لە پەراوێزی تاقیکردنەوەی زمان و ئەدەبی کوردیی پۆلی ١٢ و وانەکانی تریش:
ڕۆژی ۲۹/٥/۲۰۱۸تاقیکردنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی، بۆ پۆلی دوازدەیەمی زانستی-وێژەیی، ئەنجامدرا، زۆربەی قوتابیان لەهەموو شارەکانی کوردستان پرسیارەکانیان زۆر پێ قورس بوون و گلەیی و گازندەی زۆریان لە وەزارەتی پەروەردە کرد بەهۆی قورسیی پرسیارەکان.
هۆکارەکان، ڕوونکردنەوەو چەند ڕەخنەیەک لە پرسیارەکان و لیژنەو مامۆستایانیش:
١-پرسیارەکان لەدەرێی ئاسانی و زەحمەتی، بێسەرووبەری و نەزانی زۆریان پێوەدیارە لەڕووی زانستی و واتایی و ڕێنووس و داڕشتنیانەوە.
وانەی زمانی کوردی ڕەهەندێکی نەتەوەیی هەیە بەوەی نوێنەرو گوزارشتکەری زمانی نەتەوەیە، هەربۆیە دەبێت زیاتر لەهەموو بابەتەکانی تر، لەڕووی داڕشتنەوە ڕوون و ڕەوان و پاراو بێ و، لەڕووی ڕێنووس و واتاشەوە درووست، بەڵام هەموو ساڵێک هیچ یەک لەوانە بەدیناکرێن، بەپێچەوانەوە پرسیارەکانی وانەی زمانی کوردی و هەموو بابەتەکانی تریش پڕن لە هەڵەی زانستی و ڕێنووسی و واتایی و داڕشتن، لەڕاستیدا ئەو لیژنەیەی پرسیارەکان دادەنێت پێدەچێت تەنها خوێندەوارییان هەبێ نەک زانایی و ڕێزمانناسی و زمانناسی و ئەدەبناسی، پێدەچێ کەسانێک بن کە تەنها تەمەن(پیری)وای کردبێ ئەوان لیژنەی دانان بن، زانایی تەنها بە تەمەن نییە، بەڵکو بە خوێندنەوەو ئەزموونی جیاوازو فرە ڕەهەندە، بەجۆرێک لیژنە دەبێ شارەزاو خوێنەرێکی جدیی بابەتەکەو بوارەکانی تری مەعریفە بێ.
بەداخەوە لە کوردستان پلەداری و سەرپەرشتیاری و لیژنەکاری بەزۆری لەسەربنەمایەکی ناتەندروستە؛ مامۆستایەک سی ساڵ تەنها یەک کتێب بە یەک ڕێ و بە دەرخکردن و بەسەقەتی بڵێتەوە دواتر بەهۆی تەمەنەوە(هەشە بە بڕیارێکی حیزبی، یان خزم خزمێنە) دەبێتە بەڕێوەبەر(مودیر)و سەرپەرشتیار(موشریف)و ئەندامی لیژنەو وەزیر!
من پێموایە مامۆستایانی گەنجی زاناو شارەزا بەشداربن لە لیژنەکان باشترە نەک تەنها ئەو مامۆستایانەی کە تەمەن و خزم خزمێنە و بێسەروبەری و بێ پلانیی وەزارەتی پەروەردە وایکردووە ببنە دانەری پرسیارو ئەندامی لیژنەکان، پێویستە هەردوو تەمەن بەشداربن، گەنج و پیر، لەسەر بنەمای ئەزموونی مەعریفی و لێزانی و شارەزایی.
٢-لەهەموو کوردستان زۆربەی ئەو مامۆستایانەی وانەدەڵێنەوە وەک زۆرێک لە قوتابیان کتێب دەرخ دەکەن و تەنها ئەوە دەڵێنەوە کە لەبەریانە، واتە مامۆستایان دەرخکەرن نەک شیکارکەر(ئەمە بۆ مامۆستایانی فیزیاو کیمیاو بیرکاری و ئینگلیزی و بابەتەکانی تریش هەر ڕاستە؛ ئەوانیش زۆربەیان جگە لەیەک کتێبی مەنهەجی هیچیتر نازانن و هەموو ساڵێک وەک جۆرێک لە دەرخیات بەهەمان ڕێدا دەچنەوە)، تەنانەت مامۆستا هەیە شانازی بەوەوە دەکات گوایە کتێبەکەی هەموو لەبەرە! ڕێک ئەمە دەردە کوشندەکەیە؛ عەیبەیەکی گەورەیە مامۆستا کتێب دەرخکا، بەڵکو دەبێ زانابێ: لێیبزانێ و شەرحیکا، خۆ بەم پێوەرەبێ ئەو قوتابییەی (سەد۱۰۰) دەهێنێ شەش جا لەو مامۆستا دەڕاخە زیرەکترە، چونکە مامۆستاکە تەنها یەک کتێبی لەبەرە، بەڵام قوتابییەکە جگە لەو کتێبە، شەشی تریشی لەبەرە!
