ماوه‌ی ده‌ستگیرانداری شادان‌و عومه‌ر ته‌نها هه‌فته‌یه‌ک درێژه‌ی کێشا، گولـله‌یه‌کی چه‌کدارانی داعش ژیانی له‌شادان سه‌نده‌وه‌و عومه‌ریشی له‌ناو خه‌م‌و خه‌فه‌تدا به‌جێهێشت.
شادان سه‌عید (20 ساڵ)، خوێندکاری قۆناغی دوه‌می زانکۆی که‌رکوک، به‌ره‌به‌یانی سێشه‌ممه هەشتی ئه‌م مانگه، له‌سه‌ر رێگه‌ی داقوق-که‌رکوک به‌رانبه‌ر به‌گوندی وه‌حده گیانی له‌ده‌ستدا، دوای ئه‌وه‌ی گولـله‌یه‌کی چه‌کدارانی داعشی به‌رکه‌وت.
گوندی وه‌حده، له‌سه‌ر رێگای تازه بۆ داقوق به‌ده‌ستی چه‌کدارانی داعشه‌وه‌یه‌و نزیک به ٢٠٠ مه‌تر له‌شه‌قامی سه‌ره‌کی دوره، کاتژمێر 7:45 خوله‌کی به‌یانی ئه‌و رۆژه، له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و داعش هه‌ندێک ته‌قه روده‌دات‌و گولـله‌یه‌ک به‌ر ئه‌و پاسه ده‌که‌وێت که رۆژانه له‌دوزخورماتوه‌وه خوێندکارانی کۆلێژی زانست ده‌گوازێته‌وه بۆ زانکۆی که‌رکوک، له‌ئه‌نجامدا شادان سه‌عید ده‌بێته قوربانی.
محه‌مه‌د عه‌بدولحسێن، شۆفێری پاسه‌که که به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به، به‌هاوڵاتی وت ‹›ته‌نیا یه‌ک فیشه‌ک به‌ر پاسه‌که که‌وتوه‌و ئه‌ویش به‌ر که‌له‌که‌ی شادان که‌وتوه‌و گیانی له‌ده‌ستداوه، ته‌نیا ئه‌و فیشه‌که نه‌بێت هیچ فیشه‌کێکی تر به‌پاسه‌که نه‌که‌وتوه«.
شادان، هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ عومه‌ر ره‌عدی ئامۆزای ئه‌ڵقه‌ی ده‌ستگیرانداریان گۆڕییه‌وه‌و به‌نیازبون دوای ته‌واوبونی خوێندنی ئه‌مساڵ زه‌ماوه‌نده‌که‌یان بکه‌ن.
عومه‌ر ره‌عد، ده‌ستگیرانی شادان، به‌هاوڵاتی وت «خانوه‌که‌مان له‌ته‌واوبوندایه، ئه‌گه‌ر ئه‌م روداوه نه‌بوایه له‌دوای خوێندنی ئه‌مساڵ هاوسه‌رگیریمان ده‌کرد، شادان هه‌م ئامۆزا‌و هه‌م خۆشه‌ویستی من بوو».
عومه‌ر توشی شۆک بوه کاتێک ده‌بینێت ده‌ستگیرانه‌که‌ی به‌زویی به‌جێیهێشتوه، «پرسیار له‌خۆم ده‌که‌م، بۆچی ده‌بێ له‌گه‌ڵ شادان به‌مشێوه‌یەم به‌سه‌ربێت».
بنه‌ماڵه‌ی ماڵی شادان له‌شاری دوزخورماتوو، بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌ناوبانگن‌و بژێوی ژیانیان به‌کاسبیکردن په‌یداده‌که‌ن.
شادان خوشکی گه‌وره‌ی شه‌ش کوڕ‌و کچی خێزانه‌که‌یه‌تی، محه‌مه‌د سه‌عیدی برای به‌هاوڵاتی وت «شادان نه‌ک وه‌ک خوشکی گه‌وره هه‌ندێک جاریش ده‌بوو به‌دایکێکی دڵسۆز بۆمان».
وتیشی «یه‌ک گولـله‌ی به‌رکه‌وتوه به‌ڵام له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی که‌رکوک تائێستا پێیان نه‌وتوین گولـله‌ی قه‌ناس بوه یان کڵاشینکۆف».
به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوزخورماتوو به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا نیه، کوردانی ئه‌و قه‌زایه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو دایکی شادان ئاماده‌نه‌بوو قسه له‌سه‌ر کوژرانی کچه‌که‌ی بکات.
ره‌عد ئه‌کبه‌ر، مام‌و خه‌زوری شادان، باس له‌خه‌ونه‌کانی بوکه کوژراوه‌که‌ی ده‌کات‌و ده‌ڵێت «یه‌کێک له‌هه‌ره خوێندکاره زیره‌که‌کان بوو، به‌هیوابوو دکتۆرا به‌ده‌ستبهێنێت».
باسی له‌وه‌شکرد، «(شادان) ئه‌مساڵ دوه‌م ساڵی کۆلێژی ته‌واو ده‌کرد، به‌داخه‌وه چه‌کدارانی داعش نه‌یانهێشت به‌هیواو ئاواتی خۆی بگات».