هەمو کارێک کە رۆژانە ئەنجامی دەدەیت ئەتەکیەت و یاسای خۆی هەیە، کاتێک میوانێک دێتە ماڵەکەت دەبێت بەشێوەیەک بەڕێی بکەیت کە میوانەکەت هەست بکات دڵخۆشیت بەوەی سەردانی کردویت و رێزی دەگریت، پێویستە ئەم چەند رێنماییە جێبەجێ بکەیت.
یەکەم: لە کاتی بەخێرهاتنیان خۆت توڕە، ماندو، نیگەران و بێتاقەت دەرمەخە، بەڕویاندا پێبکەنە، تەوقەیان لەگەڵ بکە و تەماشای چاویان بکە، هەروەها ئەگەر ناسیتن لەکاتی بەخێرهاتنیان ناویان بهێنە، باشترە “خان، کاک” بەکاربهێنیت.
دوەم: ئەگەر دیاری وەکو گوڵیان لەگەڵ خۆیان هێنابو بە گەرمی سوپاسیان بکە و بیکەرە ناو گۆزەیەک و لە پێشیان دایبنێ، ئەگەر شیرینییان لەگەڵ خۆیان هێنابو لە کۆتایی میوانیەکە پێشکەشیان بکە.
سێیەم: سەرەتا مەڵێ “چۆنن”، بەڵکو بڵێ “دڵخۆشبوم بە هاتنتان، خۆشحاڵ بوم بە بینینتان”.
چوارەم: ئەگەر یەکەمجارت بو بیانبینیت ماچیان مەکە، هەروەها بەرامبەرەکەت ناچار مەکە ماچت بکات، ئەگەر منداڵی زۆر بچوکیان لەگەڵ بو ئاساییە ماچی بکەیت.
پێنجەم: پێویستە کەسە گەورەکان لەبەشی سەرەوە دابنیشن، تۆ لەبەشی سەرەوەی میوانەکانت دامەنیشە.
شەشەم: کاتێک میوانەکان تازە دێنە ناو ماڵەکەت 2-3 خولەک بە تەنیا جێیان بهێڵە، دواتر بگەڕێوە بۆ لایان.
حەوتەم: پێویستە ئەو خواردنانەی پێشکەشیان دەکەیت، بەمشێوەیە بێت، سەرەتا ئاو، دواتر چا یان قاوە، شیرینی، میوە و ئەو شتانەی ئامادەتکردوە.
هەشتەم: زۆر لە میوانەکەت مەکە بۆئەوەی خواردن بخوات.
نۆیەم: ئەگەر ئاژەڵی ماڵیت هەیە رێگە مەدە ئاژەڵەکەت بڕوات بۆلای میوانەکان تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبیت میوانەکەت حەزی لە ئاژەڵەکە هەیە.
دەیەم: لە کاتی گفتوگۆکردن بنێشت مەجوە.
یانزەیەم: بە میوانەکانت مەڵێ کە کاتێک هاتن سەرقاڵی چی بویت، چونکە وایان لێدەکات هەست بکەن لە کاتێکی نەگونجاو هاتون.
دوانزەیەم: ئەگەر میوانەکان بۆ ئێوارە مانەوە باشترە پێشتر دەستشۆر و توالێتەکەیان نیشان بدەیت.
سیانزەیەم: کاتێک میوانەکان بەڕێدەکەیت دڵنیابەرەوە لەوەی بە رویەکی خۆشەوە ماڵئاواییان لێبکەیت.