مامانی مۆڵه‌تپێدراو ئه‌و ژنانه‌ن كه توانای مامانیكردنیان بۆ ژنان هه‌یه‌و به‌زۆریش شارهزاییهكهیان له دایكیان یاخود نهنكیانهوه وه‌رگرتووه به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندبێتیان یان شاره‌زاییه‌كی زانستی وردیان هه‌بێت، چونكه پێشتر به‌رله‌وه‌ی نه‌خۆشخانه زۆربێت‌و پێشبكه‌وێت، ئه‌و ژنانه به‌رپرسیار بوون له منداڵبوونی ژنان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی ژنان له‌رێی به‌كارهێنانی چاره‌سه‌ری میللییه‌وه.
ژنانی كه‌ركوك متمانه‌یان به نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان نه‌ماوه ئه‌ویش به‌هۆی خراپی خزمهتگوزاریو مامهڵهكردنیانو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیاریش بده‌ن بچنه نه‌خۆشخانه ئه‌وا ده‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌كێك له مامانه‌كان رێكبكه‌ون بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی منداڵبووندا له‌گه‌ڵیان بێت ئه‌ویش له‌ترسی مامه‌ڵه‌ی خراپی مامانو په‌رستاره‌كانی ئه‌وێ، ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا ده‌بێت كه له 100 هه‌زار دیناری عێراقی كه‌متر نه‌بێت كه ده‌كاته 80 دۆلار.
خاتوو روئا عه‌بدوڵڵا (27 ساڵ) یه‌كه‌م كوڕی له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی له كه‌ركوك له‌دایكبوو، ئیتر سوێندی خوارد جارێكی تر نه‌چێته‌وه ئه‌و شوێنه له‌به‌ر خراپی مامه‌ڵه‌ی پزیشكانی ئێشكگرو په‌رستاره‌كان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه به “نیقاش”ی وت: “مامه‌ڵه‌ی پزیشكه ژنه‌كان له نه‌خۆشخانه‌ی حكومی وه‌ك ئه‌وه وایه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژنانی له‌یاساده‌رچوو بكه‌ن، واته مامه‌ڵه‌یه‌كه شیاوی مرۆڤ نییه، چونكه هه‌ڵسوكه‌وتیان ره‌قه‌و هاواركردنیان به‌ڕووی ژنانی نه‌خۆشدا بارودۆخه‌كه خراپتر دهكاتو ژنی دووگیانیش له‌به‌رده‌م ره‌حمه‌ت و بڕیاری ئه‌واندایه كه زۆر جار بڕیاره‌كانیان نادروستن”.
هه‌روه‌ها وتی: “دوای ئه‌وه‌ی دووچاری چه‌ندین جۆر سووكایه‌تی‌و جنێو بوومه‌وه، دواجار گوێم له هاواری منداڵه‌كه‌م بوو، سوپاسی خودام كرد كه هێشتا له‌ژیاندام، ئیتر سوێندم خوارد هه‌رگیز نه‌چمه‌وه نه‌خۆشخانه‌ی حكومی‌و هه‌ر واش بوو كاتێك كچی دووه‌مم له ماڵی مامانێكی ناسراوی كه‌ركوك له‌دایكبوو كه منداڵبوونێكی ئاسان‌و ئاسووده بوو”.
بڕیاری منداڵبوون له ماڵێكدا ته‌نیا روئاو ژنانی دیكه‌ی نه‌خوێنده‌واری نه‌گرتووه‌ته‌وه، چونكه له كه‌ركوك منداڵبوون له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه داواكاری زۆری له‌لایه‌ن ژنانی خوێنده‌واریشه‌وه له‌سه‌ره كه ده‌زانن مه‌ترسییه‌كانی منداڵبوون له‌سه‌ر ده‌ستی مامانێك چین‌و ره‌نگه شاره‌زایی یاخود مۆڵه‌تی ئه‌نجامدانی پیشهكهیشی نه‌بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئامێری بوژاندنهوهشی نییه كه گرنگه بۆ كاتی خراپبوونی بارودۆخ.
