“من توركمانم و بە هەستێكی راستەقینە كچێكی كوردی شارەكەم هەڵبژارد، ئێمە لە كەركوك یەك خێزانین، با هەموو دنیا بزانێت جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكاندا نیە” ئەسیر ئیسماعیل، بەوشێوەیە باسی خۆشەویستی خۆی لەگەڵ كچە پارێزەرێكی هاوپیشەی كرد.
ئەسیر سوپرایزێكی جیاوازی كرد، لەنێو دادگای كەركوك شێوەی دڵی لە گۆڵ دروستكرد و بە مۆم رازاندییەوە، دواتر لەبەردەم هاوپیشەكانیدا داوای لە لەیلا عەبدولرەحمان، كچە پارێزەری كورد كرد هاوسەرگیری لەگەڵ بكات.
“ویستم بەو كارەم دوو پەیام بدەمە دنیا، یەكەم شكاندنی ئەو بەربەست و دابونەریتانەی ئازادی تایبەتی كۆتو بەند كردوین، دووەمیش هەڵبژاردنی كچە عیراقییەكانی كوردی كەركوك لەسەر بنەمای هەستی راستەقینە نەك هیچ شتێكی تر”، ئەسیر وای وت.
ئەو كوڕە پارێزەرە لە پێكهاتەی توركمان دەڵێت “با هەموو دنیا بزانن جیاوازی نیە لەنێوان عەرەب، كورد، توركمان و كریستیان، كەركوكیش وەكو عیراقێكی بچوك و شاری برایەتی و ئاشتی دەمێنێتەوە”.
پارێزگای كەركوك فرە پێكهاتەیە، پێكەوەژیانی نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكان، بە تایبەتمەندی ئەو شارە دادەنرێت.
لەیلا عەبدولرەحمان، كچە پارێزەری كورد لە كەركوك دەڵێت “دڵخۆش بووم لەو سوپرایز و ئامادەكارییە جوانەی ئەسیر كردی بۆ داوای هاوسەرگیری”.
“مەرج نییە ئاسودەیی هاوسەرگیری لەوەدابێت لە یەك پێكهاتەبن، بەڵكو تەنیا مەرج ئەوەیە تێگەیشتنیان بۆ یەكتری هەبێت و خۆشەویستییەكەیان بە هەستێكی راستەقینەوە بێت”، لەیلا وای وت.
هاوسەرگیرییەكەی ئەسیر و لەیلا جگە لە شكاندنی بەربەستی نەتەوەیی، تارادەیەك هەنگاوێكی جیاوازیش بوو بە كۆمەڵگە، بەوپێیەی زۆربەی پرۆسەكانی هاوسەرگیری لەرێی سەردانی خێزانی كوڕەكە بۆ لای كەسوكاری كچ و دواتر ماربڕینیانە لە رێی مامۆستای ئاینییەوە.
بیرۆ ئەمیر، جێگری نەقیبی سەندیكای پارێزەران لە كەركوك وتی “ئەسیر بەربەستەكانی شكاند و تەحەدای نەریتەكانی كرد، بە سوپرازی دەزگیرانەی لە نێو هۆڵی پشوی پارێزەران و بەو ئامادەكارییە جوانەی هاوسەرگیری”.
وەكو بیرۆ دەڵێت لەنێو پارێزەران ناوی هەردووكیان ناوە (قەیس و لەیلا)، ئومێدی ژیانێكی ئاسودەیان بۆ خواستوون و دڵخۆشن بەو هەنگاوەیان، بە تایبەت جوانییەكەی لەوەدایە بڕیارەكەیان ئەو پێكەوەژیانە زیاتر دەچەسپێنێت كە كەركوك وخەڵكەكەی پێناسراوە”.
كەركوك پارێزگایەكی جێناكۆكە لە نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان، مشتومڕی حزب و سیاسەكان لەسەر ئەو شارە مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام هیچ كاتێك كاریگەری لەسەر پەیوەندی خەڵكەكەی دانەناوە، ئەسیر و لەیلاش هاوسەرگیرییەكان وەكو بەردەوامیدان بەو پێكەوەژیانە دەبینن.
فراس حەمدانی – كەركوك