منداڵ لە تەمەنێكی دیاریكراودا شەپۆلێك پرسیارمان ئاڕاستەدەكات، كە بە “بۆچی و چۆن و كەی.. هتد ؟ ” دەسپێدەكات، ئەمەش كاتێك شتێكی بینی و تێی نەگەیشت، یان ئاڵۆزبوو بەلایەوە. زۆرجار پرسیارەكانی منداڵ شڵەژانمان لا دروستدەكەن و نازانین چۆن وەڵام بدەینەوە. جا ئەگەر منداڵێك پرسی: “بۆچی باوكم جگەرە دەكێشێت؟”، چۆن وەڵامبدەینەوە؟ بێگومان وەڵام بەلای دایكێكی جگەرەكێشەوە سەختترە.
لە سەرەتای ژیانەوە باسی زیانەكانی جگەرەكێشان بۆ منداڵەكانمان دەكەین و دەڵێین جگەرەكێشان خراپە بۆ تەندروستی و مرۆڤ نابێ جگەرە بكێشێ، چونكە نەخۆشیی مەترسیدار دروستدەكات و دەشێت ببێتە هۆی مردن. هەروەها جگەرەكێشان لە شوێنە گشتیەكاندا قەدەغەدەكرێن و ژمارەیەكی زۆریش لە ماڵەوە جگەرەكێشانیان یاساخكردوە. تەنانەت ئەو منداڵانەش، كە لە ژینگەیەكی بێ جگەرەكێشاندا دەژین، بۆنی دووكەڵی جگەرە بە بۆنێكی ناخۆش دەزانن، كەچی ئەو مندڵانە دەبینن كەسانێك جگەرە دەكێشن و سەرسامدەبن، كە دەبینن ئەندامێكی خێزانەكەیان ئەو جگەرە لەعنەت لێكراو و زیانبەخشە دەكێشێ، بۆیە خێرا پرسیاردەكەن: “ئەگەر جگەرە زیانبەخش و مەترسیدارە، بۆچی باوكم دەیكێشێت؟”. هەندێك جاریش منداڵ بە پەنجە هێما بۆ ئەو كەسانە دەكات كە جگەرە دەكێشن و بەدەنگی بەرز دەڵێت: “سەیركەن جگەرە دەكێشێ”. وەك ئەوەی تاوانێكی گەورە ئاشكرابكات. جاربەجاریش بەبێ مەبەست و بەبێ ئەوەی بزانین شڵەژان بۆ منداڵەكانمان دروستدەكەین، كاتێك قسە و كردارمان ناكۆك دەبن بە یەكتری، بۆیە ناچاردەبین دیمەنەكە بۆ ئەوان ڕوونبكەینەوە.
لە خوارەوە ڕێگەیەكتان بۆ دەخەینەڕوو، هەتاكو بەهۆیە باسی زیانەكانی جگەرەكێشان و كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ بۆ منداڵەكانتان بكەن.
1- وردبوونەوە لە مەسەلەی تەندروستی:
زۆر گرنگە ئافەرینی منداڵەكەت بكەیت، ئەگەر لە تەمەنی 3 -4 ساڵانەوە بایەخ بە تەندروستی و جەستەی خۆی بدات. پێویستە جەغت لەسەر ئەو شتانە بكرێتەوە، كە مەترسیان بۆ تەندروستی گشتی هەیە، واتە هۆشیاربكرێتەوە بەرامبەر بەوەی خواردنی هەرشتێك، جگە لە خۆراك، وەك گوڵ و كەرەستەی پاكوخاوێنی، زیانبەخشە، بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی لە قۆناغی پەرەسەندندان، هەروەها جگەرە زیانی زۆری هەیە، چونكە بابەتی وەهای تێدایە كاریگەریی لەسەر پێگەیشتنی لەشی منداڵ و تواناكانی هەیە.
2- ئەو پرنسیپ و بەهایانە بۆ منداڵەكەت ڕوونبكەرەوە كە بڕوات پێیانە:
ئەگەر جگەرەكێشان لە ماڵەكەتدا قەدەغەبوو، ئەوە كاری تێگەیاندنی زیانەكانی تووتن بۆ منداڵەكەت ئاسان دەبێت. دەتوانێت كاتی بۆنهاتنی جگەرە بە منداڵەكەت بڵێی: “ئەو بۆنە پیسە چییە؟”، هەروەها دەتوانی هێما بۆ ئەو تابلۆیانەی خواردنگە و یانەكانی بكەیت، كە جگەرەكێشان قەدەغەدەكەن. دەربڕینی ڕای ڕاشكاوانەت بەرامبەر بە جگەرەكێشان و لە سەرەتای منداڵییەوە، بیرۆكەكە لە مێشكیدا بۆ هەتاهەتایی دەچەسپێنێ. ئەگەر پێت وت جگەرەكێشان زۆر زیانبەخشە، ئەوا بۆ ماوەكی درێژ ئەو تێڕوانینە لە مێشكیدا دەمێنێتەوە، بەڵام لێرەدا گرنگە بزانین چۆن ئەوە بۆ منداڵەكەمان دەردەبڕین. ئەگەر خۆت یەكێك بوویت لە جگەرەكێشەكانی خێزانەكەت، ئەوا سەختە باسی مەترسییەكانی جگەرەكێشان بۆ منداڵەكەت بكەیت، بۆیە لێرەدا پێویستە وەڵامی كورت و تێبینی چڕ بدەیتەوە، وەك: “ڕاستە ڕۆژانە چەند جگەرەیەك دەكێشم، بەڵام خۆزگە هەرگیز دەستم بە جگەرەكێشان نەكردبایە”. ئینجا پێی بڵێی، كە تەنیا لە دەروەی ماڵ جگەرە دەكێشی، واتە كاتێك ئەوت لەگەڵدا نییە، بۆ ئەوەی زیان بە تەندروستیی نەگەیەنێ.
