کاتێک وڵاتان ئاراستەی خۆیان لەدەست دەدەن و باوەڕی خەڵک بە داهاتوو دەلەرزێت، هەستکردن بە نائومێدی لەدایک دەبێت. بانگەوازە ئاشتیخوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان، گەلی کوردی کردۆتە دوو بەرەوە، بەرەیەک پەیامەکەی ئۆجەلان بە دەرچەیەک لە کارەسات دەبین، بەرەیەکی دیکە تووڕە و هیوا بڕاو بۆ داهاتوو، بەتایبەتی ئەو جەنگاوەرانەی سەردەمانێک بۆ نیشتمانەکەیان خەباتیان کردووە، ژیانیان بۆ سەرفرازی بەختکردووە ئێستا هەست دەکەن خەونەکانیان دەڕووخێن، بۆیە توڕەن لە ناداپەروەری و بێهیوا لە مرۆڤایەتی دەمێنن، لە کاتێکدا گەل تامەزرۆیەتی سەردەمێکی نوێی سەقامگیر و ئاشتییەکی شکۆمەند بەدەی بێت. هەندێکجار دەکرێت تەسلیمبوون بە دوژمن وەک تاکە ڕێگەی دەربازبوون لە ئازارە بێکۆتاکان دەرکەوێت، بەڵام لەم تەسلیمبوونە تاڵە دا، تامێکی تاڵی ئەو دەرفەتە لە دەستچووانەشی کە یەکترمان دەکوشت دێتە سەر زمانی دڵ، هەتا بۆ توانا بەکارنەهێنراوەکانی گەل هەل و تاقیکردنەوەیەکی نوێ و سەرکەوتن ئەزموون بکرێت.
خەونی ئاشتی و گەڕان بەدوای هیوادا
ئاشتی خەونێکی زەحمەتە، زۆر زەحمەتە چوونکە دیدگاکە، یان پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە بوێریەکی گەورە و عەقڵیەتی ئاشتەوایی ڕاستەقینە هەیە.. درککردن و بەئاگا بوونە لەوەی کە برینەکانی ڕابردوو تەنها لە ڕێگەی ئامادەیی بۆ ئاشتی و بنیاتنانی داهاتوویەکی نوێ دەتوانرێت ساڕێژ بکرێن. ئەنوەر سادات لە پێناو ئاشتیدا شەهیدکرا و ئیسحاق ڕابینیش لەسەر ڕێگای هەمان ئەو ئاشتیە، بە دەستی توندڕەوەکانی وڵاتەکەی تێرۆر کرا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زۆرجار دوژمنانی ئاشتی ژمارەیان زۆرترە، بەهێزترو مەترسیدارترن لە دوژمنانی شەڕ بەڵام مێژوو فێری کردووین کە ئاشتی پێویستی بە قوربانیدان هەیە و ئەوانەی هەوڵی ئاشتەوایی و لێکتێگەیشتن دەدەن، زۆرجار لەلایەن ئەو کەسانەی کە گۆڕانکاری و ئاشتەوایی دەیانترسێنێت، ڕووبەڕووی هێرش و پەلار دەبنەوە. دکتۆر قاسملوو یەکێکە لەو سەرکردانەی لە ڕێگای ئاشتی خوێنی ڕژا، بەڵام نابێت ئەوانە بمانلەرزێنێن بەڵکو دەبێت دەست بە هیواوە بگرین و لە هەوڵەکانماندا بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام، خۆڕاگر و یەکگرتوو بین.
سەپاندنی ئاشتی
پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان وەک دامەزرێنەری پەکەکە و کەسایەتییەکی ڕەمزی، کاریگەری قوڵ دەخاتە سەر هەردوو دیمەنی سیاسی و هۆشیاری دەستەجەمعی، بەتایبەتی لەناو گەلی کوردو تورک و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەیان ساڵە خەباتی تێدا دەکات. هێزی ئایدۆلۆژیاکەی ئۆجەلان بەدرێژایی دەیان ساڵ لە ماڵی یار و نەیاردا پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نەک هەر تەنیا وەک بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کورد بەڵکوو تێزە قووڵەکانی دیموکراسی و ئۆتۆنۆمی و مافەکانی مرۆڤ ”ژن ژیان ئازدی” زیندوو مان و کاریگەرییان لە سەر تەواوی ناوچەکە هەیە. ئایدۆلۆژیای سەرەتایی پەکەکە ئامانجی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بوو، ئەمەش بە قووڵی لای گەلی کورد، کە لە مێژە لە تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا ڕووبەڕووی ستەم و پەراوێزخستن بوونەتەوە، دەنگی دایەوە و پێشوازی لێکرا. بەڵام ئێستا ئۆجەلان زێدەباری ئەوەی زیندانە، ئاگاداری ئەوەشە کە دنیا بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات هیچ گەل و وڵاتێک ئەمن و ئەمانی مسۆگەر نیە. لەم دۆخە ناسەقامگیر و ترسناکە، ئۆجەلان مەبەستێتی لە ناوچەیەک کە بە ململانێ و ئابڵوقە و قەیرانی مرۆییەوە دەناڵێنێت، کورد لە چارەنووسێک بپارێزێت کە هاوشێوەی غەززە بێت. بۆیە پێویستە ڕێبازێکی فرەلایەنەی نوێ بگرینەبەر، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەبێت ڕێگایەک بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە بدۆزرێتەوە، کە ئازارەکانی خەڵک و جەنگاوەران ساڕێژ بکات. دووژمنانی ئاشتی و بازرگانەکانی خوێن بەهێزن و دژایەتی ئاستی دەکەن، لەبەر ئەوەیە دەبێت هەمووان بۆ ئاشتی پێکەوە هەوڵ بدەین. داهاتوو هێشتا ڕوونەو دەتوانرێت سەردەمێکی نوێ بونیات بنرێتەوە و هەموو توانا بخەینە گەڕ تا ئاشتی و ئاشتەوایی بسەپێنین.