ئەڤین عزیز:
ئایا سیاسه‌ت ره‌گه‌زداره یان نا مشتومری زۆری له‌سه‌ره، گه‌ر ئه‌گه‌ری خاڵیی كردنه‌وه‌ی تیۆری سیاسه‌تمان هه‌بێ و بیكه‌ینه كایه‌یه‌كی بێ ره‌گه‌ز به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا كراوه‌ته كایه‌یه‌كی تایبه‌تكراو به پیاوانه. له‌م ڕاستایه‌دا (سیمۆن دی بۆڤوار) فێمینیست و فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی، له كتێبی (ڕه‌گه‌زی دووه‌مدا) ده‌ڵێت: (مێژوو نیشانیداوه، كە بۆچی به‌رده‌وام پیاو ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های به‌ده‌ست بووه، له قۆناغی پاتریاركیدا، یاسا و ڕێسایان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان داناوه و ژنانیان كردووه به ڕه‌گه‌زی دووه‌م، یان ژنانیان له‌و شوێنانه‌دا داناوه كه خۆیان ده‌یانه‌وێت). به واتایه‌كی تر سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پیاو دامه‌زراوه، ئه‌م هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ش له ڕێگای دام و ده‌زگا و یاساكاندا جێگیر كراوه. لێره‌وه وه‌لانانی ئه‌وی تری مێینه، هۆمۆسێكسوال و ترانسجێنده‌ر دێته ئاراوه. ده‌كرێن به مرۆڤی پله‌دوو له كایه‌ی سیاسه‌تدا وه‌ك ته‌نێكی غه‌ریب مامه‌ڵه ده‌كرێن. وه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ته‌نها مه‌یدانی پیاوه‌كان بێت. لێره‌وه فه‌یله‌سوفی لیبراڵی ئینگلیزی (جان ستوارد میل) ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی كه بنه‌مای هه‌ڵاواردنی دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، ئەوه‌یه كه به‌یاسا ڕه‌گه‌زێک كراوه‌ته پاشكۆی ڕه‌گه‌زێكی تر، كه ده‌بێت له بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌ك دوو تاكی سه‌ربه‌خۆ یه‌كسان بكرێن به‌یه‌ك). كه‌واته یاساكان كه له ده‌ستی پیاوانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سیاسیدان به‌كار ده‌هێنرێن بۆ زاڵكردنی هه‌یمه‌نه‌ی پیاوسالاری و هه‌ژموونی پیاوگه‌رایی). تیۆریزان و فه‌یله‌سوف و ئه‌وانه‌ی كه خواستاری ئه‌م جیكاریه جێنده‌ریه بین به شێوازی جیاواز ته‌عبیریان له بیروڕای خۆیان كردوه و تیۆریزه‌یان كردوه. یه‌كێكی تر له فه‌یله‌سوفه گرنگه‌كان (كارل ماركسه) كه له ڕوانگه‌ی دابه‌شبوونی چینایه‌تیه‌وه ده‌ڕوانێته جیكاریه‌كان و ده‌ڵێت: ( گه‌ر یه‌كه‌م دابه‌شكردنی كار له نێوان پیاو و ژن‌دا به‌هۆی منداڵه‌وه بووه، ئه‌وا من ئه‌وه زیاد ده‌كه‌مه سه‌ری، كه كاتێک چین له مێژوودا دروستده‌بێت، ئه‌وا هاوكات ئه‌نتاگۆنیسم ، ڕكابه‌ری، گه‌شه‌ده‌كات له پە‌یوه‌ندی خێزانی نێوان پیاو و ژن‌دا، له‌وێوه یه‌كه‌م چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی پیاو به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌ستپێده‌كات).
هه‌ریه‌ك له‌و سێ فه‌یله‌سوفه به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رده‌سته‌یی پیاو و ژێرده‌سته‌یی ژنان وێناده‌كه‌ن، كه جه‌وهه‌ری هه‌ریه‌ك له‌مانه وابه‌سته‌ی ته‌واوی مه‌سه‌له‌ی سیاسییه له كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕه‌گه‌زداری سیاسه‌ت بگه‌ین له كۆمه‌ڵگه‌دا، پێویستمان به لێ ووردبوونه‌وه هه‌یه له‌تیۆری سیاسه‌ت و سیاسه‌تی پراكتیككراوی ناو كۆمه‌ڵگه.
