(ن)، ئەو ئافرەتە كەڕوڵاڵەی، ماوەی چەند ساڵێكە لە دوای مردنی دایكی شەوانە لە شەقامەكانی رانیە دەمێنێتەوە و رۆژ دەكاتەوە، وەك بەرپرسانی تایبەت بەو كەیسە باسی دەكەن، ئەو ئافرەتە هیچ نەخۆشییەكی دەرونی نییە، بەڵام كەسوكارەكەی ئامادەنین لەخۆی بگرن و بیانوشیان ئەوەیە كە دەبێتە هۆی لێكترازانی خێزانەكانیان.
(ن،م) لە دایكبوی ساڵی 1979ەو خەڵكی ناوچەی باڵەكایەتییە، لەزگماكەوە خاوەن پێداویستی تایبەتە و كەڕوڵاڵە، ساڵی 2015 لەدوای كۆچی دوایی دایكی، ئیتر بێلانە دەبێت، (ن) دو برای هەیە، بەڵام بە وتەی ئەو كەسانەی بەرپرسن لەم كەیسە، براكانی ئامادەنین، لەخۆی بگرن و بەخێوی بكەن، ئەوەش بەو هۆكارەی دەبێتە هۆی تێكدانی خێزانەكانیان و جیابونەوەیان.
حسێن مەحمود، قائیمقامی قەزای ناوەندی رانیە لەسەر كەیسەكە رایگەیاند،”ئێمە ئاگاداری ئەو کەیسەین و لە چەندین ڕێگەوە هەوڵی چارەسەرکردنمان داوە، ئەم ئافرەتە کەڕولاڵە، دو برای هەیە لە چوارقوڕنە دادەنیشن، هەردو براکەیمان بانگکردوە، پێمان وتون کرێ خانو یا چیتان دەوێت بۆتان دابین دەکەین، بەڵام دەڵێن ئەگەر خوشکەکەمان بێنینە لای خۆمان، ڕوبەڕوی کێشەی خێزانی دەبینەوە و دەبێت لە خێزانەکانمان جیاببینەوە، چونکە ئیلتیزاممان پێوە ناکات”.
قائیمقامی قەزای ناوەندی رانیە راشیگەیاند،”هەوڵماندا، ئەو ئافرەتە ببەینە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی، بەڵام د.لاڤە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی پێی راگەیاندین كەوا ئەم ئافرەتە هیچ نەخۆشیەکی دەرونی نیە، بۆیە ناتوانن لەنەخۆشخانەی سۆزی دەرونی وەریبگرن”.
حسێن مەحمود وتیشی،”لەگەڵ دادوەر قسەمان کردوە، دادوەر دەڵێت ناتوانم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکەم لەکاتێکدا هیچ سکاڵایەکی لەسەر نەبێت و زیانی بەكەس نەگەیاندوە. بەداخەوە كەیسی ئەم ئافرەتە كێشەی زۆری بۆ ئێمە دروستكردوە، چونکە هیچ دەزگایەک نیە لەخۆی بگرێت. نازانین بەرامبەر ئەم حاڵەتە چیبکەین و لەهەمو دەرگاکانمان داوە”.
قائیمقامی رانیە لە رێگەی خەندانەوە داوایكرد وەزارەتی کارو كاروباری کۆمەڵایەتی چارەسەری ئەم حاڵەتە بکات و دەزگایەك دابمەزرێنێت كە ئەم جۆرە حاڵەتانە لەخۆ بگرێت”.
هەر سەبارەت بە كەیسی (ن) خەندان پەیوەندیكرد بە عەبدوڵا حسێن، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنانی رانیە، ناوبراو رایگەیاند،”ئەم ئافرەتە لە ئەسڵدا خەڵکی باڵەکایەتیە و ماوەیەکی زۆرە لە ڕانیە دادەنیشێت، برایەکی ناوی (ج) ئەم ئافرەتە دایکو باوکی نەماوە، بەڵام دوای مردنی دایکی کەوتۆتە سەرجادەکان، براکەی لەخۆی ناگرێت و دەڵێت ئەگەر خوشکەم ببمەلای خۆم، دەبێت لەخێزانەکەم جیابمەوە”.
عەبدوڵا حسێن وتیشی،”بردمانەتە لای د.هەڵکەوت، چارەسەرمان بۆ وەرگرتوە و بردومانە بۆ گرتن و گۆاستنەوە و شەلتەر، بەڵام ناحەوێتەوە، پەلاماری ئەو کەسانە دەدات کە لە شاڵتەرن، گازیان لێدەگرێت، پەنجەرەو دەرگاو سپلێتەکان دەشکێنێ”.
بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنانی رانیە راشیگەیاند،”ئێستا هەمو سلێمانی و هەولێر (ن) دەناسن و کەس نایگرێتە خۆی، تەنانەت گرتن و گۆاستنەوەش لێی بێزارن، ئێمە دواین جار بەسەیارەی تایبەتی خۆمان بە کارمەندەکانی خۆمان، ناردمان بۆ لیژنەی پزیشكی سلێمانی بۆ ئەوەی داغڵی نەخۆشخانە بکرێت لە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی، بەڵام لێپرسراوی سۆزی دەرونی وتی ئەو کەسە دەناسین و وەریناگرین، چونکە ئیشی ئێمە نیە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە چەند رۆژی رابردو جارێكی دیكە داوامانكرد كە لە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی بۆمان وەربگرن، قسەم لەگەڵ د.هیوا کردوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین بەهەمان شێوە جارێکی تر قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری سۆزی دەرونی کردەوە کە وتی ئێمە 7 بۆ8 پزیشك دانیشتوین لە لیژنەی پزیشكی، ئەم ئافرەتە نەخۆشی دەرونی نیە، بۆیە ناتوانین لە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی وەریبگرین”.
