فەتوای ستیانەکە
گەرمەی شەڕ ولەناوچوونە لە وڵاتێکی وەکو سۆماڵ ،خەڵک لە برسا دەمرد ،دیمەنەکانی لاوازبوون و پوکانەوە و مەرگی ھێواشی منداڵ و ژنە سۆماڵییەکان دونیای راگەیاندنی تەنی بوو ،ئا لەو ساتەدا ساڵی ٢٠٠٩ (برسێتی گەورەی دووەم) فەتوایەک لەلایەن چەند مامۆستایەکی ئاینییەوە لە وڵاتی سۆماڵ دەرکرا ،کە دواتر گروپە چەکدارە توندەڕەوەکان بە ئاشکرا لە سەر شەقامەکان جێبەجێیان دەکرد، ھەرئافرەتێکیش پێچەوانەی ئەو فەتوایە بجوڵایەتەوە بە ڕۆژی روناک بە بەرچاوی خەڵکەوە لێیدەدرا.
فەتواکە بۆ ڕێگرتن لە برسێتی و ناعەدالەتی دابەشکردنی خۆراک و چارەسەرکردنی کێشەکان نەبوو، بەڵکو دەقی فەتواکە ئەوە بوو: ھەر ئافرەتێک ستیان لە بەربکات و دەربکەوێت کە ئەو پارچە جلەی لەبەرکردوە، بەلەبەرکردنی ستیانەکەش سنگی توند بکاتەوە بێ ھیچ گەڕانەوەیەک بۆ دادگا دەبێت سزای توند بدرێت ولێدانێکی قورس بخوات.
وڵات نوقمی برسێتی و نەگبەتی بووبوو بەڵام مەلاکان فەتوای لەبەرنەکردنی ستیانیان دەرکرد.
فەتوای پۆبجی
سەدان فەتوا و چیرۆکی تر ھەیە کە مەلاکان لەپێناو خزمەتکردنی سوڵتان و خەلیفەکانی زوڵم و سەرۆکەکاندا دەریانکردوە، لەبەرامبەریشدا بێدەنگبوون لە ستەم و زوڵمەکانی تر .
بەڵام ھیچیان وەکو ئەم فەتوای ستیانە نزیک نییە لەوەی کە لەم چەند رۆژەدا لەم ھەرێمەی ئێمەدا روویدا.
یارییەک دەکرێت بەناوی پۆبجی، بەکارھێنەرەکانی بە ئارەزوی خۆیان ئەو یارییە دادەگرن و دەیکەن، واتا یارییەکە بۆ بەسەربردنی کاتە لە وڵاتێکدا کە کاتە زێڕینەکان بۆ بەرپرسەکانە، کاتە خۆڵەمیشییەکانیش بۆ خەڵکە.
بەڵام دەستەی فەتوامان ئەم یارییەی بە حەرام دانا، لایان وایە ئەم یارییە رۆحەکان گەندەڵ دەکات و گەنجان لە کارو ئیش دوردەخاتەوە (وەک ئەوەی گەنج لەم وڵاتەدا لە بەرئیش فریای سەر خوراننیش نەکەوێت ).
ئەمە نیشانەی بێ رێزییە بە مرۆڤ و بەتاکی کوردەوە ئەوەشی ئەم بێرێزییە دەکات ئەو دەستەیەن کە فەتوا لەسەر شتێکی بچووک دەردەکەن کەچی بێ ئاگان لەوەی وڵات غەرقی ناعەدالەتی و بێ یاسایی بووە کەچی زمانیان گۆ ناکات لە ئاست فرعەونەکانی کوردایەتی .
چەندین ساڵە نەوت دەدزرێت پارەکەی دیارنامێنێت، ھاوڵاتیان لەوڵاتی نەوت بێ بەشن تەنانەت لە ژیانێکی ئاسایشدا بژین، کەچی ئەم دەستەی فەتوایە قسەیەکی نەکرد.
