نە عادیلانە بوو نە جوان بوو
(دەربارەى كاڕڵ ماركس)
ئەحمەدی شاملو
و. پێشڕەو محەمەد
جیهان پێشەوەى ئێمە بێینە سەر سەكۆی شانۆكەوە.
سەیری مێژووی ئەمڕۆتان كردووە: 5/5/5؟ ئەو ڕۆژانەى مێژووەكەیان بەمجۆرە ڕێدەكەزێت، بۆ من ڕۆژگەلێكی تایبەتن، بەجۆرێك حەزم لێیانە، بەڵام ئەمڕۆژە بۆ من زۆر تایبەتە، ڕۆژێك بۆ بیركردنەوە و خۆشویستن، ئەمڕۆ ڕۆژی ماركسە. لە 5/5/1818 كاڕڵ ماركس هاتە جیهانەوە.
هەمیشە لەگەڵ خۆمدا بیرم دەكردەەوە ئەگەر بمەوێت ئەو سێ خەسڵەت و تایبەتمەندییە گرنگەى كاڕڵ ماركس بژمێرم كە لای من گرنگن، دەبێت كام خەسڵەتانە بژمێرم. یەكەمین زاراوە بە زەینمدا هات “بلیمەتیی” بوو.
قوڵایی و پانتایی ماركس بێوێنەیە. زۆر هەن قوڵن، بەڵام سنووردارن. لەبوارێكی تایبەتدا زۆر زۆر دەزانن، بەڵام هەنگاوێك لەو لاوە هیچ نازانن، عامی كوڕی عامن. و هەندێك لەهەموو شتێك، شتێك دەزانن. ئۆقیانوسێكی فراوان بەقوڵایی ئەنگوستێك. بەڵام ماركس قوڵ و فراوان بوو. دەربارەى زۆر مەسەلە و پرسی جیاواز نووسیویەتی، بەڵام دەربارەى هەر شتێك نووسیبێتی، بەقوڵیی نووسیویەتی. باسەكانی گەیاندووەتە قوڵترین ڕیشەكانی خۆى.
بەڵام بابەتەكە تەنها پەیوەندیی بە قوڵایی و فراوانیی مەعریفە و قوڵبوونی ماركسەوە نییە، ئەو شتەى ماركس جوان و ڕازاوە دەكات، سادەییەكەیەتی.
ماركس وێڕای ئاڵۆزی سەیروسەمەرە زەینیی و بیركردنەوەكەى، ئینسانێكی زۆر سادە بوو. دڵێكی عاشق و شەیدای هەیە و ئەو شتەی وا لەنووسینەكانی دەكات قابیلی خوێندنەوە بن، ئەو جۆش و خرۆشە ئینسانییەیە كە لەو نووسینانەدا شەپۆل دەدات. لاوێك لە بیست و پێنج ساڵیدا دكتۆرای فەلسەفە بەدەستدەهێنێت و لە هەژدە ساڵیدا عاشق و شێت و شەیدای كچێكی ئەریستۆكرات دەبێت كە چوار ساڵ ماركس گەورەتر بوو. عەشقێك ملی بەڕسواییەوە نا و جێنی میراتی خێزانەكەى ڕەتكردەوە و شووی بە كاڕڵ كرد. عەقڵ و عەشق، بلیمەتیی و سادەیی دوو وێنەى جیاوازی ماركسە. هەموو ئەمانە بەشێوەیەكی فراوان لەماركسدا بوونیان هەبوو. هەمان دیالەكتیك و هەمان وێنەى دوالیزمی هەملێتیی، ماركسی بەمجۆرە جوان و خوازراو كردووە.
