ئامادەکردنى: مەیسون ئەبولحوب، سایتى ئیلاف
وەرگێڕانى: نامق رەسوڵ
دروشمى لەناوبردنى دیکتاتۆریەت لە جیهاندا بەتەواوەتى ئامانجێکە مایەى ئەوەیە خەباتى بۆ بکرێت، بەڵام ئایا ئەوە مومکینە؟ ئایا دیموکراسیی باشترە؟
ئەو کەسانەى لە سایەى رژێمێکى دیموکراسییدا دەژین بڕوایان وایە کە دیکتاتۆریەت یەکسانە بە کوشتن و لەناوبردن و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و هەژارى و ئاڵۆزیى، لە راستیشدا دیکتاتۆریەت بوە مایەى کۆتاییهێنان بە ژیانى چەندین ملیۆن کەس؛ 49 ملیۆن کەس لە سەردەمى جۆزێف ستالیندا لە یەکێتیى سۆڤیەتى پێشو، نزیکەى سێ ملیۆن کەسیش لە سایەى رژێمەکەى پۆل پۆتدا لە کەمبۆدیا، لێرەوە وادەردەکەوێت کە لەناوبردنى دیکتاتۆریەت بەتەواوەتى ئامانجێکە مایەى ئەوەیە کارى بۆ بکرێت، بەڵام ئایا ئەوە مومکینە؟
دەستبەسەرداگرتن
تۆڕى بیبیسى راپۆرتێکى بە ناوونیشانى “کاتى دیکتاتۆرییەکان کۆتایى دێت؟” راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و یەکەمجار داوایکرد پێناسەى وشەى دیکاتۆریەت بکرێت. ناتاشا ئایزرۆ وانەبێژ لە زانکۆى ئیسیکس بڕواى وایە کە باشترین پێناسە بۆ دیکتاتۆریەت ئەوەیە کە “کاتێک دەستاودەستکردنى دەستەڵات لە باڵى جێبەجێکردنى دەوڵەتدا رونادات.”
ئەوەش ماناى ئەوە دەگەیەنێت کە دیکتاتۆریەت بەوە دروستدەبێت کە کەسێک خودى خۆى بەسەر گەل و حکومەتدا دەسەپێنێت یان هەندێکجار حیزبێک یان دەستە و تاقمێکى سەربازیى ئەو کارە دەکەن.
توێژەران دەڵێن پاشاکان دواى دەرکەوتنیان لە کۆمەڵەیەکى بچوک لە خەڵکدا دەبن بە شا وەک خێزانێکى دەستەڵاتدار، بەڵام دیکتاتۆر هەمیشە لە چینێکى بەرفراوانى خەڵکەوە دەردەکەوێت، بەڵام هاوپەیمانەکانى هەمیشە کەمینەیەکن و بۆ مانەوەى لە دەستەڵات پشتیان پێ دەبەستێت.
توێژەران دەشڵێن دیکتاتۆریەت دەستدەگرێت بەسەر پارە و سامانى دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیى گروپێکى کەمى نزیکەکانى. برۆس بۆینۆ دی میسکیتا مامۆستاى زانستى سیاسیى لە زانکۆى نیویۆرک دەڵێت: “کاتێک پشت بە پشتگیریى ژمارەیەکى کەم لە خەڵک دەبەستێت بۆ مانەوە لە دەستەڵات باشترین رێگاى کارا بۆ حوکم بریتییە لە گەندەڵیى و بەرتیل و سازشکردن و تۆقاندن، دەتوانین گروپێکى بچوک لە خەڵکى سەر بە خۆت بهێڵیتەوە لەڕێی پێدانى بڕێکى باشى پارەوە.
دى میسکیتا بڕواشى وایە کە ئاکارى خراپى دیکتاتۆر ناگەڕێتەوە بۆ عەیبێکى بۆماوەیى خودى گەلەکە، یان بە هۆى خراپیی بەختی گەلەوە بەڵکو ئەوەیە کە “پەیکەرى دەستەڵات ئەو جۆرە ئاکارەى پێویستە” شارەزایانى وەک دى میسکیتا بڕوایان وایە کە هەمیشە ئەو پارەیەى دەمێنێتەوە دیکتاتۆر بۆ خۆى یان نزیکەکانى هەڵدەگرێت یان بۆ باشترکردنى بارودۆخى خەڵک خەرجیدەکات، ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە کاروبارەکان بە لایەن گەلەوە باشن.
شەڕەنگێز نین
دیکتاتۆر بە سروشتى خۆى شەڕەنگێز نییە، بەڵام حەزدەکات دەستەڵاتێکى بێسنورى هەبێت و خەون بە شکۆ و رێز و نەمرییەوە دەبینێت و حەزدەکات کۆنترۆڵى هەمو شتێک بکات. بە راى شارەزایان پیشەى دیکتاتۆر هەمیشە دەبێت مایەى سەرسوڕمان و سەرنجى ئەو کەسانەى کە خراپترین جۆرى خەڵکن بە تایبەتى خۆپەرستەکان “نەرگسییەکان” بە وتەى ستیڤن پینکەر، مامۆستاى دەرونناسیى لە زانکۆى هارڤارد.