هەربۆیە زۆربەی ئەو قوتابیانەی مامۆستاکەیان دەرخکەربووە لەباتی ئەوەی ڕێزمانناس و زمانناس و ئەدەبناس بێ، پرسیارەکانیان لا زەحمەت بووەو بەداخەوە نمرەی دڵخوازی خۆیان بەدەستناهێنن، کێشەی مامۆستای دەرخکەر لەوەدایە لەسەر یەک تولەڕێ دەڕوات، تەنها ئەوە دەزانێ کە دەرخی کردووە، لەدەرێی ئەو تەسکەڕێیە هیچیتر نازانێ، سەدان شتیش لەدەرێی تولەڕێکەدا هەن، جا هەرشتێک کە لەدەرێی ئەو تولەڕێیە لە پرسیار بێتەوە بۆ قوتابیانی ئەو جۆرە مامۆستایانە قورس دەبێ، بەپێچەوانەوەش ئەو مامۆستایانەی کە شەرحێکی گشتیی بابەتەکان و ناساندنێکی هەمەلایەنیان بۆ بابەتەکان کردووەو هەموو کون و کەلێنەکانی بابەتەکانیان پشکنیوەو ڕوونکردۆتەو قوتابیانیان کێشەیان نەبووە.
۳_ پێدەچێ ئەو لیژنەیەی پرسیارەکان دادەنێت ئاگاداری لە زۆری و بۆریی بازرگانیکردنی سەنتەرەکان و مامۆستایان هەبێت و شارەزابن لەوەی سەدان مامۆستا لەتەواوی شارەکانی کوردستان پەیدابوونە جگە لەو کتێبە مەنهەجییەو ئەویش بەشێوەی دەرخکردنی تولانی، هیچیتر لە بابەتەکه نازانن و ئەمەش بە پارەیەکی زۆر دەڵێنەوە، هەربۆیە پرسیاری وا دێننەوە کە ئەو مامۆستا دەڕڕاخانە بۆ قوتابیانیان باس نەکردبێت، لەمەدا حەق بە لیژنەیە، بەڵام ناحەقییەکە لەوەدایە قوتابییانی بێتاوان دەبنە قوربانیی ململانێی نێوان لیژنەو مامۆستایان.
٤_هەر کەموکورتییەک لە قوتابیاندا پەیوەندیی بە کۆی سستەمی پەروەردەوە هەیە، سیستەمی پەروەردە لە کوردستان سیستەمێکی ڕۆحکوژو بەهرەکوژە، ئەوەندە پیروپەککەوتەیە توانای ئەوەی نییە هۆشیاری و مەعریفەو بەرپرسیارێتی و زانایی بەرهەمبێنێ، مرۆڤخنکێنە نەک مرۆڤساز، بەڵام سەرەڕای ئەوەش قوتابیان نابێ تەنها پشت بە مامۆستای دەرخکەر ببەستن و پێیان زاناو بلیمەت بێ، نەخێر ئازیزان ئەمانە کتێبەکەیان لە مێشک دیلیت بکەی هیچیان پێنامێنێ، هەروەها قوتابیان خۆشیان بابەتەکان تەنها دەرخنەکەن، بەڵکو لێیتێبگەن و دوای ڕوونکردنەوەی مامۆستا، پرسیار دەربارەی بابەتە بکەن لەهەموو ڕوویەکەوە.
ئەمە تایبەت بوو بە کێشەکانی پرسیارو تاقیکردنەوەکانی وزاری، دەنا سیستەمی پەروەردە بەدەست دەیان کێشەی تر دەناڵێنێت، باسکردنیان لێرەدا بابەتەکە درێژتر دەکاتەوە.