ماركس دوای سیانزە ساڵ لە هاوسەرگیرییەكەى لە نامەیەكدا بۆ جێنی هاوسەرە ئازیزەكەى دەنووسێت: “لەو شوێنەى تۆ لەبەرانبەری مندا وەستاوی، مەزن مەزن وەك ژیان. من لەباوەشت دەگرم و ماچت دەكەم و لەبەردەمتدا دەكەومە سەر ئەژنۆ و بەقوڵپی گریانەوە دەڵێم: “خانم. من تۆم خۆشدەوێت”. و عەشقی من بۆ تۆ، گەورەترە لەو لەعەشقەى بازرگانی ڤینسیایی هەستی پێدەكرد… كام یەكێك لە درۆزنان و دوژمنانی خراپەكاری من تا ئێستا بەهۆى ڕۆڵگێڕان لە شانۆیەكی دەستی دووی عاشقانەدا منیان سەرزەنشت كردووە؟ وێڕای ئەمانە، ئەم مەسەلەیە حەقیقییە. ئەگەر ئەم زەبوونانە شعووریان هەبووایە، لەلایەكەوە “پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان” دیاریدەكرد و لەلایەكی دیكەوە من كە كەوتوومەتە بەرپێی تۆ؛ و لەژێریدا دەیاننوسی: “سەیری ئەم وێنەیە بكەن و بەتایبەت سەیری ئەم یەكەیان بكەن. “ڕستەى كۆتایی هی هەملێتی شەكسپیرە”. ماركسی عاشق تەنانەت لە ناڕوونترین باسوخواسە فەلسەفییەكاندا لەناكاو جڵەوەكە بەدەستەوە دەگرێت و لەهەر شوێنێك ناعەدالەتیی و زوڵم و ستەمكردن لە ئینسان هەبێت، ڕاستەوخۆ قسەكانی لە خوارترین توێژەكانی باسوخواسە ئەبستراكت و تیۆرییەكانەوە بۆ سەتحیترین توێژەكانی سەرەوە دەچێت و لەنێو دڵی فەیلەسوفێكی وشكەوە بە لۆژیكی بیركاریی و ماتماتیكییانە سەیری مەسەلەكان دەكات، لاوێكی خرۆشاو و ناڕازی بە مستێكی گڕمۆڵەكراوەوە بەرەو دەرەوە دەردەپەڕێت، چیتر باسی ئەكادیمیی ناكات، ئەنگوستی ئاماژەى خۆى ڕاستەوخۆ بەرەو نیشانە ئاراستە دەكات و هاوار دەكات. ئەو بۆ لێكدانەوەى جیهان نەهاتووە، بەڵكو هاتووە تا ئەو جیهانە بگۆڕێت.
بۆ هێنانەوەى بەڵگەنامە و شایەتیی نموونەیەك بۆ قسەكانم، دەستم درێژ دەكەم و كتێبێك لە كتێبەكانی ماركس، بەڕێكەوت، لە ڕەفەى كتێبخانەی تەنیشت مێزی كۆمپیوتەرەكەم هەڵدەگرم و لاپەڕەیەك دەكەمەوە، كتێبی دەستنووسە ئابووریی و فەلسەفییەكانی 1844، دەیكەمەوە، بەشی خاوەندارێتیی تایبەت و كۆمۆنیزم. كۆی ئەم كتێبە باسگەلێكی ناڕوون و ئاڵۆزی فەلسەفییە و ئەم بەشەش هەر بەمجۆرەیە، بۆ تێگەیشتن لێی دەبێت ئاشنای لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان بین و چەندین پەرەگراف بخوێنینەوە تا لە مەبەستی ماركس تێبگەین، بەڵام ئێستا لەنێوان ئەم باسانەدا پەرەگرافێك نەقڵ دەكەم: “خاوەندارێتیی تایبەت هێندە ئێمەى ئەحمەق و تاكڕەهەند كردووە كە شتەكان تەنها كاتێك هی ئێمەن كە ئێمە خاوەنەكەى بین و سەرمایەى ئێمە بێت و یان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێمەوە دەستی بەسەردا گیرابێت، بخۆین، بخۆینەوە، بپۆشین و تیایدا جێگیر ببین و بەكورتیی ئەو كاتەی بەكارمان هێنابێت، ئەگەرچی خودی خاوەندارێتیی تایبەت هەموو ئەم واقیعییە ڕاستەوخۆیانەى خاوەندارێتیی تەنها وەك ئامرازی ژیان دەگرێتە خۆى و ژیان كە ئەم بەواقیعیبوونانە وەك ئامرازێك لەخزمەتیدان، ژیانی خاوەندارێتیی تایبەت، كار و گۆڕینییەتی بۆ سەرمایە”.
