فوئاد قەرەداغی:
دواجار رەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان بۆ پەڕلەمان گەڕێندرایەوە ، تا هەموار بکرێتەوە ، سەرلەنوێ دابڕژرێتەوەو کوردستان لە ئاستەنگی بێ دەستووریی رزگار بکات ، لانیکەم پرنسیپێکی گرنگی شێوازی پەڕلەمانی بۆ فەرمانڕەوایی پەیڕەوبکرێت و رێگە لەیاریکردن بە یاساکان بگیرێت . بوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان لەنێو عێراقێکی فیدراڵیدا ، پێداویستییەکی سیاسی و یاسایی جێگیرکردنی فەرمانڕەوایی خۆجێیی کوردە کە زێتر لە بیست ساڵە ، بێ پاساوێکی بەجێ دواخراوەو ، هۆکارێک بووە بۆ سەرهەڵدانی کێشەی دەستووری و یاسایی ، چ لە نێوخۆی کوردستان و ، چ لە رێکخستنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراقدا . دەرچوونی دەستووری هەمیشەیی عێراق و راپرسییەک کە بۆ شەرعییەتپێدانی کراو کوردیش تیایدا بەشداربوو ، لە چەندین بڕگەدا رێگریی یاسایی بۆ دانانی دەستوورو هەموارکردنەوەشی دروستکردووە و دەبێت دەسەڵات لە کوردستاندا بەلێزانی و وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و ، پشت بە راپرسیی خەڵکی کوردستان ، کێشەکان لە بەرژەوەندیی گەلی کورد چارەسەربکات .
ئەمجارە دەبێت هەموارکردنەوەی دەستوور گشتگیر بێت و تەنها لە تەوەری ئاستەنگیی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم گڕنەخوات .
دەبێت لە هەموارکردنەوەدا پێداگریی لەسەر ماددەو بڕگە تایبەتییەکان بە سیستمی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بکرێت و ، لەو رێیەوە رێوشوێنی پووچەڵکردنەوەی هەوڵی ڤیتۆیەکی چاوەڕوانکراو لە ناوەندو لەنێو کوردستانیشدا دابنرێت و ، لە ئاستێکی جەماوەریی فراواندا کاری بۆ بکرێت .
لە هەموارکردنەوەی ئەمجارەی دەستووری هەرێمدا ، دەبێت پرسی پەروەردەو خوێندن بەهەند وەربگیرێت و ، دیموکراتیزەکردنی سیستمی پەروەردەو خوێندن و سیکولاربوونی ، پلەی یەکەمیی لە گۆڕانکارییە دەستوورییەکەدا بدرێتێ .
پرسی پەروەردەو فێربوون لە کوردستاندا ئاستەنگیی لەبەردەمدایە هەوڵە ریفۆرمیستییەکانی پێشوو سەرکەوتوو نەبوون . زۆربەی مامۆستایان و پسپۆڕان و شارەزایانی پەروەردەو کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران رۆژانە بەرەوڕووی کێشەو گرفتە پەروەردەیی و سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە و ، ساڵ دوای ساڵیش گرێکوێرەکان پتر دەبن ، بۆیە بڕیاردانی سیستمێکی پەروەردەیی دیموکراتی و سیکولار هەنگاوێکی سەرەتایی دەبێت بۆ راستکردنەوەی باری لاری سیستمی پەروەردەو ئاڕاستەکردنی بەرەو لەنگەرگرتن و رەوتێکی گونجاوو جێگیر لە نێو هەنگاوو نیازەکانی پێشکەوتن و گەشەکردنی هەمەلایەنەی ژیانی خەڵکی کوردستاندا .
