
.
لە بارەی فەسەفەی مارکس وەک فەلسەفەیەک بۆ شۆڕش و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی دەڵێت، “کارل مارکس فەیلەسوفی ئەڵمانی کە هۆشی مرۆڤی دووبارە داڕشتەوە، تەنیا ڕەخنەگری ئابووری سەرمایەداری نەبوو، بەڵکو مێژوونووسێکی کۆمەڵایەتی و فەیلەسوفێکی بوونگەرایی بوو و قووڵایی ڕۆحی مرۆڤی خوێندەوە، ئایدیاکانی مارکس لە شیکاری ئابوورییەوە، بۆ هۆکار و چۆنێتی گۆڕینی کۆمەڵگاکان تێپەڕین، ئەو لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە لە پرسەکەی ڕوانی، پێیوابوو لەو گۆڕینەدا هەموو شتێک دەبێت بە کاڵا و جیهان لە بەرانبەر ویستی قازانجدا، بەها و پیرۆزی خۆی لە دەست دەدات”.
.
سالم پێیوایە، لە ناوەرۆکی فەلسەفەی مارکسدا، باوەڕێکی بەهێز هەیە بۆ توانای سەرمایەداریی بۆ بێبەهاکردنی هەموو ئەو شت و بوارانەی کە بەهایان هەبووە، بە بۆچوونی ئەو، مارکس پێیوایە سەرمایەداریی دەست لە هیچ پیرۆزیی و بەهایەک ناپارێزێت، ئاین و هونەر و ئەدەب و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش، بۆ ئامرازەکانی قازانج دەگۆڕێت، چونکە لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا، ئاین چیتر پەیامێکی مەعنەوی نییە، بەڵکو وەک کاڵایەکی بازاڕی مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەدەب لە پێناو ئەوەی ببێت بەرهەمێکی بازاڕیی، خولیا و داهێنانەکانی لە دەست دەدات، ئەو دۆخەش بە دۆخێک ناو دەبات، کە مرۆڤ لە خۆی و جەوهەرە مرۆڤایەتییەکەی نامۆ دەکات.
.
سالم سەرنج لەسەر بۆچوونێکی مارکس دادەنێت، کە پێیوایە، سامان و هەژاریی دوانەیەکی لێکدانەبڕاون و پەیوەندییەکی تەواوکارییان لە نێواندا هەیە، چونکە کەڵەکەبوونی سامان لە جەمسەرێکی کۆمەڵگەدا، کەڵەکەبوونی هەژاری لە جەمسەرەکەی تردا لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێکهاتەی سەرمایەداری لە نادادپەروەریدا کۆ دەکاتەوە و پێیوایە ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای کاراکردنی نەهامەتی ئەوانیتر لە پێناو بەرژەوەندی کەمینەیەک بەڕێوەدەچێت، چونکە بە بڕوای مارکس، سامان لە بۆشایدا پێکەوە نانرێت، بەڵکو بەهۆی قۆستنەوەی دۆخ و وزەی کرێکارانەوە کەڵەکە دەکرێت.
.
هۆشیاری لە بەرانبەر هەژاریدا، یەکێکە لەو ئایدیانەی مارکس کە سالم ئاوڕی لێداوەتەوە، ئەو پێیوایە مارکس لەو ئایدیادا ڕوون بوو، چونکە پێیوابوو هەژاری بە تەنیا شۆڕش ناهێنێتە ئاراوە، بەڵام هۆشیاریی لە بەرانبەر هەژاریدا دەبێتە هۆکارێک تا جەماوەر بجوڵێت، بە گوێرەی ئایدیاکەی مارکس، ستەمکار هەژاری بڵاو دەکاتەوە و خەڵک هەژار دەکات، پیاوە پیرۆزەکانیش ڕۆڵ دەگێڕن بۆ ونکردنی ئەو نادادییەی کە بەسەر خەڵکدا سەپاوە، بۆیە زۆرینە ملکەچی واقیعەکە دەبن و ڕزگاریی لەو دۆخە بە مەحاڵ دەبینن، بۆیە سەرهەڵدانی هۆشیاریی بە کۆمەڵ لەبەرانبەر هەژاریی و واقیعی زاڵ، دەبێتە تاکە ڕێگەی ڕزگاریی.