دەبینیت چۆن خوێن بە دەماری وشەكاندا دێت و دەچێت؟ لەوانەیە بڵێن ئەم دەستنووسانە پەوەیندییان بە ماركسی لاوەوە هەیە كە وەختی نووسینیان بیست و شەش ساڵ زیاتر نەبوو. باشە ڕێگە بدەن كتێبێكی دیكە هەڵبگرم، پێتان چۆنە ئەم كتێبە سەرمایە بێت؟
“لە نیگای یەكەمدا هەموو كاڵایەك وەك شتێكی كۆن و بەسەرچوو، یان ڕوون و ئاشكرا دەردەكەوێت، بەڵام شیكاركردنی [كاڵاكە] دەریدەخات كە شتێكی زۆر سەیروسەمەرەیە، پڕە لە تیژبینیی میتافیزیكی و وردەكاریی تیۆلۆژییانە”.
تا ئەو كاتەى كاڵا بریتییە لە بەهایەكی مەسرەفی ، هیچ ڕاز و ڕەمزێكی تیادا نییە، چ لە گۆشەنیگایەكەوە لێی بڕوانین كە بەهۆی خەسڵەتەكانییەوە پێداویستی و خواستەكانی مرۆڤ دابین دەكات، چ سەرەتا ئەم خەسڵەتانە بەرهەمی كاری ئینسانی بەخۆیانەوە بگرن. تەواو ڕوون و ئاشكرایە كە ئینسان بە چالاكیی خۆی، بەجۆرێك فۆرمی ماتریالەكانی سروشت دەگۆڕێت بۆ ئەوەى بتوانێت بەكەڵكی بێت و سوودی لێوەربگرێت. بۆ نموونە، ئەگەر بڕیارە مێزێك لە تەختە دروست بكرێت، فۆرمی تەختەكە دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا مێزەكە هێشتا هەر وەك تەختە دەمێنێتەوە، شتێكی ئاسایی و هەستپێكراوە. بەڵام كاتێك وەك كاڵایەك دەربكەوێت، دەبێت بە شتێك كە دەچێتە ئەودیوی هەستی ئاساییەوە. هەر تەنها لەسەر زەوی لەسەر پێكانی خۆی ناوەستێت، بەڵكو لەبەرانبەر بە كاڵاكانی دیكەدا، لەسەر سەری خۆى دەوەستێت و بەرە بەرە لە مێشكە تەختەییەكەى خۆیەوە گەلێك ئایدیای سەیر و سەمەرە و پێكەنیناوی دەردەهێنێت، زۆر عەجیب و غەریبتر لەوەى بە ئازادیی خۆى دەستیدەكرد بە سەماكردن”.
بلیمەتیی تەنزی زیرەكانە، قوڵ و پڕ جۆش و خرۆش و زیندووبوونی نووسینەكانی ماركس، تایبەتمەندییەكی بێ وێنەیە و هەر ئەم تایبەتمەندییەیە كە ئەوی لای مامۆستا و خوێندكار، فەیلەسوف و كرێكار، عاشق و عاقڵ،.. خوازراو و قابیلی خوێندنەوە كردووە. ناوێك كە هەم لە ئەكادیمیترین فەزای زانكۆییدا دەبیسترێت و هەم لەدوورترین سەنگەرەكان كە بۆ ئازادیخوازان دروستكراوە.
بادەكەم پڕدەكەم لە شەرابی سور و بە سەلامەتی هەموو ئازادیخوازان هەر لە سپارتاكوسەوە تا ئێوە كە دڵتان بۆ ئازادیی و یەكسانیی و ڕزگاربوونی ئینسان لێدەدات، بە یاد و ناوی ماركسەوە دەخۆمەوە: بەخۆشی و نۆشتان بێت!