لە میانەی راپۆرتێکی تێروتەسەلی پێگەی (The Guardian)ی بەریتانیدا سەبارەت بە کوژرانی رۆژنامەنوسان لە جیهاندا، دەرکەوتووە کە ئەمساڵ لە تەواوی جیهاندا ساڵێکی سەلامەت نەبووە بۆ کاری میدیایی و ژمارەیەکی زۆر بوونەتە قوربانی.
بە گوێرەی داتا و زانیارییەکان، ئەمساڵ بە لایەنی کەمەوە 50 رۆژنامەنوس بەهۆی کاری پەیوەست بە پیشەکانیانەوە کوژراون، لەم ژمارەیە، 40 رۆژنامەنوسیان تیرۆر کراون، 14 ی دیکەش لە بەرەکانی جەنگ گیانیان لەدەستداوە و رۆژنامەنوسێکیش لە میانەی گەشتێکی پیشەییدا بەبێ هۆکارێکی روون کوژراوە.
سەرەڕای ئەم 55 رۆژنامەنوسە، 20ی دیکە بە هۆکاری نادیار کوژراون و تاکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان دەکرێت.
بە بەراود لەگەڵ ساڵانی رابردوودا، ژمارەی کوژرانی رۆژنامەنوس بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لە ساڵی 2014دا 92 رۆژنامەنوس بە کۆمەڵێک هۆکاری پەیوەست بە پیشەکەیانەوە کوژراون، لە 2013 دا 101 رۆژنامەنوس کوژران و لە 2012 ەشدا ١٠٦ رۆژنامەنوسی دیکە کوژران.
دیارترین رووداوی تیرۆری رۆژنامەوانی لە ساڵی 2015 دا بریتیبوو لە هێرشکردنەسەر گۆڤاری (شارلی ئێبدۆ)ی فەڕەنسی لە پاریس، کە بەهۆیەوە هەشت رۆژنامەنوس کوژران و رووداوەکە لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگیدایەوە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی، کە لە زۆرێک لە وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، مافەکانی رۆژنامەوانی و جێبەجێکردنیان، لە ئاستێکی لاوازدان و بەپێێ پێویست نەتوانراوە ئازادیی رادەربڕین بۆ رۆژنامەنوسان فەراهەم بکرێت.
لە رۆژنامەنوسە کوژراوەکان، 10 یان بەهۆی جەنگ و بارگرژییەکانی وڵاتی سوریاوە کوژراون، کە زۆرینەیان بە مەبەستی گواستنەوەی رووداوەکانی ئەو وڵاتە خۆیان گەیاندبووە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.
لە ئینگلیزییەوە: ماردین عوزێری
سەرچاوە: The Guardian