لە رۆمانی ئێوارەی پەروانەی نوسەری دیاری كوردستان، كە باس لە جەنگەكانی مرۆڤ دەكات، جوانی وەك یەكەمین قوربانی ئەو جەنگە وەسفدەكات: “ئەم ژیانە ترسناكە جوانی وێران دەكات، جوانی یەكەم سەنگەرە كە دەڕوخێت، هەر مرۆڤ كەوتە جەنگەوە یەكەم جار دەبێت سەنگەری جوانی چۆڵبكات”.
بە روحێكی فیمینستانەش تەماشای جەنگەكان بكەین تەماشایەكی خێرای هەموو ئەو شەڕانە بكەین بەرۆكی هەر وڵاتێكی گرتووە، بە وڵاتی جەنگەكانیشەوە عێراق، قوربانی یەكەم، سەنگەری یەكەم، كە وێران بوو، خێزان بووە، لە ناو خێزانیش مناڵ و ژنانن.
بە پێی تازەترین راپۆرتی رێكخروای یونسیف، 3 ملێۆن و 600 هەزار مناڵی عێراقی، واتە لە هەر پێنج مناڵێكی عێراق یەكیان روبەڕوی مەترسیەکانی مردن و پێكان و توندوتیژی سیكسی و رفاندن و بەچكداركردنی زۆرەملێ لە شەڕگەكان، دەبنەوە.
تەماشای دونیای مناڵی بكەن چۆن لە شەڕەكان یا كوژراون یا لە ژێر خێوەتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.
دوا راپۆرتی رێكخراوی یونیسێف- باسی ئەوە دەكات كە سێ ملیۆن و 600 هەزار منداڵ لە عیراقدا هەڕەشەی مردنیان لەسەرە و زیاتر لە چوار ملیۆنی دیكەش پێویستیان بە هاوكاریی مرۆییە.
بە پێی راپۆرتەكە كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە لە هەر پێنج منداڵێكی عیراقی یەكێكیان هەڕەشەی مردن و توندوتیژیی خێزانی و رفاندن و توندوتیژی سیكسی پەلكێشكردنیان بۆ شەڕی گەورەكان لەسەرە. لەماوەی 18 مانگی رابردووشدا رێژەی ئەو مەترسییانە بۆسەر یەك ملیۆن و 300 هەزار منداڵی دیكە زیادبووە.
لە راپۆرتەكەدا كە بەشێكی لە سایتی ویستگەوە وەرمگرتووە ” چوار ملیۆن و 700 هەزار منداڵی عیراقی پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە كە ئەمەش دەكاتە یەك لەسەر سێی منداڵانی عیراق، ئەمەش لەكاتێكدایە كە گوزەرانی خێزانە عیراقییەكان بەهۆی پرۆسە سەربازییەكانی ئەمدواییە قەزای فەلوجە و شاری موسڵ سەختتر بووە.”
پیتەر هۆكینز، نوێنەری رێكخراوی یونیسێف لەوبارەیەوە دەڵێت: “منداڵانی عیراق بێئەوەی هیچ تاوانێك بكەن، كەوتوونەتە ناوەڕاستی ئاگرەوە، داواش لە سەرجەم لایەنەكان دەكەین دان بەخۆیاندا بگرن و رێزی منداڵ بگرن و منداڵانی وڵاتەكەیان بپارێزن.”
هۆكینز دەڵێت: “هێشتا بوار ماوە بە پشتیوانیكردن لە نەهامەتییەكانی جەنگ، منداڵان بگەڕێنینەوە بۆ منداڵی خۆیان و هاوكار بین لەوەی عیراق ئارامتر و گەشەسەندووتر بێت.
بە حوكمی كاركردنمان لە رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO، رۆژانە لە چاوی مناڵەكانەوە، لە چاوی دایكانەوە، ئەم وێرانیە دەبینین، دەبنین چۆن جەنگ جوانییەکانمان داگیر دەكات.
هەر بە پەرەگرافێكی تری ئێوارەی پەروانە كۆتایی بەم چەند دێڕە دێنم كە دەڵێت ” بزانە ژیانی ئێمە ئەوەندە خوێناوییە كە ناتوانێت لە یادەوەری خۆیدا جوانی بپارێزێت”