موچە کە مافی موچەخۆرە کەمکرایەوە بۆ لە نیو کەمتر، ئەو نیوەیەش بەسێ مانگ جارێ دەدرێت بە موچەخۆران، کەچی ئەم دەستەیە ھەر قسەیەکی نەکرد.
خانەنشینەکان پیاو و ژنە پیرەکان(ئەوانەی خۆشەویستی پێغەمبەری موسڵمانن) لەبەر باران و ھەتاودا بۆ موچەی خۆیان دەوستن تەنانەت ھەبوو گیانی لەدەستدا (دیمەنی ژنەکەی کەلار ئێستاش لە یادەوەریماندایە )کەچی ئەم دەستەیە ھەرقسەیەکی نەکرد.
خاوەن پێداویستی تایبەت ھانایان بۆ دار وبەرد بردوە، ژیانیان لەوپەڕی ناوخۆشیدا، ھەژاری ئەم وڵاتەی غەرقکردوە، منداڵی بەرپرسەکان لەسایەی دزییەکانی باوکیان وڵاتیان کردوە بە موڵکی خۆیان، مامۆستای ئاینیی دەکوژرێت، پارێزەرێک لەئۆتۆمبێلەکەی دەسوتێنرێت ،رۆژنامەنووس دەفڕێنرێت و دەکوژرێت یان لە باوەشی دایکیدا خەڵتانی خوێن دەکرێت ،رۆژانە ژن دەبێتە نێچیری وشەی بێ مانای شەرەف، زەویی وشاخ و دوڵ نەما داگیرنەکرێت لەلایەن بەرپرسەکانەوە، قوتی خەڵک دزرا، یاری بە ئایندە وئێستا و ژیانییان کرد.
لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵی ھەموو سوکایەتییەک بە تاکی کورد کرا کەچی دەستەی فەتوا نەبای دیوە نەبۆران، بێدەنگ تەماشای ئەم روداوانە دەکات.
ئایا ئەم ھەموو روداوەی روودەدەن، ئەم ھەموو غەدر و دزییەی کەلە ھاوڵاتیان دەکرێت؟ ئەم ھەموو گەمەکردنە بە ژیانی خەڵکەوە، ئەم بێرێزییەی مرۆڤی کورد لە سایەی دەسەڵاتەوە توشی بووە، ئەم بێدادی و نایەکسانی و بێزاربوونە، ئەم ھەموو جەستە خنکاوەی لەوڵاتی نەوت ھەڵدێن و لە ئیجە دەبنە خۆراکی ماسییە دڕندەکان، ئایا ئەمانە ھیچی گرنگ و بەھادار و بای ئەوەندە نەبوون قسەی لەسەربکرێت؟ بایەخێ ئەمانە زیاتربوو فەتوای لەسەردەربکرێت یان یارییەکەی ئاسایی کە ببێت بە بابەتی فەتوا.
فەتوای گەندەڵی
دە کەمێک بوێربن فەتوایەک لەبارەی گەندەڵی وبەھەدەردانی سامانی گشتی و دزینی قوتی خەڵک و بێباکی دەسەڵاتدارانیش دەربکەن، دەکەمێک لە خودا بترسن و فەتوایەک لەبارەی بێ دادی و شکاندنی بەھای مرۆڤ و تاڵانکاری گیرفانی موچەخۆران و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشین وکەسوکاری شەھیدان دەربکەن.
دەکەمێک مەترسن فەتوایەک لەبارەی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و ستەمی دەسەڵاتی خۆماڵی دەربکەن، یارییەک گەنجان ناشکێنێت، ئەوەی گەنجی ئەم ھەرێمەی نەوتی شکاند، نەبونی کار و بێ ئایندەیی و نادادیی دەسەڵات بوو، دە ئەوەش بنوسن لەناو فەتواکە، لە چی دەترسن؟ ھەقبێژان دەچنە بەھەشت، ئێوەش ھەر بۆ ئەوە دەژین وتاعەت دەکەن .
*بۆ مەسەلەی فەتواکان بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەی فواد مگر ،الف فتوی..وفتوی!.دار العلوم للناشرین.٢٠٠٩