“ترسمان هەیە کە کۆمەڵێک گەنجی بەلاڕێدارۆشتو ئەو هەلە بقۆزنەوە و دەستدرێژی بكەنە سەری، لە هەمو دەرگایەکمانداوە، بەڵام هیچ دەرگایەک بەسەرماندا ناکرێتەوە چارەسەرەکەش لای ئێمە نیە”.بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنانی رانیە وادەڵێت.
لە درێژەی قسەكانیدا عەبدوڵا حسێن رایگەیاند،”لەڕێگەی کاروباری کۆمەڵایەتی کاک کاسترۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قسەمان لەگەڵ براکەی ئەو ئافرەتە کردوە کە ئامادەین مانگی بڕی 500 هەزارو خانوی بۆ دابین بکرێت، تەنها ئەو خوشکەی بگرێتە خۆی، بەڵام ڕازی نیە. تەنانەت ئافرەتێک پەیوەندی پێوە کردم وتی ئێمە لە ماڵەوە بەس ئافرەتین ئەیبەینەوە ماڵی خۆمان، پاش کەمێک ئافرەتەكە پەیوەندی پێوە کردمەوە وتی لەگەڵم نایات بۆ ماڵەوە، لەگەڵ خەڵکیش ناچێتەوە بۆ ماڵان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بە دادوەری وتوە دەترسێت لەوەی دەستدرێژی سێكسی بكرێتە سەر، بۆیە پێویستە بڕیارێكی خێرا لەسەر كەیسەكەی بدەن و بخرێتە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی.
کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا و ئەوەی رونكردنەوە كە تەنانەت وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیش ئاگاداری ئەم كەیسەیە، بڕیاردراوە كە دەزگایەكی تایبەتمەند بۆ ئەم كەیسەو پێنج كەیسی دیكەی هاوشێوە لە سلێمانی دابمەزرێت.
كاسترۆ مەعروف لەبارەی ئەو کەیسەوە ووتی،”ئەو ئافرەتە لە ساڵی 2015 ەوە زیاتر لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان دەبینرا و لە نێوان شارەکاندا ھاتوچۆی دەکرد، بەھۆی کۆچی دوایی دایکییەوە توشی ئەم حاڵەتە بوە، ئاەم ئافرەتە خوشك و برا و کەسوکاری هەیە، بەڵام بەداخەوە لەخۆی ناگرن”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند،”سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ڕاپەڕینم کرد و کۆی بەڵگە و زانیارییەکانم وەرگرت، تا بزانم لە لایەن ئەو بەرێوەبەرایەتییەوە چی بۆ کراوە ، دەركەوت كە بردویانەتە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانی قسەمانكرد و دواتر لەگەڵ دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتوێژی کرد تا بزانرێت چی لە توانایاندا ھەیە بۆ ئەم ئافرەتە بکرێت، دوای بەدواداچون دەركەوت تەنها یەك شوێن هەیە كە ئەم ئافرەتە وەربگرێت، ئەویش نەخۆشخانەی سۆزی دەرونییە.
كاسترۆ مەعروف وتیشی،”لە نەخۆشخانەی دەرونی پێمانراگەیەندرا کە بۆ چەند مانگێک دەتوانن وەریبگرن، بەلام دۆخی ئەم ئافرەتە بە چەند مانگێک چارەسەر نابێت و توانای مانەوەی لە یەک شوێن نییە و نامێنێتەوە، لە شێلتەرەکان دەڵێن کە ھەوڵی خۆکوشتن و خۆ خنکاندن دەدات، یاخود خۆی فڕێ دەدات”
ئاماژەی بەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پڕۆژەیەکی داوە بە پارێزگاری سلێمانی و تیایدا داوای دروستکردنی شوێنێکی تایبەتی کردوە بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە تا کەسانی لەم شێوەیە تیایدا بمێننەوە”
سەبارەت بە قسەكردنی لەگەڵ كەسوكاری ئەم ئافرەتە، كاسترۆ مەعروف وتی،”لەگەڵ برای ئەم ئافرەتە قسەم کرد و ئاگادارم کرد کە ئێمە ئامادەین تا کاتی دروستکردنی ئەم شوێنە ھەمو خەرجییەکی ئەم کچە و ھی کەسوکارەکەشی لە ئەستۆ بگرین بە ھەر بڕێک بێت کە مانگانە پێیان بدرێت، ئێمە تکامان لە کەسوکاری ئەم ئافرەتە کرد تا کاتی ئامادەبونی ئەو شوێنە لای خۆیان بیھێڵنەوە، تەنانەت وەک کارێکی مرۆڤایەتی، لە کاتێکدا ئەم کەسە خوشکیانە، براكەی پێی وتم وەڵامت ئەدەمەوە، دواتر لە وەلامەکەیدا پێی ڕاگەیاندم کە ناتوانن ئەم کچە لە خۆبگرن”
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی،”ئەم ئافرەتە بەھۆی ئەوەی تەنھا دەیەوێت بێتە دەرەوە، لە ھیچ شوێنێک نامێنێتەوە. فێری دەرەوە بوە و دەیەوێت لە دەرەوە بێت، بەو هۆیەشەوە مەترسی ئەوەی لەسەر دەبێت کە دەستدرێژی بکرێتە سەر و ئازار بدرێت”
سەرچاوە:خەندان