ئایا سیاسه‌ت ڕه‌گه‌زداره یان نا؟!…ئەمە له‌نێوان لێكۆڵه‌ره‌وانی فێمێنیزم و سیاسه‌تدا مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره. هه‌موو تاكێك خاوه‌نی له‌شی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئایا چۆن سیاسه‌ت مانا و به‌های ڕه‌گه‌زی به‌م له‌شانه ده‌دات؟ له هه‌ر كۆنتێكست و كولتورێكی جیاوازدا، تیۆری سیاسه‌تی سونه‌تی و كۆنزه‌ڤاتیڤ زۆر گشتگیره و باس له تاكێكی (بێ – ڕه‌گه‌ز) ده‌كات، به‌ڵام كاتێک شیكاری بۆ ئه‌و تاكه بێڕه‌گه‌زه‌ی ناو تیۆری سیاسه‌ت ده‌كه‌ین، به‌ڵام كاتێک له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕه‌گه‌زی پیاو و ژن بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه ئه‌وا نوێنه‌رایه‌تی ڕه‌گه‌زی پیاو ده‌كات.
هه‌موو تاكێک خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆیه‌تی، ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌ربڕینێكی زۆر ئاڵۆز نه‌بێت، به‌ڵام كاتێک ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی به‌خودی تاك بدرێت، ئه‌وا تاك له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌ز یان له‌گه‌ڵ جه‌سته وه‌ك بایۆلۆژیا، ده‌كه‌وێته كێشه‌وه به‌هۆی ئه‌وەوە، كه سیاسه‌ت مانا به ڕه‌گه‌ز ده‌به‌خشێت.
ماریا ڤێندت و سیسیلیا ئۆسێ & (Cicilia Åse)( Maria Wendt) باس له‌مانای (به‌های ڕه‌گه‌زیی) ده‌كه‌ن له‌تیۆری سیاسه‌ت و سیاسه‌تی پراكتیككراو له كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌وان ده‌ڵێن له‌ش ڕه‌گه‌زی ئێمەیە، ڕاستیه‌كی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئێمه‌یه كه بنه‌مایه‌كی بایۆلۆژی هه‌یە. كه ئه‌م بنه‌ما بایۆلۆژییه هه‌ڵاواردن و ژێرده‌سه‌ته‌یی بۆ ڕه‌گه‌زێک دروستده‌كات، كه ڕه‌گه‌زی ژنە، پیاویش بێڕه‌گه‌ز و نیوتراڵ ده‌كات و له ئه‌نجامدا دەبێتە هۆكاری نایه‌كسانی له كۆمه‌ڵگه‌دا.
ژن كه‌متری هه‌یه له‌پیاو له ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، فێمێنیسته‌كان به پاتریارك، سیسته‌می جێندەر، یان دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به پێی ڕه‌گه‌ز ناوزەند ده‌كه‌ن. ئه‌م سیسته‌مه هه‌ر ناوێكی هه‌بێت، سیسته‌مێكه كه سیسته‌ماتیسك ژنان په‌راوێز ده‌خات و پله دوویان ده‌كات. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی ڕه‌هایه بۆ دووفاقی سیاسه‌ت له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا.