نور محه‌مه‌د (35 ساڵ) دایكه‌و بڕوانامه‌ی زانكۆی له یاسادا هه‌یه، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه له نه‌خۆشخانه‌ی حكومی ده‌ترسێت به‌هۆی ئه‌و قسانه‌ی له هاوڕێو خزمه‌كانیه‌وه ده‌یانبیستێت سه‌باره‌ت به‌و سوكایه‌تی‌و ئه‌شكه‌نجه ده‌روونییه‌ی دایك له‌وێ دووچاریان ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “سێ منداڵم هه‌یه كه دوو كوڕ‌و كچێكن هه‌مووشیان له‌سه‌ر ده‌ستی مامان له‌دایكبوون، چونكه پێش ئه‌وه‌ی كاتی منداڵبوونی من‌و خوشكه‌كانم نزیك بێته‌وه دایكم ژوورێكی له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا بۆ ئامادهكردینو ده‌ستیده‌كرد به پاكژكردنهوهیو هه‌موو شتێكی تێدا داده‌نا كه پێویستمان بێت‌و دواتر مامانه‌كه ده‌هات و سوپاس بۆخوا له‌ماڵی خۆمدا منداڵه‌كه‌م ده‌بوو هه‌ستم به ئاسووده‌ییه‌كی قووڵی ده‌روونی ده‌كرد”.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه نور بۆ “نیقاش”ی دووپاتكرده‌وه “كاتێك هه‌ستم به ژان كرد به یه‌كه‌م كچمهوه چوومه ماڵی مامانهكهو له‌وێ منداڵه‌كه‌م بوو، له‌دایكبوونێكی ئاسان بوو، مامانه‌كه‌ش شاره‌زاییه‌كی نایابی هه‌بوو ئه‌وه‌ش دڵنیاو ئارامی كردمه‌وه، هه‌روه‌ك ژووره‌كه‌ش پاكژو خاوێن بوو هه‌موو ئه‌و پێداویستیانه‌شی تێدابوو كه له حاڵه‌تی نائاساییدا پێویستی پێیان دهبێتو گرنگترینیشیان ئامێری بوژاندنه‌وه‌ی دڵی منداڵه‌كه‌و ئامێری راكێشانی شله‌ی كۆبووه‌وه‌ی ناو سییه بچووكه‌كانی بوو”.
له ژووره‌كه‌ی په‌خشان ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی ماماندا سیسه‌مێكی دروستكراو بۆ منداڵبوون‌و بهفرگرێكو ئامێرێكی پاكژكهرهوهو دوو ئامێری بوژاندنه‌وه‌ی منداڵ‌و گوێگرتن له ترپه‌ی دڵی له‌گه‌ڵ چه‌ند پێداویستییه‌كی تایبه‌تی وه‌كو مقاشی گه‌وره‌و كهتهرو ده‌زووی نهشتهرگهریو هه‌ندێك دهرمانو ده‌رزیمان بینی‌و خۆیشی بۆی دووپات كردینه‌وه كه ته‌نیا ئه‌و كه‌لوپه‌لانه پێویستن بۆ منداڵبوونێكی دروست‌و سه‌ركه‌وتوو.
په‌خشان به “نیقاش”ی وت: “مامانه‌كان جیاوازن، چونكه هه‌ندێكیان شاره‌زاییه‌كی باشیان هه‌یه‌و به‌شداری خولی پزیشكی ده‌كه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانی خۆیان‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان شاره‌زاییان نییه، چونكه زۆر مامانی كه‌ركوك هه‌ن بوونه‌ته هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و خانمانه‌ی له‌كاتی ژانگرتندا په‌نایان بۆ بردوون”.
هه‌روه‌ها وتی: “له یه‌كێك له شه‌وانی ره‌مه‌زاندا ژنێكی دووگیان هاته‌لام كه له مانگی نۆیه‌میدا بوو، ده‌یویست به‌ر له جه‌ژنی ره‌مه‌زان منداڵه‌كه‌ی له‌دایك ببێت‌و پێشتریش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی قه‌یسه‌ری كرابوو، دوای ئه‌وه‌ی پشكنینم بۆكرد، دڵنیام كرده‌وه كه هێشتا كاتی ماوه بۆ منداڵبوون، به‌ڵام ئه‌و پێداگری كرد‌و داوای لێكردم ئه‌و ده‌رزییه‌ی لێبده‌م كه بۆ خێراكردنی گرژبوونی منداڵان بهكاردێتو یارمه‌تیده‌ره بۆ منداڵبوون، به‌ڵام من ئه‌وه‌م ره‌تكرده‌وه، چونكه له حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا نه‌بێت كه نه‌خۆشه‌كه پێویستی پێی بێت‌و مه‌رجه‌كانی تێدابێت، ئه‌و ده‌رزییه به‌كار ناهێنم”.
هه‌روه‌ها وتیشی: “ژنه‌كه سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی پێش جه‌ژن له‌دایك ببێت، بۆیه چووه لای مامانێكی دیكه كه خواسته‌كه‌ی بۆ هێنایهدیو بۆ به‌دبه‌ختیش له‌ماڵه‌وه باری ته‌ندروستی تێكچووبوو، شه‌وێكیان ئێشكگربووم له‌و نه‌خۆشخانه حكومییه‌ی وه‌ك په‌رستار كاری تێدا ده‌كه‌م هه‌مان ئه‌و ژنه‌یان هێنا كه تووشی خوێنبه‌ربوونێكی زۆر ببوو، كارمه‌ندانی پژیشكی نه‌یانتوانی رزگاری بكهنو ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ست دا”.
