لە بیرتە، سەروین گیان! پێش سووتاندنت، دواجار کە تۆم بینی، باوەشت پێداکردم و پێتگوتم: “خاڵ! هاوڕێیەکانم تۆیان لە مێگامۆل دیتووە، پێیان گوتوومە زۆر لە خاڵت دەچی!.”
منیش بەپێکەنینەوە گوتم: “هەوڵبدە بەعەقڵیش وەکو خاڵت بیت..”
بەڵام دوای ئەوەی جەستەی لە پەڕی گوڵت لە ئاگردا بووە خۆڵەمێش، پێتدەڵێم: شاجوانەکەم! وەکو من و هیچ پیاوێک بیر مەکەوە.. چونکە تۆ فریشتەی، فریشتەکان دڕندە نین.. کەس ئازار نادەن و باڵی پەپوولە ناسوتێنن.. فریشتە لە جیاتی بۆنی بەنزین، بۆنی گوڵی لێدێت.. لەبڕی دەنگی گڕ و ئاگرین، دەنگی ئاسمانی و دڵنەواییە..
ئەرێ کچە نازدارەکەم! تۆ بەعەقڵی پیاو مەجووڵێ، چونکە پێکەنینی پیاو ناشیرینە، بەڵام هی تۆ وەکو خۆت جوانە، وادەکات دونیا بۆنی گوڵی لێبێت..
سەروینی باڵابەرزم! تۆ بوویە خۆڵەمێش و ڕوحت هەڵکشا و بەرگەی ناشیرینیەکانی سەر زەویت نەگرت. منیش دوای هەڵکشانی تۆ خەریکە دادەکشێم، دەروخێم، دادەڕزێم.. ئێستا بەزەییم بە خۆم دادێت و جێی بەزەیی پێداهاتنم.. ئایا دەزانی بۆچی هەناسەکەم؟.. چونکە لە سێزدەی ئەم مانگە، لەهۆڵێکدا کە کورسیەکی بەتاڵی تێدا نەمابوو؛ پڕ بوو لە دکتۆرا، ئاکادیمیست، چاڵاکوان، نوخبە و ئەدیب و هونەرمەند، دوو کاتژمێر باسی مێژو، بیردۆز و فەلسەفەی فمنیست و پرسی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان، کرد.. تێر قسەی زل و گەورەم کرد..بەڵام… بەڵام داخی گرانم! دوای دوو ڕۆژ تۆی خوارزا و کچە شیرینم توندوتیژیت بەرامبەر کرا و بوویە سوتماک.. منیش بە کردەوە هیچم پێنەکرا، تەنیا لەبەر جوانی، پاکی و ژیریەکەت تا ڕۆژی مردنت هەشت ڕۆژ نەخەوتم، ڕاستیەکەی نەمتوانی بخەوم.. تەنیا پێمکرا خۆم ئازار بدەم و لە نەخۆشخانە فرمێسکی خوێن بڕێژم، تا هەست بە ئازاری تۆ بکەم ئەی جوانترین کچی زانکۆی ئیشق…
بۆیە سەروین گیان! تۆ نابێت وەکو عەقڵی پیاو بجوڵێیەوە.. تۆ ئەگەر بە جەستەش لامان نەبی، ئەوا بەڵێن بدە کە ڕوحە پاکەکەت، وەکو خۆت و ژنانە بیر بکاتەوە و مێیانەش جوڵێتەوە..
بەڵێ.. بە ڕاستی من جێی بەزەییم سەروین گیان.. من زۆر گوناحم…. زۆر…
لە ئەکاوەنتی فەیسبوکی فەرزین کریم وەرگیراوە