جه‌سته و ڕه‌گه‌ز ڕاستیه‌كی ڕه‌های ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵكانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه. دیاره به‌بێ له‌شمان بوونمان نییه و جه‌سته‌شمان سه‌ر به‌ڕه‌گه‌زێكی دیاریكراوه به‌پێی جیاوازی بایۆلۆژی. (تۆماس ڵاقوێر) له‌ساڵی ١٩٩٠ ده‌ڵێت: مێژووی ڕۆژئاوا ته‌نها دوو ڕوانگەی هه‌یه بۆ بینینی له‌ش و ڕه‌گه‌ز كه ئه‌و به (یه‌ك مۆدێل له ڕه‌گه‌ز) و (دوو مۆدێل له ڕه‌گه‌ز) ناوزەندیان ده‌كات…به‌پێی ڕوانگه‌ی یه‌ك مۆدێل ڕه‌گه‌ز، ته‌نها یه‌ك ڕه‌گه‌ز بوونی هه‌یه و ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ش ڕه‌گه‌زی پیاوه و ژن كۆپییه‌كه له ڕه‌گه‌زی پیاو و خۆی ڕه‌گه‌زی سه‌ربه‌خۆی نییه! یه‌ك مۆدێل له‌ڕه‌گه‌ز، یه‌كه‌مجار (ئه‌رستۆتالیس) شیكاری بۆ كردووه كه؛ ئه‌ندامی مێینه‌ی ژن، كۆپی ئه‌ندامی نێرینه‌ی پیاوه، به‌ڵام هی پیاو ڕووه‌و ده‌ره‌وه‌یه و لای ژن به‌ره‌و ناوه‌وه‌یه‌یه! سێپرم و تۆ‌و لای پیاو، ده‌بێته خوێنی سووڕی مانگانه‌ی ژن، به‌ڵام ژن به‌هۆی نزمی پلەی گه‌رمی له‌شییه‌وه ناتوانێت ئه‌و خوێنه له له‌شی خۆیدا سپیبكاته‌وه بۆ ئه‌و شله سپیه‌ی كه لای پیاو هه‌یه! چوونه ژووره‌وه و هاتنه‌ده‌ره‌وه له زێی ژن‌دا، وه‌ك به‌رزبوونه‌وه و نزمبوونه‌وه‌ی چووكی پیاو وایه، زێ ده‌بێته چووك، منداڵدانی ژن توره‌كه‌ی گونی پیاوه و هێلكه‌دانه‌كانی ژن كۆپی تۆوی گونی پیاون بەپێی شیکاریەکەی ئەڕستۆ.
ڕوانگه‌ی (یه‌ك مۆدێل ڕه‌گه‌ز) تا وه‌كو سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی هه‌ژده حوكمیده‌كرد، پاشان (دوو مۆدێل) له ڕه‌گه‌ز وەک ئەڵته‌رناتیڤێك هاته ئاراوه كه تیایدا ژن و پیاو ته‌واو له‌یه‌ك جیاوازن و په‌یوه‌ندیه‌كی پێچه‌وانه له نێوانیاندا هه‌یه، ئه‌م دوولایه‌نه‌یه به دیكۆتۆمی (Dichotomy) پێناسه ده‌كرێت.
یه‌ك مۆدێل له ڕه‌گه‌ز و دوو مۆدێل له ڕه‌گه‌ز كاریگه‌ری له‌سه‌ر زانست هه‌بوو تا ساڵی ١٩٣٠ (سیگمۆند فرۆید) له ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه باسی له گه‌شه‌ی باری ده‌روونی ژنان كرد، كه‌به‌هۆی ئه‌وەی وه‌ك پیاوان خاوه‌نی كێری ته‌واو نین، (به‌رزه من) لای ئه‌وان وه‌ك هی پیاو گه‌شه ناكات، بۆیه ژنان نایه‌كسانن و نابێت له بواری سیاسی وگشتیدا كار بكه‌ن.
ئەگه‌ر بمه‌وێت ته‌واوی پوخته‌ی یه‌ك مۆدێل له‌ڕه‌گه‌ز و دوو مۆدێل له ڕه‌گه‌ز كۆبكه‌مه‌وه؛ ئه‌وا پیاو به‌هۆی به‌رهه‌مهێنانی سپێرمه‌وه كه‌سێكی ئه‌قلانیه و ده‌بێت له بواری گشتیدا كو‌لتورمان بۆ دروستبكات و هه‌روه‌ها ژنیش به‌هۆی بوونی خوێنی سووڕی مانگانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی هه‌ستەوەرە و ده‌بێت له‌بواری تایبه‌تدا كه ناوماڵه، بمێنێته‌وه وخزمه‌تی پیاو و منداڵ بكات! به‌كورتی واتە: پیاو مانای (ئه‌قلانیه‌ت- كو‌لتور- گشتی) و به‌ڵام (ژن ) مانای (سروشت- هه‌سته‌وه‌ر- تایبه‌تی). ئه‌م هاوكێشه‌یه بنەڕەتیه‌یه‌ی سه‌ره‌وه له تیۆری سیاسه‌ت و سیاسه‌تدا پراكتیككراوه.