.
مارکس پێیوایە خۆشبەختی لە دڵخۆشکردنی ئەوانیتردایە، بۆیە بە بڕوای ئەو لە جیهانێکدا کە مرۆڤ لە ئامرازی بەرهەمهێناندا کورت دەکرێتەوە، بەخشین بەو کەسانەی کە تەحەدای ویستی قازانج خوازیی دەکەن، دەبێتە بەشێک لە شۆڕشگێڕیی.
.
سالم لە پرسی پهیوهندیی دیالهكتیكی نێوان هۆش و مادده، سەرنج لە تێگەشتنی مارکس دەدات و هەوڵی شیکردنەوەی دەدات، مارکس پێیوایە بیرکردنەوەی مرۆڤ بەرەنجامی باری سەرشانییەتی، سالم پێیوایە ئەم بۆچینەی مارکس بەستنەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤە، بەو واقیعەوە کە تێیدایە، چونکە بیرۆکەکان لە بۆشاییدا سەرهەڵنادەن، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەن، کە مرۆڤ لە قاڵب دەدەن، بۆ نموونە بیرکردنەوە لە ئازادی و دادپەروەروەری، لەو کاتەدا سەرهەڵدەدەن، کە مرۆڤ لە واقیعدا هەست بە نەبوونی ئازادی و دادپەوەریی بکات.
.
بۆچوونێکیتر لەو بۆچوونانەی مارکس کە سالم ئاوڕی لێداوەتەوە، مرۆڤ و درووستکردنی مێژووە، مارکس پێیوایە مرۆڤ مێژوو درووست دەکات، بەڵام لەو هەلومەرجەدا نا کە دڵخوازی خۆیەتی، چونکە مرۆڤ لە جیهانێکدا لە دایک دەبێت، سەرکەوتن و شکستەکانی وەک میرات بۆ ماوەتەوە، بە بڕوای سالم ئەم بۆچوونەی مارکس یارمەتیدەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بۆچوونێک کە لەدەوری کۆنترۆڵکردنی ڕەهای مرۆڤەکان دەخولێتەوە و مرۆڤ لەو بەرپرسیارێتییە بە ئاگا دێنێتەوە، کە لە بەرانبەر جیهان و نەوەکانی داهوتوودا لە ئەستۆیەتی، بەمەش ڕەوتی درووستکردنی مێژوو لەو هەلومەرجەدا دەکەوێتەگەڕ، کە بۆ ئەو کارە هەلومەرجێکی دڵخوازانەی مرۆڤ نیە.
.
سالم کۆتایی وتارەکەی بۆ ئامادەیی و دەنگدانەوەی بۆچوونەکانی مارکس لە دونیای ئەمڕۆدا تەرخان کردووە، ئەو پێیوایه ئەو بۆچوونانە هێشتا لەم سەردەمەدا دەنگدانەوەی خۆیان هەن، چونکە لەم سەردەمەدا تا دێت جیاوازی نێوان هەژاران و سەرمایەداران فراوانتر دەبێت و بەها مرۆڤایەتییەکان وەک دروشم و ڕێکلامە بازرگانییەکانییان لێهاتووە، هۆشیاریی مرۆڤ لە بەرانبەر هەقیقەتی خۆی و ئەو واقیعەی بەسەریدا زاڵە، وەک تاکە هیوایەک دەمێنێتەوە، بۆ هەوڵدان لە پێناو هێنانە ئارای داهاتوویەک کە دادپەروەریی تێیدا باڵادەست بێت، بۆیە بە بڕوای سالم، “فەلسەفەی مارکس تەنها ڕەخنەیەک نییە لە سەرمایەداری، بەڵکو بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ بیرکردنەوە لە مرۆڤ، کە لەجیهانێکدا کاڵاکان لە بەها مرۆڤایەتییەکان پیرۆزترن و بەرژەوەندیی و قازانجی تاکەکەس بەسەر چاکەی گشتییدا باڵادەستە، چۆن بتوانێت مرۆڤایەتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە”.