گۆڕانکاریی دیموکراتی لەهەموو بوارەکاندا ، لەوانەش سیستمی پەروەردەو خوێندن ، گۆڕانکارییەکی گونجاوە بۆ قۆناغی رزگاریی نیشتمانی . ئەم قۆناغە ، رزگاریی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی دەخوازێت . بنیاتنانی وڵاتێک و ئامادەکردنی بۆ سەربەخۆیی ، بەبێ ئەو گۆڕانکارییانە ناکرێت . لەم کایەیەدا پرسی پەروەردەو فێربوون رۆڵێکی چارەنووسساز لەو ئامادەکردن و سازدانەدا دەبینێت ، بۆیە ئاڕاستەکردنی دیموکراسییانەی سیستمەکە دەبێتە هەوێنی ئەو رۆڵەی لێی چاوەڕوان دەکرێت .
سیستمی دیموکراسی لەسەر چەند کۆڵەکەیەک رادەوەستێت و ، چەند پرنسیپێک لەخۆدەگرێت ، وەک :
– بنیاتنانی دامەزراوەکان لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و دەنگدان و سەروەریی یاسا .
– هاووڵاتیبوون : هەموو کەسێک کەسایەتیی خۆی هەیەو یاسا ئەرک و مافەکانی دیاریدەکات بەبێ جیاوازیی ( نەتەوە ، ئاین ، رەگەز ، بیروباوەڕ ، رەنگی پێست … هتد ) .
– مافەکانی مرۆڤ بەپێی جاڕنامەو بەڵێنە جیهانییەکان و ، زامنکردنی مافەکانی بیرکردنەوەو بیروباوەڕو ، بیروبٶچوونی شەخسی و سەربەخۆو ، سەلماندنی مافی بڕیاردانی ژیان و چارەنووس بۆ خودی تاکەکەس .
سەرجەمی ئەم پرنسیپانەش لە پرنسیپی ئازادیدا بەرجەستە دەبێت و ، ئازادیی سەرچاوەیانە و ، دابینکردنی هەموو ئازادییەکان مەرجی کۆمەڵگەیەکی تەندروستەو ، بۆ کوردستانی ئێستاو ئایندە پێداویستییەکی ژیانسازە .
ئەم پرنسیپانە ، لەژێر چەتری ئازادیدا : ( ئازادیی باوەڕ ” عەقیدە ” ، ئازادیی بڕیاردان ، ئازادییەکانی تاکەکەس ، ئازادی هەڵبژاردن ، ئازادیی راگەیاندن و دەربڕین ، ئازادیی وەرگرتنی زانیاری ، ئازادیی رەخنەو ئیعتیراز ، ئازادیی مانگرتن و پەناگیریی و خۆنیشاندان … هتد ) بەدیدێن و مەرجەکانی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و هەڵکردن پێکدەهێنن .
یەکێک لە و پرسە گرنگانەی کێشەی لەسەرە ( ئازادیی ئاینداریی ) یە ، جیاوازی بیروڕایە لەسەر سنووری دیموکراسی و ئازادیی . ئەم کێشەیە پەیوەندیی بەوەوە نییە ، وەک مافێکی ” مرۆڤبوون ” جێوڕییەکی لە نێو فەلسەفەی مافناسیدا هەیە ، بەڵکو رەتکردنەوەی پڕاکتیکێتی لەلایەن مەیلێکی کۆمەڵایەتییەوە ، بەواتا بەرتەسکردنەوەی مەودای دیموکراسی و ئازادییە ، بە پاساوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و نەگونجانی لەگەڵ ئەو پرنسیپانەی ئەقڵی گشتیی پیرۆزیی پێبەخشیوە .
ئەم روانگەیە ، پرنسیپەکانی یەکسانیی هاووڵاتی لە پڕاکتیکی ئازادیدا ، رێزگرتنی رای بەرامبەر ، کۆتاییهاتنی سنووری ئازادی لایەنێک یان بیروباوەڕێک لە سنووری ئازادی و بیروباوەڕێکیدیکەدا رەتدەکاتەوە . ئەمەش پێچەوانەی چەمکی ئازادی و دیموکراسییە چونکە ” ماف ” وەک چەمکێکی فەلسەفی و سیاسی بە لایەنێک دەدات و لەلایەنێکیدی زەوتدەکات .
