ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەرنامە و پڕۆژە و پلانی زۆر و گەورە دادەڕێژین و ، بەگوڕو تین و حەماسەتێكی زۆرەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئەوە دەدەین كە لە پلان و بەرنامە و خەیاڵماندا هەیە ، ڕۆژانە ئاڕاستەیەكی دیاریكراو دەگرینەبەرو لێوان لێو دەبین لە گەشبینی تا ئەو ئاستەی كە ئیتر ئەو بڕوایەمان لا گەڵاڵە دەبێ ئێمە لەسەر ڕێچكە و ڕێگایەكی ڕاست و دروست و نمونەیین بەرەو سەركەوتن و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكان ! بەڵام بەتێپەڕبوونی كات بەربەستەكان و ڕێگریەكان دەردەكەون و ڕێگاكە دەگرن و ، ئیتر بەرە بەرە ڕوو لەساردبوونەوە و پاشەكشەكردن و هەست بە شكستهێنان دەكەین ، هەست بەوە دەكەین ئەو ئامانجانەی خەریك بوو لێیان نزیك دەبووینەوە دووركەوتوونەتەوە!! ئا لەم ئان و سات و كاتەدا بەتایبەتی و بەدیاریكراوی سیفەت و خەسڵەتێك كە زۆر بۆ ئێمە گرنگە و ، ڕەگەزێكی ئێجگار سەرەكی و بنەڕەتیشە لە دیاریكردنی (سەركەوتن) یان (شكستی) ئێمە ، سیفەتێك كە یەكلاكەرەوە دەبێت لەنێوان ئەوەدا كە ئایا ئێمە لە جیهانی خەیاڵدا ژیاوین ، یان بەڕاستی لەبەردەم بەدیهێنانی كۆمەڵە ئامانجێكی گەورەدا بووین ، ئەو سیفەتەش بریتیە لە سیفەتی (بەردەوام بوون).
( بەردەوام بوون ) بیرۆكەیەك یان دروشمێك نیە بە تەنها ، بەڵكو ( بەردەوام بوون ) ڕیتم و ڕێچكەی ژیانی تاك تاكی ئێمەیە و ، لێمان دەخوازێ نەفەس درێژ بین و پابەندبین و ئارام بگرین و دان بەخۆماندا بگرین ، ئەو هەنگاوە بچوكانەی ڕۆژانە دەیانگرینە بەر كاریگەریی گەورە و ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر نزیك بوونەوەمان لە بەدیهێنانی ئامانجەكانمان ، ئەگەرچی ئەو هەنگاوانە لەسەرەتادا ئێمە بە چاوی فیزیكی خۆمان زۆر هەست بە ئاسەوارو ئەنجامەكانیشیان نەكەین!
هەندێ جار ئێمە وا هەست دەكەین ئەو هەوڵ و كۆششەی دەیكەین هیچ جیاوازی و بەرهەم و گۆڕانكارییەكی لە كارو پڕۆژە و ژیانی ئێمەدا دروست نەكردووە ، بەڵام بە (بەردەوام بوون) و بەتێپەڕبوونی كات و بە كەڵەكەبوونی هەوڵەكان و هەنگاوەكان وەرچەرخانی گەورە دروست دەبێت و گۆڕانكاری بەرچاو ڕوودەدات!
گومانی تێدا نیە سەركەوتنە گەورەكان و دەستكەوتە گرنگەكان هەر هەموویان بەرهەم و بەرەنجامی ئەو هەنگاوە سادە و ساكارانە بوون كە بە تەغزیەكردنی خەسڵەتی (بەردەوام بوون) و كۆڵنەدان ڕۆژانە گرتوومانەتە بەر!
ئەگەر ئێمە سەرنج بدەینە چیرۆكی سەركەوتنە گەورەكان بۆمان دەردەكەوێ كە نهێنی گەورەی پشت ئەو سەركەوتنانە تەنها لە توانا و بەهرەدا نیە ، یان بوونی بەشێك و بەختێكی باشی نیە بە تەنها و بەس ، بەڵكو نهێنیەكە تەنها و تەنها خۆی لە (كۆڵنەدان) و نەپسان و وازنەهێنان و (بەردەوام بوون) دا دەبینێتەوە! هەموومان دەزانین ( تۆماس ئەدیسۆن )ی داهێنەری گڵۆپە كارەباییەكە پێش گەیشتنی بەو ئامانجە و بەدەستهێنانی ئەو داهێنانە گەورەیە كە ڕووی جیهانی گۆڕی یەك هەزار هەوڵی شكستی تاقیكردەوە!
