
کورد لە کۆنگرەکانی ئیستانبوڵ، قاهیرە و ریاض بانگهێشتنەکرا بە هۆی ئەوەی سعودیە و تورکیا هاوپەیمانێتییەکی ئەهریمەنییان هەیە بۆ پەراوێزخستنی کورد. ئەوان دوژمنایەتیی کورد دەکەن چونکە کورد لە رۆژئاڤا-سوریادا شکستی بە سیاسەتەکانی ئەوان هێناوە. بەخۆشییەوە، کورد لە دژی تێرۆریزم لە سوریادا دەجەنگێت، ئەمە ئەوەیە کە سعودیە و تورکیا و پڕۆکسییەکانیان ناتوانن قبوڵیبکەن. کۆنفرەنسەکان و دانیشتنەکان بۆ ئەوەن لە ئەرزی واقیعدا رەنگدانەوەی ئەرێنییان هەبێت، بەڵام دەبینین تەنها رۆژئاڤای کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانی رۆژئاڤا لە ئەرزی واقیعدا پێشڤەچون بە خۆیانەوە دەبینن.
بەڵێ، زۆر گەلەکۆمەی ناوچەیی دژی کورد لە رۆژئاڤا هەن، بێگومان هەندێک هێزی ناوخۆییش بەشدارن لەو گەلەکۆمانە، بەڵام خۆشبەختانە کورد لە سوریادا لەو هێزانە بەهێزترە کە دژی کوردن یان دژ بە کورد بەکاردەهێندرێن. بەدڵنیایی، بانگهێشنەکردنی نوێنەرانی رۆژئاڤای کوردستان بۆ جنێڤ سێ کاریگەرییەکی نێگەتیڤ لەسەر پێگەی کورد جێدەهێڵێت، شەڕێک کە ئێستا کورد پێویستە بیکات لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان، سبەی دەبێت لەگەڵ ئەو هێزانە بیکات لە ناوخۆی سوریادا. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کورد لە رابردودا قوربانیی سیاسەتی پشتبەستنە بە دەوڵەتانی زلهێز و ناوچەیی، لە رۆژئاڤای کوردستاندا دەبێت ئەو سیاسەتە هەڵبوەشێندرێتەوە.
ئەوان با رێ لە بەشداریی کورد بگرن لە بەشداریی کۆبونەوەکەی جنێڤ و کۆبونەوەکانی دیکەش، رۆژئاڤاش لە سەرکەوتنەکانی خۆی بەردەوامدەبێت. ئەوان تەنها لەوەدا سەرکەوتو بونە کە رێ لە بەشداریی کورد بگرن، کوردیش سەرکەوتو بوە لەوەی دژی تێرۆریستان بجەنگێت و کیانێک دروستبکات کە ببێتە مۆدێلێکی نوێ و جێی هیوا بۆ ئێستا و داهاتوی سوریا. ئێستا رۆژئاڤای کوردستان نەک مۆدێلێکە بۆ سوریا، بەڵکو هانی کوردانی باکوریشی داوە کە بیر لە چارەسەرییەک بکەنەوە کە خۆیان پێشیبخەن بێئەوەی حیساب بۆ سەنتەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بکەن، بەڵکو هەوڵێکە لەڕێی خۆسەپاندن سەنتەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ناچاردەکەن ئاوڕی لێبدەنەوە. متمانە-بە-خۆبون و پشتبەستن بە توانای گەل و گوێنەدان بە فشارەکانی ناوەند و دەرەکیی، شێوازی ئیشکردنی جیاوازی رۆژئاڤای کوردستان بوە و دەبێت.
کورد کە لە رۆژئاڤادا دەستی بە شۆڕش کرد، چاوەڕێی کەسیان نەکرد، پشتیوانیی کەسیشیان لا گرنگ نەبو، بەڵکو ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان، مەبدەئیبونی رۆژئاڤا بۆ پێکەوەژیان و دیموکراسیی و شەڕ دژی تێرۆریزم، توانی سەربکەوێت. ئەوانەی لە سەرەتادا دژی رۆژئاڤا بون، ئێستا لە ئاسمان و لە زەوییدا پشتیوانیی رۆژئاڤان. رۆژئاڤا هەمو ئەو گومانانەی لابردن کە پڕۆکسیی هەر بەرژەوەندییەک بێت، جگە لە بەرژەوەندیی کورد و گەلانی رۆژئاڤای کوردستان.
