە ئامانج، بەڵام ناشكرێت هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بمێنێتەوە”.
كێشەكە بێ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركردنی ئەستەمەو سیناریۆكانی بەردەمیشی دیاریكراون كە پەنابردن بۆ ئەنجومەنی شورای هەرێم یەكێكە لەسیناریۆكان.
ئەنجومەنی شورای هەرێم ئەنجومەنێكی راوێژكاری یاساییەو لە(20)ی تشرینی یەكەمی ساڵی (2008) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزرێنراوەو بەپێی ماددەی دووەم لەیاسای ئەنجومەنی شواری هەرێم، لەرووی كارگێڕییەوە بەوەزیری دادەوە دەلكێو پێكدێ لەسەرۆكو جێگری سەرۆكو راوێژكاران، كە ژمارەیان لەپێنج راوێژكار كەمتر نابێتو لەنۆش زیاتر نابێت.
ئەم ئەنجومەنە لەكێشە یاساییەكاندا راوێژ دەدات، بەڵام بڕیارەكانی یەكلاكەرەوە نین، هەرچەندە هەر ئەم ئەنجومەنە لەغیابی پەرلەماندا دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی درێژكردەوە.
نازم هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی داعشدایەو ناكرێت كۆتایی هاتنی وادەی یاسایی بنەبڕكردنی تیرۆر بێ چارەسەر بمێنێتەوە.
نازم هەركی بە”نیقاش”ی وت “جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نوسراوی رەسمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی شورای هەرێم كردووە تا چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە”.
هەركی پێشبینی ئەوە دەكات كە بەر لەكۆتایی وادەی كاركردنی یاساكە ئەنجومەنی شورا وەڵامی نوسراوەكە بداتەوەو دەشڵێت “ئەگەر هەیە ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی دەركردنی رێنماییەكی هاوشێوەی یاسای بنەبڕكردنی تیرۆر بداتە ئەنجومەنی وەزیران”.
وادیارە تۆپی درێژكردنەوەی وادەی كاركردنی یاساكە لەگۆڕەپانی ئەنجومەنی شورا بێ كێشە نابێت بەتایبەت كە پێشتر لەساڵی (2015)دا ئەو دەزگایە لەسەر پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم رونكردنەوەیەكیدا كە لە 19ی مانگی ئابی رابردوو كۆتایی هاتو تیایدا ئاماژەی بەوەدا كە “وایدەبینن كە دوای ١٩ی ئاب پۆستی سەرۆكی هەرێم بەچۆڵبوو دانانرێت”.
ئەو رونكردنەوەیەی ئەنجومەنی شورا قەیرانێكی سیاسیو یاسایی بەدوای خۆیدا هێنا بەوپێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی رونكردنەوەكە درێژیدا بەمانەوەی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمداو لایەنەكانی تریش تانەیان لێداو پێیان وابوو كە ئەنجومەنەكە راوێژكاریە نەك بڕیادەر.
د. ئەحمەد وەرتێ پسپۆری یاسایی پێشبینی ئەوە دەكات كە وەڵامی ئەنجومەنی شورای هەرێم لەسەر كۆتایی وادەی یاسای بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆریش ناكۆكی سیاسی تر دروست بكاتو بە”نیقاش”ی وت “تەنها پەرلەمان دەسەڵاتی درێژكردنەوەی وادەی یاساكەی هەیە”.
یەكێك لەسیناریۆ یاساییەكانی تری بەردەم چارەسەری پرسی كۆتایی هاتنی وادەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كاركردنە بەیاسای بنەبڕكردنی تیرۆری عێراق كە لەساڵی (2005) پەرلەمانی بەغدا دەریكردووە بەوپێیەی یاسایەكی فیدراڵیەو لەسایەی كارانەبوونی یاساكەی پەرلەماندا ئەو یاسا هاوتاكەی بەغدای لەهەرێم كاری پێدەكرێت.
وەرتێ ئاماژە بەوەدەكات لەهەرێم “عورفێكی” یاسایی هەبووە كە سەرجەم یاساكانی ناوەند دەبێت پەرلەمانی كوردستان رەزامەندان لەسەر دەرببرێت بۆ جێبەجێكردنی لەهەرێم، بەڵام ئەنجومەنی شورای هەرێم رای وایە كە هیچ دەقێكی یاسایی نییە لەهەرێم رێگر بێت لەوەی كە یاساكەی ناوەند لەهەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت بێ تێپەڕبوون بەفلتەری پەرلەمانی كوردستاندا.
سەرچاوە:نیقاش