قوربانییه‌كی دیكه‌ش كه دایكی حه‌وت منداڵه به‌هۆی خراپی هه‌ڵسوكه‌وتی مامانهكهوه له‌كاتی منداڵبووندا پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌ندرێته نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست دا.
په‌خشان كه له كه‌ركوك به “داپیره گه‌وره” ناسراوه، له ساڵی 1988وه په‌رستار بووه له هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری‌و ساڵی 1993 ده‌ستیكردووه به‌كاركردن وه‌كو مامانێكی مۆڵهتپێدار ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌كانی برٍیوهو بڕوانامه‌یه‌كی به‌ده‌ستهێناوه كه رێگه‌ی پێده‌دات ئه‌و پیشه‌یه بكات.
ئه‌و مامانه به ئه‌زموونه ده‌ڵێت: “فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك مه‌رجی توندی بۆ پێشوازیكردن له‌و ژنانه داناوه كه ده‌یانه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان منداڵیان ببێت، له‌وانه‌ش درێژی باڵای نه‌خۆشه‌كه‌و كێشه‌كه‌ی، بۆیه رێگه به ژنانی باڵا كورت‌و ئه‌وانه‌ی كێشیان زۆر زیاده نادرێت له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان منداڵیان ببێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ش كه نه‌خۆشی دڵ‌و شه‌كره‌و په‌ستانی خوێنیان هه‌یه”.
ژنه مامانه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌دایكبوونیشیان هه‌یه له‌ڕێی ئه‌و ده‌فته‌ری پسوڵانه‌ی له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوكه‌وه په‌سه‌ند كراوه، بۆ ئه‌وه‌ش دوای رۆژێك یان دوو رۆژ به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌دایكبوون ده‌درێته دایكهكهو زۆر جارێش هه‌ر هه‌مان رۆژ ده‌یدرێتێ.
دكتۆر شه‌هلا عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د پسپۆری نه‌خۆشییه‌كانی ژنان‌و منداڵبوون ده‌ڵێت: “ژماره‌ی قهروێڵهكانی منداڵبوون له نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك چ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی بێت یاخود كۆماری حكومی، ته‌نیا شه‌ش قه‌ره‌وێڵه‌یه، ئه‌مه جگه له كه‌می كارمه‌ندانی پزیشكی‌و بچووكی هۆڵه‌كه كه زۆربه‌ی ژنان حه‌زی پێناكه‌ن له‌به‌ر قهرباڵغیو سه‌رقاڵی كارمه‌نده‌كان”.
دووپاتیشی كرده‌وه كه “كه‌می هۆشیاری زۆربه‌ی ژنان سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی منداڵبوون له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه هۆكارێكی گرنگی دیكه‌یه، چونكه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڵاوكراوه‌و نامیلكه‌ی چاپ‌و دابه‌ش نه‌كردووه به‌سه‌ر مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستییه‌كان‌و مه‌ڵبه‌نده‌كانی چاودێری دایكان‌و منداڵاندا”.
رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش رێگه به له‌دایكبوونی منداڵی یهكهمو پێنجه‌م ناده‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه، ئه‌مه جگه له‌و ژنانه‌ی پێشتر منداڵیان به نه‌شته‌رگه‌ری قه‌یسه‌ری له‌دایكبووه‌و نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌موو لێكه‌وته یاساییه‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی مامانه‌كه.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دكتۆر حه‌سه‌ن سابر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ته‌ندروستی كه‌ركوك بۆ “نیقاش”ی روونكرده‌وه كه “مامانه‌كانی كه‌ركوك ده‌خرێنه ژێر باری مهرجو رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه له‌پاڵ كۆمه‌ڵێك خولی ساڵانهداو مامانه‌كه‌ش له‌ژێر چاودێری‌و تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌مێنێته‌وه”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه “له حاڵه‌تی سه‌رپێچیكردنی مامانه‌كه له‌و مه‌رجانه‌ی دانراون، سزا ده‌درێت به داخستنی شوێنه‌كه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی پیشهكهیو هه‌موو رێككارێكی یاساییشی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ” وتیشی: “ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌دایكبوونی منداڵه‌كانیان له‌سه‌ر ده‌ستی مامان پێ باشتره، له گوند‌و ناحیه‌كانی كه‌ركوك لهزیادبوونێكی گه‌وره‌دایه له‌چاو ناوه‌ندی شاره‌كه‌دا”.