له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌وه، مه‌سه‌له‌ی جه‌سته و بایۆلۆژیا بۆ فێمێنیزم زۆر گرنگه و ئەوەش كه چۆن وابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات كراوه. بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه فێمێنیزم چه‌مكی جێندەری داهێنا، تاوه‌كو ڕه‌گه‌ز وه‌ك بایۆلۆژیا، له‌ڕه‌گه‌ز به مانا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی جیابكاته‌وە. سەبارەت بەمانای جێندەر (یوڤانێ هیردمان) باس له سیسته‌می جێندەر ده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌مای دوو پرنسیپی بنەڕەتی كار ده‌كات، یه‌كێكیان جیاكردنه‌وه‌ی دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه و ئه‌ویتریشیان هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته له نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی هیراركی، كه پیاو نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هیراركیه‌ته ده‌كات و له ئه‌نجامدا پیاو نۆرماڵ و ژن جیاواز دێته ئەژمار.
له ڕاستیدا بناغەی (تیۆریه‌كه‌ی هیردمان ) دابه‌شكردنی كارە به‌پێی ڕه‌گه‌ز و هه‌روه‌ها دروستكردنی خێزانی ته‌قلیدی هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و دوو پره‌نسیپه‌ی سیسته‌می جێندەرن، كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مانپێدان. چونكه (دابه‌شكردنی كار) به‌پێی ڕه‌گه‌ر بۆ بواری تایبه‌تی و گشتی، هۆكاری سه‌ره‌كی هێشتنه‌وه‌ی پله‌وپایه‌ی ژن و پیاوه له كۆمه‌ڵدا. ڕادیكاڵ فێمینیستەکان هۆكاری دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌پێی ڕه‌گه‌ز، بۆ مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندییه سێكسیه‌كانی نێوان پیاو و ژن ده‌گێرنه‌وه له‌خێزاندا. چونكه سێكسوالیتێت له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌پێی بیری پیاو ڕێكخراوه، چونكه سێكسوالیتێت به‌پێی ڕوانگه‌ی ئه‌وان نه‌سروشتیه و نه‌غه‌ریزه‌ی ئاژه‌ڵیه، به‌ڵكو سیاسه‌ت دروستیكردووه، له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و ڕێسای پیاوانه‌دا ڕێكیخستووه. ئه‌وان ده‌ڵێن؛ گه‌ر یه‌كسانی له هیچ سووچێكی كۆمه‌ڵگه‌دا له‌نێوان پیاو و ژن‌دا نه‌بێت، چۆن له‌سه‌ر سیسه‌می ژووری نوستنه‌كان یه‌كسانی له نێوان ژن و پیاودا دروستده‌بێت. موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات له ژووری نوستنه‌كاندا شتێكی تایبه‌ت نییه، به‌ڵكو سیاسییه و سیاسه‌تی پراكتیككراو له‌وێدا پۆرنۆگرافیه. رادیكاڵ فێمێنیزم هه‌بوونی په‌رنۆگرافیا به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پیاوانه‌وه ده‌به‌ستێ له كۆمه‌ڵگادا كه زۆرێك له ژنان له كونجی تاریكی ژووری نوستنه‌كاندا مل كه‌چ ده‌كرێن بۆ پیاده كردنی خواستی لادانی سێكسی پیاو. رادیكاڵ فێمێنیزم پیاو به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی به توندوتیژ وێنا ده‌كه‌ن وه هه‌بوونی په‌رنۆگرافیا له كۆمه‌ڵگادا ده‌رئه‌نجامی ئه‌و تووند و تیژیه‌ی پیاوانه كه له سیسته‌می سیاسی و سیاسه‌ت پراكتیك كراودا ره‌نگده‌داته‌وه.