ئەم باری سەرنجەی “ماف ” سنووردار دەکات ، لەڕێی دانپێدانانی دەستوورەوە ، رەوایەتیی وەردەگرێت و زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێ بۆ توندبوونەوەی ململانێ و پێکداهەڵپژانی کۆمەڵایەتیی ، ئەوەش لەدوا شیکردنەوەدا بەزیانی پرسە نەتەوەیی و خواستەکان دیموکراسی و ئازادی دەشکێتەوە .
پەیڕەوکردنی پرنسیپی ” زۆربەو کەمینە ” بۆ مامەڵەکردنی ( ماف ) ی ئازادیی ئاینداریی ، پێوەرێکی لاسەنگەو بەشێک لە کۆمەڵ بێبەش دەکات ، کاتێکیش بێبەش دەبێت ، پڕاکتیککردنی مافەکانی بە سەربەخۆیی دەچێتە ژێرباری فشارو راوەدوونانی یاسایی و سزادان ، بەوەش پرنسیپی ” ماف ” بە واقیعیی هەڵدەوەشێتەوە و تەنها بەشێکی کۆمەڵ ، کە ئێستا زۆربەن ، لێی بەهرەمەند دەبن .
دەبێت هەموارکردنەوەی دەستوور ئەو راستینانە لەبەرچاوبگرێت ، لەسەر کۆمەڵیک بنەمای جیهانیی ، نەک یەک ئاین و یەک فەلسەفەو یەک رێبازی سیاسی ، گۆڕانکارییەکان بکات ، مافی کەمایەتیی بپارێزێت ، هەموو ئاینەکان ، ئاینزاکان ، بڕواداران و بێباوەڕەکان چوونیەک سەیربکات و مافی پڕاکتیکی بیروباوەڕەکانیان ، بێ جیاوازی ، بۆ بسەلمێنێت و بە یاسا بۆیان دابین بکات . ئەم هەڵوێستە ئەرێیانە دەڕوانێتە ئەم پرنسیپانەو زەمینەی بنیاتنانی سەردەمێکی نوێ سازدەکات ، سەردەمێک کە :
– کوردستان بۆ هەمووان بێت .
– ئازادیی بۆ هەمووان بێت .
– مافی مرۆڤ بۆ هەمووان بێت ( تایبەتمەندێتی مافەکانی ژنان و گەنجان و منداڵان ) دانپێدانانێکی دەستووریی هەبێت .
– مافە دیموکراتییەکان بۆ هەمووان بێت .
– هەمووان بەبێ جیاوازی ، لە چارەنووسی شەخسی خۆیاندا ، رێز لە ئیرادەیان بگیرێت ، ژیانیان پارێزراوبێت ، لەبڕیاردانی دواڕۆژو چارەنووسی کوردستاندا بەشداربن ، لەهەموو روویەکەوە یەکسان بن ، لە مافی هاووڵاتیبووندا فەزڵی کەس بەسەر کەسێکیدیکەدا نەدرێت .
ئەم پرنسیپانە ، سیکولاربوونی دەوڵەتی دەوێت . بەبێ جیاکردنەوەی ئاین و دەوڵەتیش ، پرنسیپی سیکولاربوون بوونی نابێت ، جیاکردنەوە بە واتای دەستێوەرنەدان لە کاروباری یەکتری و ، رێزگرتنی سنووری ئەرک و مافی هەرلایەکیان لەلایەن بەرامبەرەکەیەوە .
بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە ، پێناسەیەکی ناوکۆیی مەیلە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە بۆ سیکولاریزم پێویستە ، بۆ نموونە : ناسینی سیکولاریزم وەک ئازادیی بۆ ئایدیای مرۆڤ و رەتکردنەوەی هەر بەربەستێک لەڕیی ئەم ئازادییەدا دابنرێت . ناسینی وەک بەربەستێک لەبەردەم رکوکینەنانەوەو توندوتیژیی دژی هەر ئاینێک یان ئاینزاو بیروباوەڕێکی پشتبەستوو بە غەیبیات ، هەروەها هەر بیروباوەڕێکی دنیایی نائاینی .بە کورتی خۆبەستنەوە بەو پەندە میللییەی کە دەڵێت ( هەر کەسە دەچێتە قەبری خۆیەوە ) .
