برینەكانم قوڵ قوڵ
فكرم ئاڵۆزو…
بیركردنەوەكان ئەمبەنەوە
سەرەتای تەمەن !
ساڵ ئەگوزەرێ
پیریش تا دێت باڵا دەكات
تۆش لە میوانی ناوەخت ئەچی
سات و كاتت نیە !
لە هەموو چركە ساتێکا
خۆت ئەكەی بە ماڵی دڵم
بەناو خەیاڵما ڕۆ دەچی!
شەویش لەبەرگی فریشتە
سپی سپی
بەناو خەونم دێی و دەچی!
٭٭٭٭٭
بگەڕێوە
با لەئێوارەیەكی زەردە پەڕ بەدەم گفتوگۆی ڕێگاوە
چاوەكانمان پر یەكتر كەین
موژدەی هەڵاتنی خۆر بدەین بە گوێی ئاوابووندا
با خەونێك بكەین بەڕاستی
پریاسكەی سەر برینەكان وەلانێین !!
پارچە شكاوەكانی دڵ
رێكخەینەوە
با لەژێر (دارتووە) شیرنەكان
باوەش پڕكەین لە یەكتری
با نەورەسەكان
بكەین بە پاسەوان
تا بەسەر باڵی پەپولەیەك نامەی گلەیی بنێرین بۆ عەرشی خودا
با ئاڕاستەی (با) بگۆڕین
پاییز بكەین بە بەهارو…
ڕۆح بكەینەوە بە بەری گەڵا
با لێوانمان ئاشت كەینەوە
بە پێكەنین
خەمەكان بە یاسای عەشق
زیندانی كەین
با تۆزو غوباری بیركردنەوە
لەناو خەیاڵ بسڕینەوە
با ڕێژنەی ماچ دابارێنین
هێشتا هەناسەیێكمان ماوە
بۆ ژیان
با پێش ئاوا بوونی تەمەن
گەشتێك بۆ بەهەشتی مانەوەو
پێكی بەختەوەری هەڵدەین!!
٭٭٭٭