3- پرۆسەی بڕیاردانی ڕاست و دروست:
منداڵەكەت لە سەرەتای ژیانەوە فێری بڕیاردانی ڕاست و دروست بكە. ڕاستە هێشتا ئامادەنییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی جگەرە بكێشێ یاخود نا، بەڵام دەتوانی هەندێك بڕیار سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانەی خۆی بدات، وەك هەڵبژاردنی جلوبەرگ سەرلەبەیانیان و جۆری ئەو پێڵاوەی دەبێت ڕۆژی باران لەپێی بكات و چ ژەمەخواردنێك پاش نیوەڕوان بخوات. لێرەشدا ئەگەر هەڵبژاردنەكەی ڕاست نەبوو، سەرزەنشتی مەكە، بەڵكو بەهێمنی باسی هەڵەی بڕیارەكەی بۆ بكە و هەڵبژاردنی ڕاستی نیشانبدە. لەیادت نەچێ كاتی بڕیاردانی ڕاست و دروست سوپاسی منداڵەكەت بكەیت.
4- منداڵەكەت فێری ئەوەبكە بڵێ ” نا “:
ئەگەر لە سەرەتای ژیانی منداڵەوە توانیت فێری دەربڕینی بیروڕای بكەیت، بە بڕوا بەخۆبوون و سووربونەوە، ئەوا دەتوانێ بەرەنگاری ئەو فشارانە بێتەوە، كە لەلایەن هاوڕێ هەرزەكارە جگەرەكێشەكانەوە دەكرێنە سەری. ئامارەكان لە ئەمریكا دەریدەخەن ڕێژەی 70%ی منداڵان جگەرەكێشان تاقیدەكەنەوە و 40% یش كە گەیشتنە قۆناغی دواناوەندی جگەرە دەكێشن. پێویستە گوێ لە بیروڕاكانی بگریت، تەنانەت ئەگەر دژی بیروڕاكانی تۆش بوون و بەڕێزەوە ناڕەزایی خۆت دەربڕە، چونكە ئەو منداڵانەی بەردەوام گوێیان لە سەرزەنشتی خراپ دەبێ، وەك:” ئەو قسە پڕِوپوچانە چییە، نەكەی لەئاستمدا دەنگ هەڵبڕی، مرۆڤ هەیە وەك تۆ بیربكاتەوە؟” لە تەمەنی هەرزەكاریدا تووشی كەمبڕوایی بەخۆیان دەبن و زیاتر یاخیدەبن و كەمتر گوێ بۆ ئامۆژگاری ڕادەگرن.
5- پشتگیری منداڵەكەت بكە:
ئەو منداڵانەی تووشی قەدرنەزانینی خۆیان بوون، یاخود خۆشەویستی و سۆزی پێویستیان وەرنەگرتوە و بایەخیان پێ نەدراوە، زیاتر دەكەونە داوی جگەرەكێشانەوە. لێرەوە پێویستە پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ منداڵدا ببەسترێ و خۆشەویستی نیشانبدرێ و پشتگیریی كار و بیروڕا چاكەكان بكرێ.
6- پرسیارەكانی منداڵەكان و وەڵامەكانی كەسوكار:
منداڵەكان بەوە ناسراون، كە زۆر پرسیار دەربارەی هەمان مەسەلە دەكەن، چونكە بە یەكەم وەڵام قایل نابن و دەست لە گۆڕینی دەربڕینی پرسیار هەڵناگرن، ئەو كاتە نەبێت كە وەڵامەكە تینوێتیان دەشكێنێ. ئەمە چەند نموونەیەكی پرسیار و چۆنییەتی وەڵامە:
پ/ جگەرە چییە؟
و/ جگەرە لە تووتن درووستدەكرێ و خەڵكی دەیكێشن. توتنیش سڕكەرێكی خراپە و زیان بە تەندروستی و لەشی مرۆڤ دەگەیەنێ.
پ/ بۆچی جگەرە زیانبەخشە بۆ مرۆڤ؟
و/ چونكە جگەرە دوكەڵ دروستدەكات و كاتێك هەڵیدەمژین زیانبەخشە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو لەشەوە و دەشێت زیان بە دڵ و سییەكان
له عهرهبییهوه: هەڵكەوت عەبدوڵڵا