
ئەو زانایە كە ناوی “جیف نیسبیت” و خاوەنی 24 كتێبە لەسەر زیرەكی دەستكرد، ئاماژەی بەوەداوە: بە گەیشتن بە ساڵی 2050 لەوانەیە چیتر مرۆڤ بوونی نەمێنێت، ئەوەش بەهۆی زیرەكی دەستكرد چونكە بە گەیشتن بەو سەردەمە زیرەكی دەستكرد زۆر پێش دەكەوێت هەموو كۆمپیوتەر و رۆبۆتەكانیش دەگرێتەوە، ئەوەش هەڕەشە دەبێت لەسەر مرۆڤ و لەتوانایدا مرۆڤایەتی لەناو بەرێت و شوێنی بگرێتەوە.
وتوشیەتی: لەئێستا رۆبۆت زۆر بەكاردەهێنرێت و شوێنی بە كرێكاران لێژ كردووە، هەروەها لە شەڕ و جەنگەكانیشدا بەكاردەهێنرێت، ئەگەر زیرەكیە دەستكردەكان زۆر پێش بكەون و ئیرادەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، لەوانەیە بڕیار بدەن كە مرۆڤ لەناو بەرن، چونكە مرۆڤ دەبێتە ركابەریان بۆ كۆنترۆڵا كردنی زەوی.
لەلایەكی ترەوە “ئیلۆن موسك” ملیاردێر كە وەبەرهێنانی گەورە لەبواری تەكنەلۆژیادا دەكات، تەئكید دەكاتەوە: كە زیرەكی دەستكرد بانگكردنی شەیتانە و مەترسیەكی گەورەیە لەسەر هەموومان و لەوانەیە كۆتایی رەگەزی مرۆڤ بێت لەسەر زەوی.
لەلایەكی تریشەوە چەندین زانای تر پێیان وایە كە پێشكەوتنی زیرەكی دەستكرد مرۆڤ دەگەیەنێت ژیانێكی نەمری و “رۆلۆ كاربنتر” زانای بواری زیرەكی دەستكرد دەڵێت: سەرجەم كێشەكانی مرۆڤ چارەسەر دەكات، هەروەها ماوەیەكی زۆری دەوێت تا دەگاتە ئەو رادەیەو دڵنیا نین كە لە مرۆڤ زیرەكتر دەبێت یان نا، هەندێك زاناش پێیان وایە زیرەكی دەستكرد دەبێت هۆی دروستكردنی جیهانێكی ئەلكترۆنی و رۆبۆتی و ئیتر مرۆڤ پشوو دەدات و هەروەها دەبێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیە ترسناكەكان.
لای خۆشیانەوە، “ستیڤن هۆكینگ” زانای بەناوبانگی بواری فیزیا پێی وایە گەشەپێدانی زیرەكی دەستكرد ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ كۆتایی هاتنی جیهانی مرۆڤ و لەوانەیە پەیوەندی بە بونەوەرانی ئاسمانیشەوە بكەن داواش لەزاناكان دەكات كە مرۆڤایەتی لە زیرەكی دەستكرد بپارێزن، هەروەها “بیل گیتس” خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دەڵێت، كە پێی باشە رۆبۆتەكان هەروا بە گەمژەیی بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانین كۆنترۆڵ بكەین بەسەریاندا، چونكە زیرەكی دەستكردی لەرادەبەدەر دەبێتە هەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی.