لە روانگەی هەڵە تێگەیشتنتان لە ئازادی، کۆمەڵێک بازرگان و کۆمپانیا خەریکە بۆ رەواجدان بە کاڵاکانی خۆیان، ئێوە دەکەنە کاڵا.
ماوەیەکی دوور نییە، کۆمەڵێک خانمی گەنج هەر یەک و بە جیا جیا خەریکی دروستکردنی پەیجی پەبلیکی سۆشیال میدیا-ن بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان و بەدەست هێنانی بینەری زیاتر لە پیناو بەدەست هێنانی پارە!
خانمان…. ئەگەر رستە بە رستە جیای بکەینەوە هەم دروستکردنی پەیجی پەبلیکی سۆشیال میدیا، هەم بەدەست هێنانی پارە و بەناوبانگ بوون مافی رەوای خۆتان و هەموو
کەسێکە.
کەواتە من ئەزانم ئامانجەکەتان کە بەدەست هێنانی پارە و ناوبانگە، ئامانجێکی بێ خەوش و زۆر تەواوە، نە بەدەست هێنانی پارە و نە ناوبانگی هەڵەی تێدا نییە، بەڵام هەڵە گەورەکەتان (هەڵبەت رای منە)، لە میکانیزمی گەیشتنە بە ئامانجەکەتان. بۆ گەیشتن بە پارە و ناوبانگ ئێوە خەریکە لە باتی رێکلام و رەواجدان بە کاڵا و بەرهەمەکان، خۆتان دەکرێنە کاڵا، ئێوە وەک مۆدێلی نمایشی بەرهەمەکان، خەریکە خۆتان نمایش دەکەن.
ئەزیزم، برۆن هەفتەیەکی ئەکادیمی لە بارەی رێکلام و میکانیزمەکانی وەربگرن، سەرچاوەیەکی زانستی لە بارەی هزری وەرگر بخوێننەوە، ئینجا دەست بدەنە کارەکە!
لە زۆرینەی چاوپێکەوتنەکانی بەشێکتان ( ئێستا لە یوتوب بەردەستە ) باس لەوە دەکەن ” خەڵک هەر رەخنەمان لێدەگرێت و باکمان پێیان نییە”. دەی بەقوربان رێکلام بۆ بینەر و خەڵکە، کە باکت پێی نییە بۆ رێکلامی بۆ دەکەیت؟
ئەگەر هەر بۆ پارەکەیە، دەی لێرە بزانن خاوەنی کۆمپانیاکان خەریکی لە خشتە بردنتانن، لەبەر ئەوەی ئەوان پێویستیان بە رێکلامێکە بۆ کاڵاکانیان بکرێت کە بچێتە ناو خەڵکەوە و وەرگر قبوڵی بێت ( ئەمە حەقیقەتی رێکلام بۆ کراوەکانە)، ئەگەر تۆ رێکلامت بۆ کرد و وەرگر قبوڵی نەکرد بەڵام خاوەن کارەکە قبوڵی کرد، دەی بپرسە بۆ ؟ خۆ دیارە کاری بە دەرکەوتنی جەستە و جلە نیمچە رووتەکەتە ئەزیزم.
بۆ نموونە:
رێکلامی شامپۆیەک ئەکەیت، ئەوەندەی سنگە نیمچە رووتەکەت دەرکەوتووە ئەوەندە شامپۆکە دەرنەکەوتووە، بۆ خاوەنی کارەکە گرنگ نییە تا چەند قژی تۆ و ناوی براندەکە گونجاو و ریک دەرکەوتووە، ئەوەی بۆ خاوەن کار گرنگە تا چەند تۆ لە وینەکان نیمچە رووت و سەرنجراکێش دەرکەوتوویت، تا ئەوان وینەکەت دەیان جار بە ناوی خۆیانەوە بە بیانوی رێکڵام بڵاوبکەنەوە!
خانم گیان رێکڵامی کرێمێکی پێستی دەمووچاو چ پێویستی بەم هەموو دەرکەوتنە نیمچی رووتەی جەستەت هەیە؟ ئەزیزم تۆ ئازادی بۆ ژیانی تایبەتی خۆت چۆن دەردەکەویت و چی دەپۆشیت، بەڵام کاری رێکلام کارێکی ئازادی رەها نییە و پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە، تۆش بیرت بێت تا ئەو کاتە ئازادی کە سنووری ئازادی کەسێکی تر تێنەپەرێنیت، بە هۆی کاری رێکلامەوە سنووری ئازادی و کلتووری کۆمەڵگا تێمەپەرێنە، بەڵام بۆ ژیانی تایبەتی خۆت، کاری بە من نییە.
ئینجا ئەگەر پێتوایە لە نا شارەزایی و کەمی زانیاری و بیرکردنەوەی داخراوەوە ئەم وتارەم نووسیوە و نموونەی رێکلامەکانی رووسیام بۆ بهێنیتەوە، هەڵە مەکە!
رێکلامە جیهانیەکان بۆ کۆمەڵگا جیهانیەکانن و کلتووری خۆیانە، ئەم جلە رووت و ریکلامەی تۆ کلتووری ئەوانە، کۆمپانیا جیهانیەکان کاتێک رێکلامێک بۆ کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئامادە دەکەن، کەمترین سەرنجیان لەسەر رووتی سنگ و جەستە و سەرنجراکێشی مۆدێلەکانە، جونکە ئامانجیان سەرنجراکیشی کۆمەڵگایە بۆ بەرهەمەکان، تۆش ئەگەر ئارەزووی ئەم جۆرە دەرکەوتنەت هەیە لە رێکلامدا، واز لە رێکلامی لۆکاڵی بێنە، برۆ لەگەڵ براندە جیهانیەکان ئیش بکە، هەڵبەت ئەگەر ویستیان !
لە کۆتایدا پرسیارێکم هەیە:
لە خۆتان بپرسن لە کاتێکدا ئێوە رێکلام بۆ شامپۆ و کرێم و سەنتەری جوانکاری و کەلوپەلی خانمان دەکەن، بۆچی زۆرینەی فانەکانتان پیاون ؟!