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ، جیایی دین لە دەوڵەت پرنسیپێکی سیستمی سیکولارە . بەم پرنسیپە ، ئەو جیابوونەوەیە سیستمی پەروەردو فێربوون دەگرێتەوە ، سەبارەت بەوەی پەروەردەفێرکردن خزمەتگوزارییەکی گشتییە ، پشت بە پرنسیپی مافی هاووڵاتی دەبەستێت ، ئەرکێکی گشتی دەوڵەتە بەرامبەر کۆمەڵگەو هەموو هاووڵاتیانی خۆی بەبێ جیاوازی .
کاتێک ئەوە بۆ دەوڵەت دەسەلمێنین پرۆسەی پەروەردە بگرێتەدەست وبیخاتە خزمەتی گشت هاووڵاتییەکانیەوە ، دەبێت ئەوەشی بۆ بسەلمێنین کە یاساکانی سیستمی پەروەردەو بەرنامەکانی خوێندن دەبێت گشتی بن و قۆرخکاریی تێدا نەبێت ، ئەوەش تەنها بە سیکولارکردنی پرۆسەکە دەستەبەر دەبێت . چەمکی سیکولاربوون ، واتە جیایی ئاین لە بواری پەروەردەو فێربوون ، ئەم خاڵانە دەگرێتەوە :
١ – دەزگای پەروەردە هەموو مامۆستایان و قوتابییان ( بەجیاوازی ئاینیانەوە ) بە یەکسانی دەبینێت .
٢ – مامۆستایان و قوتابیان ئازادیی بیروباوەڕی ئاینی و غەیرەئاینییان دەبێت و ، لەم بارەیەوە پابەندی یاساو سیستم و رێساکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی پەروەردەیی دەبن .
٣ – تەنها یەک ئاین لە قوتابخانەکاندا ناخوێنرێت ، دەکرێت هەموو قوتابی و خوێندکارەکان مێژووی ئاینەکان و پرنسیپە لەیەکچووەکانیان ، وەک کایەیەکی مەعریفی ، وانەیەک بێت و لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا بیخوێنن .
٤ – ئازادی خوێندنی ئاین بۆ پەیڕەوکارانی هەموو ئاینەکان لە ناوەندە ئاینییەکانی وەک قوتابخانە ئاینییەکان و مزگەوت و کەنیسەو پەرستگاو … هتد .
٥ – لەسایەی سیستمی سیکولاردا قوتابخانە ناوەندێکی گشتی دەبێت بۆ فێربوونی زانستەکان و گەشەکردنی قوتابی لەهەموو کایە رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکاندا و ، رێز لەبیروباوەڕە ئاینییەکانیان ، وەک تایبەتمەندییەکی شەخسی ، دەگیرێت و بۆ ئەو پرسانەی پەیوەندی بە ئاینەکەیانەوە هەیە ، پەیڕەوکارانی هەر ئاینێک روو لە مەرجەعییەتە ئاینییەکانیان دەکەن .
سیکولاریزم بەرنامەو میتۆدی پێکەوەژیانی بیروباوەڕە جیاوازەکانە ، بەرنامەو شێوازی هەڵکردنی مرۆڤەکانە بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە لەهەر وڵاتێکدا بە تایبەتی و لەسەرانسەری جیهاندا بە گشتی ، مانیفێستی ئازادیی دوولایەنی ناکۆکییەکانن لە ململانێ و بەرگریکردنی ئاشتیانەو شارستانییانە لە بڕواکانی خۆیان . دەستووری تەبایی و خۆشەویستی و یەکڕیزیی هاووڵاتییانی فرە نەتەوەو فرەزمان و فرە ئاین و فرە کولتوورو فرە بیروباوەڕوفرە رەهەندی فەلسەفی و سیاسیی وڵاتانە . دەستەبەری مرۆڤبوونی راستینەی مرۆڤەکانە لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بن .