ماوەیەکە جارێکی تر بابەتی (بەناو!) “رێکخستنەوەی میدیای کوردستان” و “کۆتایی ھێنان بە فەوزای میدیای کوردی” سەریھەڵداوەتەوە.
گوایە گەیشتن بەم ئامانجەش لە رێگەی دامەزراندنی (ئەنجومەنی باڵای میدیا)وە دەبێت، کە جگە لەوەی پرۆژە یاسایەکی بۆ پێشنیارکراوە، کۆڕو کۆنفرانسیشی بۆ دەگیرێ و پروپاگەندەیەکی بەرفراوانی بۆ دەکرێ.
دوورنییە ھەندێک لەوانەی پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکەن، دڵسۆزی میدیای کوردی و ئازادیی بیروڕادەربڕین بن و بەھیوا بن لەم رێگەیەوە خزمەتێکی بکەن، بەڵام گومانیشم لەوە نییە ھەندێک لایەن و خەڵکێکی زۆریش لەگەڵیان، مەبەستیانە کۆت و بەندکردن و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین بکەنە یاساو “شەرعییەت!”ی پێبدەن.
پێش ئەوەی قسە لەسەر پرۆژە پێشنیارکراوەکە بکەین، با لە خۆمان بپرسین، ئایا لەسایەی ئەم سیستمە سیاسییەی ھەرێمدا ئەنجومەنێکی باڵا، کە وەک لە پرۆژە یاساکەدا پێشنیارکراوە، لەلایەن پەرلەمانەوە دادەمەزرێت و دەسەڵاتی پێدەدرێت، دەتوانێ زامنی ئازادیی رۆژنامەگەری بێت لە کوردستاندا؟، پێم وایە گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ ئەزموونی چەند ساڵی رابردوومان لەگەڵ دەستەو ئەنجومەنەکاندا، بە “نەخێر” وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە.
لە ھەموو دنیادا دەسەڵاتی (دامەزراندن) و (متمانەدان) بە دەستەو ئەنجومەنە باڵاکان دەدرێت بە پەرلەمان بۆ ئەوەی لەژێر ھەیمەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەرباز بکرێن و سەربەخۆییان ھەبێت لە بڕیارداندا.
بەڵام لە کوردستاندا خودی پەرلەمان لەژێر ھەیمەنەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکرندایە، بۆیە گومان لەوەدا نییە ھەر دەستە و ئەنجومەنێک لە پەرلەمانەوە درووست بکرێت، بەھەمان سیستمی بەش بەشێنە لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بەشدەکرێت، دەبێتە پاشکۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ھیچ ھیوایەک بە سەربەخۆیی بڕیارەکانی نیە.
رەنگە ھەر لەبەر ئەوەشبێت لە پرۆژە یاساکەدا دەسەڵاتی (راگرتن) و تەنانەت (وەرگرتنەوەی مۆڵەت!) دراوە بە ئەنجومەنی باڵای میدیا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەوانیدا سزا بەسەر دەزگا رۆژنامەوانییەکاندا ناسەپێنرێت، بەڵکو بەسەر کەسەکاندا.
پاشان ئەو بەڕێزانە مەبەستیان چیە لە “رێکخستنەوەی ئەو فەوزایەی لە میدیای کوردیدا ھەیە”؟! کێ ئەو فەوزایەی دروست کردووە؟ ھەموومان دەزانین پتر لە (٩٠٪)ی کەناڵەکانی راگەیاندن لە کوردستاندا (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلکترۆنی)، یا راستەوخۆ سەر بە بەرپرس و حیزبە دەسەڵادارەکانن، یاخود یا لە “سێبەر”ی ئەواندا و بە پارە و بەپێی سیاسەتی ئەوان کار دەکەن.
جگە لە رۆژنامە و کەناڵە گەورە و دیارەکان، رۆژانە ماڵپەڕی “بێ دایک و باوک”ی نوێ و لاپەڕەی سۆشیال میدیای نەناسراو کە بە ئاشکرا دیارە سەر بە کام حیزب و کام لایەنی سیاسین، لە رێگەی ریکلامی زۆر و زەوندی سۆشیال میدیاوە خۆیان نمایش دەکەن.
کارو کاسبیی ئەمانە بریتییە لە “ھێرشکردنە سەر نەیارەکان بەزمانێکی زۆر ناشرین، ھەڵبەستنی ھەواڵ، چەواشکردنی رایگشتی”.
تەنانەت ھەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن، حیزب ھەیە لەشکرێک جنێوفرۆشی دامەزراندووە کە مانگانە مووچەیان دەداتێ، تەنھاو تەنھا ئەرکیان ئەوەیە ھێرش بکەنە سەر نەیارەکان و دەنگە ئازادەکان بە زمانێک کە مرۆڤ بێزی لێدەکاتەوە.
ھەر ئەوانەش سەرچاوەی سەرەکیی ئەو پاشاگەردانییەن کە ئەو بەڕێزانە باسی دەکەن، بۆیە ئەگەر بەڕاستی ئامانجی ئەو بەڕێزانە ئەوەیە کۆتایی بەم پاشاگەردانییەی میدیا و سۆشیال میدیای کوردستان بێنن، با بڕۆن گوشاربخەنە سەر حیزبەکانی خۆیان و پێیان بڵێن بەرۆکی میدیا بەردەن و ئەم کارە بۆ رۆژنامەنووسەکان جێبێڵن.
کە ئەمەیان پێ ناکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، جگە لە بەرتەسککردنەوەی ئەو پەراوێزە بچووکەی ئازادیی بیروڕادەربڕین کە ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر لەژێر ھەڕەشەدایە، بە ھیچ ئەنجامێک ناگات.
ئەگەر مەبەستیشیانە فەرمانگەو دامەزراوەیەکی نوێ دامەزرێنن بۆ بەخشینی پۆست و پلە و پایە و مووچەی بەرز بە چەند کەسێک، ئەوا رێگەی تر گەلێک زۆرن، تکایە با بە ناوی میدیا و ئازادی رۆژنامەگەرییەوە نەیکەن.