بەڵام ژیان لە سایەی دیکتاتۆریەتدا چەند خەسڵەتێکى دیاریکراوى هەیە و وادەکات ژمارەیەک وڵات بچنە ئەو چوارچێوەیەوە بە پێى وەسف و پێناسەى کەسانى ئەکادیمىی. دامەزراوەى خانەى ئازادیى Freedom House، کە رێکخراوێکى ناحکومییە و بارەگاکەى لە واشنتنە و چەندین توێژینەوەى لە کاروبارى دیموکراتییدا کردوە، بڕواى وایە دو لەسەر سێى وڵاتییانى سەر گۆى زەوى لەژێر سایەى دیکتاتۆریەتدا دەژین و دو ملیار کەس بە دەست حوکمى سەرکوتکردنەوە دەناڵێنن. بە پێى ئامارى ئەو رێکخراوە 106 دەستەڵاتى دیکتاتۆریى و نیمچە دیکتاتۆریی ئێستا لە جیهاندا بونیان هەیە و 54%ى وڵاتانى جیهان دەگرێتەوە.
توێژەران بڕوایان وایە کە ئەو هۆکارانەى دەبنە هۆى سەرهەڵدانى دیکتاتۆریەت بەدرێژایى سەدەکان نەگۆڕاون، یەکەمین دیکتاتۆریەت کە لە مێژودا تۆمارکراوە لە رۆما سەریهەڵداوە لە حاڵەتێکى نائاساییدا. ریچارد ئۆڤرى مامۆستا مێژو لە زانکۆى ئیکستەر دەڵێت: “بۆ نمونە دەستەڵاتێکى زۆر دراوەتە دەست کەسێکى وەک یۆلیۆس قەیسەر بۆئەوەى هاوکاریى کۆمەڵگە بکات بۆ دەرباز بون لە قەیرانێک، پێویست بو دواى دەربازبون لە قەیرانەکە دەستبەردارى ئەو دەستەڵاتانە ببێت، بەڵام ئەوەى نەکرد.”
دواتریش چەندین دەستەڵاتى دیکتاتۆریى وەک هیتلەر و مۆسۆلۆنی لە سەردەمى نوێدا لە کات و دۆخێکى ئاڵۆزدا دەرکەوتن و بڕواش وایە کە هاوشێوەیان لە داهاتودا سەرهەڵدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا توێژەران بڕوایان وایە کە بە شێوەیەکى گشتیى توندوتیژى لە جیهاندا کەمیکردوە و ژمارەى دیکتاتۆرەکانیش کەمبوەتەوە، بە تایبەتیش لە حەفتاکانى سەدەى رابردوەوە دواى کەوتنى رژێمەکانى ئەمریکاى لاتینیى و ئەوروپاى خۆرهەڵات. هەروەها توێژەران تێبینى ئەوەیان کردوە کە هەرەسهێنانى یەکێتیی سۆڤیەتى بوە هۆى کەمبونەوەى دەستەڵاتى دیکتاتۆریى، بەڵام ژمارەیەک لە وڵاتانى ئەو یەکێتییە گەڕانەوە بۆ هەمان رێگەى سیستەمى دەستەڵات.
ئۆڤێرى دەڵێت ژمارەى دەستەڵاتە دیکاتۆرەکان ئێستا لە رابردو کەمترە “چونکە ئەمڕۆ قوڕسە بەهانە بۆ دیکتاتۆریەت بهێنرێتەوە و هەروەها راگەیاندنیش چاودێریی هەمو شتێک دەکات لە جیهاندا و ئەنجامدانى هەرشتێک بەبێ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە قورسترە لە پێشوتر.” بە وتەى ئەو.
ئابورى
لە کاتى بونى کێشەى ئابورییدا، ئاڵۆزیى دروستدەبێت و کودەتاى سەربازیى رودەدات و دەبێتە هۆى باشتربونى بارودۆخى گەلان بە بەراورد بە رژێمەکانى پێشوتر، بەڵام توێژەران تێبینییان کردوە کە هەندێک دەستەڵاتى دیکتاتۆر هەرگیز ناکەوێت و ناویان ناوە “دیکتاتۆریەتى هەمیشەیى” بە وتەى ئەریکا چینویس مامۆستای یاریدەدەر لە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی دێنڤەر، دەشڵێت “ئەو دەستەڵاتە دیکتاتۆرییانەى ئەمڕۆ ماون، توانیویانە پەرە بەو جۆرە حوکمە بدەن تا ئاستێکى بەرز فێربون.”
