بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە کە دوێنێ ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بڵاویکردووەتەوە ئۆپیک کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕەتکردووەتەوە و ماڵپەڕەکە باسی لە هۆکارەکەشی کردووە کە ئەندامە کاریگەرەکانی ئۆپیک نایانەوێت کڕیار لەدەستبدەن بە تایبەت ئەمریکا.
بەپێی هەواڵەکە، ئۆپیک سەرەڕای نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بڕیاری ئەوەی داوە کە بەرهەمهێنانی نەوت و خستنەبازاڕی زیادبکات. بڕیارەکەش ناڕەزایی لەنێوان ئەندامانی ئۆپیکدا هێنایە ئاراوە سەبارەت بەو ستراتیژییەی کە ئۆپیک پەیڕەوی دەکات.
لە ڕاپۆرتەی ئەلجەزیرەدا هاتووە کە سێ یەکی نەوتی بەرهەمهاتووی جیهان لەلایەن ئۆپیکەوە بەرهەمدەهێنرێت و لە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپیک لە ڕۆژێکدا دەگاتە ٣١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و بە نرخی ٤٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
خستنە بازاڕی زۆری نەوت بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و ئێستا سەرجەم ئەندامانی ئۆپیک هەستیان بەوە کردووە. بەڵام وڵاتانی بەشداری وەکو ڤەنزوێللا لە ئۆپیکدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە چونکە ٩٥%ی داهاتەکەی لە نەوتەوە بووە، لە ئێستاشدا ڤەنزوێللا بە خراپترین دۆخدا تێدەپەڕێت کە لەدوای ساڵانی ١٩٤٠ەوە پێیدا تێپەڕ بووبێت، بەو شێوەیەش پێدەچێت لە ئەمساڵدا ئابووری ڤەنزوێللا کێشەی ١٠%ی بۆ دروست ببێت.
ڤەنزوێللا دەیەوێت ئۆپیک سیاسەتەکەی بگۆڕێت بەڵام لایەنە کاریگەرەکانی تری وەکو سعودییە سوورن لەسەر بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت چونکە نایانەوێت کڕیاری وەکو ئەمریکا لەدەستبدەن.
هەروەها لەلایەکی تریشەوە ئێران خەریکە دەگەڕێتەوە بۆناو بازاڕە جیهانییەکانی نەوت دوای ئەوەی ماوەی چەند ساڵێک گەمارۆی ئابووری خرایە سەر، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێران لە جیهاندا پلەی چوارەمی هەیە لە یەدەگی نەوتی خاو و پلەی دووەمی هەیە لە یەدەگی گازی سروشتی، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵیش ئێران ١٠ ساڵ پێش ئەوەی گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەر ڕۆژانە ٤.٥ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا بەڵام ئەو بڕە دوای خستنەسەری گەمارۆی ئابووری بۆ ٢.٨ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابەزی. دوای ئەوەی گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران لابرا ڕێژەکە جارێکیتر ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکرد.
ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک بۆ بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت بریتین لە سعودییە، ئێران، ڤانزیۆلا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، نێجیریا، جەزائیر، لیبیا، ئەنگۆلا، قەتەر، ئیکوادۆر.
کۆشش بێستانسوری