تورکیا و سعودیە، هەڵبەتە، دژ بە رۆژئاڤای کوردستانن. رۆژئاڤای کوردستان سیاسەتی رون و ئاشکرای دیارە، بۆیە گەر لە جنێڤ سێدا بەشدارییش نەکات، لای ئەمریکا و تەنانەت روسیاش، هێندە نابێتە خەمێکی گەورە هەرچەندە هەردولا بەڕونی رایانگەیاندوە بێ کورد ئەو دانیشتنەش، وەک دانیشتەکانی دیکە، سەرکەوتن بەدەستناهێنن. روسیا و ئەمریکا دەمێکە لەگەڵ کورد رێککەوتون لە بەرانبەر شەڕی داعش، ویستی ئەمریکا و روسیا و رۆژئاوا لە دانیشتنەکانی جنێڤدا، چەندە راگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنانە بە شەڕی سوریا، هێندەش رێگریکردنە لە فراوانبونی زیاتری داعش. ئەو کۆبونەوەیە، چەندە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ داهاتوی سوریا، هێندەش بۆ رازیکردنی ئەو لایەنانەیە تا بەشدار بن لە شەڕی دژی تێرۆریزم و داعش و هێزەکانی شێوەی داعش زیاتر گەشەنەکەن و خۆشیان دوربگرن لە تێرۆر. کورد هیچ لەو کێشانەی نییە؛ هێزێکە دژی تێرۆر شەڕدەکات و خۆسی دور گرتوە لە کاری تێرۆریستیی. تەنانەت تا ئێستا بە هیچ شێوازێک هیچ مەترسییەکیشی نیشاننەداوە دژی تورکیا کە بە هەمو جۆرێک دژایەتیی باکور و رۆژئاڤا دەکات. ئەمە جێگەی دڵخۆشیی ئەمریکا و روسیا و ئەوڕوپایە، هەر بۆیە جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەمەی بەڕونیی بە تورکەکان گوتوە کە رۆژئاڤا و ئەمریکا پشتیوانیی یەکترن.
سەرکەوتنی رۆژئاڤای کوردستان پەیوەست نییە بە بەشداریکردن و بەشدارینەکردن لە کۆنگرەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریی، بەڵکو پەیوەستە بە خودی رۆژئاڤای کوردستان و شێوازی روبەڕوبەنەوەی تێرۆریستان و یەکگرتویی هێزەکان و دەستگرتن بەو سەرکەوتنە سیاسیی و عەسکەرییانەی لە رۆژئاڤادا بەدەستهاتون.
لە ئێستای سوریادا، هەمو سیاسەتەکان شکستیانهێناوە، تەنها سیاسەتی رۆژئاڤای کوردستان نەبێت. دۆڕاوی هەرە سەرەکیی تورکیا و سعودیە و هێزە پڕۆکسییەکانیانن، بۆیە هەرگیز ئەو هێزانە ناتوانن پێکەوەژیانی گەلان و سەرکەوتنی کورد قبوڵبکەن.
جنێڤ سێ لە کاتێکدا دەکرێت کە سعودیە و تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریی تەنازولی زۆریان بۆ بەشار ئەسەد و روسیا کردوە، هەر بۆیە ئەمە نیگەرانییەکی زۆری لای ئۆپۆزسیۆنی سوریی دروستکردوە.
ئەوەی جێگەی داخە، ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێزی پڕۆکسیین و دیدێکی نیشتیمانیی و دیموکراسییان بۆ داهاتوی سوریا نییە. ئەوان هێشتاش لەژێر فاشیزمی بەعس دەرنەچونە. ئێستاش، کەوتونەتە خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیا و سعودیە. تورکیا و سعودیە لەجیاتی ئەوان بڕیاردەدەن، هەر بۆیە دیدی ئەوان لە جنێڤ سێدا کەمتر جێیدەبێتەوە.
