بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بە هۆی باران بارین و دروستبوونی قوڕ و لیتە لە پرۆژەکانى ئاودا ناتوانن لە ئێستادا ئاو بگەیەننە هاوڵاتیان.
مەسعود کاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە” ئەو باران و لافاوەی هەرێمی کوردستان و باکووری گرتەوە، سەرچاوەکانی ئاوی کردە قوڕ و لیتەیەکی زۆر، بەهۆی ئەوەشەوە چوار پرۆژەی ستراتیژی ئاو کە ئیفرازی یەکەم و دووەم و سێیەم و پرۆژەی ئاوی شەقڵاوەیە وەستاون”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، “لەبەر ئەوەی ئەو پرۆژانە ناتوانن لە ستاندەردی خۆیان زیاتر ئاو پاک بکەنەوە، ئێمەش ناتوانین ئاوێک بگەینینە هاوڵاتیان کە شیاوی خواردنەوە نەبێت”.بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئەگەر قوڕ و لیتەی سەرچاوەکانی ئاو نیشتەوە و تێپەڕی،درەنگانی ئەمشەو وێستگەکانی ئاو ئیشیان پێ دەکرێتەوە و ئاو دەگەیەنرێتە هاوڵاتیان”.ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو ڕۆژى ڕابردوودا شەپۆلێکى باران بارین هەرێمى کوردستانی گرتەوە و لافاو لە چەند ناوچەیەک دروستبوو و بەو هۆیەوە سەرچاوەکانى ئاو لێڵبوون .