توێژەران بڕوایان وایە کە ئەو سامانەى هەندێک وڵاتى ئەفریقا و حکومەتەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست هەیانە کە دەکرێت پێناسەى دیکتاتۆریەت بیانگرێتەوە هاوکارییان دەکات لە مسۆگەرکردنى بەردەوامبون و مانەوەیاندا.
ئیزرۆ دەڵێت: “لە ئەفریقا هەوڵدرا بۆ بنیاتنانى دیموکراتیی، بەڵام سەرچاوە گرنگەکانى وەک ئەڵماس و نەوت و کانزا هەیە کە حکومەت بۆ کڕینى خەڵک بەکاریاندەهێنێت، لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست هەوڵى دەرەکیى گەورە نەدرا بۆ دیموکراتیزەکردن، چونکە ژمارەیەک وڵات سەقامیگرن و هەندێکى تر دەیانەوێت بە سەقامیگریى بمێننەوە.”
توێژەران وایدەبینن کە هۆکارێکى تر هەیە بۆ مانەوە و بەردەوامبونى دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان یان سەرهەڵدانیان، ئەوەیش ئەوەیە کە دەستەڵاتە دیموکراتەکان هانیاندەدەن، بۆینۆ دى میسکیتا ئەوەى بەم شێوەیە لێکداوەتەوە “بڕوایەکى سادە هەیە کە دەستەڵاتە دیموکراتییەکان دەیانەوێت بانگەشە بۆ دیموکراسیی بکەن، بەڵام ئەوە راست نییە لەبەر یەک هۆکارى گرنگ، ئەرکى سەرەکیى سەرکردە دیموکراسییەکان ئەوەیە سیاسەتێک پیادەبکەن کە سودى بۆ پێکهاتەى وڵاتەکانیان هەیە نەک پێکهاتەى وڵاتانى تر و هەوڵى رازیکردنى دەنگدەرانى وڵاتەکانى خۆیان دەدەن لەبەرئەوەى سەرکردە دیکتاتۆرەکان پێویستیان بە رازیکردنى نزیکەکانى خۆیان هەیە. سەرکردە دیموکراتەکان بەزۆرى پارە دەدەنە دیکتاتۆرەکان بۆئەوەى ئەوە هەرچییەک بکەن کە ئەوان دەیانەوێت، ئەنجامەکەشى ئەوەیە کە دیکتاتۆر ئەو پارەیەى دەستدەکەوێت کە دەیەوێت و دیموکراتەکانیش ئەوەى دەیانەوێت بەدیدەهێنن.”
توێژەران وای دەبیین کە ئەستەمە پێشبینیى دروستبونى دیکتاتۆریەت بکرێت لە کات و شوێنێکى دیاریکراودا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا جەخدەکەنەوە کە دەستەڵاتە دیکتاتۆرییەکان دەمێننەوە و لەناوناچن و چینویس دەڵێت “بڕوام وایە هەر وڵاتێک لەوانەیە بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆریەت.”
خراپ نییە
بەڵام بە پێچەوانەى ئەو بیروڕا باوەى لە خۆرئاوا هەیە، لەوانە نییە دیکتاتۆرییەک لە لاى هەموان و لە هەمو شوێنێک خراپ بێت، بینکەر بڕواى وایە کە دیکتاتۆریەت بژاردەیەکى خراپ نییە بۆ هەموان، هەروەها بڕواى وایە کە هەمو کەسەکان نایانەوێت لەژێر سایەى دیموکراسییدا بژین “دیموکراسیى خراپ لەوانەیە خراپتر بێت لە دیکتاتۆرییەکى مرۆیى”.
ئیزرۆ دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەى ئارەزو بۆ ئازادیی و دیموکراتیی لە سروشتى مرۆڤدا بن،” لەبەرئەوەى ژیان بە شێوەیەکى ئاسایى دەڕوات و چونکە خەڵک چۆن ئارەزو دەکەن دەژین، دەکرێت وڵاتییان لە سایەى دیکتاتۆریەتدا بەختیاربن.”
دەشڵێت “لەناوبردنى هەمو دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان بە لاى هەمو خەڵکەوە رەنگە کارێکى باش نەبێت، چونکە چەند سەرکردەیەک هەن و دوردەکەونەوە لە لایەنە خراپەکانى ئەو جۆرە لە دەستەڵات و ئارەزوى وڵاتییەکانیان لە ئەجێنداى خۆیاندا لەبەرچاودەگرن ، دەستەڵاتى دیکتاتۆرى دەگۆڕێت بۆ شێوازێک لە حوکمکردنى جیاواز و بە بەهاى جیاوازەوە و هەندێک لە کۆمەڵگاکان ئاسایش و سەقامیگریى بە باشتر لە ئازادییدادەنێن.