تورکیا و سعودیە لە سوریادا، هەرگیز ئەو هێزانەیان لا گرنگ نین هێندەی شەڕی یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان لەگەڵ ئێران و روسیا. بەدڵنیایی، سعودیە و تورکیا نایانەوێت ئێران لە سوریادا کاریگەر بمێنێت و زیاتر پەلبکێشێت. ئەمریکا چیتر رۆییشتنی دیکتاتۆری سوریا، بەشار ئەسەدی لا گرنگ نییە هێندەی راگرتنی شەڕ و کوشتار تا تێرۆریزم گەشەی زیاتر نەکات. بۆ تورکیا، لە سوریادا، گرنگە هێزەکانی نزیکی وی بتوانن پێشبکەون بەتایبەت خەتی ئیخوان موسلیمین، بەو هیوایەشە ئەلنوسڕە کە لە لیستی تێرۆری ئەمریکا دایە، نەرمبێت و گەشەبکات. ئەوەی بۆ تورکیا گرنگە، کورد سەرکەوتو نەبێت. هەر ئەمڕۆ راگەیەندرا کە هێزی دیموکراتیی سوریا کە یەکینەکانی پاراستنی گەلی رۆژئاڤای کوردستان سەرکردایەتیی دەکات، بڕیاری رزگارکردنی جەرابلوسی داوە. ئەگەر ئەمە سەربگرێت، تورکیا بەتەواوی لە سوریادا بێهیوا دەبێت چونکە تاکە رێگایە کە پشتیوانیی داعشی پێبکات.
سوریا وایکردوە پەیوەندییەکانی روسیا و سعودیە هێندەی دی تێكبچن. هەر بۆیە، سعودیە هەناردەی نەوتی زیادکرد تا کاریگەریی لە ئابوریی روسیا بکات. بەڵام ئەمەش سەرکەوتو نەبو. هەر بۆیە ئەمڕۆ ناوەندەکانی هەواڵ رایانگەیاند کە نرخی نەوت تا ٣٥ دۆلار بەرزبۆتەوە بە هۆی هەبونی گفتوگۆ لەنێوان روسیا و سعودیە بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت.
روسیا و سعودیە لەوانەیە بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی هەر وڵاتێکی هەناردەکاری نەوت سەدا پێنجی هەناردەی کەمبکاتەوە تا نرخی نەوت بەرزببێتەوە. وەک روسەکان دەڵێن، ئەوە پێشنیازی سعودیە خۆیەتی. ئۆپێک دەڵێت ئەگەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت رێکبکەون لەسەر کەمکردنەوەی هەنەردەی نەوت، ئەوانیش پەیوەست دەبن بە بڕیارەکانەوە.
سعودیە ویستی وا بوە و وایە کە بە هۆی خستنەبازاڕی زۆرتری نەوتەوە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دروستبکات، وەک کردویەتی، بۆ پێکانی کۆمەڵێک ئامانج لە سەروی هەمویانەوە لێدان لە ئابوریی روسیا و ئێران، بەڵام ئێستا خۆشی کەوتۆتە ژێر بارێکی قوڕسی دارایی و ئابوریی کە پێویستی بە چارەسەرییەکی خێرایە.
ئەو گۆڕانکارییانە پێمان دەڵێن ئەو هێزانەی وەک پڕۆکسیی تورکیا، سعودیە و روسیا لە سوریادا شەڕدەکەن، دواجار دەبنە قوربانیی. هەر بۆ نمونە، لە ئەیلولی ساڵی رابردو روسیا لەڕێی نوێنەرێکیەوە بەڕەسمیی داوای لە بەشار ئەسەد کردبو کە کورسیی حوکمڕانیی جێبهێڵێت، بەڵام ئەسەد بەتوندیی رەتیکردبوەوە. لە ئێستای سوریادا، هیچ هێزێک بە راستیی دۆستی ئەویتر نییە. ئەوەی هەیە، پێکدادانی بەرژەوەندییەکان و یەکلاکردنەوەی شەڕی زلهێز و هێزە ناوچەییەکانە.
رۆژئاڤای کوردستان سەردەکەوێت چونکە سیاسەتی رۆژئاڤا دیارە کە بەردەوامیدانە بە شەڕی تێرۆریزم و خۆسەریی دیموکراسیی لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتدا. رۆژئاڤا زۆر باش توانیویەتی سیاسەتی خۆی لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیی بگونجێنێت بۆ داهاتوی سوریا کە خودی دەوڵەتی سوریاش کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ نەبێت. درێژەدان بەو سیاسەتە و پێشخستنی دەزگا دیموکراسییەکان و فەراهەمکردنی ئابورییەکی لەسەر-پێ-وەستاو، زامنی سەرکەوتنی رۆژئاڤای کوردستانە کە ئاماژەکان بەردەوامیی ئەو سەرکەوتنە دیاریدەکەن.