ئامادەکردنى لە عەرەبیەوە: لاوک ئەمجەد
رەنگە ئەوکاتەى نەجات لە وڵاتى دایکى دەژیا و سەرقاڵى بەخێوکردنى مەڕبو بە خەونیشیدا نەهاتبێت ببێتە کاربەدەستێکى باڵا، بەڵام لە وڵاتێکى وەک فەڕەنسا دەرگاکانى بەڕودا کرایەوە و نەک بەرپرس بەڵکو بوە وەزیر.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ژیاننامەی وەزیری خوێندنی فەرەنسا، نەجات بلقاسمى بڵاوکردەوە لەگەڵ چەندین وێنەیەکی منداڵی ناوبراو لە مەغریب، کاتێک لە شارۆچکەکەی خۆی شوانی مەڕ بوە.
نەجات کە ئێستا وەزیرى وڵاتێکى “ناتۆیە”، نایشارێتەوە کە لە مەغریب شوانی مەڕ بوە و سەرەتاکانی تەمەنیشی لە چەرمەسەری و بە هەژارى بەسەربردوە، ئەوکات باوکی لە باڵەخانەیەکی فەڕەنسا کاری دەکرد و دواتریش خۆی و دایکی لەگەڵ براکەیدا پەیوەندییان بە باوکیانەوە کردوە، کە ئەو کات نەجات تەمەنی تەنها چوار ساڵان بوە، دواتریش پێنج برای دیکەی لە فەرەنسا لە دایک بون.
ئەو گەنجە مەغریبیە کە سەرەتا وەک کۆچبەر روی لە فەڕەنسا کردوە و ئێستا تەمەنی لە (36) ساڵ تێپەڕ ناکات و بە یەکێک لە ژنە خوێنەوارەکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت، دەڵێت: “زۆربەی جار خوێندنگە رۆڵێکی گەورەی هەبوە لە ژیانی تایبەتیمدا، چونکە بواری بۆ رەخساندوم بە روی جیهاندا بکرێمەوە”، جگە لەوەش وایکردوە پەرە بەتوانا و فێرکردنی خۆی بدات.
هەڵبژاردنی ساڵی (2002)ی فەڕەنسا خاڵی وەرچەرخان بو بەلای نەجاتەوە، بەوپێیەی لەناو خێزانەکەیدا هیچ گرنگییەک بە سیاسەت نەدراوە، بەڵام نەجات لەو بوارەدا خۆى دەبینێتەوە، کاتێک کاندیدی سەرۆکایەتی بەرەی نیشتیمانی راستڕەوی توندڕەو توانی دەنگی پێویست بهێنێت و بچێتە قۆناغی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، ئەوکات نەجات دەچێتە پاڵ حیزبی ئیشتیراکی فەرەنسی، تاوەکو بتوانێت جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست بکات.
نەجات بلقاسم، دەڵێت: “من کەسێکی شەرمن و پارێزگار بوم، ئەوەش یەکی نەدەگرتەوە لەگەڵ کەسایەتی من کە تێکەڵی سیاسەت بم، بەڵام بڕیارمدا هەتا لە ژیاندا مابم، روبەڕوبی ستەمی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی ببمەوە، ئەوەش هۆکار بو لە پشت ئەوەی ببەم کەسێکی چەپڕەو تا سەر ئێسقان”.
نەجات بە خێرایی پلیکانەی سیاسەتی بڕی، لەماوەی ساڵانی نێوان (2004 بۆ 2008) بەرپرسی سیاسەتی رۆشنبیری بو لە ناوچی (رۆن ئالب) و تا ساڵی (2013)ەش ئەندامی ئەنجومەنی شاری لیۆن بو، ساڵی (2007)یش وتەبێژی فەرمی سیگۆلین رۆیاڵ، کاندیدی سەرۆکایەتی لەسەر حیزبی ئیشتیراکی بو، کاتێک لە هەڵبژاردنە گشتییەکان لەبەرامبەر نیکۆلا سارکوزی شکستی هێنا.
بەڵام کاتێک فرانسوا ئۆلاند بەشداری کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (2012)، بلقاسم وەک وتەبێژی فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستنیشانکرا، هەروەها دوای بردنەوەی هۆلاند لە هەڵبژاردنەکاندا، وەکو وەزیری مافی ژنان و وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا دیاریکرا.
دواتر نەجات بو بە وەزیری وەرزش و لاوان، بەڵام لە مانگی ئابدا وەکو وەزیری خوێندن دەستنیشانکرا، کە پۆستێکی باڵایە و پێشتریش کەسایەتییە دیارەکانی وەک جۆل فێری ئەو پۆستەغ وەرگرتوە کاتێک لە ساڵی (1880)دا بەرەنگارى کڵێسای رۆمانی کاسۆلیکی بوەوە، کە دەیویست خوێندن و پەروەردەی فەرەنسا کۆنتڕۆڵ بکات.
هەموان لە فەرەنسا پێشوازییان لەو سەرکەوتنە خێرایەی نەجات بلقاسم نەکرد لە جیهانی سیاسەتدا، بەشێوەیەک؛ موسڵمانەکانی فەرەنسا رەخنەیان لێگرت و پێیانوابو ناوبراو پشتیوانی خۆی بۆ پلانی عەلمانی فەرەنسا لەسەر حسابی ئیسلام دوپاتکردوەتەوە، بەڵام بلقاسم ئەوەی رەتکردەوە و وتی: “ئەو کۆت و بەندانەم لەسەر دایکانی موسڵومان سوککرد، کە حیجاب دەپۆشن لە چالاکییەکانی خوێندنگەدا، بەنمونەش گەشتە مەیدانییەکان”.
لە بەرامبەردا نەجات بلقاسم لەلایەن دەزگا راگەیاندنە موحافیزکارەکانەوە هێرشی کرایە سەر و بە (ئایەتوڵا) شوبهێندرا، هەروەک پێشیانوابو دەستنیشانکردنی بۆ ئەو پۆستە جگە لە (ئیستیفزاز)کردن هیچی دیکە نیە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە خوێندنگە فەرەنسییەکان بە ئیسلامی بکات، بەڵام وەڵامی نەجات لەرێگەی دڵنیاییەوە بو لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی کە پێچەوانەی لیبرالیەتی عەلمانی حیزبی ئیشتیراکی دەسەڵاتداربو، لەناو ئەوەشدا قەدەغەکردنی گێچەڵی سێکسی و گرتنەبەری رێکارەکان لە پێناو یەکسانی نێوان هەردو رەگەز.
نەجات دان بەوەدا دەنێت کە رێڕەوی ئەو ئاسایی نیە، بەتایبەتیش کە کۆچبەرێک بوە و روی لە فەرەنسا کردوە، بەڵام هانی منداڵانی دیکەی پەنابەر دەدات هەرگیز لە خەونەکانیان دانەبڕێن و دەڵێت:”لە ژیاندا خەیاڵ و خەونی گەورە هەن وەک ئەوەی تۆ چاوەڕێی دەکەیت”.