(بەردەوام بوون) واتای ئەوەیە ئێمە هەموو ڕۆژێك ناوازە و نمونەیی دەركەوین ، (بەردەوام بوون) بەو واتایەی كە ئێمە سەرەڕای مەترسیەكان و بەربەستەكان كۆڵنەدەین و وازنەهێنین ، ئەگونجێ هەندێ جار هەست بە ماندووبوون یان ساردبوونەوە ، یان ڕەشبینی بكەین ، ئەمەش حاڵەتێكی سروشتی و پێشبینی كراوە ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە باڵانسی خۆمان بپارێزین ، سوور و موكوڕ بین لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەكان ، ئەگەرچی هەنگاوەكانی چوونە پێشەوەمان هەنگاوانێكی سست و لاوازیش بن! دەبێ بزانین كلیلی سەركەوتن باوەڕبوونە بەوەی كە هەوڵە بەردەوامەكان ئەگەرچی سادە و سست و هێواشیش بن بەڵام لە كۆتاییدا هەر دەگەنە ئەنجام و دەستكەوت و بەرهەمی گەورە بەدەستەوە دەدەن!
كێشەكان و بەربەستەكان و تاڵاویەكان بەشێكن لەڕێگەی گەیشتن بە سەركەوتن و ، جۆرێكن لە تاقیكردنەوە بۆ عەزم و ئیرادە و ورە و ئارامی ئێمە! لەوانەیە هەندێك لەو بەربەستانە دەرەكی بن وەك : نەبوونی پشتیوانیی ، یان نەبوونی دارایی پێویست ، یان پێدەچێت بەربەستەكانی خۆیی بن وەك : دوودڵی و قەلەق و هەرەسهێنان و شڵەژانی دەروونی و تاد… بەڵام گرنگ ئەوەیە ئازایانە و بوێرانە و بە متمانە بەخۆبوونەوە بەرەنگاریان ببینەوە و بەسەریاندا زاڵ ببین!
لەكۆتاییدا : دەبێ ئەوە بزانین سەركەوتن تەنها (بۆ ڕێكەوتن) نیە ، یان ڕووداوی كت و پڕو چاوەڕوان نەكراو نیە ، بەڵكو بەرهەم و دەرەنجامی كەڵەكە بوونی ماندووبوون و ئێش و ئازارو هەوڵ و كۆشش و قوربانیە بەردەوامەكانمانە!
قەبارەی گەورەیی خەونەكان خۆی بە تەنها بەس نیە ، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەندازەی پابەندبوون و سووربوونی ئێمەیە لەسەر بەدیهێنانی ئەو خەونانە بەهەر نرخ و قوربانیەك بێت! بۆیە سەختیەكان و مەترسیەكان و ئاڵنگاریەكان هەرچیەك بن ، هەرچۆنێك بن، ئەوەی پێویستە لەسەر ئێمە ئەوەیە : دروشمی (كۆڵنەدان و بەردەوام بوون) بكەینە نەهج و ، پڕۆژەی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان!
لەوانەیە كاروانەكە دوور بێت و سەخت بێت ، بەڵام هەموو هەنگاوێكی بچووك كە دەینێین سەنگ و قورسایی زیاترو مانایەكی نوێ دەخاتە سەر هەگبەی ژیانی ئێمە…. هیچ گومانی تێدا نیە ( ئارام گرتن ) و كارو كۆششی ( بەردەوام ) نهێنی و پاسۆرد و كلیلی گرنگ و سەرەكی سەركەوتنەكانی ئێمەن … سەرەتای ڕێگاكە و خاڵی دەسپێكردنی كاروانەكەش لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە ئێمە بڕیار دەدەین سوور بین و نەوەستین و بەردەوام بین.