ماود ئێدوارد Maud Eduards (1997) ) له گوتارێكیدا به‌ناوی (پیاوه‌كان له كوێن؟) ، باس له (به‌جه‌سته‌بوونی سیاسه‌ت) ده‌كات، كه ژن به‌رده‌وام له تیۆری سیاسه‌ت و سیاسه‌تی پراكتیزه‌كراودا ڕه‌گه‌زه و جه‌سته‌ی به‌ربه‌ستێكه، به‌ڵام پیاو بێڕه‌گه‌زه و جه‌سته‌ی به‌ربه‌ست نییه…ئه‌و ده‌ڵێت؛ كاتێک ژنێك ده‌چێته سه‌ر شانۆی سیاسه‌ت (جیاواز) ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش به‌پێی بۆچوونی ئه‌و، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه شیكاری تاك، هاوڵاتی له‌ناو تیۆری سیاسه‌تدا، پیاو ده‌گرێته‌وه، بۆیه ناویده‌نێن سیاسه‌تی ژنانه یان ژن له سیاسه‌تدا. مانای( جیاواز) لێره‌دا بۆ ژن مانای سنوورداركردنی ژنه له بواری سیاسی‌دا.
لێكۆڵه‌رێكی بواری سیاسه‌ت له نه‌رویج له ساڵی ١٩٩٧ به‌ناوی (بیاتیك هه‌لسا Beatice Halsaa ) ڕای وه‌هایه بۆئه‌وه‌ی له‌مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆی سیاسه‌ت تێبگه‌ین له‌گۆشه‌نیگای مانا و به‌های ڕه‌گه‌زیدا، ئه‌وا ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی به‌سه‌ر سێ بواردا دابه‌شبووه؛ یه‌كه‌میان ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی. دووه‌م تیۆری سیاسه‌ت و سێیه‌میش چه‌مكی سیاسه‌تی پراكتیككراو. دیاره لێره‌دا چه‌مكی سیاسه‌ت دیاریكراوه له فۆرمی حزب، داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و داموده‌زگا مه‌ده‌نیه‌كان، به‌مانای سیاسه‌ت یه‌كسانه به حزبی سیاسی.
ئەگه‌ر نمونه له باشووری كوردستان وه‌ربگرین، ئه‌وا ژن وه‌ك پیاو له باشووری كوردستان به‌شدار نییه له به‌رگری نیشتیمان به‌رانبەر بەداعش، چونكه ژن به پێی تیۆری سیاسه‌تی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتدار ڕه‌گه‌زدارە و هێشتا نوێنه‌رایه‌تی جه‌سته‌ی ده‌كات. به‌ڵام گه‌ر سه‌یری سیاسه‌تی په‌كه‌كه و په‌یه‌ده و یه‌په‌ژه بكه‌ین، چون ئه‌وان مانای ڕه‌گه‌زییان له‌سیاسه‌تدا بنه‌بڕكردوه،. لەوێ، ژنیش وه‌ك پیاو له به‌ره‌كانی جه‌نگ و له سه‌رۆكایه‌تیەكاندا بوونیان هه‌یه، ئه‌وان (سیاسه‌تی بێ ڕه‌گه‌ز) نمایشده‌كه‌ن به‌ڵام حزبه‌كانی باشووری كوردستان (سیاسه‌تێكی فالۆس سه‌نتریك) پیاده‌ده‌كه‌ن كه بنه‌ڕه‌تی تیۆری سیاسه‌تی كلاسیك و فه‌یله‌سوفی یۆنانی (ئه‌رستۆ) باوكه گه‌وره‌كه‌یه‌تی. سیاسه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ڕه‌گه‌زداره و تا ئێستاش بنه‌مای سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی بایۆلۆژیه كه پیاو به‌هۆی به‌رهه‌مهێنانی سپێرمه‌وه بوونه‌وه‌رێكی عه‌قلانیه و ده‌بێت له بواری گشتیدا كار بكات و كو‌لتوری هه‌لاواردنی ڕه‌گه‌زی به‌رهه‌مبهێنێته‌وه له ڕێی یاسا و ڕێساوه و ژنیش به‌هۆی هه‌بوونی خوێنی سووڕی مانگانه‌وە، له ماله‌وه بێت و خزمه‌تی پیاو بكات.
