تەنها كەرامەتی ئینسانەكان ماوە ئەوەشیان لێ وەرگرنەوە. شاشەكانتان پڕ كردووە لە سەركردەی هەڵاتوو لە جەنگی شكستخواردوو، ئیستا هیچ نەما شكاندنی كەرامەتی ئینسان نەبێ؟
بۆ ئێوە چی ماوە نەیفرۆشن؟ لەماوەی چەند سەعاتێكدا نیوەی خاكی هەرێمتان فرۆشت، ئەوەی ماویشە كردوتانەتە لانەی میت و دەزگا سیخورریەكانی ناوچەكە. بۆ چی ماوە نەیفرۆشن؟ داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی، ئێستا هیچ نەماوە نەیفرۆشن ویژدانی ئینسان نەبێت؟ كە خۆتان هیچتان نەماوە بیفرۆشن كەوتوونەتە گیانی تاكەكانی كۆمەڵگە و دەتانەوێت حەیا و حورمەتی دۆڕاوی خۆتانی پێ بكڕنەوە؟
كێ لەشفرۆشە؟ لەڕووتان دێت خەڵك بێننە سەر تەلەفزیۆن و بە لەشفرۆش وەسفیان بكەن؟ بۆ ئێوە چیتان نەكرد بۆ ئەوەی خەڵك داماڵن لە هەموو بەهایەك؟ بۆ دەتانەوێ خەڵكیش وەك خۆتان ئابڕوو تكاو بكەن؟
كێ لەشفرۆشە؟ خۆتان و هەوادارەكانتان چیتان نەفرۆشتوە؟ من لە ئێوە دەپرسم لەشفرۆشتن باشترە یان عەقڵ فرۆشتن؟ ئێوە خەڵكتان فێر كردووە ویژدانی خۆی و دەنگی خۆی و بیروباوەڕی خۆی بفرۆشێت تا پێی بژێت، لەش فرۆشی لە فرۆشتنی ویژدان گەورەتر نیە.
كێ لەشفرۆشە؟ كەسێك لە برسێتیدا لەشی بفرۆشێ یان یەكێ لە تێریدا داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی و ئایندەی ئەم وڵاتە بفرۆشێت؟
لەش فرۆش ئەوان نین، ئەوانەی بۆ لەتە نانێك بۆ چەند دەقەیەك چێژ بە كەسێكی تر دەبەخشن، دڵنیا بن كلینێكسی پاشماوەی سێكسەكەیان لە ئێوەی خاك فرۆش و ویژدان فرۆش پاكترە. لەشفرۆش ئێوەن كە خۆتان و خاك و ئاو و ئایندەی ئەم وڵاتەتان فرۆشتووە.
كێ لەشفرۆشە؟ ئەو پارلەمانتار و وەزیر و گزیر و ئاغاو كوێخا هەڵاتووەی بەرەی جەنگ و ئەو هەموو كۆیلەیەی كە ویژدان و عەقڵ و كەرامەتیان بە ئێوە فرۆشتووە یان كۆمەڵە كچ و كوڕێكی نێو ئەو جەهەننەمەی ئێوە بە ئەنقەست دروستان كردووە لە ناچاریدا بۆ لەتێ نان بۆ كاتێكی كەم چاویان دادەخەن و كراسەكەیان هەڵدەدەنەوە؟
ئێستا ئێوە پێم بڵێن كێ لەشفرۆشە؟
عەزیز ڕەئووف