ئه‌وه‌ی كه فێمینیزم ده‌توانێت له‌م بوارەدا بیکات، به‌پێی بۆچوونه‌كانی ماود (١٩٩٧)، هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنانه كه چیبكه‌ن له‌ناو سیاسه‌تی پیاواندا. ڕه‌گه‌ز و ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندییه‌كی چڕیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، مانا و به‌های ڕه‌گه‌ز له كۆنتێكستی سیاسی‌دا وه‌ك خۆی ده‌هێڵرێته‌وه و ژنان پله دوو ده‌كرێن.
فێمینیزم له دوای ساڵه‌كانی حه‌فتاكانه‌وه، ڕه‌خنه‌ی جدی له سیاسه‌ت گرتووه (ئه‌وه‌ی تایبه‌ته سیاسییه) كه سیاسه‌ت ته‌نها پرسه‌كانی بواری گشتی ناگرێته‌وه، به‌ڵكو بواری تایبه‌تیش په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی ڕه‌های به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه، مانای ژیانی ڕۆژانه و تایبه‌تی خه‌ڵكی وابه‌سته‌ی ڕه‌های داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ته، به‌وه‌ی كێ له‌گه‌ڵ كێ بخه‌وێت (دیكتاتۆریه‌تی سێكسی، هێترۆسێكوالیتێت)، یاخود خه‌ڵك چۆن بژی و ژیانی ڕۆژانه‌ی به‌پێی یاسا و ڕێساكانی ده‌وڵه‌ت ڕێك بخات.
فیمینزم ڕه‌خنه‌ی جدی له‌ماركسیزم ده‌گرێت كه‌پایه‌ی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌دا له ڕێی كاره‌وه دیاریده‌كات، له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گشتیه‌وه، به‌ڵام كاری ژن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كاری ناوماڵه، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان له بواری گشتیدا، به‌مه‌ش ژنان چینی سه‌ربه‌خۆی خۆیان پێكناهێنن. لەئه‌نجامدا به‌و ڕاستیه ده‌گه‌ین، كه تیۆری ماركس له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی واقعی پیاوان دابینكراوه. زۆرێك له‌تیۆریزانانی فێمێنیزم هه‌وڵیانداوه له نادیاری و كێشه‌ی ڕه‌گه‌ز تێبگه‌ن لای ماركس، به‌تایبه‌ت كاری بێ به‌رانبه‌ری ژنان له ناوماڵدا.
سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێت: شیكردنه‌وه‌كانی ماركس بۆ ژێرده‌سته‌یی ژنان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، له ڕوانگه‌ی چینایه‌تیه‌وه كه‌م و كورته. ئه‌و ده‌ڵێت؛ ده‌بێت ئێمه له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه له‌مه‌سه‌له‌كه بڕوانین كه بایۆلۆژیا زانستێكی ئه‌بستراكته، ئه‌و ده‌ڵێت ژن له خێزاندا پرۆلیتا‌ر نییه وه‌ك (فردریك ئه‌نگلز) له كتێبی (ڕه‌چه‌ڵه‌كی خێزان وموڵكداری تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت) ئاماژه‌ی پێده‌كات. چونكه ژن به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و چینه پرۆلیتا‌ره‌یه كه لایه‌نێكه له لایه‌نه‌كانی ژیان، هه‌روه‌ها ژن له خێزاندا پرۆلیتا‌ر نییه، چونكه ئه‌و وه‌ك چین نایه‌وێت خۆی له‌ناو ببات، هاوكاتیش وه‌ك چۆن كرێكار هه‌ست به ڕق ده‌كات به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری ، ئه‌وا ژن هه‌ست به ڕقیش ناكات به‌رامبه‌ر هاوژینه‌كه‌ی .
سه‌رچاوه
Maria Wendt Höjer & Cicilia Åse, politiska paradoxer ( Academia Adacta AB, 2007).
Hirdman, Yvonne, Genus – om det stabilas föränderliga former (Malmö: Liber, 2001).
Eduards, Maud, politiken förkroppsligad,( Tidens Förlag 1993)
De Beauvoir, Simone, Den andra könet, Awe Gebers Stockholm (1986)
Halsaa, Beatrice, har kvinnor gemensamma intressen, kvinnovetenskapliga tidskrift nr 2-3 s.4-22